700 کەلتور

تێلیگرامێک

08:01 - 16/11/2021

کەنستەنتین پاوستۆڤسکی

لەڕووسییەوە: شیروان مەحمود محەمەد-کولتوری زەمەن

 

 

ساڵی 1964 گەورە ئەکتەر و خانمە گورانیبێژی ئەمەریکی( بەڕەچەڵەک ئەڵمانی) مارلین دیتریش(1901- 1992 بەمەبەستی سازکردنی کۆنسێرت دەگاتە یەکێتی سۆڤێتی جاران. ڕۆژنامەنووسەکان لێی دەپرسن ئایا حەزدەکات چاوی بەکام لە کەسایەتییەکانی دەوڵەتی سوڤێت بکەوێت، ئەویش بێ بیرکردنەوەیەکی زۆر دەڵێت، من سەرسامم  بە بەهرە و نووسینەکانی کەنستەنتین پاوستۆڤسکی ، بە تایبەتی کورتەچیرۆکی '' تیلیگرامێک''.
لە کۆتایی دوا ئاهەنگیدا لە خانەی ناوەندیی ئەدیبان، پێی ڕادەگەیەنن کە پاوستۆڤسکی  لە هۆڵەکەدایە و سەرباری نەخۆشی حەزی کردووە ئامادەی ئاهەنگەکەی مارلێن دیتریش ببێت و ئێستاش دێتە سەرشانۆ  بۆ ئەوەی ئاواتەکەی بێنێتە دی و چاوی پێی بکەوێت. کاتێک مارلین چاوی بە پاوستۆڤسکی دەکەوێت و لە بەرئەوەی یەک وشەی  ڕووسی نازانێت، تا سەرسامبوونی خۆی بەرامبەر ئەو نووسەرە گەورەیە دەرببڕێ، دەچێتە سەرچۆک لە بەردەمیدا و دەکەوێتە دەست ماچکردنی. ئەم  بەسەرهاتە بە چەند شێوەیەک گێڕدراوەتەوە، بەڵام پوختەکەی ئەوەیە  کە ئێستا بۆم باسکردن(١)
بێگومان ئێستا خوێنەری هێژا مافی خۆیەتی بپرسێ: دەبێ ئەو کورتەچیرۆکەی پاوستۆڤسکی چی بێت کە ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کردۆتە سەر مارلین دیتریش؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە وا من لە خوارەوە ئەو چیرۆکە دەخەمە بەر دیدتان و هیوادارم بە دڵتان بێت (٢).



کەش وهەوای ئەو مانگی ئوکتۆبەرە، بە شێوەیەکی دەگمەن تووش و مڕومۆچ بوو. سەربانە تەختەڕێژکراوەکانی ماڵان ڕەش دەچوونەوە. گیای تێکچڕژاوی باخەکە تەختی زەوییەکە ببوو. تاکە گوڵەبەڕۆژەی نزیکی تەیمانەکەش گوڵی کردبوو و گوڵەکەی هەر هەڵنەدەوری.
پەڵەهەوری فشەڵ لە ڕووبارەکەوە ، بەسەر مێرگەکاندا هەڵیان دەکرد و خۆیان بە لقی شۆڕەبییە گەڵابابردووەکانەوە دەگرتەوە و بارانیان لێ دەڕژایە خوارەوە.
ڕێگاوبانەکان چیتر، نە بە پیادەیی و نە بەسواری، ڕێ نەدەکران. بۆیە شوانەکانیش مێگەلەکانیان بەڕەڵای ناو مێرگەکان نەدەکرد. ئیتر کەڕەنای شوانەکان تا بەهارێک دەنگیان لێوە نەدەهات.
هەستانی بەیانیان و بینینەوەی هەمان دیمەن، بەلای کەتەرینا پیترۆڤناوە، تا دەهات سەختتر دەبوو: دیمەنی ئەو ژوورانەی بۆنێکی تاڵی زۆپا دانەگیرساوەکان تیایاندا پەنگی خواردبووەوە، دیمەنی گۆڤارە تۆزلێنیشتووەکەی'' فێستنیک یەڤرۆپی''(٣) و پیاڵە زەردهەڵگەراوەکانی سەر مێزەکە و ئەو سەماوەرەی دەمێک بوو پاک نەکرابووە و دیمەنی وێنە هەڵواسراوەکانی قەد دیوارەکان.
ڕەنگە ژوورەکان زۆر تاریکیش بوو بن و چاوەکانی کەتەرینا پیترۆڤناش ئاوی ڕەشیان  هاتبوێی، یان ڕەنگە زەمانە ڕەنگ و ڕەونەقی ئەو وێنانەی سەر دیوارەکانی بردبێت، بەڵام دیمەنەکانیان جیانەدەکرانەوە و بەباشی نەدەبینران. کەتەرینا پیترۆنا تەنیا لە ڕێی یادگەوە دەیزانی کە یەکێکیان وێنەی باوکێتی، ئا ئەو دانەشیان، لە چوارچێوەیەکی زێڕیندا ، دیاری کرامسکۆیە (٤) و سکێچی تابلۆە بە ناوبانگەکەی بووە بە ناوی'' خانمێکی نەناسراو''. کەتەرینا پیترۆڤنا ئەو تەمەنەی مابووی لەو خانووەدا بەسەردەبرد کە کاتی خۆی باوکی، کە هونەرمەندێکی ناسراوبوو، دروستی کردبوو.
ئەو هۆنەرمەندە،کە تەمەنی چووبووە ساڵەوە، لە پیتەربورگەوە گەڕابووەوە  دێیەکەی خۆیان و ژیانێکی ئارامی بەسەردەبرد، خۆی بە باخەکەیەوە سەرقاڵ کردبوو. چیتر تاپلۆی بۆ نەدەنەخشێنرا: دەستی دەلەرزی و بینینیشی کزببوو، زۆرجار چاوەکانی ئازاریان دەدا.
ماڵەکە، هەر وەک یەکەتەرینا پیترۆڤنا دەیگوت، '' ماڵێکی یادەوەری بوو''، لە ژێر چاودێری مۆزەخانەی ناوچەکەدا بوو. یەکەتەرینا پیترۆڤنا نەیشیدەزانی کە چارەنووسی ئەو خانووە پاش مەرگی خۆی بەچی دەگات. لە دێیەکەشدا کە '' زەبۆرێ'' ی ناوبوو، کەسێک نەبوو لە گەڵیدا باسی تابلۆکان و باسی ژیانی پیتەربورگ و باسی ئەو ساڵەی لە گەڵدا بکات کە لە گەڵ باوکیدا لە پاریس بردووبایەنە سەر وتەنانەت ناشتنی تەرمەکەی '' ڤیکتۆر هوگۆ'' شی دیبوو(٥).
ئاخر خۆ ناکرێ باسی گشت ئەوە بۆ مانوشکا، کچە دراوسێکەیان، کە باوکی پینەچی کەڵخۆزەکەبوو(٦)، بکات، ئەو کیژۆڵەیەی هەموو ڕۆژێک بەڕاکردن دەچوو بۆ ئەوەی ئاو لە بیرەکە بۆ ئەم بهێنێت، گەسکی ماڵەکە بدات و سەماوەرەکە دەمکا. لە بری ئەو چاکانەی، یەکەتەرینا پیترۆڤنا جووتێ دەستکێشی چرچ و چەند پەڕێکی نەعامە و شەپقەیەکی ڕەشی بەموورو ڕازوەی بەخشیبووە مانوشکا.
_ جا من چی لەوانە بکەم؟ _مانوشکا بە دەنگێکی نووساوەوە گوتی و لوتێکی بۆ هەڵقرچاند_  چییە، قابیلە من شێتی شڕکەوپڕکە بم ؟
_ جا تۆ بیانفرۆشە ئازیزەکەم_ کەتەرینا پیترۆڤنا بۆی دەچرپاند. وا بۆ ساڵێک دەچێت کە هێندە لاواز بووە توانای نەماوە بە دەنگی بەرز بدوێ_ بیانفرۆشە.
_ دەیانبەمە لای کۆنەفرۆشێک_ مانوشکا بڕیاری خۆی دا و شتەکانی پێچایەوە و چووە دەرەوە.
جاروبار،'' تیخەن'' ی پاسەوانی وێستگەی ئاگرکوژێنەوەکە، دەهات و سەردانی کەتەرینا پیترۆڤنای دەکرد. کابرایەکی باریکەلەی مووسوور بوو. ئەو، هێشتا ئەو دەمەی لە یادبوو کە باوکی کەتەرینا پیترۆڤنا لە پیتەربورگەوە هاتبوو، خانووبەرە یەکی گەورە و پاشکۆکانی دروست کردبوو.
ئەوکات تیخەن منداڵێک بوو، بەڵام بە درێژایی هەموو ژیانی ڕێزی بەرامبەر ئەو هۆنەرمەندە پیرە پاراستبوو. هەر کە سەیری تابلۆکانی دەکرد هەناسەیەکی قووڵی هەڵدەکێشا و دەیگووت:
_ ئیشێکی پوختە!
تیخەن لە بەرئەوەی بەزەیی بە پیرێژنەکەدا دەهاتەوە زۆر خۆی سەرقاڵ دەکرد بەڵام سەرقاڵییەکەشی ئاکامێکی ئەوتۆی لێ سەوز نەدەبوو، هەرچەندە هەندێک ئیشی ماڵەکەی بۆ ڕادەپەڕاند: درەختە وشکهەڵاتووەکانی دەخست و دەیبڕینەوە بۆ سووتاندن. هەموو جارێکیش پێش ئەوەی بڕواتە دەرەوە، لای دەرگاکەوە هەڵوێستەیەکی دەکرد و دەیپرسی:
_ کەتەرینا پیترۆڤنا ، هیچ هەواڵێک لای '' ناستیا'' وە نییە. نامەیەک، شتێکی نەنووسیوە؟

کەتەرینا پیترۆڤنا بە بێدەنگی لەسەر دیوانەکە، وشکهەڵاتوو و بەپشتی چەماوەیەوە دادەنیشت، و بەردەوام سەرقاڵی تاووتوێ کردنی هەندێک کاغەز بوو کە لە جانتایەکی توورەکەشێوەدا هەڵگیرابوون. تیخەن قەیرێکی باش لای دەرگاکەوە فنگەی لە لووتی دەهێناو ئەم قاچە و قاچی دەکرد_ دەی کەواتە_ پاش ئەوەی هیچ وەڵامێکی وەرنەدەگرتەوە، دەیگووت_ من دەڕۆم، کەتەرینا پیترۆڤنا_
_ بڕۆ، تیشا _ کەتەرینا پیترۆڤنا دەیچرپاند_ بڕۆ، خوات لە گەڵ.
تیخەن، پاش ئەوەی بە شێنەیی دەرگاکەی پێوەدەدایەوە، دەڕوێشت، کەتەرینا پیترۆڤناش گریانێکی بێدەنگ دەگریا. بایەکە بە ناو لق و پۆپێ ڕووتەڵەی درەختەکاندا دەیلووراند و دوایەمین گەڵاکانی دەوەراند. چرا نەوتییەکەی سەر مێزەکە کەمێک ترپە ترپی پێدەکەوت. پێدەچوو ئەوچرایە تاکە شتێکی زیندووبێت لەو ماڵە جێهێڵراوەدا. ئەو گڕە کزەش نەبووایە، کەتەرینا پیترۆڤنا نەیدەزانی چۆن تا سبەی بەیانی ژیانی بگوزەرێنێ.
شەوان، هاوشێوەی بێخەوی، دوورودرێژ و سەخت بوون. سپێدەش هەر نەدەهات و خۆی ماتڵ دەکرد و بە نابەدڵییەوە، لە شووشە پاکنەکراوەکانی پەنجەرەکەوە، کە گەڵای زەردی پاییزی ڕابردوو کەوتبووە سەر لۆکەی نیوان چوارچێوەکەی و ئێستا ڕزیو و ڕەشداگەڕاو کەوتبوون، دزەی دەکردە ژوورەوە.
ناستیا، کچی کەتەرینا پیترۆڤنا و تاکە کەسی نزیکی، دوورلە دایکی، لە لێنینگراد دەژیا. دواجار کە سەردانی کردبوو سێ ساڵ لەمەوبەر بوو.
کەتەرینا پیترۆڤنا دەیزانی کە ناستیا ئێستاکە سەری ناپەرژێتە ئەمی پیرەژن. لاوان کار و مەشغەڵەتی خۆیان، خولیا و ئارەزوو، بەختەوەریی خۆیان هەیە. چاکتر وایە لێیان تێکنەدرێ. بۆیە کەتەرینا پیترۆڤنا زۆر بە دەگمەن نامەی بۆ ناستیا دەنووسی، بەڵام هەموو ڕۆژێک، کە لەسەر قەراغی دیوانە داتەپیوەکەی دادەنیشت ، بە بێدەنگییەکی وا  بیری لێدەکردەوە ، کە مشکەکەش هەڵدەخەڵەتا و لە پشت زۆپاکەوە ڕای دەکردە دەرەوە ، لە سەر پاشوەی دەوەستا و دەمێکی باش لووتی دەسووڕاند و بۆنی هەوا پەنگخواردووەکەی هەڵدەمژی.
 ناستیاش نامەی نەدەنووسی، بەڵام هەر دوو سێ مانگ جارێک ڤاسیلیی پۆستەچی حەواڵەیەکی دووسەد ڕۆبڵی بۆ کەتەرینا پیترۆڤنا دەهێنا. زۆر بە ئاگاوە  دەستی لەرزیوی کەتەرینا پیترۆڤنای دەگرت تا ئیمزا لە شوێنێکدا نەکات کە پێویست نییە.
ڤاسیلیی دەروێشت و کەتەرینا پیترۆڤنا، سەرگەردان، بە دوو سەد ڕوبڵەکەی دەستییەوە دادەنیشت. دوواتر چاویلکەکەی دەکردە چاوی و ئەو چەند وشە کەمەی دەخوێندەوە کە لە سەر حەواڵەکە نووسراوبوون. هەمیشەش یەک شتیان دووبارە دەکردەوە: هێندە سەرقاڵم فریای سەردانت ناکەوەم ، بگرە کاتم نییە نامەیەکی ڕێک و پێکیش بنووسم.
کەتەرینا پیترۆڤنا بە شێنەیی دەستی بە پارەکاندا دەهێنا وپیرییەکەی وای لێکردبوو کە بیری دەچووەوە ئەم پارانە هەمان ئەو پارانە نیین کە لە دەستی ناستیادا بوون پێش ئەوەی بیاننێری بۆ ئەم ، بۆیە هەموو جارێک وای هەست دەکرد کە پارەکان بۆنی عەترەکانی ناستیایان لێ دێت.

جارێک لە کۆتایی ئوکتۆبەردا بوو، کەسێک، بەو شەوە، ماوەیەکی زۆر دەیکێشا بەو دەرگایەی لەوسەری باخچەکەدا بوو و چەند ساڵێک لەمەوبەر تەختەڕێژکرابوو.
کەتەرینا پیترۆڤنا نیگەران بوو، دەمێکی باش خەریک بوو تا سەرپۆشێکی گەرمی لە سەرییەوە ئاڵاند و کەوا کۆنەکەی کردەبەری و بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە ماڵەکەی چووە دەر. لە سەرخۆ و بە پەلەکوتێوە ڕێی دەکرد. هەوا ساردەکە سەری هێنایە ژان. ئەستێرە لە یادکراوەکانی ئاسمان نیگای تیژیان بڕیبووە زەوی. گەڵا وەریوەکان ڕێکردنیان لێ سەختتر دەکرد. کە نزیک دەرگاکە بووەوە ، کەتەرینا پیترۆڤنا بە دەنگێکی نزم پرسی:
_ کێیە لە دەرگا دەدات؟
بەلام کەسێک لەودیو تەیمانەکەوە وەڵامی نەدایەوە
_ دەبێ وا هاتبێتە گوێم _ کەتەرینا پیترۆڤنا بە خۆی گوت و گەڕاوەیە بۆ ماڵەوە.
کەتەرینا پیترۆڤنا هەناسەبڕکێی پێکەوت، لای درەختێکەوە وەستا و دەستی گرت بە لقێکی تەزیو و تەڕی درەختەکەوە ویەکسەر ناسییەوە کە داری قەیقەبە. ئەو خۆی ، کە هێشتا کچۆڵەیەکی دەم بە پێکەنین بوو چاندبووی، ئێستاش وا ئەو درەختە  پەژموردە و کەسیرەیەی بەر ئەو سەرمایە وەستاوە و شوێنێک نییە لەم شەوە پڕ با و لانەشێواوەدا سەری پێوە بنێت.
کەتەرینا پیترۆڤنا دڵی بە درەختەکە دەسووتا، دەستێکی هێنا بە قەدە زبرەکەیدا و ملی ڕێی گرتەوە بۆ مالەوە و هەر ئەو شەوەش نامەیەکی نووسی بۆ ناستیای کچی:
'' بێهاوتاکەی خۆم  _کەتەرینا پیترۆڤنا نووسی_ لە دڵی داوم ئەم زستانە تەواوناکەم. ئەگەر بۆ ڕۆژێکیش بووە سەرێک بدەرەوە. بهێڵە با تێر لێتبڕوانم  و دەستەکانت بخەمە دەستمەوە. من هێندە پیر و پەککەوتە بووم  نەک هەر ڕۆیشتن ، بگرە دانیشتن و پاڵکەوتنیش بەلامەوە ئەستەنگە. وا دیارە مردن ڕێگەی بۆ لای من ونکردووە. باخچەکەمان وشک هەڵگەڕاوە، هەردەڵێی باخچەکەی جارانیش نییە، من خۆ هەر نایبینم. پاییزی ئەمساڵمان خراپە. سەخت و دژوارە، واهەست دەکەم بە هەموو ژیانم پاییزی وا توولانی نەژیابم''
مانوشکا بە دەم لووتهەڵقرچاندنەوە نامەکەی برد بۆ پۆست، دەمێکی باش خەریکبوو بیخزێنێتە سندووقی پۆستەکەوە، دواییش چاوی نا بەکوونی سندووقەوەکەوە و دەیویست بزانێت چی لە ناویایە؟ بەڵام هیچی بە دی نەکرد، بۆشایی سندووقە مەعدەنییەکە نەبێت.

ناستیا، وەک سکرتێرەی یەکێتی هونەرمەندان کاری دەکرد. کارێکی زۆریان هەبوو، ڕێکخستنی پیشانگاکان و پێشبڕکێکان ، هەمووی دەبووایە بە ژێر دەستی ئەمدا بڕۆشتایە.
ناستیا لە ئیش نامەکەی کەتەرینا پیترۆڤنای بە دەست گەیشت. ناستیا بێ ئەوەی نامەکە بخوێنێتەوە، خزانییە جانتاکەیەوە بەو نیازەی دوای ئیش بیخوێنێتەوە. ناستیا هەموو جارێک ئاهێکی خۆشی بە گیانیدا دەگەڕا کە نامەکانی کەتەرینا پیترۆڤنای بە دەست دەگەیشت: مادامەکی نامە دەنووسێ کەواتە هێشتا ماوە و لە ژیاندایە. بەڵام هاوکاتیش هەرنامەیەک دەبووە مایەی نائارامییەکی قووڵ، وەک بڵێیت هەر یەکێک لەونامانە سەرزەنشت و گلەییەکی بێدەنگ بێت.

دوای ئیش ناستیا دەبووایە بچێتە ئەتیلێی پەیکەرتاشێکی لاو بە ناوی تیمافێیەڤ و بزانێ چۆن دەژی و بە ڕاپۆرتێک دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی هونەرمەندان لەو بارەیەوە ئاگاداربکاتەوە. تیمافێیەڤ سکاڵای کردبوو کە شوێنی کارەکەی ساردە و بەگشتیش گازەندەی لەوە کردبوو کە ڕێگری لێدەکرێت و بواری نادەن لە شوێنی خۆی وەرچەرخێتەوە.
لە لای یەکێک لە گۆڕەپانەکانەوە ، ناستیا ئاوێنەکەی خۆی دەرهێنا و کەمێک بۆدرەی دا لە دەموچاوی و هەر خۆیشی کەمێک بۆ خۆی خنییەوە_ ئێستا ئیتر لە روخساری خۆی رازی بوو. هونەرمەندەکان بە هۆی قژی کاڵ و چاوە گەورە و ساردەکانییەوە هەر بە سولڤێیگ(٧) بانگیان دەکرد.
تیمافێیەڤ خۆی دەرگاکەی لە ناستیا کردەوە. کابرایەکی گچکەڵە، شێلگیر و قیناوی بوو. ئەو پاڵتۆیەکی لەبەردا بوو. ملپێچێکی قەبەی لە ملییەوە ئاڵاندبوو.ناستیا سەرنجیشی دا کە هونەرمەندەکە جووتێک پووتی لبادی ژنانەی لە پێدا بوو.
_ پالتۆکەتان دامەکەنن_ تیمەفێیەڤ بۆڵاندی_ ئەگینا ڕەق دەبنەوە لێرە، تکاتان لێدەکەم.
ئینجا ناستیای بە ڕارەوێکی تاریکدا برد، دوایی بە پلیکانەیەکی چەند پلەییدا سەرکەوت و دەرگایەکی تەسکی کردەوە بۆ ناو ئەتیلێیەکەی  خۆی.
ئەتیلێیەکە بۆسۆی لێدەهات. چرایەکی نەوتیی لەلای بەرمیلێک قوڕی سوورەوە دانرابروو. لەسەر چەند دەزگایەک پەیکەری لەقوڕدروستکراو دانراوبوون و پەڕۆی تەڕیان لێوەپێچرابوو. لەودیو پەنجەرە فراوەنەکەوە، بەفر لەسەرلا دەباری، ڕووی ڕووباری نیڤای دەکردە تەم و هەر لە ئاوە تەڵخەکەی ئەویشدا دەتوایەوە. بایەکە بە دەنگەوە لە چوارچێوەی پەنجەرەکەوە دزەی دەکردە ژوورە و ڕۆژنامە کۆنەکانی سەر زەوییەکەی دەهێنایە جووڵە.

 

_ ئای خوایە، چ سەرمایەکە!_ ناستیا ئەوەی گوت و واهەستی کرد کە ئەو بەریلیێفە(٨) مەڕمەڕییە سپایانەی بێ سەروبەر بە دیوارەکاندا هەڵواسراوبوون هێندەی تر ئەتیلێیەکەیان ساردتر دەکرد.
_فەرموون، بە چاوی خۆتان ببینن!_ تیمافێیەڤ  بەدەم نزیککردنەوە کورسییەکی قوڕاوییەوە تا ناستیا لەسەری  دانیشێ. گوتی _ سەیرە من تا ئێستا نەتۆپیوم لەم بێشەیەدا. لە ئەتیلێیەکەی ''پێرشین''یشدا ، کەڵەریفەکان(٩) هەوایەکی وا گەرم دەدەنەوە دەڵێ لە بیابانی گەورەدا دانیشتووی.
_ ئێوە حەزتان لە چارەی پیرشین  نییە؟ _ ناستیا بە کەمێک پەرێزەوە پرسی.
_ کابرایەکی تازە پیاکەوتووە_ تیمەفێیەڤ بە توڕەییەوە گووتی_ پیشەگەرە و هیچی تر! فیگەرەکانی، لەبری شان،  عەلاگەی پاڵتۆیان هەیە.خانمە کەڵخۆزییەکەی دەڵێی ژنێکە و بە زۆر لە پێشکۆشێکیان خزاندووە. خۆ پیاوە کارگەرەکەی نیاندرتاڵێکە بۆ خۆی. بە خاکەنازێکی تەختە، قوڕی فیگەرەکانی بەسەریەکدا دەسوێ. بەڵام فێڵبازە ئەمما، خانمە ئازیزەکەم، لە فێڵبازیدا کاردیناڵێکە(١٠) بۆ خۆی!
_ گۆگەلەکەی(١١) خۆتانم پیشانبدەن_ ناستیا ئەو داخوازییەی لێکرد هەر بۆ ئەوەی بابەتی گفتوگۆکەیان بگوڕێت.
_فەرموون لە گەڵمدا_ پەیکەر تاشەکە بە مۆنییەکەوە فەرمانی پێدا_ دە بۆ ئەوێوە نا، با برۆین بۆ ئەو سوچە، بۆ ئەوێ .
تیمەفێیەڤ پەڕۆ تەڕەکانی دەوری یەکێک لە فیگەرەکانی لادا و بە لێوردبوونەوەیەکی زۆرەوە کەوتە سەرنجدانی لە هەموو لایەکەوە، ئینجا لە نزیک چراکەوە چووە سەرچیچکان و  دەستەکانی بە سەرچراکەوە ڕاگرت، بەنیازی گەرمکردنەوەیان و گوتی:

_ فەرموون ، ئەمە نیکەڵای ڤاسیلییفچە! ئێستا فەرموون سەیریکەن!
ناستیا ڕاچڵەکی. ئەو کابرا لووت درێژ و کەمێک کووڕە، کە ناخی ناستیای بە تەواوی دەدی ، بە ڕوخسارێکی گاڵتەجاڕییانەوە، سەیری دەکرد. ناستیا تێبینی ئەوەی کرد کە دەمارێکی باریک و هەڵامساوی لاجانگی  کابراکە پلی دەدا.
'' نامەکەش هێشتا لە جانتاکەتدا هەر هەڵیشنەپچڕاوە_ لەوە دەچوو نیگا سوژنئاساكەی گۆگەل وای پێ بڵێت_ ئای، چ قەلەباچکەکیت!''
_ ئێ؟ _ تیمەفێێڤ پرسیاری کرد_ مامەیەکی جیدییە، وانییە؟
_ قەشەنگە!_ ناستیا بە ئەستەنگ وەڵامی بۆ درایەوە_ هەر بەڕاستی نایابە.
تیمەفێیەڤ قاقایەکی پڕ تاڵاوی لێدا.

_ نایابە_ تیمافێیەڤ دووبارەی کردەوە_ هەموویان دەڵێن: نایابە. چ پێرشین، چ مەتیاش و  سەرجەمی پسپۆڕەکانی  هەموو کۆمیتەکان. بەڵام گشت ئەوە بە چ دەردێکی من دەخوات؟ لێرە، هەموو دەڵێن نایابە، لەوێش، کە چارەنووسی من وەک پەیکەرتاشێک بڕیاری لێدەدرێ، هەر هەمان پێرشین پڕمەیەکی نادیاری بۆ دەکات و کارم  تەمامە. کە پێرشین پڕمەی کرد مانای وایە کار لە کار ترازاوە!... ئیتر شەو خەو لە چاوت ناکەوێت! _ تیمەفێیەڤ ئەو وشانەی قیژاند، کەوتە غاردان بە ئەتیلێیەکەدا و بە پووتەکانی  لە قەی لە زەوییەکە دەدا_ دەستەکانم تووشی رۆماتیزم بوون لەو قوڕە تەڕ و ساردەوە. سێ ساڵ دادەنیشیت وهەرچی وشەیەک لە بارەی گۆگەلەوە نووسراوە دەیخوێنیتەوە، تەنانەت شەوانیش خەو بە لمۆزی بەرازەوە دەبینیت(١٢)!
تیمافێیەڤ سەفتەیەک کتێبی لە سەر مێزەکە بەرزکردەوە و کەوتە ڕاوەشاندنیان، ئینجا بە توڕەییەوە فرێیدانەوە جێگاکەی خۆیان.
_ ئەوانە هەموویان لە بارەی گۆگەلەوەیە!_ تیمەفێیەڤ ئەوی گوت و لەپڕ هێوربووەوە_ چییە؟ وا دیارە من ئێوەم تۆقاند؟ تکایە بە میهرەبانی خۆتان بمبەخشن، ئاخر بەو خوایە وام لێهاتووە ئامادەبم شەڕیش بکەم.

 

_ دەی کە وای لێهات، پێکەوە ئەو شەڕە دەکەین_ ناستیا ئەوەی گوت و لە جێی خۆی بەرزبووەوە.
تیمەفێیەڤ تەوقەیەکی تووندی لە گەڵدا کرد و ئەویش هاوکات لە گەڵ ڕۆیشتنیدا  بڕیارێکی شێلگیرانەی دا ، کە  بەر هەرشێوەیەک بووە دەبێت ئەو مرۆڤە بەهرەدارە لەو نەناسراویی و پشتگوێخستنە ڕزگارکات.
ناستیا گەڕایەوە بۆ یەکێتی هونەرمەندان و خۆی کرد بە لای سەرۆکی یەکێتییەکەدا و ماوەیەکی زۆر قسەی  بۆکرد، بە گەرمی داکۆکی دەکرد و ئەوەی بۆ دەسەلماند کە پێویستە هەر ئێستاکە پیشانگایەک بۆ کارەکانی تیمەفێیەڤ ساز بکرێت.
سەرۆکی یەکێتی هۆنەرمەندان قەیرێکی باش بە قەڵەمەکەی تەقەی لە مێزەکەوە هێنا، لە مێشکی خۆیدا مەسەلەکەی تاووتوێ دەکرد و لە ئاکامدا ملی بۆ پێشنیارەکەی ناستیا دا.
ناستیا گەڕایەوە ژوورە کۆنەکەی خۆی، بە سەقفی نەخشینراوییەوە، بە دیمەنی لکێنراو وزڕکفتکراوییەوە، لە خانوویەکدا کە کەوتبووە سەر کەناری'' مۆیکا'' و تەنیا ئەو کات نامەکەی کەتەرینا پیترۆڤنای خوێندەوە.

_ جا ئێستا من چون پێم دەکرێ سەفەر بکەم!_ ئەوەی گوت و لە جێی خۆی هەستا_ بۆ من دەتوانم خۆم لێرە بپچڕم!
ناستیا کەوتە بیرکردنەوە لە شەمەنەفەرە بە خەڵک سیخناخەکەن ، لە شەمەنەفەرگوڕین بۆ شەمەنەفەری سەر هێڵە تەسکەکان، لە شڵەقان و ڕاژەنینی ناو فاگۆنەکان، لە باخچە وشک بووەکەی ماڵەوەیان و گریان و فرمیسکی حەتمیانەی دایکی، لە جاڕسیی بێ دەرمانی ڕۆژ بەسەربردن لە لادێیەکدا و ... نامەکەی خستە چەکمەجەی مێزی نووسینەکەی خۆیەوە.
ناستیا دوو هەفتە لە هەڕاهەڕای ڕێکخستنی پیشانگاکەی تیمەفێیەڤدا بوو. لەو ماوەیەدا چەندین جار لە شەڕ ودەمەقاڵێوە ، لە گەڵ ئەو هونەرمەندە لە گەڵ کەس هەڵنەکردووەدا، تێوەگلابوو و دواتر ئاشتببوونەوە. تیمەفێیەڤ بە شێوەیەک بەرهەمە هونەرییەکانی خۆی ڕەوانەی پیشانگاکە دەکرد، وەک بڵێی بۆ وێرانکردن و لەناوبردنیان بنێرێ.
_ باوەڕبکە هیچت بۆ مەیسەرنابێت، خانمە ئازیزەکەی من _ تیمەفێیەڤ بە بەدخواستی و پێخۆشبوونێکی واوە ئەو قسانەی بە ناستیا دەگوت وەک بڵێیت ناستیا ئەو پێشانگایەی بۆ خۆی، نەک بۆ ئەم سازکردبێت_ من لە خۆڕا کاتی خۆم بە زایە دەدەم.
ناستیا لە سەرەتاوە نائومێدی دایدەگرت و زوویر دەبوو، دوایی تێگەیشت کە ئەو هەموو وڕکگرتنە زادەی بە خۆنازینێکی بریندارکراوە و هەمووی نمایشکارییە، ئەگینا تیمەفێیەف لە  ناخی خۆێدا زۆر دڵخۆشە بەو پیشانگایە.

 

پیشانگاکە ئێوارە کرایەوە. تیمەفێیەڤ ئاگری دەکردەوە و توڕەبوو، دەیگوت پەیکەر لە بەر تیشکی کارەبا تەماشا ناکرێت.
_ ئاخر ئەوە ڕووناکییەکی مردووە_ تیمەفێەف دەیبۆڵاند_ تا ئاستی مەرگ جاڕسکەرە! هێشتا چرای نەوت باشترە.
_ ئەرێ کابرای بە هیچ قاییل نەبوو، پێم ناڵێیت تۆ چ ڕووناکییەکت لە من دەوێ؟ _ ناستیا هەر بە جارێک گڕی گرت.
_ مۆم ، پێویستمان بە مۆمە_ تیمەفێیەف بە دەنگی کەسێکی ئەشکەنجەدراوەوە هاواری کرد _ ئاخر چون دەبێ گوگەڵ بخرێتە ژێر ڕووناکی کارەباوە. چ بێماناییەکە!
لە کردنەوەی پیشانگاکەدا پەیکەرتاشان و هونەرمەندان ئامادەبوون. بۆ کەسێکی ناشیی ئەستەنگ بوو گوێی لە قسەی پەیکەرتاشەکان بگرتایە و تێبگەیشتایە ئایا خەریکی پەسەندکردنی کارەکەن یان قسەی پێدەڵێن . بەڵام تیمەفێیەڤ تێگەیشت کە پیشانگاکە سەرکەوتووبووە.
هونەرمەندێکی سەرسپی ،خێراهەڵچوو، لە ناستیا نزیکبووەوە و چەند جارێک دەستی دا بەدەستییدا و گوتی:
_ سوپاسگوزارتانم. بیستوومە کە ئێوە تیمەفێیەڤتان لە تاریکییەوە دەرهێناوە و خستوتانە بەر ڕووناکی خودا . کارێکی نایاباتان کردووە. چونکە خۆتان دەزانن، ئێمە خەڵکمان زۆرە چەنە لە بارەی بایەخدان بە هونەرمەندانەوە دەدەن، باسی ئاگالێبوون و بەتەنگەوەهاتن دەکەن، بەڵام لە کاتی پێویستیشدا جووتێ چاوی بۆش و بەتاڵت بە روودا زەق دەکەنەوە. جارێکی تریش سوپاسگوزارتانم!
پاش ئەوە گفتوگۆ سەبارەت پیشانگاکە دەستی پێکرد. قسەیەکی زۆر کرا. مەتح و سەنایەکی زۆر کرا، خەڵکەکە هەڵدەچوون و ئەو بیرۆکەیەی هونەرمەندە سەرسپییەکە، سەبارەت بایەخدان بە مرۆڤ و سەبارەت ئەو پەیکەرتاشە لاو و لە بیرکراوە، هێنابوویە ئاراوە، لە هەموو وتەکاندا دووبارە دەکرایەوە.
تیمەفێیەڤ بە سەر کورسییەکەوە خۆی گیفکردبووەوە و چاوی بڕیبووە ئەرزە تەختەڕێژکراوەکە، هەرچەندە زوو زوو بە تیلێکی چاو سەیری وتەبێژەکانی دەکرد و خۆیشی نەیدەزانی باوەڕ بە قسەکانیان بکات یان هێشتا زووە.
لە پڕ  تەتەرەکەی یەکیتی هونەرمەندان لای دەرگاکەوە پەیدا بوو. ئەوە داشای دڵباش و دەسەپاچە بوو. کەوتە ئاماژە بۆکردن و بانگکردنی ناستیا. ناستیا لێی نزیک بووەوە و داشاش بە دەم پێکەنینەوە تیلیگرامێکی دایە دەست.
ناستیا گەڕایەوە جێگەکەی خۆی، بێ ئەوەی سەرنجی کەس ڕابکێشێ تیلیگرامەکەی کردەوە و کاتێک خوێندییەوە هیچ تێنەگەیشت:
'' كاتیا لە گیانەڵادایە.تیخەن''
''کام کاتیایە؟ _ ناستیا بە شڵەژاوییەوە لە خۆی پرسی_ کام تیخەن؟  دیارە ئەم تیلیگرامە بۆ من نییە''
سەیرێکی ناونیشانەکەی کرد. نەخێر، بۆ ئەم هاتووە. هەر ئەو ساتەش تێبینی ئەو پیتە ورد و جاپکراوانەی کرد کە نووسرابوو'' زەبۆرێ''. ناستیا تیلیگرامەکەی گرمۆڵە کرد و ناوچەوانی گرژکرد. لەو کاتەدا سەرەی پێرشین بوو وتەکەی بخوێنێتەوە.

_ لەم سەردەمەی ئێمەدا_ پیرشین  بە دەم خۆڕاژەنین و چاویلکەیەک بەدەستەوە،  دەیگوت_ بە تەنگەوە هاتنی مرۆڤ  تا دێت دەبێتە ئەو واقیعە قەشەنگەی یارمەتیمان دەدات گەشە بکەین و کارەکانمان ئەنجام بدەین. من خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە سەرنجی سەرهەڵدانی ئەو بە تەنگەوە هاتنە لەناو ژینگەی ئێمەی پەیکەرتاشان و هونەرمەنداندا بکەم. من باسم لە پێشانگای کارەکانی هاوڕێ تێمەفێیەڤە. لە بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پیشانگایەدا هەموومان، هیوادارم سەرکردایەتی یەکێتیش لێم نەگرن، هەموومان قەرزاری کارمەندێکی سادەی یەکێتییەکەمانین ، ئەویش ئەناستاسیا سیمیۆنەڤنای ئازیزمانە.
پێرشین خۆی بۆ ناستیا چەماندەوە و خەڵکەکەش دایان لە چەپڵە. چەپڵەکە درێژەی کێشا. ناستیاس شڵەژا بوو، فرمێسک زابووە چاوانی.
کەسێک لە پشتەوە دەستی دا لە دەستی ناستیا. دەرکەوت هونەرمەندە پیر و خێرا هەڵچووەکەبوو.
_  مەسەلە چییە؟_  بە چرپە پرسیاری لە ناستیا کرد و بە چاویش ئاماژەی بۆ تیلگرامە گرمۆڵەکراوەکە کرد _ خۆ هیچی نەخوازراو ڕووی نەداوە؟
_ نەخێر_ ئەوە، هینە... ژنێکی ناسیاوە....
_ ئاها! پیرەمێرەدەکە دای بە یەکەدا و کەوتەوە گوێگرتن لە وتەکەی پێرشین.
هەمووان سەیری پێرشینیان دەکرد. لێ ناستیا هەموو کاتەکە هەستی بەنیگای قورس و گیانسمی کەسێک دەکرد لە سەر جەستەی خۆی و نەیدەوێرا سەر بەرزکاتەوە.
'' توبڵێی کێ بێت؟_ لە دڵی خۆیدا بیری کردەوە_ تۆ بلێی کەسێک درکی بە مەسەلەکە کردبێت؟
چەند شتێکی بێ مانایە. دیسانەوە دەمارەکانم هەژاون''

هەرچونێک بوو زۆری لە خۆی کرد و چاوی بەرزکردەوە و دەمودەستیش ڕووی  نیگای وەرگێڕا: گۆگەل بوو سەیری دەکرد و دەخنایەوە. وا دەهاتە بەرچاو کە دەمارێکی باریکی لاجانگی پلی دەدا. وا هاتەزەینی ناستیاوە کە گۆگەڵ بە دەنگێکی نزم و لە نیوان دانەکانییەوە دەیگوت'' ئای لە تۆ!''
ناستیا خێرا لە جێی خۆی بەرزبووەوە و چووە دەرەوە و بە پەلە لە نهۆمی خوارەوە پاڵتۆکەی لە بەرکرد و ڕایکردە دەرەوە بۆ ناو شەقامەکە.
شڵێوەی دەکرد.  کووپەڵەکەی کلێسەی ئیساکسکی توێژاڵێک زووقمی گرتبوو. ئاسمانە مڕومۆچەکە تا دەهات نزیکتر دەنیشتە سەر شانی شار، سەر سەری ناستیا و سەر سنگی نیڤا(١٣).
'' بێهاوتاکەی من_ ناستیا نامەکەی ئەو دواییەی هاتەوە  یاد_ بێهاوتاکەم!''

ناستیا ڕۆنیشتە سەر یەکێک لە کورسییەکانی گۆڕەپانەکەی ئەدمیراڵتێیستڤە و دایە پڕمەی گریانێکی بە سوێ. بەفرەکە لە سەر ڕووی ناستیا دەتوایەوە و تێکەڵ بە فرمێسکەکانی دەبوو.
ناستیا لە سەرماندا ڕاچەنی و لەپڕ لەوە گەیشت کە کەسێکی تر، وەک ئەو پیرێژنە  پەڕپووت و لە بیرکراوەی هەمووان، لەو زەبۆریا بێ ڕەونەقەدا، ئەمی خۆشنەویستووە
'' تازە درەنگە! دایکە نابینمەوە'' _ ناستیا ئەوەی گوت و بیری کەوتەوە کە ئەمە یەکەم جارێتی لەو ساڵەی ڕابردوو وشەی ناسک و منداڵانەی '' دایکە'' بەکاردەهێنیت.
ناستیا گوڕی دایەخۆی و  بە خێرایی بەرەو ڕووی ئەو بەفرە دەڕۆیشت کە وەک قامچی لە ڕووی دەدا.
'' چییە، دایە، ئاخر چی؟_ ناستیا، ئەو پرسیارەی دەکرد و بەرپێی خۆیشی نەدەدی_ دایە، ئاخر چۆن شتێکی وا توانی ڕووبدات ؟ ئێ خۆ من لەم ژیانەدا کەسێکی ترم نییە. لە تۆ ئازیزترکەسێکی ترم نەبووە و ناشبێت. هەر فریا بکەوتمایە، هەر چاوی بەمن بکەوتایەوە ، هەر لێم خۆشببوایە''
ناستیا گەیشتە سەر شەقامی نێڤسکی و بەرەو ویستگەی شەمەنەفەری شار.
ناستیا درەنگ گەیشت. بلییت نەمابوو.

 

ناستیا لای بلییتفرۆشەکانەوە وەستابوو، لێوەکانی دەلەرزین و قسەی بۆ نەدەکرا و دەیزانی لە گەڵ یەکەمین وشەدا دەداتە پڕمەی گریان.
ژنەکاسەدارێکی بەساڵاچووی چاویلکە لەچاو لە یەکێک لە کوشکەکانی بلیتبڕینەوە  سەری لارکردەوە و بە بێزارییەکەوە پرسی:
_چیتانە هاووڵاتی؟
_ هیچ نییە_ ناستیا وەڵامی دایەوە_  من،  دایکم....._ ناستیا وەرگەڕایەوە وبە پەلە بەرەو دەرگای چوونە دەرەوەکە ملی نا.
_ بۆکوێ دەڕۆن؟_ بلیتبڕە بەساڵاچووەکە هاواری کرد بە دویدا_ خۆ هەر یەکسەر بتانگوتایە. یەک دەقیقە چاوەڕێکەن .
ناستیا هەر هەمان ئێوارە کەوتە ڕێ . هەموو ئێوارەکەش  وا هەستی دەکرد کە '' تیری سوور''(١٤)  بەحاڵ ڕێی دەکرد، لە کاتێکدا کە شەمەنەفەرەکە بە هەموو هێزی خۆی بە ناو دارستانە تاریکەکانی شەودا غاری دەدا و هەڵمی بە باڵایاندا دەکرد و بەلوورەی درێژخایەن و ئاگادارکەرەوەی خۆی، گوێی کپدەکردن...
تیخەن هات بۆ پۆستەکە و شتێکی چرپاند بە گوێی ڤاسیلیی، کارمەندی پۆستەکەدا و فۆرمێکی تیلیگرام نووسینی لێ وەرگرت، دەمێکی باش ئەمدیووئەودیوی پێکرد، بە سەردەستی جلەکەی سمێڵی سڕی، پاشان  بە خەتێکی گێڕ وگەوێڕ چەند وشەیەکی نووسی، ئینجا فۆرمەکەی قەدکرد وخستییە نێو کڵاوە فەرووەکەی سەری و خۆی بەرەو لای کەتەرینا پیترۆڤنا بە کێش کرد.
ئەوە دەیەم ڕۆژی کەتەرینا پیترۆڤنا بوو کە نەیتوانیبوو لە جێگەکەی خۆی بەرزبێتەوە. هیچ شوێنێکی نەدەیەشا، بەڵام ماندوێتییەکی هێز لە جەستە داچۆڕێنەر نیشتبووە سەر سنگی، سەر قاچەکانی و بڕستی هەناسەدانیشی لێ بڕێبوو.

 

شەش ڕۆژ بوو مانوشکا لای کەتەرینا پیترۆڤنای بەرنەدابوو. شەو بێ ئەوەی جلەکانی بگۆڕی هەر لە سەر دیوانە داتەپیوەکە لێی دەنووست. مانوشکا هەندێک جار وا هەستی دەکرد کە کەتەرینا پیترۆڤنا چیتر هەناسە نادات، ئەوسا بە ترسێکەوە دەکەوتە گریان و هەنسک هەڵکێشان و دەنگ لێکردنی کەتەرینا پیترۆڤنا: ماوییت؟
کەتەرینا پیترۆڤنا لە ژێر بەتانییەکەوە کەمێک دەستی دەجوڵاند و ئیتر مانوشکاش ئارام دەبووەوە.
هەر سەر لە بەیانییەوە، تاریکییەکەی مانگی یەک باڵی بە سەر هەموو ژوورەکاندا کێشابوو، بەڵام گەرم بوو. مانوشکا زۆپاکەی داگیرساندووبوو. کاتێک تیشکی بزێوی ئاگرەکە دیوارە، لە قەدی دارهەڵچنراوەکانی، ڕۆشن کردەوە، کەتەرینا پیترۆڤنا بە ئەسپایی هەناسەیەکی هەڵکێشا – گەرمی و تیشکی ئاگرەکە ژوورەکەیان وەک جاری جاران، کە ناستیا لێرەبوو، دڵگیر و ژیان دۆستانە لێکردبووەوە. کەتەرینا پیترۆڤنا چاوەکانی داخست و لەو چاوانەوە تەنیا فرمێسکێک بە لاجانگی زەردهەڵگەڕاویدا هاتەخوارەوە و تێکەڵ بە تاڵەکانی قژەسپییەکەی بوو.
تیخەن هاتەوە ماڵ، کۆکەیەکی بۆ کرد و کەمێک فنکەی بە لووتی کرد. دیاربوو کە نیگەران و نائارامە.
_ چییە، تیشە؟ _ کەتەرینا پیترۆڤنا بێهێزانە  پرسیاری کرد.
_ دنیا ساردی کردووە، کەتەرینا پیترۆڤنا!_ تیخەن بە گورجییەکەوە ئەوەی گوت و بە نیگەرانییەوە سەیرێکی کڵاوە فەرووەکەی خۆی کرد_ هاکە بەفر دایکرد. باشتریش . ڕێگاکە دەیبەستێت و بۆ ئەویش ئاسانتر دەبێت بکەوێتەڕێ

_ بۆ کێ ئاسانتر دەبێت؟_ کەتەرینا پیترۆڤنا چاوەکانی کردەوە و بە دەستە وشکهەڵاتووەکەی کەوتە سافکردنی بەتانییەکە.
_ بۆ کێ، بۆ کێ،  ئەگەر بۆ ناستیا سیمیۆنەڤنا نەبێت_ تیخەن وەڵامی دایەوە  و دەمی بە پێکەنینێک خوارکردەوە و تیلیگرامەکەی لە کڵاوەکەی دەرهێنا_ بۆ کێش، ئەگەر بۆ ئەو نەبێت.
کەتەرینا پیترۆڤنا ویستی بەرزبێێتەوە، بەڵام هێزی ئەوەی تیانەبوو، کەوتەوە بەسەر سەرینەکەیدا .
_ فەرموو_ تیخەن ئەوەی گوت و بە شێنەیی تیلیگرامەکەی کردەوە و دایە دەست کەتەرینا پیترۆڤنا، بەڵام کەتەرینا پیترۆڤنا تیلیگرامەکەی لێوەرنەگرت و بە هەمان چاوی پڕ لە پارانەوەوە  سەیری تیخەنی دەکرد.

_ تۆ بۆی بخوێنەرەوە_مانوشکا بە دەنگێکی گڕەوە گوتی_ خۆی بۆی ناخوێنرێتەوە، چاوەکانی بڕ ناکەن .
تیخەن بە ترسێکەوە سەیری ئەملاولای خۆی کرد، یەخەکەی ڕاست کردەوە و دەستێکی بە قژە سووور و تەنک بووەکانی خۆیدا هێنا و بە دەنگێکی کپ و بێ بڕوا بە خۆوە کەوتە خوێندنەوە:
'' چاوەڕێم بن، کەوتوومەتە ڕێ. هەمیشە کچی دڵ پڕ لە خوشەویستیتان  ناستیا''
_ دە پێویست ناکات، تیشا!_ کەتەرینا پیترۆڤنا بە دەنگێکی نزم گوتی_ پێویست ناکات ئازیزم، خوا بتپارێزێ. سوپاس بو لەبزی شیرینت و میهرەبانیت.
کەتەرینا پیترۆڤنا بەزەحمەت ڕووی وەرگێڕا بەلای دیوارەکەدا و وەک بڵێی خەوی لێکەوت.
تیخەن لە داڵانەکەدا ڕۆنیشتبووە سەر قەنەفەیەک، سەری شۆڕکردبووەوە و مژی لە جگەرەکەی دەدا، تفی دەکردەوە و هەناسەی هەڵدەکێشا تا ئەو کاتەی مانوشکا هاتە دەرەوە و بە دەست بانگی کرد کە بێتەوە ژوورەکەی کەتەرینا پیترۆڤنا.

تیخەن لە سەرنووکی پێی چووە ژوورەکەوە و بە لەپی دەستی دەموچاوی خۆی سڕی. کەتەرینا پیترۆڤنا، ڕەنگپەڕیو و بچکۆلانە لێی کەوتبوو وەک بڵێی خەوێکی ئارام بکات.
_ چیتر  نەیتوانی چاوەڕێ بکات_ تیخەن لە بەرخۆیەوە بۆڵاندی_ ئای، چ ماڵوێرانییەکە، چ مەینەتییەکی لە باسنەهاتووە! تۆش، شێتە_ تیخەن ئەمی قسانەی دوایی بە تۆڕەییەوە ئاراستەی مانوشکا  کرد_ سپڵە مەبە و وەڵامی چاکە بە چاکە بدەرەوە... لێرە دانیشە .. تا من ڕادەکەم و هەواڵ بە ئەنجومەنی دێ دەدەم.
تیخەن ڕۆیشت و مانوشکا لە سەر تەپڵەکێک دانیشتبوو، ئەژنۆکانی خستبووە ژێرخۆی و هەموو گیانی دەلەرزی و چاویشی لە کەتەرینا پیترۆڤنا نەدەبڕی.
بۆ ڕۆژی دوایی کەتەرینا پیترۆڤنایان بە خاک سپارد. خەریکبوو ساردی دەکرد. بەفرێکی تەنک باریبوو. خۆرەکە سپی دەچووەوە، ئاسمان  وشک و ڕۆشن بوو، ئەگەرچی هەوریش بوو، دەتگووت سفرەیەکی شۆردراو و زوقمبەستوو بە سەر سەرتەوە ڕاخراوە. مەودای پشت ئەوبەری ڕووبارەکە بۆردەچووەوە و لەوێوە هاڵاوی تیژ و پڕ نەشئەی ئەو بەفرەی بە قەدی شۆڕەبییەکانەوە گیرسابووە و بەستبووی، دەگەیشتە ئەمبەر.
چەند پیرێژینێک و هەندێک مێرمنداڵ ئامادەی بەخاکسپاردنەکەبوون. تیخەن و ڤاسیلی و دووان لە خانەوادەی مالڤین، کە دوو پیرەمێردی سپیهەڵگەڕاو بوون، دەتگووت گەچکاری کراون، تابووتەکەیان هەڵگرتبوو. مانوشکاش  لەپاڵ ڤەڵۆدکای برایدا، بێ ئەوەی چاوی بترووکێنێ ڕێی دەکرد وقەپاغی تابووتەکەی هەڵگرتبوو.
گوڕستانەکە کەوتبووە دەرەوەی دێیەکە و بەسەر ڕووبارەکەدا دەیڕوانی.
لە نیوەی ڕێگاکە، ژنە مامۆستاکەیان پێگەیشت. زۆر نەبوو لە شارۆچکەیەکی نزیکەوە هاتبووە ئێرە و لە زەبۆرێ  کەسی نەدەناسی.
_ ئەوە مامۆستاکەیە، مامۆستاکە!_ منداڵەکان کەوتنە چرپە چرپ.

مامۆستاکە ئافرەتێکی گەنجی، شەرمنی چاوکاڵ بوو، کیژووڵەیەک بوو بۆ خۆی. خەڵکەکەی بینی تابووتەکەیان هەڵگرتبوو، ئیتر بە شەرمێکەوە لە جێی خۆی وەستا و بە ترسەوە ڕوانییە پیرێژنە بچکۆلە ڕاکشاوەکەی ناو تابووتەکە. کلووە بەفرەکان دەکەوتنە سەر ڕووی پیرێژنەکە و نەدەتوانەوە. مامۆستاکە دایکی لە شارۆچکەکەی خۆیان جێهێشتبوو – ئەویش هەر وەک ئەم پیرێژنە، بچکۆلانە وهەمیشە دڵنیگەرانی کچەکەیەتی و سەری تەواو سپی بووە.
مامۆستاکە کەمێک وەستا و دوایی کەوتە شوێن خەڵکە تابوتهەڵگرەکە. پیرێژنەکان کەوتنە پیاڕوانینی مامۆستاکە و چرپە چرپ، سەبارەت ئەوەی :سەیرکە چەند کیژێکی ئارامە، بێگومان لە هەوەڵەوە بۆی ئاسان نابێت لە گەڵ قوتابییەکاندا هەڵبکات_ مناڵانی زەبۆرێ یەکجار سەربەخۆن و حەزیان بە گۆڵمەزە.
مامۆستاکە سەرەنجام ئازایەتی دایە بەر خۆی و لە مەتریۆنا، کە یەکێک لە پیرەژنەکان بوو پرسی:
_ پێدەچێ ئەو پیرێژنە بێکەس بووبێت؟
_ ئاخ شیرینەکەم_ مەتریۆنا یەکسەر کەوتە دەردەدڵکردن_ وای دابنێ کە کەسی نەبووە. ژنێکی هێندە دڵباش و بە دەم خەڵکەوە بوو. بۆ خۆی  بە تاقی تەنیا لە سەر ئەو دیوانە دادەنیشت و کەسێک نەبوو قسەیەکی لە گەڵدا بکات. ئای چەند گوناهبوو! کچێکی هەیە لە لێنینگراد، بەڵام دیارە بەرز فڕیوە. ئەوا ئەمیش لێرە بێ کەس و هاودەم بۆ خۆی مرد.
لە گوڕستانەکە تابووتەکەیان لە نزیک گۆڕە تازەهەڵکەنراوەکەوە دانا. پیرێژنەکان لە بەردەم تابووتەکەدا خۆیان دەچەماندەوە، دەستە بۆربووەکانیان تا زەوییەکە دەگەیاند. مامۆستاکە لە تابووتەکە چووە پێشەوە وخۆی چەماندەوە و دەستە وشکهەڵاتو و زەردەکەی کەتەرینا پیترۆڤنای ماچکرد. دوایی خێرا خۆی ڕاستکردەوە و ڕووی وەرگێرا و چووە لای شورای داڕماو و لەخشتدروستکراوی گوڕستانەکەوە وەستا.

 

لەودیو شوراکەوە و لە ژێر بەفرە تەنک و بابردووکەدا، خاکە ئاشنا وکەمێک غەمبارەکە ڕاکشابوو.
مامۆستاکە دەمێکی باش سەیری ئەودیوی دەکرد و گوێیشی لێبوو چۆن خەڵکە بەساڵاچووەکان لە پشت ئەمەوە قسەیان لە گەڵ یەکتری دەکرد، گوێی لێبوو چۆن خوڵەکەیان دەڕژاند بە سەر قەپاغی تابووتەکەدا و چۆن لە حەوشەی ماڵەکانی ناو دێیەکەوە قووقەی هەمەچەشنەی کەڵەشێرەکان دەگەیشتە ئێرە وپێشبینی ڕۆژانێکی بێ هەور و زوقماوی و پڕ لە بێدەنگی زستانەیان دەدا بە گوێی خەڵکەکەدا.
ڕۆژێک دوای ناشتنەکە ناستیا گەیشتە زەبۆرێ. فریای بینینی گردۆلکەی خاکە  تازەهەڵکەنراو وتۆپەڵ تۆپەڵ وزوقمگرتووە کە و ، فریای  بینینی ژوورە سارد و تاریکەکەی کەتەرینا پیترۆڤنا،  کەوت، کە دەتگوت دەمێکە ژیان باری کردووە لێی.
ناستیا بەدرێژایی شەو لەو ژوورەدا دەگریا، تا ئەوکاتەی بەرەبەیانێکی لێڵ و لە سەردڵ قورس لەودیو پەنجەرەکانەوە سپێدەی دا.
ناستیا بە دزەدزە لە زەبۆرێوە گەڕایەوە و هەوڵیدا ڕێکەوتی کەس نەکات و کەسیش نەکەوێتە پرس و پرسیارکاری لە گەڵیدا. وا هەستی دەکرد کە جگە لە کەتەرینا پیترۆڤنا، کەسێکی تر نییە بتوانێ باری ناهەمواری ئەو گوناهە لە ڕاستکردنەوە نەهاتووەی لە سەر شان دابماڵێ.


سەرچاوە و پەراوێزەکان :
1. https://www.mos.ru/news/item/71852073/
2. http://paustovskiy-lit.ru/paustovskiy/text/rasskaz/telegramma.htm
3. ڤێستنک ێڤرۆپیگۆڤارێکی ئەدەبی مانگانەی رووسی بووە بوو لەنێوان ساڵانی ١٨٦٦ تا ١٩١٨ دەرچووە و بایەخی بە ئەدەبی ڕووسی و ئەوروپی داوە
4. ئیڤان کرامسکۆی (١٨٣٧-١٨٨٧) نیگارکێشێکی بە ناوبانگی ڕووسە . لە ناودارترین بەرهەمەکانی '' خانمێکی نەناسراوە''
5. ڤیکتۆر هوگو نووسەرێکی ناوداری فەرەنسییە(١٨٠٢-١٨٨٥) لە ناودارترین بەرهەمەکانی: بێ نەوایان، زەنگلێدەرەکەی نۆتردام، دوا ڕۆژی ژیانی بە ئیعدام حوکمدراوێک
6. کەڵخۆزدامەزراوەیەکی کشتوکاڵیی هەرەوەزیی سەدەمی سۆڤیێت بووە لە لادێکاندا
7. سولڤێیگ ناوێکی ژنانەی ئەسکەندەناڤییە، ئەسکەندەناڤییەکانیش بە گشتی قژکاڵ وبڵابەرز و سووروسپیین، بۆیە هونەرمەندەکان ئەو ناوەیان بەسەر ناستیادا بڕیوە
8. بەریلیێف جۆرێک فیگەری پەیکەرتاشی کە لە سەر تەختی پانتاییەک دێتە دەرەوە بەڵام کەمتر لە نیوەی قەوارەکە هاتۆتە پێشەوە، ئەگەر زیاتر لە نیوەبوو ئەوا گەریلیێفی پێدەگوترێت.
9. کەلێریف جۆرە ئامێرێکی گەرمکردنی هەوابووە لە ناو بینا و ماڵاندا
10.کاردیناڵێکە بۆ خۆی، ئاماژەیە بۆ کەسێک کە لە پشت پەردەوە دەسەڵاتێکی گەورەی هەبێت و لە مێژووی فەرەنسییەوە سەرچاوەی گرتووەکە لە سەردەمی حوکمی لودڤیگی سیانزەیەم کە بە فەرمی شای فەرەنسابووە، گەورەقەشەی وڵات، بە ناوی ڕیشیلیە، دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لە دەستدا بووە، بەڵام لە پشت ئەویشەوە کاردیناڵێکی تر بریاردەرەی سەرەکیی بووە و ناوی کاردیناڵی بۆریان لێناوە بەوپێیەی پشتێنێکی بۆری بە سەر جلە ئاودامانەکەیدا بەستووە. لە ڕۆمانی سێ سوارە جەنگاوەرەکەی ئەلیکساندەر دیوما وا باسی کراوە کە خەڵکی تەنیا بەچرپە وێراویانە ناوی بهێنن
11.مەبەستی لە پەیکەری نووسەری ناوداری ڕووسیا، نیکەڵای '' ڤاسیلییەڤیچ گۆگەل''(١٨٠٩-١٨٦٢) خاوەنی چەندین شانۆگەری و نۆڤێل و ڕۆمانە کە ناوبانگی جیهانییان بە دەست هێناوە وەک: ریڤیسۆر( موفەتیش)، گیانە مردووەکان، تاراس بولبا و چەندین بەرهەمی تر.


12.تەنانەت شەوانیش خەو بە لمۆزی بەرازەوە دەبینیت: ئاماژایەکە بۆ ئەو ڕاستییە ئاشکرایەی کە گۆگەل لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا بەرازێک پەیدا دەبێت و زۆر جاریش ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە بەرەو پێشەوە جوونی بەسەرهاتەکاندا

13.نیڤا: رووبارێکی ٧٤ کیلۆمەترییە و بە شاری سانکت پیتەرسبورگ یان لێنینگرادی جاراندا تێدەپەڕێ

14.تیری سوور بە یەکەمین شەمەنەفەری خێرای نێوان لێنینگراد و مۆسکۆ دەگووترا کە لە ساڵی١٩٣١ دا بۆ یەکەم جار بە گەڕکەوت.

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن