800 کەلتور

ورد و دڕشتی فیکشن

01:54 - 17/01/2022

گۆران سەباح-کولتوری زەمەن


بەرکوڵ
وەک ڕۆمان، کورد ئاشنایە بە یەک جۆرە چیرۆک و کورتە چیرۆک. دەبێ ئیللا وەک چێخۆف، هێمینگوای، کارڤەر، مۆپاسان بنووسی، یان لاساییی ئەوان بکەیتەوە، ئەوجە ڕەنگە لێت وەرگرن، بێو سەر بە پێڕیان بیت. ئەدی ئەدەبیش بوویتە پێڕ پێڕانێ! ئای لەو نەنگییە.
ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکیدا (٢٠٠٩) لەسەر کارڤەر دەڵێت کارڤەر زۆری دەنووسی و هیچی نەدەگوت. گۆردن لیش (Gordon Lish) نەبا، هیچی بۆ بڵاو نەدەکراوە. گۆردن بە کاپتنی فیکشن ناسراوە، کاری نووسیاری بۆ چیرۆکەکانی کارڤەر دەکرد. وای دەستکاری چیرۆکەکانی دەکرد، کارڤەر نەیدەناسینەوە. نازانم بۆ هەموو کورد دەیەوێت وەک کارڤەر بنووسێت. ئەگەر دوو نووسەر وەک یەک بنووسن، یەکیان زیادە. بابای نووسەر، بۆ نابیتە خاوەن ستایلی خۆت، کوردانە. چ ئیشت بە کارڤەر و چیخۆف و هێمینگوایە؟ لاریم نییە سوودیان لێ وەرگری، بەس لاساییان مەکەوە. لەبەر ئەو لاساییە لە ئەدەب و هونەر و فەلسەفە و دەروونناسی، قەت نابینە هیچ. هەر دەبین بە کلکی فلان و فیسار. ئای لەو کەسەرە.
ئەم بەرکوڵەم بە پێویست زانی چونکە کاتێ خوێنەرانی کورد چیرۆکێکی نوێ دەبینن لە ئەدەبی کوردی، دەکەونە وێزەی، بێ ئەوەی بچنە بنجوبنەوانی. کاتی هاتووە لە بازنە تەسکە کلاسیکییەکەدا بێینە دەرێ و شتی تازە پەسەند بکەین. دەزانم تازە ئاشنای کارڤەر و ئەوانی تر بووینە، بەس ناکرێ بە خوێندنەوەی کۆمەڵە چیرۆکێک خۆمان لێ بگۆڕێت، پێمان وابێت بەس ئێمە دەزانین چیرۆک چییە و دەبێ چۆن بێ.   

فیکشن (Fiction)

دەکرێ وشەی خەیاڵ بۆ فیکشن بەکار ببەین، لێ (فیکشن)م پێ چاترە چونکە خەیاڵ بۆ (Imagination)ە. دنیای کتێب دابەش دەبێت بەسەر دوو پۆلدا: فیکشن و نافیکشن. فیکشن شیعر، دراما، ڕۆمان، کورتە چیرۆک و جۆرەکانیان دەگرێتەوە. نافیکشن تۆژینەوە، زانستی، جوگرافی، مێژوویی، بازرگانی، فەلسەفی، ئابووری، سیاسی، یان هەر شتێک خەیاڵی نەبێت، دەگرێتەوە.  
بۆ نووسەران و هەوادارانی فیکشن گرنگە فۆڕمەکانی بزانن. هەموو فۆڕمەکانی فیکشن لانی کەم چەند ڕەگەزێکی گێڕانەوەیان تێدایە: کارەکتەر، کات، شوێن، پڵۆت، تێما، گۆشەنیگا، ململانە. فۆڕم هەیە، وەک ڕۆمان، هەمووی تێدایە، هەشە وەک (دڵۆپە چیرۆک) هەندێکی تێدایە.
چەند پێوەرێک هەن ئەم فۆڕمانە لێک جیا دەکەنەوە. سەرەتا و کۆتایی، ڕەگەزەکانی گێڕانەوە، بەڵام گرنگترینیان ژمارەی وشەکانە. لە خوارەوە یەک بە یەک باسی فۆڕمەکان و ژمارەی وشەکانیان دەکەین چەند نموونەیەکیش.
ڕۆمان: هەشتا (٨٠) هەزار وشە بە سەرەوە.
کورتە ڕۆمان:٥٠-٧٠٩٩٩ هەزار وشە.
نۆڤێللا: ٢٠- ٤٩٩٩٩ هەزار وشە.
نۆڤلێت: ٧٥٠٠- ١٩٩٩٩ هەزار وشە.
کورتە چیرۆک: ١٠٠٠- ٧٤٩٩
فلاش فیکشن: لە هەزار کەمتر
جۆرەکانی فلاش فیکشن
1-چیرۆکی کتوپڕ (Sudden fiction): ٧٥٠ تا ٩٩٩.
2-پۆستکارت (Post Card): ٢٥٠-٥٠٠ وشە. زاراوەی "کورتیلە چیرۆک"ی بۆ بەکار دێنم.
3-مایکڕۆفیکشن/نانۆفیکشن (Micro-fiction/Nanofiction): ٣٠٠ کەمتر. وشەی "چیرۆکەکە"ی بۆ بەکار دێنم.
4-درابل (Drabble): ١٠٠ وشە. بە کوردی وشەی "تەڕکە چیرۆک"ی بۆ بەکار دێنم. سەت وشەی ڕێک، نە کەم و نە زیاد.
5-دریبل/مینیساگا (Dribble/Minisaga): ٥٠ وشە. بە کوردی وشەی "دڵۆپە چیرۆک"ی بۆ بەکار دێنم. پەنجای ڕێک.
6-چیرۆکی شەش وشەیی.


دڵۆپە چیرۆک: بڕایەن ئاڵدیس ئەم چیرۆکەی داهێنا (Brian Aldiss: 1925-2017)
نموونەیەک لە دڵۆپە چیرۆک
پاککردنەوە لە بەهار، هاوین، پایز، زستان
نووسینی: ڕێیچل گاردنە
دەبینم ماڵەکەم وا شەپڕێو و بێ سەر و بەرە هەر دەڵێی بۆمبی تێدا تەقیوەتەوە. لەبەرئەوەی بێ هیوام لە ڕێکخستن، کتێبێکم کڕی بە ناوی: کلیل بۆ ڕێکخستنی ژیانت. زۆر شانازیم بە خۆمەوە کرد.
بە کتێبخانەکەم دەستم پێ کرد. پێنج خولەک دواتر، کشامە دواوە و دانیشتم، چاوەکانم زەق بوونەوە و باوەڕم نەدەکرد.
نموونەی تەڕکە چیرۆک (١٠٠ وشە)


دووانە

نووسینی: سام باڵداساری

 
لە نەخۆشخانەدا، من هەواڵە خراپەکەم. بەڵام خوشکم دەژیت.
ئەو گەشە دەکات، پێ دەکەنێت و خوێنی لێ دێت. جل لەبەر دەکات و لەبەریان دەکاتەوە. لە جێرنالەکەی دەنووسێت. نوێژ دەکات.
لە ئاوێنەی ژوورەکەیدا، دەبینم ڕاهێنان لەسەر قسەکردن دەکات، مست لە ورگە ئەستوورەکەی دەدات، فێر دەبێت پرچی کەزی بکات. لە سەرەوە، بنەوە، لە نێوانیاندا.
لەگەڵ ئەو منیش فێر دەبم.
کاتێ دەنوێت، لاسایی دەکەمەوە، وا بەنێو شتەکانی ژوورەکەیدا دەچم وەک بڵێی، جلەکانی، یادەوەرییەکانی، دایبابی، هی من بن.
ئەمشەو دەجوڵێت و دەکەوێتە سەر پشت. پرچی لەسەر بالیفەکە دەڵێی ئاوی بەخوڕە.  
هەر بەس دەست لە شتێکی هەقیقی بدەم.
سەرەوە، بنەوە، لە نێوانیاندا، سروتی گەیشتن پێیان دەڵێمەوە.

نموونەی چیرۆکی شەش وشەیی:

بۆ فرۆشتن: پێڵاوی منداڵان، قەت لەبەرنەکراون.
ساغ نەکراوەتەوە ئەم چیرۆکە هیی کێیە: هێمینگوای، ویلیام کێین، ڕۆی مۆڵتن، ئاڤری هۆپوود، ئارسەر کلارک. دەڵێن هیی هێمینگوایە، بەس بۆچوونەکان یەکلایی نەکراینەوە.
گەردوون گەورەیە، بەڵام ئەو بە تەنیایە. ( کێیتی سکلاڤەر).
جوانبوون کاری تۆ نییە پێیەوە بمری. (ڤایۆلا هاستینگس).

بەم دواییانە زنجیرەیەک کورتە چیرۆکم بڵاو کردەوە. خوێنەران پێشوازییەکی باشیان لێ کردن و چێژیان لێ وەرگرتن. یەکیان نەبێ (پاسوێردی ژیان)، ئەوانی تر فلاش فیکشنن. فلاش (خێرا وەک فلاشی کامیرە)، هەندێ جار، هەموو ڕەگەزەکانی گێڕانەوەی تێدا نییە.
هێڤیدارم دوای خوێندنەوەی ئەمە، نووسەرانمان، بەتایبەتی گەنجەکان چەند فۆڕمێکی نوێی چیرۆک تاقی بکەنەوە و لەو بازنە کلاسیکییە بێنە دەرێ لەپێناو پێشخستنی چیرۆکی کوردی. بێگومان چەند گەنجێکی وەک جێگر بەختیار دەستیان پێ کردییە.

سەرچاوەکان:
Mambrol, N. 2020. Analysis of Raymond Carver’s Short Stories. Literariness.
Mini-Sagas (Mini-Sagas) by Brian W. Aldiss (goodreads.com)
For Sale, Baby Shoes, Never Worn – Quote Investigator
https://www.theguardian.com/books/2009/sep/27/raymond-carver-editor-influence  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن