ئاشنا عەبدوڵا: پێویستە بابەتى دەرماڵەى خوێندکاران بخرێتە بەرنامەى کارى پەرلەمانەوە
12:37 - 22/11/2021
زەمەن_هەرێمى کوردستان
پەرلەمانتارێکى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ بەپێى یاسا دەبێت دەرماڵەى خوێندکارانى
زانکۆ و پەیمانگاکان بگەڕێنرێتەوە و دەڵێت: دەبێت ئەو پرسە بخرێتە نزیکترین دانیشتنى
پەرلەمانەوە.
ئاشنا عەبدوڵا ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى
پەرلەمانى کوردستان، رەوایەتى داواکاریى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ گەڕاندنەوەى
دەرماڵەکانیان دوپات دەکاتەوە بە سایتى فەرمى (گۆڕان)ى راگەیاند: ئێمە لە رابردودا
هەوڵمانداوە بۆ گەڕاندنەوەى ئەم مافەى خوێندکاران و بۆ ئەوەش یاداشتێکمان بە واژۆى
(48) ئەندامى پەرلەمان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردوە و پێویستە ئەو بابەتە
بخرێتە بەرنامەى کارى نزیکترین دانیشتینى پەرلەمانەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات کە نەگەڕاندنەوەى دەرماڵەى خوێندکاران
پێشێلکارى یاسایە و دەبێت بەپێیى یاسا بگەڕێنرێتەوە.
هەروەک ئاماژە بە چەندین کێشەى دیکەى خوێندکاران دەکات لە هاتوچۆ و دابیننەکردنى
سوتەمەنى و کەموکوڕى بەشە ناوخۆییەکان و دەڵێت: هەمو ئەوانە بارگرانین بۆ سەر خوێندکاران
و خانەوادەکانیان، بۆیە پێویستە وەزارەتى خوێندنى باڵا بە زوییى وەڵامى هەبێت بۆ ئەو
دوا کارییانە و ئەوە بزانێت خوێندکار و پڕۆسەى خوێندن زیانى زۆر دەکەن لە هەڵوێست
وەرگرتنى خوێندکاران و بایکۆتکردنى هۆڵەکانى خوێندن".
پێشتر و لە سەرەتاى ئەم مانگەدا پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى گۆڕان یاداشتێکى
بۆ گەڕاندنەوەى دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بە واژۆى (48) ئەندامى پەرلەمان
لە فراکسیۆنە جیاوازەکان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد و رایگەیاند: لە ساڵى
(2015) بۆ (2016)دا دەرماڵەى خوێندن بە چەند بەهانە و پاساوێک بڕدرا لەوانە شەڕى
داعش و دابەزینى بەهاى نەوت و بڕینى پشکى هەرێم لە بەغدا و قەیرانى داراییەوە، بەڵام
ئێستا ئەو پاساوانە هیچى نەماون، بۆیە پێمانوایە هیچ بەهانەیەک نییە بۆ بڕین و نەگەڕانەوەى
دەرماڵەى خوێندن بۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان.