1087 کەلتور

دۆزەخ لە نێوان دانتێ و دیستوفیسکیدا

10:59 - 15/12/2021

حسێن لەتیف

 

1

کۆمیدیای خواوەندی دانتێ، باس لەگەشتەکەی دانتی ،دەکات بۆ دۆزەخ بە یارمەتی ڤەرجیل. دانتێ لە بەشی یەکەمی گەشتەکەیدا چەند بەشێکی دۆزەخ دەبینێت. لەهەربەشێکدا کۆمەڵێک خەڵک دەبینێت، لەهەر بەشێکدا جۆرێک سزا بەسەر مرۆڤە دۆزەخییەکاندا جێبەجێ دەکرێت. لەبەشی یەکەمدا ئەرستۆ و ئەفلاتۆن و ئیبن روشد و سەلاحەدینی ئەیوبی دەبینێت، ئەمانە پێشوازی لەو دەکەن، کاتێک بەڤەرجیل دەڵێت: ئەمان بۆ لێرەن؟
ڤەرجیل دەڵێت: چونکە تەعمید نەکرابوون.

 
لەبەشەکانی تردا خەڵکانی خیانەتکار لە نیشتمان و خێزان و ڕەزیل و ئیرەیی بەر دەبینێت. دانتێ ناسان دەڵێن ئەو نەیارە سیاسییەکانی خۆیشی فڕێداوەتە بەشە جیاوازەکانی دۆزەخەوە.
کۆمیدیای دانتێ ،من وەک کتێبێکی ئاینی، دەیبینمەوە،سێبەرێکی زۆری بیرکردنەوەی ئاینیی بەسەردا زاڵە،هەندێجار هەست دەکەم لەبەردەم بانگخواز و گوتاربێژی ئاینییدام. لەگەڵ ئەوەشدا شیعر و شیعرێت و گێڕانەوەی جوانە و نەمتوانی هەرسێ بەرگەکەی بەسەر یەکەوە نەخوێنمەوە. بەهای ئەدەبی ئەم کتێبە بۆ ئیتالیا لەوەدایە تاساتەوەختی نووسینی ئەم کتێبە، زمانی لاتینی باڵادەست بوو بەسەر زمانی ئیتالیدا، بەڵام کۆمیدیای خودایی کۆتایی بەوە هێناو شکۆ و حورمەتی بۆ زمانی ئیتالی گێڕایەوە، ئەو زمانەی کۆمیدیای پێنووسراوەتەوە ،زمانی خەڵکی ئاسایی و ڕەشۆکی ئیتالیای ئەو سەردەمە بوو.

2
دیستۆفیسکی لە چیرۆکی قەشە و شەیتاندا، باس لە دۆزەخ دەکات. بەڵام دۆزەخنشینەکانی ناو چیرۆکەکەی دیستۆفیسکی لێرەن، لەسەر زەوین. لە ناو کێڵگە و کورەی ئاسن و زیندانەکانن،لەناو کوختە ڕەش و سارد و دوکەڵاوییەکانن. مرۆڤگەلێکی بێگوناهن.بەدەست خاوەن کێڵگەو خاوەن کارگە و زیندانەوانەکانەوە ئازار دەچێژن!

3
دۆزەخەکەی دانتێ لە ژێر زەویدایە. واتە پاش مردن مرۆڤ دەچێتە دۆزەخەوە. دۆزەخێک دیستۆفیسکی وێنای کردووە لەسەر زەویدایە. دۆزخ نشینەکانی کۆمیدیا مرۆڤگەلێکی گوناهبارن و سزای گوناهەکانیان دەدرێن.ئەوانەی دیستۆفیسکی هیچ گوناهێکیان نییە.

4
دانتێ هیچ هەوڵێک نادات بۆ ڕزگارکردنی دۆزەخ نشینەکان بەڵکو وەک فیلمێک و کۆمەڵێک ئەکتەر لێیان دڕوانێت. بەڵام دیستۆفیسکی لەڕێگای شەیتانێکەوە ئێخەی قەشە دەگرێت و دەیبات دیمەنی زیندان و کارخانە وکێڵگەیان نیشان دەدات،چۆن مرۆڤ تیایاندا سزا دەدرێت .، قەشەش تاموڵی بینینی ئەو دیمەنە دۆزەخییانە ناکات.دیستۆفیسکی بەرگری لە دۆزەخ نشینەکان دەکات.

5
کۆمیدیا ناوێکی ترە بۆ تراجیدیا. ئەو ژیانە تراجیدیانەی دۆزەخ دانتێ وێنای کردووە، جۆرێکە لەکۆمیدیا ،هەر بۆیەشە ناوی ناوە کۆمیدیا.

6
دۆخی ئێستای کوردستان دۆزەخێکە لەو جۆرەی دیستۆفیسکی باسی کردووە لە چیرۆکی قەشە و شەیتاندا،نەک ئەوەی دانتێ.
ئەوانەی لە دۆزەخدان هەژارەکانن، نەک سیاسەتمەدار و ستەمکاران. دۆزەخێک دانتێ باسی دەکات ،خودا دروستی کردووە، دۆزەخێک دیستۆفیسکی باسی دەکات مرۆڤ دروستی کردووە!

7
پێویست ناکات مناڵەکانمان بە باسی دۆزەخ بترسێنن، دۆزەخ ئێرەیە ،ئێوەی بانگخواز و ئاینی کارناکەن بۆ کەمکردنەوەی تینی ئاگری دۆزەخی ئێرە، مزگێنی دۆزەخێکی تر مەدەن.

 

وێنەیەکی دانتی نووسەری کۆمیدیای خواوەندی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن