عیراق

عێراق و ئێران بەڵگەنامەیەكیان واژۆكرد

09:31 - 19/03/2023 111 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن

بەچاودێری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵگەنامەی ھاریکاریی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێراندا واژوو کرا.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی.

لە میانی کۆبوونەوەیەکدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران، ھەروەھا رەوشی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە کراوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ‌ھەڵوێستی عێراق نەگۆڕە لەوەی کە لە خاکەکەیەوە،‌ ھێرش نەکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و گوتوویەتی: "رێگا نادەین، ‌عێراق ببێت بە گۆرەپانی گرووپە چەکدارەکان".

هەروەها گفتوگۆکراوە لەبارەی رێککەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و سعوودیە ‌و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە کە عێراق بە رێککەوتنەکە خۆشحاڵە کە دەبێتە مایەی پتەوترکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە.

لەلایەن خۆیەوە سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی سوپاسی رۆڵی عێراقی کردووە لەوبارەیەوە و جەختیشی لە خواستی ئێران کردووەتەوە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و بەغدا.

دواتر بەچاودێری سەرۆکوەزیرانی عێراق، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بەڵگەنامەی ھاریکاریی ئەمنیی ھاوبەشی ‌نێوان ھەردوو وڵاتیان واژوو کرد.

بەڵگەنامەی ھاریکاری ئەمنی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئێران، ھەماھەنگی لەبواری پاراستنی سنووری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات و پتەوترکردنی ھاوکاری ھاوبەش لەچەندین بواری ئەمنییدا لەخۆ دەگرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ