کوردستان

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: گوتاری یەكڕیزی بكرێت بە كردار و ئەو مەترسییانە لەبەرچاو بگیرێت کە لەسەر هەرێم هەیە

08:02 - 20/03/2023 136 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن - هه‌ولێر


 بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە کوردستانیان دەکات و دەڵێت: "ئەم بۆنە جوانە ببێتە مایەی قووڵبوونەوەی خۆشەویستی و توندو تۆڵ بوونی پەیوەندی زیاتری نێوان سەرجەم پێكھاتەكان و پتەوبوونی ڕایەڵە فەرھەنگی و كلتوورییە جیاوازەكان".

دەقی پیرۆزبایی نامەکە..

بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێیی كوردییەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم  كوردستانیان دەكەین، ئومێدەوارین  ھاوشێوەی سرووتەكانی بەھار و ژینگەو سەوزبوونەوەی دەشتودەر و چیا سەركەشەكانی كوردستان، پێكەوەیی و فرەیی نێوان كلتوورە جیاوازەكان بگەشێتەوە و نوێببێتەوە، و ئەم بۆنە جوانە ببێتە مایەی قووڵبوونەوەی خۆشەویستی و توندو تۆڵ بوونی پەیوەندی زیاتری نێوان سەرجەم پێكھاتەكان و پتەوبوونی ڕایەڵە فەرھەنگی و كلتوورییە جیاوازەكان، هیواخوازین شادی و خۆشی باڵبكێشێت بەسەر وڵاتەكەماندا و بانگەشەی گوتاری یەكڕیزی و تەبایی بكرێت بە كردار و ئەو مەترسییانە لەبەرچاو بگیرێت کە لە هەموو ڕوویەکەوە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم هەیە، و هەر هێز و لایەنێک هێندەی قەبارەی خەبات و قوربانی و بەرپرسیارێتی خۆی لە دروستکردنی ئەزموونەکە و پاراستن و بەڕێوەبردنیدا، سازش لە بەرژەوەندییە حیزبی و تایبەتیەکانی بکات و کات و ووزە و توانا و دەسەڵاتی لە خزمەتکردنی دادپەروەرانەی خەڵک و فەراهەمکردنی ئازادییە گشتییەکان و پاراستنی مافەکاندا بەکاربهێنێت. 
دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت و ھەر شاد و سەرفراز بن.

د. ڕێواز فائق 
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان 
٢٠/٣/٢٠٢٣

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن