بەوێنە؛ پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ كاربەدەستانی حكومەت لە ماوەت كۆبوەوە
03:02 - 21/11/2021
"زەمەن"
ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، سەردانی قائمقامیەتی قەزای ماوەتی کردو لەلایەن کامەران حسن فتاح قائمقامی قەزای ماوەت و سەرۆک و بەڕێوەبەری فەرمانگاکانی قەزاکەوە پێشوازیکرا.
دواتر لە دیوانی قائمقامیەتی قەزای ماوەتدا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پێداویستیەکانی قەزاکەو فەرمانگاکان لەپێناوی باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا قائمقامی قەزای ماوەت بەخێرهاتنی پارێزگاری کردو لەو پشتیوانیە بەردەوامانە دوا، کە پارێزگاری سلێمانی لە چوار ساڵی ڕابردوودا پێشکەش بە ناوچەکەیانی کردووە، دواتر داواکاریی و پڕۆژەو پێداویستیی قەزاکەی خستەڕوو.
پارێزگاری سلێمانی، سوپاس و پێزانین و پشتیوانی خۆی بۆ قائمقامیەت و تەواوی فەرمانگاکان و هاووڵاتیانی سنوری قەزاکە دەربڕی، کە دڵسۆزانە هاوکارو هەماهەنگ بوون و لەناو قوڵایی قەیرانەکاندا ئەرکەکانی خۆیانیان جێبەجێ کردووە.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و بەڕێوەبەری فەرمانگاکان داواکاریی فەرمانگاکانیان پێشکەش کرد، پارێزگاری سلێمانی بڕیاریدا بە دابینکردنی پێداویستیەکانیان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ بەشێک لە پڕۆژەکان و کارکردن لەسەر داخوازییەکانیان.
هەر لەم سەردانەدا پارێزگاری سلێمانی هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان قائمقام و سەرۆکی شارەوانیی ماوەتدا چەند پڕۆژەیەکی بەسەرکردەوە، کە لەسەر ئەرکی پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەکرێن.