89 کوردستان

دوای جەژن حکومەتى هەرێم لە دژی بەغدا هەنگاوەکانى دەست پێدەکات

05:23 - 04/06/2025

زەمەن پرێس:

سەرۆکی حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان ڕوونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور.
مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتى هەریم لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا رایگەیاند: هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستووەتەڕوو.
وتیشی:  لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی.
مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.
هاوکات سەرۆکی حکومەت ئەوەشی ڕوونکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان و کار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت.
 هەروەها مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان ڕوونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن