داهاتی نەوتی عێراق لەماوەی مانگێكدا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە
07:06 - 01/06/2023
زەمەن-عێراقی
داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی ئایار، گەیشتووەتە حەوت ملیار و ٣٠٦ ملیۆن دۆلار و بەراورد بە مانگی نیسان، ٤٩٣ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، بڕی ئەو نەوتەی کە لە مانگی رابردوودا ھەناردەکراو، ١٠٢ ملیۆن و ٤٦٣ ھەزار و ٣٨٧ بەرمیل بووە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٣٠٦ ملیۆن دۆلار.
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی ئایاردا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ١٠٢ ملیۆن و ٢٠٦ ھەزار و ٤١٣ بەرمیل بووە.
هاوكات باسی لەوەشكردووە، کە لە مانگی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و ٣٠٥ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، لە مانگی ئایاردا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٧١ دۆلار و ٣٠ سەنت فرۆشراوە و كۆی داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیساندا، حەوت ملیار و ٧٩٩ ملیۆن دۆلار بووە. بەمەیش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئایاردا، بەراورد بە مانگی نیسان، ٤٩٣ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.