وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
04:15 - 09/10/2024
زەمەن - هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی
و ئابووری، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ٧٠
بڵاوکردەوە.
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
سەبارەت بە چەند بارە بوونەوەی کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا
کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسە و ماوەی
شەش مانگە لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە بەهۆی نەبوونی دۆسیە لەوەزارەتی پێشمەرگە و
وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج
نەکراوە، چەند بەرپرسێکی ئەو هێزانە لە لێدوانەکانیاندا وەزارەتی داراییان بەهۆکاری
دواکەوتنی مووچەی ئەو خانەنشینانە تۆمەتبار کردووە، بۆ خستنەڕووی ڕاستیەکان و چەواشەنەکردنی
ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕوو.
١- خانەنشینانی هێزەکانی
یەکەی حەفتا هیچ دۆسیەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی
و ئابووری نییە.
٢- بەرپرسانی ئێستا
و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتا بەرپرسن لە کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە و لەماوەی
١٠ ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیووە دۆسیەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی
خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری.
٣- بەپێی یاسا پێویستە
سەرەتا دۆسیەی ئەو خانەنشینانە بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە،
دوای وردبینی و بەدواداچوون ئەگەر دۆسیەکانیان هیچ کێشەی نەبوو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی
گشتی ژمێرکاری دەکرێت لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، دوای تەرخانی دارایی دۆسیەکانیان
دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی.
٤- سەرەڕای فشارەکان
و دووبارە بوونەوەی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنها
٢٠٠ دۆسیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە کراوە،
دوای وردبینی دەرکەوتووە کەموکوڕیەکی زۆر لە دۆسیەکانیاندا هەیە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە
بۆ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ).
٥- لەماوەی پێنج
ساڵی ڕابردوو تا مانگی پێشووش لەسەر بڕیار و بەرپرسیاریەتی بەڕێز وەزیری دارایی و
ئابووری مووچەی مانگی تەمووزیان بۆ خەرج کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو خانەنشینانە
هیچ تەرخانکراوێکی داراییان لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی
حکومەتی فیدراڵ نییە.
٦- بەپێی نووسراوی
ژمارە ( ١٥٧١٧ ) کە لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٥/٨/١٥ ) لەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاڕاستەی
وەزارەتی پێشمەرگە کراوە تیایدا داواکراوە ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی حەفتا
بە چ فەرمانێکی هەرێمی یاخود لەسەر بنەمای چ نووسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
خانەنشین کراون بۆمان ڕەوانە بکەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ ساڵ هێشتا وەڵامی
ئەو نووسراوەیان نەداوەتەوە.
شایەنی باسە بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری
دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی
دارایی و ئابووری هەبێت، دووپاتی دەکەینەوە بەرپرسی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتان نەک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی .
بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین / بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی
دارایی و ئابووری. ٢٠٢٤/١٠/٩