39 عیراق

بەپەلە.. سودانی پشتیوانی بۆ ئێران دەربڕی

04:35 - 15/06/2025

زەمەن _ عێراقی

 

 سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیان تاوتوێکرد. 

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیران هاوپشتیی عێراق، حکومەت و گەلی لەگەڵ ئێران دەربڕی کە رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ئاشکرای زایۆنی بووەتەوە؛ جەختیشی کردەوە لە پەرۆشی بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، چونکە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەوە بەستراونەتەوە".

هەربەپێی بڵاوکراوەکەی نوسینگەی سودانی، مەسعود پزیشکیان سوپاسی عێراقی کردووە لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێویستە وڵاتانی ئیسلامی هەڵوێستێکی یەکگرتوو پیشان بدەن لە بەرامبەر ئەوەی ئیسرائیل دەیکات.

دەقی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی 

 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیران هاوپشتیی عێراق، حکومەت و گەلی، لەگەڵ ئێران دەربڕی کە رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ئاشکرای زایۆنی بووەتەوە؛ جەختیشی کردەوە لە پەرۆشی بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، چونکە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەوە بەستراوەتەوە؛ هەروەها جەختی لە پەرۆشیی عێراق کردەوە بۆ فراواننەبوونی بازنەی شەڕ و ئاماژەی بەو جووڵانەوەیە کرد کە حکومەتی عێراق لە رێڕەوی جیاوازەوە پێشەوایەتی دەکات بۆ رێگریکردن لە بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە.
سوودانی ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی ئەو دەستدرێژییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕوویان بووەتەوە، لە چوارچێوەی ئەو هاوپشتییەی کە وڵاتانی ئیسلامی کۆدەکاتەوە.
لەلای خۆیەوە، پزیشکیان سوپاسی عێراقی کرد، بە حکومەت و گەلەوە، لەسەر هەڵوێستە راگەیێندراو و روونەکانی لە رەتکردنەوەی رەفتاری قەوارەی زایۆنی و دەستدرێژییە دووبارەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لەپاڵ ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی فەلەستین ئەنجامیان دەدات؛ جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگیی ئەوەی وڵاتانی ئیسلامی هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەربگرن بەرامبەر بەم دەستدرێژییانە و پێشێلکارییە ئاشکراکانی یاسای نێودەوڵەتی، کە رەنگە وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش بگرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن