کەلتور

ڕوانەوە لەناو وێرانەدا

11:24 - 12/05/2022 731 جار خوێندراوەتەوە

ڕەفیق سابیر/کولتوری زەمەن

بەشی دووەم و کۆتایی

 

 

لە هەفتەی داهاتوودا سێ کتێبی نوێی شاعیر و نووسەر رەفیق سابیر، لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس، لە سلێمانی بڵاو دەکرێنەوە:


1-ڕوانین بە ڕووناکیدا، لەبارەی شیعر، ئازادی، ژیان.                        
2- لە دنیای گوڵاندا، باسێک لەبارەی هونەری هایکوی یابانی، لەگەڵ نموونەی ١٥٠ هایکو، کە لە سوێدییەوە کراون بە کوردی.
3 – پەیڤ و پەیام، هەڵبژاردەی نووسینەکانی ١٩٧٠-١٩٨١ (بوار نورەدین) کۆیکردوەتەوەو ئامادەیکردوە.


ئەم کتێبە دەیان وتاری ئەدەبی و چەندان چیرۆک و هۆنراوەی تەرجوکراوی بەخۆ گرتووە، کە شاعیر لەو سەردەمەدا بڵاوی کوردوونەوە.
ئەم نووسینە (ڕوانەوە لەناو وێرانەدا) بۆ پێشەکی بۆ ئەم کتیبە نووسراوە، کە باس لە هەندێک لایەنی ئەدەبی و ڕووناکبیریی ئەوساڵانە و دەرکەوتنی بزاڤی ڕوانگە و خولیای نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردی دەکات.

 
4
لە سۆفیا لە ئەکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، دەستم بە خوێندن کرد. لەوێ سەدان خوێندکاری بوڵگاری و بیانی دەیانخوێند. لەپاڵ خوێندنی چوار ساڵەی زانکۆ، بەشی خوێندنی دکتۆراش هەبوو. هەروا کۆرسی مانگانە و ساڵانەی جۆراوجۆری بۆ کادیری حیزبی، حکومی و ئیداری لێ دەکرانەوە، کە لە بوڵگاریا و وڵاتانی ترەوە، لەوانە هاوڕێیانی ئێمە، تیایدا بەشدار دەبوون. لەناو ئەکادێمیادا، بەشی ناوخۆیی خوێندکاران، بۆفێ، قاوەخانە، ڕێستوران، مارکێتی خۆراک، شوێنی وەرزشی لێ بوو. هەر چیت بویستایە، زۆر جار بە دۆستی کچیشەوە، لەوێ دەست دەکەوت.

 لە سۆفیا مامۆستا حەسەن قزڵجیم ناسی. لە سەنتەری سۆفیا، لە قاتی سەرەوەی بازاڕێک -بە ناوی تسوم- بە تەنیا لە شووقەیەکی بچووک، کە ژوور و نیوێک بوو، دەژیا. ئەو ماوەیەی لە سۆفیا بووم، بەردەوام بە تەلەفوون هەواڵیم دەپرسی و مانگی لانی کەم، دوو جار سەرم لێ دەدا.
مامۆستا قزڵجی چیرۆکنووسێکی گرینگی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی پێشوویە. کوردیزانێکی کەموێنە و ڕووناکبیرێکی شارەزا، بە ئەزموون، قسەخۆش و بێ فیز بوو. لە سەردەمی کۆماری مەهاباددا، نووسەرێکی دیار و سەرنووسەری گۆڤاری هەڵاڵە بووە. چیرۆکەکانی قزڵجی، ڕەنگدانەوەیەکی هونەرییانەی ژیانی کوردەواری، گرفتی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لادێکانی کوردستانن. باسی ئەو ستەم، بێدادی و فەسادییە دەکەن، کە لە کۆمەڵێکی دواکەوتوودا دەردەکەون. لەم کتێبەدا باسی هەندێک لایەنی چیرۆکەکانی کراوە.

 

دوای ڕووخاندنی کۆمار، پەنای بۆ کوردستانی عێراق بردبوو. ساڵانێک بوو لە سۆفیا گیرسابووەوە. دوای شۆڕشی ئێران لە فابریوەری ١٩٧٩ گەڕایەوە وڵات. بەرپرسی ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی کوردی بوو، کە حیزبی تودە لە تاران دەری دەکرد. لە شاخەوە هۆنراوەم بۆ نارد و لە ڕۆژنامەکەدا بڵاو کرایەوە. ڕۆژنامەکە زیاتر هەندێک وتاری ڕۆژنامەی (مەردووم)ی حیزبی تودە و بەیاننامەی حیزبەکەی بڵاو دەکردەوە. دواجار لە ئاداری ١٩٨١ لە تاران مامۆستام بینییەوە. شەکەت و ناساخ هاتە بەرچاوم. بەردەوام دەستی دەخوراند، دوای هەندێک قسەوباس، وتی: چۆن ئەو بوڵگاریا خۆشەمان لە کیس خۆمان دا؟! لەناکاو هەردوو پشتەدەستی، کە پڕبرین بوون، پێشان دام و وتی: چاوت لێیە لێرە چیم لێهاتووە! من خەفەتم بۆ خوارد. دیار بوو لە گەڕانەوەکەی پەشیمانە. لێی پرسیم: ئایا حیزبی شیوعی دەتوانێت یارمەتیم بدات و بمگەیێنێتەوە بوڵگارستان؟

ئەو دەمە تاکە ڕێگای هاتووچۆی نێوان وڵات و دەرەوە، ڕێگای بادینان بوو، کە دوور، سەخت، پڕ هەوراز و مەترسیی بوو. چەندان ڕۆژ و شەوی پێ دەچوو، تا دەگەیشتنە سنووری سووریا. دوای ئەو ڕوونکردنەوەیە، وتم: لەگەڵ هاوڕێیان قسە دەکەم، بزانم دەتوانین چی بکەین. مامۆستا قزڵجی نموونەی ئەو کەسانە بوو، کە بە دوای باوەڕ و پرینسیپەکانی خۆی کەوتبوو، نەک بە دوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی تودە بوو. ساڵی ١٩٨٣ لە شاڵاویکی تیرۆریستانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ زۆرینەی سەرکردەکانی حیزبی تودە گیران. بە جۆرێکی وەحشییانە ئازار دران و سووکایەتییان پێ کرا. مامۆستا قزڵجی بەرگەی ئەو ئەشکەنجە و سووکایەتییەی نەگرت و لە زینداندا کۆچی دوایی کرد. قزڵجی گوڵێکی دەگمەن بوو، لەسەر تاوێر ڕووا بوو.
ماوەیەک لە سۆفیا دڵخۆش و ئاسوودە بووم. هەستم دەکرد دەرفەتی باشم هەیە، خۆم بۆ خوێندن و خوێندنەوە تەرخان بکەم و بە ئارامی بژیم. بەڵام تا دەهات ستەم و تیرۆری بەعس زیادی دەکرد. ڕۆژانە هەواڵی ناخۆش و دڵتەزێن دەگەیشتن. بڵاوکراوەی یەکێتیی نیشتمانی، کە لە سۆفیا لە ڕێی چەند برادەرێکەوە دەستم دەکەوتن، هەواڵی پڕئازار و ترسناکی لەبارەی وێرانکردنی کوردستان، گرتن و لەسێدارەدانی خەڵک و چالاکیی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانەی دەسەڵاتی بەعسی بڵاو دەکردەوە. ئەو هەواڵ و ڕووداوە ناخۆشانە، بێتاقەتیان کردبووم. بە جەستە لە دەرەوە و بە بیر و ڕۆح، هەر لە وڵات بووم. تیرۆر و ستەمی بەعس، هەستی بەرپرسیاریی دەجووڵاندم و مەیلی سیاسی جۆش دەدام.

 

لەو نووسینانەی لەم کتێبەدا هەن، خوێنەر دەبینێت من لەو باوەڕەدا بووم، کە نووسەر و ڕووناکبیر پێویستە نووسین و پەیڤین و کرداریان یەک بن. ئەوەی بە قسە دەیڵێت و دەینووسێت، دەبێ بە کردەوەش -ئەگەر پێویست بێت- پێشانی بدات. ئەو ساڵانە باوەڕم بەوە هەبوو کە دەتواندرێ، لە ڕێگەی توندوتیژیی شۆڕشگێڕیەوە، سیستمی سیاسی و ژیان و کۆمەڵ بگۆڕدرێن. بۆیە لە بەرانبەر تیرۆر و ستەم و شەڕی دەوڵەتی بەعس، بەرەنگاربوونەوەی چەکداریم بە ڕەوا و گونجاو دەزانی. ئەو بۆچوونەم لەگەڵ هەندێک هاوڕێ، لەوانە بەهادین نووری باس کرد، کە لە سۆفیا گیرسابووەوە و هیچ بەرپرسیاریی سیاسی نەبوو، چاوەڕێی دەکرد پەلاماری بەعس و دۆخی سیاسیی عێراق، بە کوێ دەگات. بیروباوەڕی ئینسان کار و ڕەفتارەکانی دیاری دەکات. بیرکردنەوە و تێڕوانینی سیاسی، ڕووناکبیری و ئەخلاقیم بەرەو ئەوەیان بردم، گرینگترین بڕیاری ژیان بدەم، ئارەزوومەندانە، بۆ پێشمەرگایەتی بچمەوە کوردستان.

ئاسمانێكی‌ شین‌ و خنجیلانه‌م هه‌بوو
داگیركه‌ران به‌سه‌ر سه‌رمیاندا ڕووخاند
چۆڕه‌ خوێنێكی‌ ڕه‌ش و
چه‌پكێك خه‌ونی‌ هه‌نگوینی‌ و
چه‌ند كتێبێكم هه‌بوو
ئه‌ویشیان برد به‌ تاڵان.
به‌ڵام كاتێك هاتن پێسته‌كه‌م بگۆڕن
ده‌موچاوم بشێوێنن
به‌فر و برووسكه‌م كرده‌ به‌ر،
وڵاته‌كه‌م نایه‌ كۆڵ ‌و
ڕێگای‌ تفه‌نگم گرته‌ به‌ر.


ڕۆژی 10/3/1979 لەگەڵ هاوڕێیان بەهادین نووری، کەریم حوسامی، عەبدوڵڵا قەرەداخی (مەلا عەلی) و ئەبوحاتەم، کە هاوڕێیەکی عەرەب بوو، شاری سۆفیای دڵگیرمان بەجێ هێشت، چەند شەوێک لە بەیرووت ماینەوە و بە پاسپۆرتی ئوردونی، کە ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستینی بە ناوی ساختەوە بۆیان ئامادە کردین، چووینە تاران. نزیکەی مانگێک بوو شۆڕشی گەلانی ئێران کرابوو. جگە لە باڕ و مەیخانەکان کە داخرابوون، هەموو شتێک وەکوو خۆی جوان و ڕێکوپێک مابوو. خەڵکی تاران، وەکوو ئەوەی لە زیندانێکی گەورە ئازاد کرابن، بە درێژایی شەقامی فیردەوسی و چەندان شەقامی درێژ و بەرینی تر، بە گرووپی جیاواز، کۆبووبوونەوە و قسە و لێدوانیان دەکرد. کەسێک بیروباوەڕ و ئامانجی سیاسیی خۆی بۆ ڕوون دەکردنەوە، خەڵکەکەش پرسیاری جیاوازیان لێ دەکردن و زۆر جار، لە دژی دەوەستانەوە. ئەمە دیاردەیەکی سەیر و شارستانییانە بوو، بەڵام بە داخەوە زۆری نەخایاند.

دوای دوو ڕۆژ چووینە مەهاباد. شارەکە تازە ئازاد کرابوو، سەربازگەکەی گیرابوو. چەک و کەلوپەلەکەی کەوتبوونە دەستی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات. بەشێکی لە بازاڕی مەهاباد دەفرۆشران. هەر چەکێکت بویستایە، دەتتوانی بیکڕیت. دەیانوت: تانکیان بۆ فرۆشتن هێناوەتە بازاڕ. بەڵام من ئەوەم نەدی. خەڵک زۆر دڵخۆش و گەشبین بوون. لە دوای ڕوخاندنی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، خەڵکی پایتەختەکەی کۆمار، ئازادی و خۆشیی لەو جۆرەیان بە خۆیانەوە نەدیبوو.

 

لە مەهاباد بە چەند تفەنگی ژێسێ، کە حیزبی دیموکرات پێی دابووین، لە ڕێگەی سەردەشت و بێورانەوە چووینە خڕی نێوزەنگ، کە بارەگای سەرەکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوێ بوو. کۆمەڵێک هاوڕێ، بۆ خۆدەربازکردن لە گرتن و ئەشکەنجەدان، چەند هەفتەیەک بوو هاتبوونە دەرەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بارەگایەکی خۆی بۆ چۆڵ کردبوون و چەند پارچەچەک و ئازووقەی پێ دابوون. دوای چەند مانگێک چەک پەیدا کران، پێشمەرگەکان، بەپێی ناوچەکانیان، لە شێوەی پەل و لقی تایبەت، ڕێک خران و چەند خانووی نوێ دروست کران. من بە جۆرێکی کاتی، بوومە بەرپرسی پێشمەرگەکانی پشدەر، کە نزیکەی ٣٠ پێشمەرگە دەبووین.
لە سەرەتای پایزی ئەو ساڵەدا، چەند هەفتەیەک بە گوندەکانی ناوچەی پشدەر و بنگرددا گەڕاین و لەوێوە بە بەلەم پەڕینەوە بەری چیای کۆسرەت و لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگەی ناوچەی بیتوێن، یەکمان گرتەوە. دوای چەند ڕۆژێک، بە چوارقوڕنەدا پەڕینەوە بەرەو ناوچەی دۆڵەڕەقە و درێژەمان بە گەشتەکەمان دا. خەڵکەکە ئێمەیان نەدەناسی، یەکەم پرسیار کە لێیان دەکردین ئەوەبوو: ئێوە جەماعەتی کێن؟! لەو گوندانە پێشمەرگە بە ناوی بەرپرسەکەیان، یان هەندێک جار بە ناوی سەرۆکی حیزبەکەیان، دەناسران. لە زۆربەی گوندەکان، شەوانە خەڵکمان لە مزگەوت کۆدەکردەوە، نزیکەی سەعاتێک قسەم بۆ دەکردن. باسی ستەم و تاوانەکانی دەسەڵاتی بەعس، سیاسەت و ڕێبازی نوێی حیزب و ئامانجی خەباتی چەکداریم بۆ ڕوون دەکردنەوە. داوام لێ دەکردن کۆمەکمان بکەن و بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی حکومەت نەکەن. دواتر وەڵامی پرسیارەکانیانم دەدایەوە.

 

چەند هەفتەیەک دوای گەڕانەوەمان بۆ ناوزەنگ، لە نۆڤەمبەری ١٩٧٩ مەکتەبی سیاسی بڕیاری دا ڕاگەیاندنی حیزبی شیوعی لە شاخ دابمەزرێنین. لیژنەی ڕاگەیاندن لە سێ هاوڕێ پێک هێندرا، من و هاوڕێ تەحسین محەمەد خەلیل، کە پێشتر لە بیری نوێ پێکەوە کارمان دەکرد، لەگەڵ هاوڕێ نەجیب، کە نووسینەکانی تایپ و چاپ دەکرد و وتار و هەواڵی لە کوردییەوە دەکرد بە عەرەبی. بڕیارمان دا دوو بڵاوکراوە، بە زمانی کوردی و عەرەبی دەربکەین، ڕێگای کوردستان، کە ئۆرگانی هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی بوو، لەگەڵ ڕێبازی پێشمەرگە، کە بۆ هەواڵ و بابەتی سەربازیی تەرخان کرا بوو.
لە بەشی ڕاگەیاندن کات و دەرفەتی زیاترم بۆ خوێندنەوە و شیعرنووسین هەبوو. تا ڕادەیەکی باش گەڕامەوە دنیای ئەدەبیات و نووسین. بەڵام وێڕای گرفتی سیاسی و کاری ڕاگەیاندن، نەبوونی کتێبی کوردی و عەرەبی سەربار بوون. هەندێک جار لە قەڵادزێوە کۆمەڵێک کتێب و گۆڤاری نوێیان بۆ دەناردم، بەڵام کەم بوون و بە چەند ڕۆژ دەخوێندرانەوە. ئەمە بۆ من گرفتێکی گەورە بوو، تەنیا بەوە چارەسەر دەکرا، پەنا بۆ کتێبی فارسی بەرم، چونکە کەمێک فارسیم دەزانی، لە زانکۆ چوار ساڵ -هەفتەی یەک سەعات- خوێندبووم. بۆیە کاتی زۆرترم بۆ فێربوونی فارسی و خوێندنەوە بە فارسی تەرخان کرد. دوای ماوەیەک، فارسییەکەم مشتوماڵ کرا و گەشەی کرد. چەند بەرهەمێکی ئەدەبیم لە فارسییەوە کردن بە کوردی و بەشێکیان لە شاخ بڵاو کرانەوە و لەم کتێبەشدا هەن.

 

تا پایزی ١٩٨٠ کۆمەڵە هۆنراوەیەکی نوێم نووسی، کە لە ڕووی بابەت و شێواز و ستایلەوە، لە هۆنراوەکانی پێشووم جیاواز بوون. سەرەتا ویستم، بە ناوی (چرای گۆڕستان) لە شاخ چاپی بکەم، بەڵام دوودڵ بووم، چونکە بابەتی هۆنراوەکان و ستایلی نووسینیان، لەگەڵ کەشوهەوای پێشمەرگایەتیدا نەدەگونجان. پێشتریش ساڵی ١٩٧٩ ئەودەمەی شاری مەهاباد ئازاد کرابوو، فریا کەوتم لە ڕێی (کتێبخانەی سەیدیان)ـەوە، کۆمەڵە هۆنراوەیەکی نوێ بە ناوی (ڕێژنە) و کۆمەڵەهۆنراوەی (پشکۆکان دەگەشێنەوە)، بەو هۆنراوانەشەوە کە دەزگای سانسۆر (ڕەقابە)ی عێراق یاساخی کردبوون، بۆ جاری دووەم بڵاو بکەمەوە.
ئەو هۆنراوانەی شاخ، سەرەتای گۆڕانکارییەکی نوێ بوو لە شیعری مندا. زمان، شێوەی دەربڕین، چڕی و ناڕاستەوخۆیی هۆنراوەکان، تایبەتمەندییەکی ئەو کۆمەڵە شیعرانە بوون. هۆنراوەکان "هه‌وڵدانێک بوون بۆ ده‌ربڕینی هه‌ندێک ئاوات و ئازاری گیانیی مرۆڤ، که‌ له‌ سایه‌ی تیرۆر و توندوتیژیی ده‌وڵه‌تدا، ته‌نانه‌ت نرخی مریشکێکی نییه‌. کاتێکیش به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ناوه‌رۆکی ئینسانییانه‌ی خۆی ڕوو ده‌کاته‌ شاخ، هه‌ست ده‌کات ته‌نیا په‌ناگه‌یه‌کی فیزیکیی دۆزیوه‌ته‌وه‌، یان ته‌نیا شوێنه‌ جیۆگرافییه‌که‌ی گۆڕدراوه‌. که‌چی ئازادی و به‌ها ئینسانییه‌که‌ی، له‌وێش، له ‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دان."[1]

 

5
لە پایزی ١٩٨٠ چەند نووسەرێک، کە پێشمەرگەی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان و حیزبی شیوعیی عێراق بووین و ڕوومان لە شاخ کردبوو، هەندێک جار یەکترمان دەبینی، بەڵام هیچ چالاکییەکی هاوبەشی ئەدەبیمان نەبوو. ئەو کاتە بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتییەک، بۆ نووسەرانی شاخ سەری هەڵدا، بۆ ئەوەی پێکەوە کەشێکی ڕووناکبیری بۆ خۆمان دروست بکەین و خەریکی هەندێک کار و چالاکیی هاوبەش بین. هەر لەو کاتانەدا بوو دەسەڵاتی بەعس دەیویست یەکێتیی نووسەرانی کورد لە شار، هەڵبوەشینێتەوە و بیکاتە لقێکی یەکێتیی نووسەرانی عێراق.
ڕۆژێک لەگەڵ مامۆستا دڵزار، سەردانی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیمان کرد و لەگەڵ بەڕێزان ئەرسەلان بایز، حاجی مەمۆ و هەڤاڵ کوێستانی دانیشتین. هەروەها بەڕێز ناسر حەفید، کە وەکوو کەسێکی سەربەخۆ لە شاخ بوو، بەشدار بوو. پێکەوە باسی ئەم مەسەلەیەمان کرد. ڕێکەوتین کە یەکێتیی نووسەران لە شاخ دابمەزرێنین. نووسینی بانگەوازی دامەزاراندن بە من سپێردرا، کە دوای چەند ڕۆژ لە دانیشتنی دووەمدا، لە 3/12/1980 بانگەوازەکە پەسند کرا و دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان ڕاگەیەندرا.  لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارمان دا، ڕێکخراوەکە سەربەخۆ و ملکەچی هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نەبێت. بە هیچ جۆرێک نەبێتە بەشێک لەو کێشە سیاسی و چەکدارییانەی لە شاخ، لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبوون. تەنیا ئەو کەسانەی نووسەر و ئەدیبن، بتوانن ببن بە ئەندام. هەروا بڕیار درا، گۆڤارێکی تایبەت بە ڕێکخراوەکە دەربکەین، ساڵانە کۆمەڵێک کتێب و نامیلکەی ئەدەبیش، بڵاو بکەینەوە.

 

لە ماوەیەکی کورتدا پڕۆژەی پێڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نووسەران ئامادە کرا. شاعیر و نووسەر حەمەی حەمەباقی هاتە شاخ و وەکوو نووسەرێکی سەربەخۆ هاتە دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتیی نووسەران و ڕۆڵێکی دیاری لە چالاکییەکانی یەکێتیی نووسەراندا هەبوو. سەرەتا گۆڤارەکە، ژمارەیەکی بە ناوی (پێرو) لێ دەرچوو، دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بە نووسەری کوردستان، کە ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکە بە هاوکاری و بەشداریی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەری شاخ و شار ئامادە کرا، خرایە ژێر چاپ و لە ئابی ١٩٨١دا بڵاو کرایەوە. هەروا چەند کتێب و نامیلکەیەک، بۆ بڵاوکردنەوە ئامادە کران.
ئەو ڕۆژانە کوردستان لەناو خوێن و ژانی سێ شەڕدا دەتلایەوە، شەڕی دەوڵەتی عێراق و کورد، شەڕی عێراق و ئێران، هەروا شەڕی نێوخۆی هێزە چەکدارەکانی شاخ، کە لە هەموویان بە ئازارتر بوو. تا ناوەڕاستی بەهاری ساڵی ١٩٨٢ حیزبی شیوعی بە کردەوە لەو شەڕەدا بەشدار نەبوو. دوای ئەوە ڕاستەوخۆ تێکەڵی شەڕەکە بوو.
ئێرە جێگای باسکردنی ئەو شەڕە و هۆکاری تێوەگلانی حیزبی شیوعی نییە(لە ڕەشنووسی دەفتەری یادوەرییەکانمدا باسم کردووە) بۆیە لێرەدا زۆر بە کورتی دەڵێم:

 

سەرکردایەتیی هەردوو لایەن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی شیوعیی عێراق، بەرپرسیاری ئەم شەڕەن، بەڵام هەر یەکەیان بە ڕادەی خۆی. هەڵە و بەرپرسیاریی حیزبی شیوعی هەر چەندێک بێت، ناتوانرێ پاکانە بۆ تاوانەکانی پشتئاشان بکات، کە دەیان پێشمەرگە و کادیری حیزبی شیوعی، لەوانە چەندانیان ژن بوون، بە دیلی کوژران. ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە، نەک هەر بە ڕووخسار و مێژووی یەکێتییەوە، بەڵکوو بە تەواوی مێژووی نوێی بزووتنەوەی چەکدارییەوە، کە کولتووری دیلکوژی داهێنا و خەباتی ڕزگاریخوازیی گۆڕی بە شەڕی نێوخۆ.

 

من بە مێرمنداڵی شەڕی نێوخۆ و تاوان و کارەساتەکانیم دیتبوون. لە تەمەنی نزیک ١٨- ١٩ ساڵیدا، دوو جار بە ئاگری ئەو شەڕە داخ کرابووم، جارێک بە ئەشکەنجەدان، لە ڕۆژی دووەمی تاقیکردنەوەی بەکالۆریای قۆناخی خوێندنی ئامادەیی، جاری دووەم دوو مانگ زیاتر زیندانی کرابووم، لەبەر ئەو هۆکارانەی باسکران، نەمدەویست ببم بە بەشێک لە تاوانی شەڕی نێوخۆ و لەوێ بمێنمەوە. وەکوو بەرپرسی ڕاگەیاندن شەیپووری شەڕ هەڵگرم، پاکانە بۆ شەڕێک بکەم، کە نە باوەڕم پێیەتی، نە لە بڕیاردانیدا بەشداربووم. ئەمە بۆ من تەنیا مەسەلەیەکی سیاسی و پابەندبوونی حیزبی نەبوو، بەڵکوو پێش هەر شتێک، وەکوو مرۆڤ و شاعیر، مەسەلەیەکی ئینسانی، نیشتمانی، ڕووناکبیری و ئەخلاقیی بوو. بۆیە بڕیارم دا کوردستان بەجێ بهێڵم و ڕوو لە هەندەران بکەم. کاتێک هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی زانییان بە ڕاستیمە، ڕازی بوون سەفەر بکەم. پێش سەفەرکردن لە کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەری یەکێتیی نووسەراندا، ماڵئاواییم لە برادەران کرد و پێم وتن: من بۆ شەڕی پێشمەرگە نەهاتوومەتە شاخ، بۆیە دەچمەوە دەرەوەی وڵات. سوپاسم کردن کە ئەو ماوەیە بەبێ گرفت پێکەوە کارمان کردووە. کاتێک گەیشتمە سووریا، هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی و ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیرانی ڕۆژانی بیری نوێ و تەریق ئەلشەعب، زۆر بە گەرمی پێشوازییان کردم و جێوڕێی کاتییان بۆ دابین کردم. دوای ماوەیەکی کورت، لە ناوەڕاستی دێسەمبەری ١٩٨٢، گەیشمەوە بوڵگارستان. لە پێشمەرگەیەکی دڵشکاوی نیشتەجێی ناوزەنگەوە، بوومەوە خوێندکاری ئەکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی بوڵگارستان، لە شاری سۆفیا، دەستم بە خوێندنی زمانی بوڵگاری و فەلسەفە کرد.


بیرت نایه‌ چۆن ڕێت كه‌وته‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌
ته‌می‌ زه‌مان هه‌ر شتێكی‌ داپۆشیوه‌
ترووسكه‌یه‌ك هیوا نه‌بێت.
خه‌ونی‌ مه‌زن ژانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌دواوه‌یه‌
له‌وانه‌یه‌
تا ڕۆخی‌ شێتبوونت به‌رێت.

تۆ به‌ خۆتدا
به‌ هه‌ر چوارلادا ده‌ڕوانی‌
ژیان بۆ داهاتوو واڵا
ده‌وروبه‌رت بۆ ته‌نیایی ‌‌و
ڕۆژانت بۆ چاوه‌ڕوانی‌.

پێتوابوو جوانی‌ لێره‌ بێت
په‌یڤه‌كان زایه‌ڵه‌ی‌ ڕاستی‌ ‌و
ڕاستی‌ ڕێگای‌ ئازادی‌ بێت.

ئازادی‌: ویستی‌ ئازاد ‌و هه‌ڵبژاردنه‌؛
ده‌شێت ته‌نیایی‌ دووڕیان بێت
به‌ره‌و وێڵبوون، یان خۆناسین
ژیانیش هه‌ڵه‌مووتێك بێت
بۆ هه‌ڵدێران، یان هه‌ڵفڕین.

[1]- دیوانی ڕەفیق سابیر، سوێد، ١٩٩٣، ل١٦.

بەرگی کتێبی پەیڤ و پەیام هەڵبژاردەیەک لە نووسینەکانی ڕەفیق سابیر

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن