ئەفكار: لە ئێران مۆڵەتیش بەباوكان دەدرێت لەكاتی لەدایكبوونی مناڵەكانیان
01:30 - 13/03/2025
زەمەن:-
جێگری سەرۆككۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان ئاشکرایکردوووە، لەمەودوا باوکانیش بۆ لە دایکبوونی منداڵەکانیان دەتوانن دوو هەفتە مۆڵەت وەربگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٥، ڕۆژنامەی ئەفکاری ئێرانی لەزاری زەهرا بەهروز ئازەر جێگری سەرۆككۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان بڵاویکردووەتەوە، بڕیاری مۆڵەتی دوو هەفتەی باوکان بۆ لە دایکبوونی منداڵەکانیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانج لێی بەسەربردنی كاتی باوكانەیە لەگەڵ دایكان و كۆرپەكانیان لە سەرەتای ژیانی منداڵەكەیان.
بەهروز ئازەر جەختی لەوەشكردەوە، ئەم هەنگاوە یەكێكە لەو هەوڵانەی كە بۆ پشتگیریی خێزانەكان دەدرێت. ناوبراو ئاماژەی بە پێنج بابەتی سەرەكیی دیكە كرد كە بریتین لە: هاوسەرگیری، كەمكردنەوەی جیابوونەوە، بەهێزكردنی لێهاتووییە پیشەییەكان، پەرەپێدانی كارە خێزانییەكان و گرنگیدان بە منداڵان و هەرزەكاران.
دەشڵێت: پرسی جیابوونەوە لە ئێران بەردەوام لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە چاودێری دەكرێت.