235 جیهان

لە ئەڵمانیا هەڵبژاردنە و مێركڵیش وازدەهێنێت

01:14 - 26/09/2021

زەمەن_جیهانی


بەمەبەستی هەڵبژاردنی بیستەمین خولی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (Bundestag)، دەنگدەران چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەنگێلا مێركڵیش خۆی كاندید ناكاتەوە.

دەنگدەران بەیانی زووو روویان کردە بنکەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن. دەنگدان لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ بە کاتی ناوخۆیی (٠٩:٠٠ بە کاتی هەولێر) دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر ١٨:٠٠ (١٩:٠٠ بەکاتی هەولێر) بەردەوام دەبێت.


لەم هەڵبژاردنەدا کە ٦٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ٤٧ پارت بەشداری دەکەن.

هەروەها لەم هەڵبژاردنەدا کە شەش هەزار و ٢١١ کاندید کێبڕکێ دەکەن لە ٢٩٩ ناوچەی هەڵبژاردنی ١٦ ویلایەتدا، ٨٥ هەزار سندوقی دەنگدان دانراوە.

پەرلەمانی فیدراڵی کە لە ٧٠٩ کورسی پێکدێت، بەهۆی رێکاری جیا لە سیستمی هەڵبژاردندا رەنگە ژمارەیان زیاتر بکات.

لە هەڵبژاردنەکەدا کە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەر یەکەم جارە دەنگ دەدەن لە کۆی گشتیی دەنگدەراندا، ٣١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان ژن و ٢٩ ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان پیاون کە سەدا ٢١،٣یان لەسەروو ٧٠ ساڵیەوەن و سەدا ١٤،٤یان لە خوار ٣٠ ساڵیەوەن.

پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی نامەوە دەنگ دەدەن ئەمساڵ روو لە زیادبوون بکات و لانیکەم سەدا ٤٠ی دەنگدەران سوودمەند بن لە دەنگدان لە رێگەی نامەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ کە ١٦ ساڵە ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبات بەشداری ناکات و هەر یەک لە کاندیدی پارتی یەکێتیی دیموکراتیی مەسیحیی و سەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیی مەسیحیی، ئارمین لاشیت و کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکرات و وەزیری دارایی، ئۆلاف شولز و کاندیدی پارتی سەوز و هاوسەرۆکی پارتەکە، ئانالینا باربوك کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکەی مێرکڵ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن