بۆ ئه‌وه‌ى پێویستت به پزیشك نه‌بێ
09:53 - 21/05/2019
"زەمەن"
د.هه‌ڤین كه‌مال شا محه‌مه‌د
“هه‌موو ڕۆژێك سێوێك بخۆ پزیشكت لێ دوور ده‌خاته‌وه” ئه‌مه په‌ندێكی جیهانییه، به‌ڵام له ڕاستیدا توێژینه‌وه‌كان ڕۆژ به ڕۆژ ڕۆڵی خۆراك زیاتر ده‌رده‌خه‌ن له چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كان و خۆپاراستن له نه‌خۆشیه‌كان .
توێژینه‌وه زانستییه تازه‌كان چه‌ند له باره‌ی به‌كارهێنانی دهرمانو مادە کیمیاییه‌كان قسه ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه جۆراوجۆره‌كان، دوو هێنده‌ش له‌باره‌ی پێكهاته سروشتیه‌كان كه به herbal ناودهبرێتو جۆری خۆراك قسه دهكهنو گرنگیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی ڕۆڵ و كاریگه‌رییان له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار‌و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی سهوهفانو داخورانی جومگه‌كان‌و ئازاری ماسولكه.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا خۆشبه‌ختانه، له هه‌موو جیهاندا بهگشتیو له‌نێوان كۆمه‌ڵگای كوردییدا به‌تایبه‌تی. هۆشیاری ته‌ندروستی هه‌نگاوه‌كانی زۆر به‌خێرایی تێدهپهڕێنێو بایه‌خێكی زۆر‌و دیاری پێده‌درێت.
به‌گشتی كۆمه‌ڵگا هه‌وڵ ده‌دات بۆ دووركه‌وتنه‌وه له به‌كارهێنانی ده‌رمانه ئازار شكێنهكانو مادە کیمیاییهكانو نه‌شته‌رگه‌ری، دوای ده‌ركه‌وتنی زیانه لاوه‌كییه‌كانیان. زیاتر به‌دوای ڕێگه‌چاره‌ی سروشتی‌و وهرزشو خۆراكی گونجاو به‌پێی نه‌خۆشیه‌كانیان ده‌گه‌ڕێن .
ئه‌مه‌ش ڕۆژانه له پراكتیككردنی كاره‌كه‌مدا به‌ره‌و ڕووم ده‌بێته‌وه له كلینیكهكهمدا، كاتێك نه‌خۆش ده‌ڵێت دكتۆر ته‌نیا ده‌مه‌وێت به‌ڕێگای سروشتی‌و وه‌رزش چاره‌سه‌رم بكه‌ی بێ به‌كارهێنانی ئازارشكێن.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت به‌رچاو ڕوونییه‌ك بده‌م له‌باره‌ی گرنگترین ئه‌و خۆراكانه‌ی كه یارمه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنی سهوهفانو داخورانی جومگه‌كان دهدهنو ئازاره‌كانیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه:
- دژه - ئۆكسیده‌كان
anti- oxidant
له زۆربه‌ی میوه‌و مزرهمهنیهكاندا هه‌یه، وه‌كو شلك، سێ‌و، پیاز، بلوبیری، تووتڕك، چای سه‌وز، تۆزی كاكاو .
- ئۆمیگا ٣
omega3 fatty acid
به‌زۆری له ماسیدا هه‌یه به‌تایبه‌تی تونا، سهلەموون، سه‌ردین، هه‌روه‌ها له چه‌ره‌ساته‌كاندا وه‌كو: گوێز، فستق، فستقی سودانی، ده‌نكه كوله‌كه، گازۆ به‌تایبه‌تی سوێر نه‌كراوه‌كان.
- زه‌یتی زه‌یتون، ئه‌میش ماده‌ی olecanthalی تێدایه كه وه‌كو دژه - هه‌وكردنه‌كان ئیش ده‌كات، هه‌ندێجار له جیاتی ئازارشكێن ده‌توانی سێ كه‌وچكی چا زه‌یتی زه‌یتون بخورێت.
- به‌هاراته‌كان: به‌تایبه‌تی زه‌رده‌چه‌وه‌و زه‌نجه‌فیل، بیبه‌ری توون، كه وه‌كو دژه - هه‌وكردنه‌كان ئیش ده‌كه‌ن.
- ڤیتامین دی: D3 یارمه‌تی پاراستنی كڕکڕاگه ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست، ڤیتامین دی له‌م خۆراكانه‌دا زۆره : شیره‌مه‌نیه‌كان، هێلكه، ماسی سهلەموون، ئاوی پرته‌قاڵ، جگه‌ری ئاژه‌ڵ، شیری سۆیا، په‌نیر.
- ڤیتامین سى: زۆر گرنگه بۆ ته‌ندروستی كڕکڕاگه له‌هه‌موو مزرهمهنیهكاندا هه‌یه وه‌ك: پرته‌قاڵ، شلك، كیوی، مانگۆ، ترێ، تووتڕك، بلوبێری، ته‌ماته، شوتی، هه‌روه‌ها له‌مانه‌شدا هه‌یه، بیبه‌ر، برۆكۆلی، كه‌له‌رم، بیبه‌ری توون.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌مه‌وه كه چه‌ند خۆراك‌و جۆره‌كه‌ی گرنگه، هێنده‌ش جووڵه‌و وهرزشو مه‌له‌كردن‌و ڕۆشتن به‌پێ گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی جومگهیهكو ماسولكه‌یه‌كی پته‌وو ته‌ندروستت هه‌بێت، له‌گه‌ڵیشیدا هه‌میشه باری ده‌روونی كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه له‌سه‌ر ته‌ندروستیت، بۆیه هه‌میشه لهسهرخۆییو ئارامی‌و دووركه‌وتنه‌وه له گرژی باری ده‌روونی به‌دوورت ده‌گرێت له جۆره‌ها نه‌خۆشی جیاواز.