984 کەلتور

کوپێک چای

06:21 - 16/01/2022

یاڵمار سوێدەربێری
وەرگێڕان: خەبات عارف



(1897)

دەڵێن، ئینسان لە ئینگلستان، لەڕێی ئەوەوە کە عەرەق یا خواردنەوەی هاوچەشنی ئەو، بە بەر چاوی خەڵکەوە بخواتەوە، دەتوانێت بەشێکی زۆری نێوبانگی کۆمەڵایەتیی خۆی بخاتە مەترسیەوە. دەی، هەر وڵات و نەریتی خۆی هەیە. من دوێنێ ئێوارە تا ڕادەیەک، لەبەر ئەوەی دەمویست کوپێک چای لە کافێتریایەک بخۆمەوە، خەریک بوو تووشی بەزمێکی خراپ بم... گرنگیش نییە چ کافێتریایەک بوو.
مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێستا من خەریکم لە کۆتایی ڕۆمانێک دەبمەوە کە لە دوو بەش پێکهاتووە و بە نیازم تێیدا پەردە لەسەر تەواوی فریودان لە ژیانی کۆمەڵایەتیی مۆدێرندا هەڵبدەمەوە. تەنیا دوایین بەشی ماوە و ڕێک دوێنێ بڕیام دا بینووسم. کەواتە سەعات هەشتی بەیانی لە خەو ڕابووم، تایەکی بەتینی نووسین دایگرتبووم و بە توێی کراسێک لای مێزی نووسینەکەمەوە دانیشتم و دەستم پێ کرد: ''بەدەم ڕێژنەی بارانەوە، زەردەپەڕی مانگی دە چڕتر بەسەر ئاسمانی شاردا خۆی بڵاو کردبووەوە...'' لەوەیش زیاتر پێڕانەگەیشتبووم کە زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دا. یەکێک لە هاوڕێیەکانم بوو کە دەیویست پارەم لێ قەرز بکات – شتێکی ئەوتۆ نەبوو، دوو سەد کرۆن – بەڵام دەمودەست پێویستی پێی بوو. بێ گومان نەمتوانی بڵێم نا و کە لەو کاتەیشدا کەسێک نەبوو پێیدا بنێرم، دەبوو خۆم بڕۆم. کەواتە ڕۆیشتم – لەسەر ڕێی ماڵەوەیش، ڕێک لە بەردەمی دەروازەی ماڵەوەدا، بە هاوڕێیەکی ترم گەیشتم کە بە عەرەبانە دەگەڕا و ناسیاوانی خۆی بە سەر دەکردەوە بۆ ئەوەی لە دروستکردنی کۆمپانیایەکدا بەشداریی بکەن و لێی پرسیم ئەگەر حەز بکەم دەتوانم جێی بەڕێوەبەری دارایی تێیدا بگرم. نەمویست، هەروا لە خۆڕا بڵێم نا؛ چون لە دۆستایەتییەکەمان نەدەوەشایەوە، لەبەر ئەوە وەک دەستپێکێک قەبووڵم کرد پێکەوە بڕۆین بەرچاییەک بخۆین و زیاتر قسەی لێ بکەین.

 

کەواتە سەرەتا بەرچاییمان خوارد و پاشان دەستمان کرد بە قسەکردن. سەعات بووبوو بە دووی پاشنیوەڕۆ و خەریک بوو لە بڕیاڕێکی کۆتایی نزیک دەکەوتینەوە کە کارەکەرەکەم، بە شێوەیەک کە سەرت لێی دەرنەدەکرد، ئەو جێیەی دۆزیبووەوە کە لێی بووم و بە پەلەپرووسکێ خۆی کرد بە ژووردا و پێی وتم کە خەسووم لە گیانەڵادایە، خەسوویشم لە کونگسهۆڵمن دەژی، کەواتە عەرەبانەیەکم گرت و بەرەو ئەوێ ڕۆیشتین. ڕاستیش بوو، خەسووم لە گیانەڵادا بوو، بەڵام تا نزیک سەعات شەشی ئێوارە نەمرد. کەواتە دوای ئەوە دەمتوانی بڕۆمەوە ماڵ و ڕۆمانەکەم تەواو بکەم... بەڵام تۆ مەزانە: لە مەیدانی یاکوب، وەک ئەوەی خووم پێوە گرتبوو، لە بەردەمی دوکانی سیلڤاندەش ڕاوەستام بۆ ئەوەی سەیری جۆرە دەستکێشێک بکەم کە تازەکی هاتبوو، کە ڕووی خۆیشم وەرگێڕا بۆ ئەوەی بەرەو ماڵەوە بەردەوام بم، ڕوو بە ڕوو تووشی هاوڕێی سێیەمم هاتم، پیاوێک کە بە دەست دامەزراندنی کۆمپانیاوە ماندوو بووبوو و حەزی لەوە بوو یاریی شەترنج بکات. کەواتە لێیپرسیم ئەگەر بمەوێت ویسکی لەگەڵ بخۆمەوە و شەترەنجی لەگەڵ بکەم. بێ ئەوەی بیری لێبکەمەوە وتم: ''بۆ نا، لە خوایشم دەوێت.''، چونکە بە تەواوی ڕۆمانەکەمم لە بیر کردبوو و ڕێک لە چرکەی دوای ئەوەیشدا بە بیری خۆمدا هێنایەوە کە تازە وتومە بەڵێ و ناتوانم ڕا بگۆڕم – ئەوە لە من نەدەوەشایەوە. کەواتە پێکەوە چووین بۆ ماڵی ئەو و تا سەعات یانزدە ویسکیمان خواردەوە و شەترەنجمان کرد. ئەوجا شەوباشم لێ کرد و بەو بڕیارە بنجبڕەوە کە ڕۆمانەکەم تەواو بکەم ڕۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە – چیرۆکەکەیش لێرەوە دەست پێ دەکات.
ئەمجا گوێ بگرە:

 

هەر نزیک دە دەقیقەی پێ دەچوو بۆ ماڵەوە. کە تا نیوەی ڕێیش ڕۆیشتبووم، هەستم کرد ماندووم و نەختێکیش خەواڵوو بووم، ئیتر دڵنەخواز بەسەر ئەوەدا کەوتمەوە کە ڕەنگە، بەو جۆرە کە بووم، ئەگەر بڕۆمەوە و لە لای مێزی نووسینەکەمەوە دابنیشم، نەتوانم بنووسم.
بە خۆمم وت: ''لە دەستەڕاستەوە کافێتریایەکی خۆشی لێیە. ئەگەر بڕۆم بۆ ئەوێ و کوپێکی گەورەی پڕ چایی خەست بخۆمەوە، ئەوجا بڕۆمەوە و بنووسم، ئەوە دوایین بەشی ڕۆمانەکەم بێ هاوتا دەبێت.''
کەواتە چوومە ژوورەوە.
لە کافێتریاکە؛ وەک هەر کاتێکی دیکە، گەلی سوێدییان دانیشتبوون و پونش-یان دەخواردەوە.

تەنیا یەک مێزی بچووکیش بەتاڵ بوو، ئەویش لە نێوەڕاستی ساڵۆنەکەدا و لەوێ دانیشتم.
بەو خانمانەم گوت کە لەوێ کاریان دەکرد: ''کوپێک چای زەحمەت نەبێت.''
سەرلەبەری ساڵۆنەکە بێدەنگی دایگرت. لە دەوروبەرم گەلی سوێدییان بە خۆیان و ورگە زل و ڕوومەتە سوورەکانیانەوە دانیشتبوون و پونشیان دەخواردەوە، تاوناتاوێکیش پەرداخەکان لە یەک دەدران و دەوترا: ''بە یەک قووم!''
بەڵام کە من داوای کوپێک چایم کرد، بێدەنگی سەرلەبەری ژوورەکەی داگرت.
ئەو خانمەی کە هاتبوو بە دەنگمەوە لێی پرسیم: ''کوپێک چای؟''
وەڵامم دایەوە: ''بەڵێ، کوپێک چای!''
- هەر چای؟ ئەی کەرە و نان؟ ئەی عەرەق و بیرە؟ ئەی پونش؟
ڕووخۆش وەڵامم دایەوە: ''نا سوپاس. تەنیا کوپێک چای.''
خانم وەڵامی دایەوە: ''هەر ئێستا.''
لە هەموو لایەکەوە زەق زەق سەیریان دەکردم. دەقیقەیەکی برد و کەس بە قوومێک نەیخواردەوە. لە دەوروبەرم باسیان دەکردم و کەمێک لەوەیشم بەر گوێ کەوت کە دەوترا.
یەکێک وتی: ''لێی مەگرن غەریبەیەکی شێتە.''
یەکێکی تر: ''یەع لەم هەموو ڕیاکاری و گاڵتەکردنەی ئەم ڕۆژگارە.''

سێیەم: ''سەرخۆشە و دەیەوێت هۆشێکی بێتەوە بەر خۆی.''
چوارەمیش وتی: ''کە سەرخۆش بیت، هۆش چۆن دێتەوە بەر خۆی!''
خانم چاییەکەی بۆ هێنام. یەکسەر پارەکەیم دا و کرۆنێکیش بەخشیشم پێ دا تا پێی وا نەبێت لەبەر ئەوە چای دەخۆمەوە کە پارەی خواردنەوەی پونشم نییە.
بەڵام هەرگیز هەلم بۆ هەڵنەکەوت لەو چاییە بخۆمەوە. تەواو بێدەنگ و ئارام دانیشتبووم و تێکم دەدا و هەوڵم دەدا لە هەموو ڕەفتارمدا بۆ هاوسێیەکانمی ڕوون بکەمەوە کە هیچ خراپەیەکی ئەوانم ناوێت – هەر ئەوسا کۆنە هاوڕێیەکی ئوپسالام، کە پانزدە ساڵان بوو نەمبینیبوو، یەکسەر لە بەردەممدا قووت بووەوە و چاوی لە خۆم و کۆپە چاییەکەم زەق کردبووەوە.

تووڕە وتی: ''هەر بەڕاست ئەوە تۆیت؟ دەیشتەوێت ئەو چڵکاوە بخۆیتەوە؟''
بە شەرمەوە وتم: ''بەڵێ.''
- ئەها، کەواتە عاقیبەت بێرەی گەیاندوویت. خراپ لێت قەوماوە!
پێم وا بوو کە گاڵتەم لەگەڵ دەکات و هەوڵم دا بە هەمان ئاوازە وەڵامی بدەمەوە.
کۆنەهاوڕێیەکەم وەڵامی دایەوە: ''پێم وا بێت هەوڵ دەدەیت خۆت هەزەلی بکەیت.''
هەر ئەوسایش هەستم پێ کرد کە مڕ سەرخۆش بوو.

ڕاستەوخۆیش دوای ئەوە دڵی خۆی بۆ کردمەوە کە هەر لە یەکەمین چرکەی یەکتر ناسینمانەوە چارەی منی نەویستووە. هەر زوویش هەستی پێ کردبوو کە من فریودەرێک یا ئەگەر بیشمەوێت، دەتوانێت ئاشکراتر بڵێت: خوێڕییەک بووم لەو گۆڕەی. هەمیشەیش تاسەی هەلێکی گونجاوی کردووە بۆ ئەوەی ئەوەم پێ بڵێت و ئێستایش ئیتر قسەی خۆی کردبوو!
کۆنەهاوڕێیەکەم تا دەهات دەنگی بەرز و بەرزتر دەکردەوە، کۆتاییش بە جۆرێک قیژاندی کە هەموو ئەوانەی لە ساڵۆنەکە بوون گوێیان لێی بوو. هەموویشیان بە خۆشییەوە گوێیان گرتبوو، ئەوجا سەرکاری ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد لە دەرگەکەوە دەرکەوت. پیاوێکی کەتەی چڕوچاو سوور و هەڵامساو بوو و وتی: ''چییە ئەوە؟'' دەنگیشی تا ڕادەیەک هەڕەشەی پێوە دیار بوو و چاویشی بەوانەدا گێڕا کە لەوێ بوون.
ئەوجا هەموو ئاماژەیان بۆ من کرد و بە یەک دەنگ وتیان:
- لەو بێشەرمە بپرسە کە لەوێ دانیشتووە!

دەمودەست دوای ئەوە، خۆم لەسەر جادەکە بینییەوە و ئەوەندەیش کە پێوەندی بە ڕۆمانەکەمەوە هەیە، بە نیازم هەر ئەمڕۆ تەواوی بکەم.

* پونش، Punsch، خواردنەوەیەکە کە 25٪ی ئەلکهول و 30٪ی ئاوە. خوارنەوەی پونش، بە گشتی، لە سوێد و فینلاند لە هەموو شوێن باوترە.

سەرچاوە: یاڵمار سوێدەربێری، چیرۆکیلەکان، 1898
Hjalmar Söderberg, Historietter, Albert Bonniers Förlag. Fösta utgåva 1898

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن