!وریا بە "وریا"
07:52 - 24/05/2022
هۆمەر نۆریاوی/کولتوری زەمەن
زۆر دەمێکە لەم هەرێم و وڵاتەی کە من و
هەزارانی وەک بەڕێز "وریا غەفووری" تێدا دەژین،بە قەدەر پوولێک بایەخ بۆ
زمان و چاندی کوردی دانانرێت و بگرە سامانی فەرهەنگیی کوردان وەبەر ناڕەواترین هێرشی
ئەم ناوەند و ئەو کەسایەتی بەناو زانستیی و ئەدەبیی فارس دەکەوێت و مخابن یان کەس
ناوێرێت وردە داکۆکییەک لە فەرهەنگ و کولتوورە دێرین و دەوڵەمەندەکەی خۆی بکات یانژی
لەبەر داکۆکیکردن و پاراستنی زمان و فەرهەنگی خۆت، وەبەر توندترین هەڕەشە و گوڕەشە
دەکەویت کە بەڵێ جاڕی جوداییخوازیی و چی و چی لێ دەدات و سەدان ناو و ناتۆرەی بۆ
ساز دەکرێت. لە لای مرۆی گۆشکراو بە ئەقڵییەتی سەردەستەوە،منی کورد تا کاتێک بە دڵسۆز
و پاڵەوان و پیاوچاک دادەنرێم کە هەموو ژیانم بخەمە خزمەت بەرگری لە زمان و فەرهەنگی
نەتەوەی باڵادەست و پارێزەری سنوورەکەیان بم ئەگینا گەر بە موو لەم پرسە لا بدەم و
خۆیان گوتەنی،هێڵە سوورەکانیان ببەزێنم، ئیدی دەبمە جوداییخواز،نۆکەری بێگانە و سەدان
خەسڵەتی دژە مرۆییت دەدرێتە پاڵ.
ئەم پرسە هیچ لە لای مرۆی وڵاتی سەردەست ،چ ئەورووپانشین
و چ ناوخۆیی، تۆسقاڵێک تۆفیر ناکات و ئەودیوی هزر و زەینییەتی هەمووان هەر یەکە و
لە دەوری هەمان پرس دەسووڕێتەوە. گەر بمهەوێت نموونە بخەمە بەرچاو خوێنەری ئەم چەند
دێڕە،نموونەکان یەک و دوو نین و ئەوەی ئەورووپانشین و ناوخۆیی دوو دیوی یەک دراو دێنە
ئەژمار. هەر لە ماوەی ئەم ساڵە دواییانەدا هەڵوێست و ڕوانگە و بۆچوونی چەندان ناوەند
و کەسایەتی ناسراوی نەتەوەی باڵادەست هەر وەک فەرهەنگستانی زمانی فارسی،محەممەدڕەزا
شەفیعی کەدکەنی،مەحموود دەوڵەتئابادی،شیرین عیبادی،ئەمیر تاهیری،ڕەسووڵ نەفیسی و
هتد،ڕاستیی ئەم پرسەمان لە لا ڕوون دەکاتەوە. هەر بۆیە کەسایەتییەکی ناوداری وەرزشیی
و یاریزانێکی ژیر و چاوکراوەی وەک "وریا غەففووری"کە کەس گومان لە گەلپەروەربوونی
ناکات و لە ناو ماڵباتێکی نیشتمانپەروەردا بار هاتووە، پێویستە گەلێک ژیرانە هەلەکان
بقۆزێتەوە و هەرگیز نەبێتە کوتەک و دارەدەستی ئەم لایەن و ئەو ئالی ناکورد و بۆ
مرازی گڵاو و پۆخڵی خۆ دەکاری نەهێنن. بەداخەوە ئەمە نەریتێکی هەرە کۆنی وڵاتە سەردەستەکانە
کە لە قۆناخە هەرە هەستیارەکانی دیرۆکدا ئێمەی کورد وەک بەناو پاڵەوان و ڕزگاریدەر
دەکار دێنن، بەڵام کاتێک کارەکەیان بۆ چووە سەر ئیدی دەستبەردارمان دەبن و بگرە شار
بەدەر و وڵات بەدەریش دەکرێن!
گەر ئێمە لە پێناو پاراستن و ڕاژە و خزمەتی زمان و فەرهەنگەکەی
خۆماندا خەبات بکەین و لەو پێناوەیشدا گیانمان بەخت بکەین و ببینە قوربانی،بۆ هەمیشە
ناومان لە نێو ڕووپەڕی مێژووی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە و لە یادگە و مێشک و هزری نەوە
لە دوای نەوەدا ناومان وەک خۆر دەدرەوشێتەوە. دوا وتەم ئەوەیە پاڵەوانبوون لە لای
نەتەوە و گەلەکەی خۆت، هەزار هێندەی نەتەوەی دی، سەنگ و بایەخی دەبێت بۆیە با لە ڕێی
پاراستن و خزمەت بە زمان و فەرهەنگەکەی خۆمانەوە،ببینە پاڵەوانی گەلەکەی خۆ.
وریا غەفوری و هۆمەر نۆریاویی