دیمانە

د.عارف حیتۆ: هەرکەسێک فەرمانبەر نەبێ و کاربکات، مافی خانەنشینی هەیە

09:00 - 07/12/2021 660 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان


"ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی"، یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژە‌ گرنگەكانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی كاركردن، خانه‌نشینی و په‌ككه‌وتنیان کار دەکات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر ئاستی سێ پارێزگادا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکی تایبه‌تی بۆ کراوەتەوە.

 
دکتۆر عارف حیتۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كار و ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتى له‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ دیمانه‌یه‌كدا باسی زیاترى بەڕێوەبەرایەتییەکەى و ئەو کار و چالاکى و هەنگاوانە ده‌كات.



ـ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیهه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ری دروست بكات، ئه‌م كاره‌ چۆن ده‌كرێت و حكومه‌ت چ ئاسانكارییه‌كی بۆ ده‌كات؟
د. عارف حیتۆ: بابه‌تی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بابه‌تێكی هه‌ڵبژارده‌یی نییه‌ تا كه‌سێك بیه‌وێت یا نه‌یه‌وێت، به‌ڵكو بابه‌تێكی ئیلیزامییه‌ و به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٣٩ـی ساڵی ١٩٧١ـی هه‌مواركراو به‌ ژماره‌ ٤ـی ساڵی ٢٠١٢ى زایینى، هه‌ر كرێكارێكی كه‌رتی تایبه‌ت، ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یگرێته‌وه‌. له‌ هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك سێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تایبه‌ت هه‌یه، بۆیه‌ هه‌موو خاوه‌ن كاره‌كان له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی كاره‌كانیان پێویسته‌ سه‌ره‌تا سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان بكه‌ن، ‌ یانیش ئه‌و كاته‌ی لیژنه‌كانی ئێمه‌ سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موو كات چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ناكه‌ین خاوه‌ن كاره‌كان سه‌ردانی ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانمان بكه‌ن، به‌ڵكو لیژنه‌كانی ئێمه‌ له‌ هه‌ندێك كاتدا سه‌ردانی شوێنه‌كانیان ده‌كه‌ن و پێویسته‌ هه‌موو كرێكاره‌كانیان به‌ ژماره‌ و مووچه‌كانیان له‌ تۆماری ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی تۆمار بكرێن، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕێكارییه‌ خاوه‌ن كاره‌كان به‌ سه‌رپێچیكار داده‌نرێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ پێی مادده‌یه‌ك له‌ یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕە‌وانه‌ی دادگا‌ بكرێن، چونكه‌ ئه‌م ڕە‌فتاره‌ ده‌بێته‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.  هه‌ندێك جار خاوه‌ن كاره‌كان و كرێكاره‌كان له‌ نه‌زانینه‌وه‌ ڕێك ده‌كه‌ون، چونكه‌ خاوه‌ن كاره‌كه‌ به‌ كرێكاره‌كه‌ی ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سته‌به‌ری لێت وه‌رده‌گیرێت‌ باجه‌، كرێكاره‌كه‌یش وا ده‌زانێ ئه‌وه‌ باجه‌ لێی ده‌بڕدرێت، كه‌چی نازانێت ئه‌مه‌ ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، بۆیه‌ خۆیانی لێ ده‌دزنه‌وه‌. ئێمه بۆ ئه‌م بابه‌ته‌‌ ‌ هێڵی ٥٥٠٠ـمان داناوه‌، هه‌ر كرێكارێك ده‌سته‌به‌ر نه‌كرابێت، ده‌توانێت په‌یوه‌ندی به‌و هێڵه‌وه‌ بكات و شوێنی كاركردنه‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكات و لیژنه‌كانی ئێمه‌ له‌ هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

 ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی پاراستنی مافی كرێكاره‌ له‌ پاداشتی كۆتایی خزمه‌ت له‌ خانه‌نشینی و له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ یان له‌ هه‌ر بابه‌تێكی تری په‌یوه‌ندیدار و هه‌ر شێوه‌ و ئیمتیازاتێك كه‌ وه‌ك له‌ كه‌رتی گشتیدا فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌تی. ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خودی كرێكاره‌كه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كاره‌كه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك خاوه‌ن كار كۆتایی هه‌موو مانگێك سه‌ردانی ئێمه‌ ده‌كات و ٥%ی مووچه‌ی كرێكاره‌كه‌ی كه‌ بۆی دیاریكراوه‌ و ١٢%ـی تریش كه‌ خۆی ده‌یخاته‌ سه‌ری، ڕاده‌ستی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، ئه‌و پاره‌یه‌ش ناچێته‌ ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، به‌ڵكو ده‌چێته‌ ناو سندووقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، تایبه‌ت به‌ كرێكاران.


ـ تا ئێسته‌ چه‌ند كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كراوه‌ و چه‌ند كه‌س خانه‌نشین بووه‌ و خانه‌نشینییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت؟ هه‌روه‌ها چه‌ند كۆمپانیا و شوێنی كار هه‌ن كه‌ دۆسیه‌ی خۆیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان كردووه‌ته‌وه‌؟
د. عارف حیتۆ: تا ئێسته‌ ٣٥,٠٠٠ پڕۆژە‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئێمه‌ فایلیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كۆی ئه‌م ژماره‌یه‌دا ١٢٣,٠٠٠ هه‌زار كرێكار ده‌سته‌به‌ر كراون. مایه‌ی سه‌رنجه‌ زۆربه‌ی كرێكاره‌كان كاره‌كانیان له‌ پڕۆژە‌كان ته‌واو ده‌بێت و یان كۆتایی به‌ گرێبه‌سته‌كانیان دێت،  به‌ پێی یاسا مافیان هه‌یه‌ بێن داوای وه‌رگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمه‌ت وه‌ربگرن، كه‌ دێن ئه‌و پاداشته‌ وه‌رده‌گرن هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ پێشتر له‌ سندووقه‌كه‌ دانراوه،‌ بۆیان هه‌یه‌ دوای ساڵێك له‌ بێكاری بێن هه‌موو پاره‌كه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ وه‌ریبگرن، به‌م پێیه‌ ده‌ستبه‌رداری مافی خانه‌نشینی و هه‌موو ماف و ئیمتیازه‌كانی تریان ده‌بن، بۆیه‌ ژماره‌ی ئه‌و پارانه‌ی كه‌ بۆ پاداشتی كۆتایی خزمه‌ت ده‌درێت و له‌ ساڵێكدا ده‌گاته‌  ١٣ ملیار دینار، زۆر زیاتره‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ خانه‌نشین ده‌بن، چونكه‌ هه‌ندێك له‌و كرێكارانه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ناكه‌ن ساڵانی خزمه‌تیان بگاته‌ ٢٠ ساڵ بۆ ئافره‌ت و ٢٥ ساڵ بۆ پیاو، یان هه‌تا ته‌مه‌نی ئافره‌ت ببێته‌ ٥٥ ساڵ و ته‌مه‌نی پیاو ببێته‌ ٦٠ ساڵ بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌نشین بن، بۆیه‌ دێن پاداشتی كۆتایی خزمه‌ت وه‌رده‌گرن.

 

ئێمه‌ له‌ لای خۆمانه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌یان بۆ ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م پاداشته‌ وه‌ربگرن ئه‌و كات مافی خانه‌نشینیان نابێت،  یان ئه‌گه‌ر له‌ كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ بچێته‌ سه‌ر كه‌رتی گشتی له‌ خاڵی سفره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، چونكه‌ به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ هه‌ر كرێكارێكی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ كاتێكی تردا بۆ كه‌رتی گشتی بگوازرێته‌وه‌، كه‌رتی گشتیش هه‌موو خزمه‌ته‌كه‌ی له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ به‌ خزمه‌تی كه‌رتی گشتی هه‌ژمار ده‌كات و هه‌موو پاره‌ و ماوه‌ی ساڵانی كاركردنی بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر خزمه‌تی حكومی. تا ئێستا ٧٤٠ خانه‌نشینكراومان هه‌یه‌، كه‌ هه‌ر دوو مانگ جارێك مووچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن، ٢٠٣ خانه‌نشین له‌ به‌غداوه‌ مووچه‌كانیان دێت، چونكه‌ پێش ساڵی ١٩٩١ و پێش دروستكردنی سندووقی خانه‌نشینی خانه‌نشین بوونه‌، بۆیه‌ تا ئێستا مووچه‌كانیان له‌ به‌غداوه‌ دێت، به‌ڵام هی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ ٥٧٠ كه‌سن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ر دوو مانگ جارێك مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن، هه‌ندێكیان داوایان كردبوو كه‌ مووچه‌كانیان مانگانه‌ بێت، ئێمه‌ش ڕه‌زامه‌ند بووین، به‌ڵام پڕۆسه‌ی بانكدارى و هاتن و چوون ڕۆتینێكی زۆر بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ بۆمان كردنه‌ دوو مانگ جارێك، ئه‌گه‌ر مانگانه‌یش بێن مووچه‌كانیان وه‌ربگرن ئێمه‌ لاریمان نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا دوو مانگ جارێك وه‌ریده‌گرن، ته‌نیا بۆ بارسووكی ئه‌وان بووه‌.



ـ هه‌ر كه‌س كه‌ خانه‌نشین ده‌بێت، به‌ چه‌ند خانه‌نشین ده‌بێت، واته‌ بڕی خانه‌نشینییه‌كه‌ی چه‌ند ده‌بێت؟
د. عارف حیتۆ: ڕوونه‌ خانه‌نشینی له‌ هه‌ر دوو كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی به‌ پێی بڕی مووچه‌ی مانگانه‌یه‌ كه‌ بۆی دیاری كراوه‌. مووچه‌ی سێ ساڵی كۆتایی بۆ بابه‌تی خانه‌نشینی هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام كه‌مترین مووچه‌ی كرێكاریی ناكارامه‌ نابێت له‌ ٣٠٠ هه‌زار دینار كه‌متر بێت، بۆ ئه‌م ساڵیش داواكارییه‌كمان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رز كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ٣٠٠ هه‌زار دینار زیاترمان نووسیوه‌ و داواكارین كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سندی بكات، به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و ڕێژە‌یه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران په‌سندی ده‌كات ده‌بێته‌ كه‌مترین مووچه‌ی كرێكاری ناكارامه‌، تاكو جارێكی تر لیژنه‌كه‌ داده‌نیشێته‌وه‌‌، كه‌ به‌ پێی یاسا لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كه‌ ده‌كات، هاوكات له‌گه‌ڵ دوو شاره‌زای بواری ئابووری له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و نوێنه‌رێكی وه‌زاره‌تی پلاندانان و نوێنه‌ری سه‌ندیكای كرێكاران و نوێنه‌ری خاوه‌نكاران، كه‌ به‌ پێی پێویست هه‌ر دوو ساڵ جارێك بۆ مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌ی كه‌مترین مووچه‌ی كرێكاران كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن،  وه‌ك ئاماژە‌مان بۆ كرد كه‌ له‌ ئێستادا كه‌مترین مووچه‌ی كرێكاری ناكارامه‌ نابێت له‌ ٣٠٠ هه‌زار دینار كه‌متر بێت.


ـ سه‌باره‌ت به‌و كرێكارانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانیان، پاره‌ له‌ خاوه‌نكاره‌كان وه‌رده‌گرن، ئه‌م بابه‌تێكی تره‌ و چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟
د. عارف حیتۆ: كرێكاری ڕۆژانه‌ یان ئه‌و كرێكارانه‌ی خاوه‌نكاری به‌رده‌وامیان نییه‌، ناچنه‌ ناو چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌، به‌ڵكو پێویست به‌ بوونی سیستمێكی تر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت له‌ عێراق و له‌ ئوردن و وڵاتانی تریش هیچ سیستمێك نییه‌ بۆ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ڕە‌چاوكردنی ده‌سته‌به‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تیش قسه‌مان كردووه و‌  ساڵی ٢٠١٤ ڕه‌شنووسی سیستمێكمان پێدان، به‌ڵام تا ئێستا په‌سند نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مواركردنی یاساكه‌ كه‌ وه‌ك ئاماژە‌مان پێ كرد بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزمان كردووه‌ته‌وه‌، ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌وانیش دۆزراوه‌ته‌وه‌.


ـ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌مترین مووچه‌ی كرێكاری ناكارامه‌ ٣٠٠ هه‌زاره‌، ئه‌ی كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی كه‌ وه‌ری ده‌گرێت چه‌نده‌؟
د. عارف حیتۆ: به‌نده‌ سه‌یری لیستی مووچه‌ی ئه‌و خانه‌نشینانه‌ی نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ خانه‌نشینان به‌ر له‌وه‌ی بڕیاری ٣٠٠ هه‌زار دیناره‌كه‌ ده‌ربچێت، ئه‌وان خانه‌نشین بوونه‌، ئه‌وانه‌یشی له‌ به‌غدا وه‌ری ده‌گرن مووچه‌كانیان زۆر كه‌مه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی ٧٠ هه‌زار دیناریان بۆ زیاد ده‌كات ئینجا پێیان ده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ هیچ وڵاتێكی ده‌وروبه‌ری ئێمه‌ بوونی نییه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و ٧٠ هه‌زاره‌یان بۆ زیاد ده‌كات، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌و كات مووچه‌ی كرێكاری ناكارامه‌ ٥٠ دینار بوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خۆمان كه‌ له‌ دوای ساڵی ١٩٩١ـەوە خانه‌نشین بوونه‌، به‌و پاره‌ خانه‌نشینیان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌.


ـ ئه‌گه‌ر كرێكارێك له‌ كاتی كاركردن گیانی له‌ ده‌ست دا، یانیش کەمئه‌ندام بوو، چۆن مافى خۆى وەردەگرێت؟
د. عارف حیتۆ: كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو مافی هه‌یه‌ كه‌ دوای یه‌ك ساڵ له‌ بێكاری داوای پاداشتی كۆتایی خزمه‌ت بكات، ئه‌گه‌ر داوای نه‌كرد و له‌ شوێنێكی تر كاری ده‌كرد، ئه‌وكات خزمه‌تی هه‌ر دوو شوێنه‌كه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ بۆ كۆ ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كرێكار له‌ كاتی كاره‌كه‌یدا تووشی ڕووداوێك بوو و ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی له‌ ده‌ست دا، به‌بێ ڕە‌چاوكردنی ساڵی خزمه‌ت و ته‌مه‌نی دیاریكراوی خانه‌نشینی، خانه‌نشین ده‌كرێت، ئه‌و كات به‌ پێی ڕاپۆرتی پزیشكی، شایسته‌ی بڕێكی به‌شه‌كی (جزئی) ده‌بێت، تاكو چاك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ چاكیش بووه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی، ئه‌گه‌ریش ڕێژە‌ی په‌ككه‌وته‌ییه‌كه‌ی ١٠٠% بوو، ئەوكات خانه‌نشین دەکرێت، ئه‌گه‌ریش گیانی له‌ ده‌ست دا، خانه‌نشینی بۆ منداڵه‌كانی دەبڕدرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن