524 ئابوری

كۆمپانیا نەوتییەكان زیاتر لە ٢١٨ ملیۆن دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە

10:28 - 14/09/2021

زەمەن_ئابووری


ڕێکخراوت ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت (روونبین) مانگانە بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستیدایە  ئەو بڕە پارانەی بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت لە حکومەتی هەرێم وەریان گرتووە بڵاو دەکاتەوە. 

 

لەم ڕاپۆرتەدا کۆی ئەوپارەیەی لە حەوت کێڵگە لە کۆی ٩ کێڵگەی وەبەرهێنی نەوتی هەڕێم کە  لەلایەن ١١ کۆمپانیاوە وەرگیراوە لە مانگی حوزەیراندا ٢٠٢١ دا  کە ٥٥٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێم پێک دەهێنن بریتی بووە لە ٢١٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار.

 

بەپێی ئەو داتایانەی دەست روونبین کەوتووە لەمانگی حوزەیراندا رۆژانە بڕی ٤٢٨ هەزار بەرمیلی لەڕیگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جیهان کراوە،هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت ڕۆژانە بڕی ٢٥ هەزارە بەرمیل دەدات بە پاڵاوگەی کار بۆ پاڵاوتن بەو پێیە بەرهەمی رۆژانە  ٤٥٢ هەزار و ٦١٦ بەرمیل بووە.

 

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات.

 

 لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار. 

 

کۆمپانیا نەوتییەکان لە گەڵ شایستەی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەمین بڕی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە و ئەم مانگەش بۆ جاری شەشەم شایستە دواخراوەکانیان وەرگرت بەڵام لەبری ئەوەی مانگانە شایستەکان وەربگرن هەر ٦٠ ڕۆژ جارێک وەری دەگرن و رێژەی وەرگرتنەوەکەش کەم کرایەوە بەم شێوەیە؛
کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە تەنها رێژەی ٢٠٪ ی ئەو  زیادەی نرخە دەدرێتەوە بەقەرزی کۆمپانیاکان لە کاتێکدا لە مانگەکانی پێشودا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بوو. بەپێی ئەم میکانیزمە نوێیە کۆمپانیاکان ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان درێژ دەبێتەوە، پێشتر چاوەڕییان دەکرد تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زۆربەی قەرزەکانیان وەربگرنەوە بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەکەن لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا قەرزەکانیان بە تەواوی وەربگرنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن