343 کوردستان

13 تۆمەتبار دەستگیركران

07:36 - 24/09/2021

زەمەن-

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنار بەھاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتن 13 تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لەیانەیەكی‌ شەوانەدا لەسەرچنار شەڕیان كردبوو.


پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، پاش ئەوەی‌ شەوی‌ ڕابردوو لەیانەیەكی‌ شەوانە لەسەرچنار شەڕو پشێوی‌ دروستبوو لەنێوان چەند كەسێكداو بووە هۆی‌ برینداربوونی‌ دوو كەس بەفیشەك، دەستەبەجێ هێزەكانی‌ پۆلیس گەیشتنە شوێنی‌ ڕووداوەكەو شەڕەكەیان كۆنتڕۆڵكرد، هەروەها دوای‌ وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ بەڕێز دادوەر، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنار بەھاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتن 13 تۆمەتباریان دەستگیركرد كە بەشداربوون لەشەڕەكەدا، دەستیشگیرا بەسەر چەكێكدا لەجۆری‌ دەمانچە كە بەتۆمەتبارەكان بووە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە، پاش دەستگیركردن‌و پشكنینی‌ تۆمەتبارەكان، دەركەوت كە یەكێك لەتۆمەتبارەكان هەڵگری‌ بڕێك ماددەی‌ هۆشبەرە، بۆیە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەی‌ بۆ كرایەوەو ڕەوانەی‌ دادوەر كرا.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتبارەكان بەبڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەكانی‌ 405 و 31 لەیاسای‌ سزادان ڕاگیراون‌و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها فەرمانی‌ دەستگیركردن بۆ چوار تۆمەتباری‌ دیكە دەرچووە كە لەشەڕەكەدا بەشداربوون‌و لەئێستادا هێزەكانی‌ پۆلیس لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن