485 کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکات

10:20 - 23/06/2022

زه‌مه‌ن_هه‌ولێر

 

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم رایگه‌یاند، خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت لە دووسەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار.

وه‌زاره‌تی دارایی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 2022/6/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری شاندێکی یاوەری سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردو لە لایەن ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی هەریەکە لە  وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەت و شاندەکەی کرد، پاشان لەڕێگەی سمینارێکەوە سەر سەرجەم کارو چالاکیەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.

پاشان لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەوە دوپات کرایەوە کە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵکی موچە خۆری کوردستان و هەموو چینەکانی کوردستان سوودمەندبن لە خزمەتگوزاری و هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا،  هەر وەکو لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە بارەی سەردانە پڕ بایەخەکەی بۆ وەزارەتمان بەو شێوەیە خراوەتەڕوو:

سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی،  لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش ، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد کە لە دووسەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار،  کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە کابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت . 

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکومەت  کرد کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕووتین و ڕێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن