377 کوردستان

نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا:
كۆتایی به‌ فشاره‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بهێنن

02:54 - 26/05/2022

زەمەن

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، داوای لە بەغدا كرد كۆتایی بە فشارەكانی بۆ سەر هەرێم بهێنێت و وتیشی ناكۆك نێوان لایەنەكان كاریگەری لەسەر خەڵك هەبووە.

نێچیرڤان بارزانی، به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی (27)ی کۆلێژی سه‌ربازیی دوودا له‌ زاخۆ کرد. له‌م خوله‌دا (499) ده‌رچوو به‌ پله‌ی ئه‌فسه‌ر دەرچوون.

كۆلێژی سه‌ربازیی دوو له‌ زاخۆ كه‌ به‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی زاخۆ ده‌ناسرێت، ساڵی 1996 دامه‌زراوه‌ و سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراقه‌.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی باڵای حکوومی و حزبی و سه‌ربازی ئاماده‌ بوون،  نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد. جه‌ختی له‌ گرنگی و پێویستیی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ و داوای كرد پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ مه‌به‌سته‌ هاوكاری بكه‌ن و ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری پێشمه‌رگه‌دا بوه‌ستێنن.

هه‌ر ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ كرد كه تا‌ ئێستا نراوان و ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یه‌ك خراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ و خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، چاویان له‌وه‌یه‌ پرۆسه‌كه‌ باشتر به‌ڕێوه‌ بچێت.


ئاماژه‌ی به‌ به‌ردەو‌امی مه‌ترسییه‌كانی داعش و پێویستیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراق كرد، به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌كانی سنووری ماده‌ی 140ی ده‌ستوور كه‌ بۆشاییی ئه‌منی تێدا هه‌یه‌ و تیرۆرستان سوودی لێ ده‌بینن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنی داعشدا كرد.


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا  نێچیرڤان بارزانی، باسی له‌ گرنگیی گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنی نێوان لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كرد و له‌مباره‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و به‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشی له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها هیوای خواست دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی زیاتر بۆ یه‌كڕیزی و ته‌بایی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا ئه‌نجام بدرێن و وتی: زه‌مینه‌یه‌كی باش بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان هه‌یه‌.


دۆخی عیراق و چه‌قبه‌ستوویی و بنه‌به‌ستی سیاسی له‌ وڵات، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو. تیایدا باسی له‌ كاریگه‌رییه‌كانی دۆخه‌كه‌ به‌سه‌ر ژیان و گوزرانی خه‌ڵك و دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كرد و جه‌ختی له‌ پێویستیی هاریكاریی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كرد بۆ تێپه‌ڕاندنی سه‌ختییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.


له‌ دوا به‌شی وتاره‌كه‌یدا  نێچیرڤان بارزانی، وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی و جددییه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ل به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق، داوای له‌ حكوومه‌تی فیدرالی و دامه‌زراوه‌ عێراقییه‌كان كرد ئه‌گه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاووڵاتیی عێراق ده‌بینن، كۆتایی به‌ فشاره‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بهێنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن