كارنامەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران
10:55 - 15/09/2021
زەمەن_هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەكات و تێیدا گفتوگۆ لەسەر چوار بابەت دەكرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: خستنەڕووی ئامادەکارییەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەدیدارەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ٢٠٢١/١٠/١٠ کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بە ئاڕاستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن و ناوزڕاندن و ڕۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، و هاندانی هاوڵاتییان بۆ پیادەکردنی مافی دەنگدان.
دووەم: بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی دوو بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە (٦٣) لە ٢٠٢١/٩/١ تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سیمکارتی بێ بەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کواڵیتی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە.
سێیەم: بڕیاردان لەسەر ڕەشنووسی (پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن بەڕێز د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو بۆ ئەنجومەن و بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
چوارەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان - عێراق) کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگی وەزارەتەکانی (سامانە سروشتییەکان، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) ئامادەکراوە.