1146 ئابوری

خاکە تێراو و سەوزەکە خەریکە لە تینوێتیدا دەخنکێ

10:00 - 11/07/2019

"زەمەن"

نەینەوا کە بە “ سەبەتەی نانی عێراق” ناودەبرا، ئێستا بووە بە خاکی تەپوتۆز.  جوتیاران کە گەڕاونەتەوە دوای ئازادکردنی ناوچەکەیان لە دەستی داعش،  وا هەست دەکەن کە پشتگوێ خراون لە لایەن دەوڵەتەوە.

 


ئێستا شەپۆلێكی توڕەیی و ناڕەزایی هەیە  لەسەر بنیاتنانەوەی موسڵ کە زۆر سست وهێواشە، لە سەرەتای مانگی حوزەیران دا گەوەرەترین پەمپ کە ئاوهەڵدەکێشێ لە بەنداوی موسڵ، جارێکی تر کەوتەوە کارو خۆشیی خستەوە دڵی سەرپەرشتیارو تیمە ئەندازیارییەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی عێراق.

 


پەمپەکە لە ساڵی 2014 لەو کاتەوەی داعش دەستی گرت بەسەر ئەو ناوچەیەدا، ئیشی  پێنەکراوە، نەینەوا ناوچەیەکی چڕوپڕە  کە چارەکی بەرهەمی گەنمی عێراق بەرهەمدەهێنێ. لەوکاتەشەوە هاوپەیمانان و عێراق دوای سێ ساڵ داعشیان دەرپەڕاند، پەمپەکە کاری نەکردووە و جۆگە و بناوانەکان هەموویان تێکچوون.

 


تاقیکردنەوەکەی مانگی حوزەیران پێشانی دا کە هیوایەک هەیە بۆ پەمپەکە. عەبدولڕحمان بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ دەڵێت: ئەگەر پێشتر ئەم ناوچەیەت بینیبێ، تاچاو بڕکات سەوزایی بوو، کەچی ئێستا وشکوبرینگ و فەرامۆشکراوە. 

 

 

عەبدولڕەحمان دەشڵێت: خستنەوەکاری پەمپەکە، تەنیا سەرەتایەکە ، ئەمساڵ بارانی زۆر باریوە و بەنداوە تازەکەی تورکیا، هەڕەشەی کەمکردنەوەی ئاوی دیجلە دەکات بۆ بەنداوی موسڵ.
ئەو جوتیارانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکە دوای ئازادکردنی موسڵ، هەست بە پشتگوێخراوی دەکەن، هانی یوحەنا لە ناوچەی قەرەقوش کە خاوەنی 125 هێکتار زەوییە وتی :هەموو پاشەکەوتەکەم بەکارهێنا بۆ چاندنی گەنم، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵ کارەسات بوو، هیچ  یارمەتییەک نییە تەنانەت بۆ ئاوداشتنیش، گلەییەکان هەموو وڵاتی گرتووەتەوە، حکومەت دەلێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق پێویستمان بە 88 ملیار دۆلارهەیە، زۆربەی جادەکانی موسڵ پڕن لە زبڵ و پاشماوەی شەڕی دەرپەڕاندنی داعش.

 


جوتیارانی نەینەوا و بازرگانانی گەنم دەڵێن: کات بەسەرچوو بۆ ئێمە، ئەو بڕە گەنمەی کە دانراوە حکومەت وەریبگرێتەوە، کەمتر دڵخۆشکەرو هیوابەخشە  بۆ ساڵی 2018.



هەندێ لەو جوتیارانە بیر لەوە دەکەنەوە زەوییەکانیان جێبهێڵن وهەندێکی تریان پەیوەندییان بە میلیشیاکانی ناوخۆوە کردووە  بۆ ئەوەی بتوانن داهاتێکی بەردەوامیان هەبێ.

 


فازیل زوبی نوێنەری عێراق لە رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - فاو دەڵێت: ئەگەر وا لە جوتیار بکرێت بۆ سەرچاوەیەکی تری ژیان  بگەڕێن ئەوە کارێکی زۆر خراپە  یان دەبن بە میلیشیا یان قاچاخچی  یان توندڕەو یان کۆچ دەکەن.

 


 زەوییە وشکداگەڕاوەکان دەتوانرێت تێراو بکرێنەوە بە ڕاکێشانی ئاو بۆیان،  بەڵام رەخنەگران دەڵێن بەرپرسە عێراقییەکان ئەوەندە سەرقاڵی شەڕی نێوان خۆیانن، بیری ئەوەیان نییە کە جوتیارانی نەینەوا چیان پێویستە. 

 


بەربەستێکی تری بەردەم زەوییە کشتوکاڵییەکانی نەینەوا، کەمیی ئاستی ئاوە بۆ ئاوداشتن کە پێشتر 330 مەتر بووە، بەڵام ئێستا کەمیکردووە بۆ 306 مەتر. ئەمەش زۆر قووڵ نییە  تا بتوانرێ پەمپەکە کاری پێ بکرێت.

 


ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە ناو عێراقەوە، 70% ی سەرچاوەکانیان لەناو وڵاتانی دراوسێدایە، رووباری فورات و دیجلە، دوو سەرچاوەی گرنگن، رووباری فورات  چەند بەنداوێکی لەسەر دروستکراوە لە سوریاو تورکیادا.

 


ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق دەڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەوەندەیان نەکردووە تا بتوانن کێشەی كەمئاویی چارەسەربکەن، بەڵام وەزارەت وەڵامی داوەتەوە دەڵێت: کاردەکەین بۆ پاککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و هەڵکەندنی بیری تر تا یارمەتی جوتیاران بدەین.

 


رەخنەگرەکانی تر دەڵێن: ناکاریگەریی و گەندەڵی  وایکردووە، کە نەینەوا  برسی و بێدەرامەت بێ، عێراق لە کۆی 180 وڵاتی ناشەفاف و گەندەڵدا، لە ریزی 169 هەمیندایە.

 


وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێن، ناسەقامگیریی ئاسایش و  هەڕەشەی داعش کە تائێستاش هەر ماوە، لەگەڵ نە بوونی پارەی پێویست، هەوڵەکانیانی ئاڵۆزکردووە بۆ چارەسەرکردن.

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز 
وەرگێڕان: ئەنوەر کەریم

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن