140 جیهان

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 104 كه‌سی دیكه‌ ده‌ستگیركران

12:54 - 19/03/2025

زه‌مه‌ن – رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌است

هێزێکی ئەمنی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کردووە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستانبوڵ هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند شوێنێک لە نێویاندا چوونەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و ڕاپێچیان کردووە، هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 104 کەسی دیکەی دیکەشیان دەستگیرکردووە لە نێویاندا ڕۆژنامەنووس و بازرگان هەن.

میدیاکان ئاماژەیانداوە، بڕیاری دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو و ئەوانی دیکە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ جوولێنراوە.

بە گوتەی گۆکهان گونایدن لە جەهەپە، 20 ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ.

لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ، عەبدولڕەحمان شیمشەک ڕێکخەری هەواڵ لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی نووسیویەتی، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە بەشداری سێ هەزار پۆلیس لە دژی 105 کەس دەستیپێکردووە، کە لە نێوانیاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ کراوە، دەستگیرکراون.

دەستگیرکردنی لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، زانکۆی ئیستانبوڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی 28 دەرچووی ڕاگەیاند، لەنێویاندا بڕوانامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەبوو، هۆکارەکەشی بۆ نەگونجانی لەگەڵ ڕێسا و ڕێنمایەکانی دەستەی خوێندنی باڵا گەڕاندەوە و ئاماژەیداوە، ساڵی 1990 ساختەکاری لە مامەڵەی دابەزاندن بۆ بەشی ئینگلیزیی زانکۆکە کراوە.

هەرچەندە ئەو کات ڕاگەیەندراو، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر بەردەوامی ئیمامئۆغڵو، لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی پاریزگای ئیستانبوڵ نابێت، بەڵام ڕەنگە ڕێگریی بکات لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، کە بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت کاندیدەکان بڕوانامەی زانکۆی هەبێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن