747 کەلتور

ئۆدیبەکەی پاموک

02:12 - 22/09/2021

سوارە کافرۆشی-کولتوری زەمەن

خوێندەنەوەی ڕۆمانی ژنە قژ سوورەکە، بۆ من خوێندنەوەیەکی جیاوازە، لەلایەکەوە رامانێکی شانۆکارانەیە بۆ دەقێکی ئەدەبی بەهۆی ئەوەی شانۆم خوێندووە و زۆر لەمێژە بەرکەوتەی سۆفۆکلیس و ئۆدیبم زەمەنێکە لە هزرمدا جێگای خۆیگرتووە، لەلایەکی تریشەوە خوێندنەوەیەکی ئاسایی خوێنەرانەیە، هەوڵی ئەوە دەدەم هەردوو خوێندنەوەکەم ئاوێزانی یەکتر بکەم و هەر چ نەبێ بتوانم لەم رێگایەوە دیدگایەکی جیاواز بخەمە بەر باس. هەمیشە لە هەر نووسینێکدا چەند پرسیارێک هزری خوێنەر دەجوڵێنێت و نیشانەی پرسیارێک لە دیماخدا درووست دەکات، لە رۆمانێکی ناوازەی وەک ژنە قژ سوورەکە کە من وەک ئۆدیبەکەی پاموک لێی دەڕوانم شاکارێکە دەبێت بە چاوێکی بەرزی ئەدەبییەوە لێی بڕوانین لەگەڵ ئەوەی بۆ منی خوێنەر لە زمانی دووەمەوە بەری دەکەوم لە وەرگێڕانی وەرگێڕ سامان کەریم کە دەکرێ قسەم لەسەر وەرگێڕانەکەی هەبێت و لەهەندێک شوێنی رۆمانەکە شێوەزاری ناوچەیی بەکارهێناوە کە نامەوێ بچمە نێو ئەو باسەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جێگای دەستخۆشییە کە شاکارێک بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێت هەرچەندە زۆرێک لە ئەدیب و ئەدەبدۆستان لەسەر ئەو بۆچوونە کۆکن کە دەقی ئەدەبی لە وەرگێڕاندا کۆمەڵێک بەهای ئەدەبی لەدەستدەدات و دەشێوێت.

ئۆرهان پاموک لە ژنە قژ سوورەکەدا رووداوەکانی ساڵانی ١٩٨٠ کانمان پێدەناسێنێت لە کوچەیەکەی تورکیا و ئەستەنبوڵدا، لە شارۆچکەیەکی بچووکی نزیک بە ئەستەنبوڵی ئەوکات باس لە چیرۆکی عەشقی لاوێک دەکات بەرانبەر بە ژنە شانۆکارێک، کە ئەو کات ئەم لاوە (جێم) بۆ بیرهەڵکەندن بە شێوازە نەریتییەکەی ئەو دەم لە زەوییەک کار دەکەن لەگەڵ وەستاکەیدا(وەستا مەحموود) و ژنەی شانۆکاریش ئەکتەری یەکێکە لە شانۆ گەڕۆکەکانی ئەو سات و دەمەیە.

لەم رۆمانەدا بەر دوو شارستانییەت دەکەوین کە شارستانییەتی رۆژئاوا (ئۆدیب پاشا) و شارستانییەتی رۆژهەڵاتی (رۆستەم و زۆراب) گێڕانەوەی ئەفسانەکان لای سۆفۆکلیس و فیردەوسی، کە دوو پاڵەوان وێلی دۆزینەوەی ماڵباتی راستەقینەن ئاکامی یەکەمیان کوشتنی باوک و گەیشتنە بە حەقیقەتی دۆزینەوەی بکوژ و روودانی چارەنووس وەک ئەوەی پێشبینی کرابوو، ئەوەی دووەمیشیان کوشتنی کوڕ و سەرەنجام سەرگرتنی پیلانی دوژمن. هەروەها پاموک لە رێگای ئەم رۆمانەوە بە کۆمەڵگەی هەڵوەشاوەی ئەوکاتی تورکیامان ئاشنا دەکات و پەیوەندییە تێکشکاوەکانی کوڕ و باوکمان دەخاتە بەر دیدە، ئیرەیی و بیرکردنەوە لە تاکبوونمان پێدەناسێنێت. لەروانگەی بۆچوونی خۆمەوە پێموایە ئەم رۆمانە وێنەی شانۆیی زۆری تێدا هەن و پڕە لە شانۆ و دیمەنی جۆراو جۆر و حیکایەت خوانی، هەروەها پرۆسەی کاتارسس و پاک بوونەوە لای یۆنانییەکان کە دواتر و لەبەشێکدا بە وردی لێی دەدوێم، ئەمە جگە لە چادری شانۆکە کە خۆی نمایشە و شانۆیەکە لەنێو ئەم شانۆگەرییە مەزنەدا کە دەکرا پاموک ژنە قژ سوورەکە وەک شانۆنامەیەکیش بنووسێت. هەر بۆیە پێمخۆشە لەم نووسینەدا چەند ناونیشانێکی لاوەکی هەبن بۆ ئەوەی بتوانم روونتر بەشەکان بێنمەوە یاد و بەسەر هیچ شتێکدا باز نەدەم کە مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم.

 

ژنە قژسوورەکە، پڕاوپڕە لە وێنەی ئەڤینداری، خۆشەویستی و ئەڤین یەکێکە لەو کۆڵەکانەی کە رۆمانەکەی لەسەر دەڕوات، ئەڤین و خۆشەویستییەک نەک تەنها وێنای نێوان دڵدارێک و دولبەرێک بکات، بەڵکو خۆشەویستی نێوان دایک و کوڕ، خۆشەویستی نێوان وەستا و شاگرد، پاشان ئەڤینی نێوان دوو کەس، کە زۆرکات ئەم ئەڤینەیان تاک لایەنانە خۆی بەیان دەکات بە پێچەوانەی خۆشویستنەکانی دیکەوە، هەر بۆ وێنە لە خۆشەویستی نێوان جێم و دایکی کە خۆشەویستییەکە تەنها دایک بۆ منداڵەکەی هەیەتی بەوەی تەنانەت رازی نابێت کوڕەکەی بچێتە نێو بیرێکەوە و وەک بیرهەڵکەنێک کار بکات، هەر لەسەرەتاوە ئەوە لەگەڵ وەستا مەحمووددا دەبڕێنێتەوە کە جێم بەرەو قۆڵایی بیرەکە شۆڕنەکاتەوە. یاخود خۆشەویستی گوڵجیهان بۆ ئەنوەری کوڕی لەگەڵ هەموو ناکۆکییەک کە لەنێوانیان ڕوو دەدات دواجار دەگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر و یەکدی لە ئامێز دەگرن، یان خۆشەویستی وەستا مەحموود لای جێم کە زۆر جار پێیوایە کە وەستا مەحموودی لە باوکی زیاتر خۆشدەوێت، کەچی خۆشەویستی جێم بۆ ژنە قژسوورەکە زۆرکات تاک لایەنانە دەردەکەوێت، تەنها ئەمە وێڵ و سەرگەردانی دیتنێکی ترە، تەنها جێمە شەوان لە گۆڕەپانی وێستگەکە تەماشای پەنجەرەی ئاپارتمانەکە دەکات بەڵکە پەنجەرەیەک بە رووی ئەم ئەڤینەیدا بکرێتەوە کە سەرگەردانی کردووە، لە پەردەیەکی داپۆشراو دەنۆڕێت بەڵکو درزێکی تێبکەوێت و تیشکێک بکەوێتە رۆحی هەڵچووی و ئاسوودەی بکات، لەگەڵ ئەوەی لە دواییدا روون دەبێتەوە کە گوڵجیهان دولبەری باوکی بووە کاتێک ئەم منداڵ دەبێت، کە من پێموایە هەر لەبەر ئەمەشە کە ژنە قژسوورەکە جیاواز لە هەمووان لێی دەڕوانێت و نیگاکانی دۆستانەترە، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەی خۆی دەداتێ لەبەر ئەوەی جێم وێنەیەکی تەواوی باوکی دەنەخشێنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم ئەڤینە لەماوەیەکی کورتدا کۆتایی دێت و لەشەوێکدا دەگاتە ئەنجام و لە رۆژی هەمان شەودا کۆتایی دێت، بەڵام یادەوەری قژە سوورەکەی بۆ هەتا هەتایە لەسەر جێم جێدەهێڵێت و ئەوەتا لەکاتی دیتنی فلمەکەی پاولۆ پاسۆلینی دەیەوێ جارێکی دیکەش چاو لە فیلمەکە بکاتەوە تاوەکو ئەڤینی ژنە قژ سوورەکە بە زیندوویی لە خۆیدا بهێڵێتەوە.
بەجێهێشتنی منداڵ لەم رۆمانەدا چەند جارێک بەرکەوتنمان دەبێت لەگەڵ ئەم باسەدا، جێم خۆی دوو جار لەلایەن باوکییەوە بەجێدەهێڵدرێ، جارێک باوک دەگەڕێتەوە بەڵام لە جاری دووەمدا بۆ چەند ساڵێک بزر دەبێت و لە کوڕەکەی دوور دەکەوێتەوە و کە ئەمەش وا دەکات جێم باوکی تاوانبار بکات و خۆشەویستی بۆی نەبێت، جارێکی دیکەش ئەو کاتەیە کە جێم خۆی بە منداڵێک ژنە قژ سوورەکە سک پڕ دەکات و بێئگا بە جێیدەهێڵێت.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە؛ ئایا ئەگەر جێم بیزانیبا ژەنە قژ سوورەکە سکپڕە بە منداڵێکی ئەم بەجێی دەهێشت؟ بەڵێ من پێموایە کە ئەم جێهێشتنە دەبوو روو بدات بۆ ئەوەی گرێ ئۆدیبییەکە درووست ببێت، دەنا چارەنووسی کۆتایی رۆمانەکە چۆن روو دەدات، بێگومان گەر بشیزانیبا بە بیانووی ئەوەی گوڵجیهان ژنێکی مێرددارە ئەم جێهێشتە هەر رووی دەدا، یاخود ئەوەی کە جیاوازییەکی زۆری تەمەن هەس لەنێوانیان ئەم شتە دەشاردرایەوە، دەکرێ بشڵێین کە ژنە قژسوورەکەی جارێکی دیکە نەدیتەوە ئەمەش هۆکارێکی دیکەی ئەم جێهێشتنەیە.
بەجێهێشتنی منداڵ کاریگەرییەکی گەورەی لە کۆی پرۆسەی رۆمانەکەدا هەیە، جێمی پاڵەوان هەمیشە بەدوای شتێکدا دەگەڕێت کە ئەم بۆشاییە رووحییەی پێ پڕبکاتەوە، منداڵێک دەیەوێت نەبوونی هەستی باوکایەتی لە مرۆڤێکی دیکەدا بدۆزێتەوە، جێم دەیەوێ ئەو هەستە لە دەنیزی پاترۆندا بدۆزێتەوە، پاشان لەنووسین و دواتر لە وەستا مەحمووددا، کەچی لە هیچ یەکێکیاندا پێی ناگات، کاتێکیش کە هاوسەرگیری دەکات و منداڵی نابێت ئاشکراش نییە کە کوڕێکی هەیە بە ناوی ئەنوەر، هەموو هەستی باوکایەتی خۆی بەو کۆمپانیایە دەبەخشێت کە درووستی کردووە، ئەو هەمیشە وەک منداڵێک لە کۆمبانیاکەی دەنۆڕێت.

 

نووسەر و نمایش
هەر وەکو لەسەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد پاموک دەیتوانی ئەم رۆمانەی وەک شانۆنامەیەک نووسیبا، دەکرێت لە رێگای زیاتر چڕکردنەوەی رووداوەکان ئەم رۆمانە لە فۆرمێکی شانۆییدا دابڕێژرێت بێگومان ئەمە کارێکی ئاسان نابێت، هەر ئەمەشە وا دەکات پاموک وەک نووسەرێک بۆ نمایش ناوزەند بکەین، تەنانەت رووداوەکانی بەشێوەیەک کێشاوە کە گرێکانی وەک گرێی شانۆنامەیەک خۆیان بەیان دەکەن ئەمە بێجگە لەوەی کە وێنەکانی ناو رۆمانەکەی بە شێوەیەک روون و ئاشکران کە لەکاتی خوێندنەوەیدا ئەگەر وێنەکان بێنیتە بەرچاوان هەست دەکەی لە هۆڵێکی شانۆدا دانیشتوویت و ئەوە رووناکییەکان و ئەکتەرەکانن کە رووداوەکان دەگێڕنەوە، ئەوە حیکایەتخوانە کە دیمەنەکانمان بۆ دەگوازێتەوە.

هەمیشە جێم دەیویست ببێتە نووسەر کاتێک لە کتێبفرۆشییەکەی دەنیزی پاترۆن وەک کتێب فرۆش لە بێشکتاش کاری دەکرد ئەمەی لا درووست بوو کە دەبێت بە نووسەر، هەر جێم خۆشی ئەوە لە دێری یەکەمی رۆمانەکە بە گوێماندا دەدات، پاشانیش لە شارۆچکەی ئۆنگۆرەن کە ژنە قژسوورەکە دەبینێت و ئەو شەوەی لە شانۆکەشدا لە تەکیدا قسە دەکات ئەوە دووپات دەکاتەوە کە دەیەوێ ببێت بە نووسەر نووسەری شانۆ، بەڵام دواجار نابێت بەنووسەر، پێدەچێت ئەو شەوە ئەو خەونەشی لەگەڵ ئەو منداڵەی نێو منداڵدانی ژنە قژسوورەکە بەجێهێشتبێت، چونکە دواجار ئەنوەر دەبێت بە شاعیر و نوسەر. بە روویەکی دیکەدا ئەگەر تەماشای گوڵجیهانیش بکەین ئەو نووسەرێکە  چونکە هەر خۆی دیمەنەکانی نێو چادرە زەردەکەی شانۆ گەرۆکەکەیان هەڵدەبژێرێت و دایدەڕێژێتەوە. ئەگەر بێت و باسێکی نمایشە شانۆییەکەی نێو چادرەکە بکەین کورتکراوەیەکی رووداوەکانی رۆمانەکە دەبینین، واتە شانۆی چادرەکە ئاوێنەی رووداوەکانی نێو رۆمانەکەن. چۆن؟ کاتێک بە دیمەنەکانی نێو شانۆکە ئاشنا دەبین لە رێگای گێڕانەوەکانی جێمی سەرخۆشەوە دەبینین هەر لەیەکەم بینینی نمایشەکەوە لاسایی رێکلامەکانی تیڤی دەکەنەوە بە شێوەیەکی گالتەئامێز کە دواتر جێم و خێزانەکەی (ئایشە) دەبنە کەرەستەیەکی رێکلامی گاڵتە ئامێز بۆ پرۆژەکانیان کە چەند هەفتەیەک گۆشەگیریان دەکات و هەر ئەم رێکلامەشە رێگا خۆشکەرە بۆ گەیشتن بە چارەنووس و کردنەوەی گرێ کوێرەکان، پاشان مەسەلە وجودییەکان دەخاتە بەر دیدگا بەو دیمەنەی هاملێتی شەکسپیر (من هەم یان نیم) کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بیرکردنەوەی لە بوونی تاک لای جێم تا چەن هەم لە ژیاندا؟ دیمەنی پاشتر چیرۆکەکەی حەزرەتی ئیبراهیم کە داوا دەکات خودا کوڕێکی پێببەخشێت، هەروەک جێم کە پاشتر منداڵی نەدەبوو لەگەڵ ئایشەدا و سەردانی دەیان دکتۆریان کرد بۆ ئەوەی منداڵی هەبێت، پاشتر و لە دوا دیمەندا هەردوو جەنگاوەرەکە (رۆستەم و زۆراب) کە دواجار باوک کورەکەی بە کوژراوی لە ئامێز دەگرێت، کەچی لە رۆمانەکەدا ئەم دیمەنە پێچەوانە دەبێتەوە.
چارەنووس ئایا چارەنووس جێمی گەیاند بەو کۆتاییە؟ رێکەوت بوو یان چارەنووس گەیاندی بە دیداری ژنە قژسوورەکە، دۆستە کۆنەکەی باوکی؟ چارەنووس گەڕاندییەوە بۆ ئۆنگورەن؟ جێم دەیویست هەمان چارەنووسی پاڵەوانی ئەفسانەکانی هەبێت؟

 

بێگومان پاموک داهێنەرانە بە سوود وەرگرتن لە ئۆدیب و شانامەکەی فیردەوسی چارەنووس بۆ پاڵەوانەکەی دیاریدەکات، پێموایە کە جێمی پاڵەوان بەو چارەنووسەی کە پێی مەحکوم کراوە رازییە و خۆشی بۆ بەدیهێنانی ئەم چارەنووسە تێکۆشاوە، ئەوەتا لە رێگای گەڕان بە دوای شانامەکان لە سەرای تۆپکاپی و مۆزەخانەکانی دیکەی جیهان بەدوای تابلۆی هەڵهێنجراوی نێو ئەم دوو ئەفسانەیەدا گەڕاوە بۆ ئەوەی بگات بە دەرئەنجامی ژیانی خۆی، ئەو دەیویست خودی خۆی لەنێو ئەم دوو ئەفسانە مەزنەدا بدۆزێتەوە دواجاریش گەیشت بە ئەنجام شێوەی لایۆس پاشا بە دەستی ئۆدیبی کوڕی دەکوژرێت و چارەنووسێک کە خوداوەند دیاری کردبوو بە دی دێت.

 

جێم لەسەرەتاوە نەیدەزانی کە ژنە قژسوورەکە رۆژگارێک دولبەری باوکی بووە، بەڵام ئەو ئەڤینەی بۆ ئەو ژنەی هەبوو، ئەو ئیرەییەی لەناخیدا کە خۆی مەڵاس دابوو پێموایە زانینی ئەو دۆستایەتییە بۆی نەدەبوو بە کێشە، چونکە ئەو ئیرەیی بەوە دەبات کە ئایا وەستاکەی لەگەڵ گوڵجیهاندا قسەی کردووە یان نا، بەیەکەوە تەماشای چاوی یەکدییان کردووە یاخود نا، بۆیە پاموک وەستایانە ئەم ئەڤینە دادەڕێژێت و چارەنووسی لەسەر بنیاد دەنێت، بێگومان هەڵەشەیی جێم و گەڕانەوە بۆ ئۆنگورەن و زیندوو کردنەوەی یادەوەرییەکانی ئەوی گەیاند بە چارەنووس، بۆ ئەوەی چارەنووس بێتە دی دەبوو بگەڕێتەوە بۆ ئەوێ، هەرچەندە ئایشەی خێزانی ئاگاداری کردبووە وە لە بەدیهاتنی چارەنووسەکە، بەڵام ئەو گوێی پێنەدا بۆیە چارەنووس چاوەکانی پاڵەوان تاریک دەکات نێچیری خۆی بۆ لێوارەکانی کێش دەکات جێمیش تا ئەندازەی کوێر بوون لە هەمبەر چارەنووسی خۆی بەرەو قەراغی بیرەکە هەنگاوی نا لەگەڵ ئەوەی بەد گومان بوو کە سەرهاتی رێنیشاندەری ئەنوەری کوڕیەتی یاخود نا.


تاوان

سەراپای رۆمانەکە لەسەر هێڵێکی تاوان و هەستکردن بە تاوان لە برەودایە، ئەوەتا باوکی جێم وەک چیرۆکێکی لاوەکی نێو رۆمانەکە تاوانبار دەکرێت بە هەستی شۆرشگێری بەڵکێشی دەکەن بۆ زیندان و هەر ئەو تاوانبارە بە عەشقی ژنێکی دیکە لە کاتێکدا خۆی خێزاندارە و لەلایەن دایکی جێمەوە سەرزەنشت دەکرێت و تاوانبار دەکرێت.. جێم خۆی تاوانبار دەکات بە کوشتنی وەستا مەحموود و هەست بەتاوان دەکات بەجێهێشتنی ئەو لەنێو قوڵایی بیرێکدا، تاوانی جێم ئەوەیە ژنێکی مێردار سک پڕ دەکات، هەمیشە هەستێکی خۆ بە تاوانبار بینین لە ناخی کەسایەتییەکاندا هەیە و دەیانەوێ لێی دەرباز بن کەچی ئەو دەرباز بوونە دەیانگەیەنێت بە چارەنووس، ئەوی زۆر جێگای سەرەنج بوو لای من کە ناوی دەنێم تاوان و لەم بەشەدا باسی دەکەم، رووداوی مردنەکەی باوکی جێم، کاتێک دەگاتە سەر تەرمی باوکی ئەو دەمێکە چاوەکانی لێک ناوە و ژیانی بەجێهێشتووە، بەڵام جێم بێباک لە مردنی باوکی کە خەمباری ناکات چەند پێکێک ئارەق نۆش دەکات لە تەنیشت تەرمەکەی باوکی رادەکشێت، من بۆ ئەوە ناو دەنێم تاوان؟ کاتێک لە جێم بڕوانیت وەک مەرسۆی پاڵەوانی رۆمانی نامۆی ئەلبێرت کامۆ کاتێک لەسەر تەرمەکەی دایکی ناگری و قاوە دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێ و لە دادگاش لەسەر ئەمە تاوانبار دەکرێت نەک کوشتنی عەرەبێک لە کەنار دەریا، بۆیە دەکرێ وەک کارەکتەرێکی تاوانکار لەم رووەوە لە جێم بڕوانین کە هەستێکی بۆ مردنی باوکی نییە و تەنانەت کاتێک دەزانێت سەرهات ئەنوەری کوڕیەتی هیچ هەستێکی باوکانەی بۆی نییە. هەروەها ئەنوەر کاتێک دەیەوێ دەمانچەکە لە باوکی وەربگڕێت و فیشەکێک لە دەستی دەردەچێت و بەر باوکی دەکەوێت لە ئەنجامی هەڵچونێکی دەروونییەوە بێت یان بە مەبەست ئەمە تاوانی کوشتنی رۆحێکە، کاتێک لاشەی جێم لە بیرەکە دەردەهێنرێت ئەوە تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی جێم.

 

نووسین بۆ پاکبوونەوە لە تاوان
رامانێک بە کۆی رۆمانەکەدا بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە جێم کاتێک دەیویست ببێت بە نووسەر بۆ ئەوە بوو کە لە خەوشی بێباوکی رزگاری بێت، کاتێکیش جیۆلۆجی تەواو دەکات دەیەوێ خۆی لە تاوانی کوشتنی بیرهەڵکەن و جێهێشتنی پاک بکاتەوە، ئەنوەری کوڕیشی کاتێک شیعر دەنوسێت بەهەمان شێوە دەیەوێ لە خەوشی بێباوکی خۆی دابماڵێت، کاتێکیش جێمی باوک دەکوژێت و چارەنووس روودەدات، لە زیندان و بەهاندانی دایکی بڕیار دەدات رۆمانێک بنووسێت بۆ ئەوەی لای دادوەر بێتاوانی خۆی بسەلمێنێ کە ئەمە خۆی پاکبوونەوەیە لە تاوان، دەیویست ئەفسانەیەک بخوڵقێنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکەش خۆی دابماڵێ لە خەوشی بێباوکی کە ئەویش دەیویست ببێ بە نووسەر.

 

بەرگی ڕۆمانەکەی بە زمانی کوردیی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن