زنجیرەیەک یادگاری، لەگەڵ ئەحمەد هەردی
09:35 - 17/07/2021
ئاری عەبدولقادر نوری
ئەحمەد هەردی....لەدەمی
خۆی و هەروەکو خۆی 13
سەردانی
هەردوو کەمالەکە
چیرۆکی
شانۆگەری "لەپێناو تاجدا! في سبيل التاج"!
لە
بەرواری ۱۷/۳/۱۹۸۹ دا دکتۆر کەمال فوئادو دکتۆر کەمال خۆشناو و مینەی شاعیر هاتن
بۆ سەردانی مامۆستا هەردی لە شاری سەقز سەعات پێنجی عەسرهاتن و سەعات نۆو نیوی شەو
ڕۆیشتن. دکتۆر کەمال فوئاد ئەوکات لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا لە ئەوروپاوە گەڕابۆوە. مەجلیسەکە
ووردە ووردە قەرەباڵغترئەبوو قسەو باسیش تادەهات گەرمترئەبوو. لەم سەردانەدا گەلێک
سەرگورشتەو باسی کۆن و نوێ هاتنە پێش۰ یەکێک لەوانە باسی چیرۆکی چۆنێتی نووسین و
نمایشکردنی شانۆگەری "في سبیل التاج" بوو۰ دکتۆرکەمال فوئاد باسی لەوە
کرد کە ئەو چیرۆکە لە بنەڕەتدا ڕۆمانێک بووە بە زمانی فەڕەنسی و لەلایەن (فرانسوا
کوپە) وە نوسراوە. ڕۆمانێکی زۆر دوورودرێژو بە تامبووە۰ مامۆستا هەردیش لەسەر داوای زۆری ئەوسای لاوان
و قوتابیان کردویەتی بەکوردی و لەسەر شکڵی شانۆگەریی دایڕشتۆتەوە۰ لێرەدا کاک
هەردی ووتی من سوودم لە ڕۆمانەکەی مصطفی لطفي المنفلوطي وەرگرتوە بۆ وەرگێڕان.
هەروەها ووتی کە ڕۆڵی سەرەکیشی بینیوە لە چۆنێتی جوڵەی ئەکتەرەکان و شێوەی
نمایشکردن و لە دەرهێنانی شانۆگەرێکەشدا.
کاک هەردی:
غەفوور کەریم هەروەکو قیر پێمەوە لکابوو وازی لێنەدەهێنام! زۆر تکاوڕەجای ئەکرد کە
ئەو شانۆگەریە بنووسم و تەواوی بکەم! پێی ووتم وەرە ماڵی خۆمان بە هەموومان لە
خزمەتدا ئەبین هەتا تەواوی ئەکەیت۰ نازانم چۆن قەناعەتی پێکردم و ڕاپێچی کردم بۆ
ماڵی خۆیان!مکاک هەردی ووتی بە ۷ تا ۱۰ ڕۆژ هەموویم تەواوکردوو.
کورتەیەک
لە بارەی شانۆگەرێکەوە لە زاری مامۆستا خۆیەوە لە مەجلیسەکەدا:
مامۆستا هەردی ووتەکانی دکتۆر فوئادی پشتڕاست
کردەوەو ووتی زۆر ڕاستە، لە بنەڕەتدا شانۆگەریەکە لە ڕۆمانێکەوە وەرگیراوە کە
لەسەر (بەڵقانە) کە ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی
عوسمانێکاندا بووە۰ باسی چیرۆکی ویست و خواستی بەڵقانێکان دەکات بۆ ڕزگاربوون لە
ژێر دەسەڵاتی تورک۰ دوو کەسایەتی کاریگەریەکی گەورەیان هەبووە لەسەر بەڵقانێکان۰
یەکیان (برانکۆمیر) بووە کە فەرماندەی گشتی هێزی سەربازیی یۆنان بووەو چەندەها
سەرکەوتنی سەربازیی لەشەڕدا بۆ یۆنانێکان تۆمارکردووە۰ زۆر بەناوبانگ و خۆشەویست
بووە لەلای هێزە سەربازێکان و لەناو خەڵکدا۰ کەسایەتی دووەم قەشەیەک بووە کە ئەمیش
هەردەم قسەی بۆ خەڵک کردوەو گیانی بەرخودانی تێدا بەهێزکردون و بەردەوام هانی
خەڵکی داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر داگیرکەرانی تورک و ڕزگارکردنی بەڵقان۰
ئەمیش زۆر خۆشەویست بووە لەلای خەڵک بەهۆی هەڵوێستی مەردانەیەوە بەرامبەر بە
داگیرکەر۰ کاتێک ڕیفراندۆم دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت خەڵکی کام لەم دوو کەسایەتیە
هەڵدەبژێرن بۆئەوەی بێتە پاشای ووڵات۰ لە دەنگدانەکەدا خەڵکی قەشەکە هەڵدەبژێرن
وەک پاشای خۆیان۰ برانکۆمیر بەمە زۆر دڵتەنگ و زۆر نیگەران دەبێت! ئەڵێت خەڵکی چۆن
قەشەیەکیان پێ باشترە لە فەرماندەیەکی سەربازیی وەکو من کە هەرچی شەڕە من کردوومە بۆ
ئەم میللەتە! تورکەکانیش ئەم نیگەرانیەی برانکۆمیر دەقۆزنەوەو پەیامنێری خۆیان
دەنێرن بۆلای و داوای لێدەکەن کە ئەگەر لە ساتەوەختی هێرشکردنی هێزە سەربازێکانی
تورک بۆ سەر بەڵقان، برانکۆمیر ئاگر نەکاتەوە بۆ ووریاکردنەوەی هێزە سەربازێکانی
یۆنان، ئەوا لە بەرامبەردا پسوڵەی ئەوەی پێدەدەن کە تاجی پاشایەتی بەڵقانی بکەنە
سەر۰
ئەو
شەوەی کە تورکەکان هێرش دەبەن، ڕێکەوت وا دەبێت کە (میشێل) ئێشکگری
بەرپرسیاردەبێت۰ میشێل ئەفسەرێکی خوێنگەرمی بەڵقانەو گەنجێکی زۆر بەپەرۆشە بۆ
ئازادی بەڵقان و کوڕی برانکۆمیرە۰ ئەچێتە کن باوکی و پێی ئەڵێت ئەوە تورکەکان
خەریکن هێرشدەکەنە سەرمان، ئەوە بۆچی ناجوڵێیت و فەرمان دەرناکەیت ئاگر بکرێتەوە،
بۆ ئامادەباشی هێزەکانمان؟ برانکۆمیری باوک پێی ئەڵێت کە هەقی نەبێت۰ ئەو نایەوێ
ئاگر بکاتەوە! میشێل بەمە ڕازی نابێت، بەڵام برانکۆمیر پێی ئەڵێت من وەکو باوکێک و
وەکو فەرماندەیەک ئەمرت پێدەکەم کە بێدەنگ بیت! کوڕەکەی ئەڵێت ڕاستە تۆ باوکی من و
فەرماندەی سەربازیی منی بەڵام من ڕازی نیم بەم فەرمانە! کار دەگاتە ئەوەی کە
برانکۆمیر زۆر تووڕە ئەبێت لە کوڕکەی و ڕاستی مەسەلەکەی بۆ ئەدرکێنێ۰ ئەڵێت چۆن وا
لەم میللەتە ناکەم کە ئەفزەڵیەتیاندا بە قەشەیەکی خوێڕی۰ لەبەرامبەر سەکردەیەکی
سەربازیی وەکو منا! من تورکەکان تاج ئەخەنە سەر سەرم و ئەمکەن بە مەلیک! لەپاش
درکاندنی ئەم ڕاستیە برانکۆمیر قسەیەکی زۆر بە کوڕەکەی ئەڵێت و هەڕەشەی کوشتنی
لێئەکات۰ میشێلی کوڕ ئەڵێت نا من تۆ ئەکوژم۰ من لەلام وابوو تۆ زۆر گەورەو پیرۆزی،
بەڵام نەمزانی بۆ تاجێک کە دوژمن ئەیکاتە سەرت میللەتەکەت ئەفرۆشی! میشێلی کوڕ، میشێلی
ئەفسەر باوکی ئەکوژێت و دەستبەجێ دەچێت ئاگر دەکاتەوە۰ بەڵام دوایی خەڵکی وا
تێدەگەن کە میشێل خیانەتی کردووەو ئەو بۆتە هۆی ئەوەی کە ئاگرەکە درەنگ بکرێتەوە!
هەر ئەویش برانکۆمیری کوشتووە بۆئەوەی ئاگرەکە زوو نەکاتەوە! پاش سەرکەوتنی
هێزەکانی بەڵقان بەسەر تورکەکاندا، فەرمانی لە سێدارەدان بۆ میشێل دەردەکرێت۰
میشێل بۆئەوەی ئەو وێنا جوانەی خەڵکی لەمێشکیانا درووستیانکردبوو بۆ برانکۆمیری
باوکی و بۆئەوەی ئەو گەورەیی و پیرۆزیەی باوکی لەلای خەڵکی بەڵقان تێک نەشکێنێت و
برانکۆمیری باوکی هەروەک سیمبولێک لەلای خەڵک بمێنێتەوە، دان بە ڕاستێکاندا نانێت
و فەرمانی لە سێدارەدانی خۆی پەسەند ئەکات! بەڵام کاتێک کە دەوری چۆڵ دەبێت، زنجیر
بە دەستوقاچیەوە، بەرامبەر ئەو پەیکەرەی کە خەڵکی بۆ باوکیان دروستکردوە دەوەستێت
و ئەڵێت: تۆ خیانەت دەکەیت و من باجەکەی ئەدەم!
مامۆستا
هەردی باش لە یادی نەمابوو کە میشێل لە سێدارە ئەدرێت یان نا!؟ ئەیووت وابزانم لە
کۆتایدا پێڕاناگەن میشێل لە سێدارەبدەن چونکە باوەژنەکەی کە ئاگاداری ئەوە دەبێت
کە چی ڕوویداوە، دان بە ڕاستێکاندا دەنێت!؟
هەردوولا
تەواو کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە شانۆگەریەکی لەو چەشنەو بەو ناوەرۆکەوە کە باسی
خەبات و خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتن دژی هێزی داگیرکەرو هێزی بێگانە دەکات، کارێکی هونەری
و سیاسی گرنگ و پێویست بووە لەوکاتەدا. دکتۆر فوئاد دەیگووت لەو سەردەمەدا سیاسەت
هەرزۆر بڤەبووە. تازە (ئەحکامی عورفی) هەڵگیراوەو هەرکەسێک یەک شتی بووتایە لەسەر
بارودۆخەکە، دەستبەجێ زیندانی دەکرا۰ ئەم کەشە سیاسیە بارگاویە هۆکاربوون بۆ ئەوەی
کە ئەگەر شانۆگەریەکە بە ڕێکی نماشبکرایە، لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیەکی گەرمی
لێبکرایە۰ بەتایبەت مامۆستا هەردی شانۆگەریەکەی بە کۆمەڵێک شیعارات و ووتەی حەماسی
ڕازانبۆوە. دکتۆر فوئاد ئەیگووت کە ئەوکات ئەو سەرۆکی قووتابیانی یەکگرتوو بووەو
لە حیزبی (تەحەرور) دا بووە۰
مامۆستا
هەردی ووتی: زۆر بەداخەوە بەهۆی خراپی باری تەندروستیمەوە کە کتوپڕ نەخۆشکەوتم و چووم
بۆ بەغداد بۆ چارە، بەو هۆیەوە نەمتوانی ئامادەبم لەکاتی نمایشکردنی شانۆگەریەکەدا۰
بەڵام دکتۆر فوئاد لەم سەردانەدا باسی ئەوەیکرد کە لەدوای ڕۆیشتنی مامۆستا هەردی
چی ڕوویداوە۰
ووتی
ئەم مەسەلەیە لە ۱۹۵۱ یان ۱۹۵۲ ڕوویداو لەسەر هۆڵی سانەوی سلێمانی۰ (جەمالی ڕەمزێ
فەنی) ڕۆڵی برانکۆمیری دەبینی۰ (ڕەفیقی سەید فەتحوڵا) ڕۆڵی برانکۆمیری دەبینی۰ دکتۆر
فوئاد زۆر ستایشی ڕۆڵ بینینی ئەم دوانەیکردو زۆر بەتایبەتیش ستایشی دەنگ و ئەدای
مامۆستا ڕفیق چالاکی کرد لە شانۆگەریەکەدا۰ دکتۆر ووتی من و برادەرێک خۆمان
ئامادەکردبوو پێش نمایشکردنەکە هەندێک شت بڵێین وە ئەمە هەموو جارێک دووبارە
ببێتەوە۰ یەکەم ڕۆژی نمایشکردنەکە بۆ (ئەشراف) بوو، واتە بۆپیاوماقوڵان وەکو
(موتەصەریف) و بەڕێوبەرو مامۆستایان و بەشێک لە کارمەندانی دەوائیرەکان۰ ووتی
شانۆگەرێکەیان زۆر بەدڵبوو وە چەپڵەیەکی زۆریان بۆ لێدا. ئەو ڕۆژ زۆر
بەسەرکەوتوانە گوزەرا! ڕۆژی دووەم نمایش بۆ قووتابیان بوو، ئەو ڕۆژەشمان
بەسەرکەوتوانە بەڕێکرد! دکتۆر ووتی ڕۆژی سێهەم نمایش بۆ ژنان بوو وە کردبویان بە
حەمامی ژنان. لەبەر هاتوو هاوار کەس گوێی لە کەس نەبوو۰ نەیان هێشت برادەرەکەم دەم
بکاتەوە هێندە تانەیاندا لە لووتی و لە دەمی و لە جلوبەرگی۰ بە پرتاو لەسەر تەختەی
شانۆکە هاتە خوارو ووتی فوئاد تۆ بڕۆ قسەبکە، دەرفەت بەمن نادەن۰ دکتۆر فوئاد ووتی
شتێکی زۆر سەیرو چاوەڕوان نەکراو ڕوویدا! هەر من چوومە سەر شانۆ ژنان هەموو زۆر
سەرسوڕهێنەرانە بێدەنگ بوون و بوونە ماستی مەیو! برادەرەکەم لەپاشاندا ووتی فوئاد
ئەوە چی ڕوویدا! ووتم بەخوا خۆشم تێناگەم چی ڕوویدا، ئەو خەڵکە بۆ وا گۆڕان؟! ئەو
ڕۆژەش هەرچۆنێک بێت بەباش ڕۆیشت! ڕۆژی چوارهەم بۆ (مەشایەر) بوو، واتە بۆ گشتی
بوو۰ دکتۆر ووتی ئەو ڕۆژە هاتن پێیان ووتم کە دوو چڵکاوخۆری ڕژێم بەبێ ئەوەی
بلیتیان پێبێت خۆیان کردووە بە ژووردا! ئەو دوانە (عەبەی حەملان) و (کەریمی سۆفی
ساڵح) بوون۰ من ووتم ئەچم ئەیانکەمە دەرێ۰ چووم ووتم: بلیتان پێیە؟ ووتیان: نەخێر!
ووتم: مادام بلیتان پێنیە، دەفەرموون بچنە دەرەوە! بەزۆر کردمنە دەرێ وە کاتێک
دەچوونە دەرێ هاوارمکرد: نابێ نەختێ فێری ئسوڵ بن! ووتی هەر ئەمەم ووت و جەماوەر
هەمووی دەستیکرد بە چەپڵە ڕێزان۰ بۆ ڕۆژی دواتر بەڕێوبەرەکە کە ئەوکات (صادق
بەهائەدین) بوو بانگی کردمە لای خۆی و پێی ووتم ئەوە بۆ واتکردوە تۆ نەتزانیوە ئەو
دووانە کێبوون؟ ووتم: نەخێر! دوو کەسی
سەرخۆش بوون و بێ بلیت خۆیان کردووە بە ژوورداو منیش دەرمکردوونەتە دەرێ۰ بەڕێوبەر
ووتی دەباشە ئەوە بڕیاری ڕاگرتن و قەدەغەکردنی شانۆگەرێکەیان داوە! ئەمە چیرۆکی
نمایشکردنەکەی بوو ئیتر لەوڕۆژوە نەیان هێشت هیچ نمایشێکی تر ئەنجامبدەین!
مامۆستا
هەردی وەختی خۆی لە شۆڕشی ۱۹۷۵ دا کە لە ئێران دکتۆر فوئادی بینیبوو، لێی پرسیبوو
کە ئایا دەقی شانۆگەریەکەی لاماوە؟ دکتۆر پێی ووتبوو بەڵێ بەڵام لە سلێمانیە۰ لەم
دانیشتەنەدا مامۆستا دووبارە لە دکتۆری پرسیەوە کە دەقەکەی لاماوە؟ ئەمجار دکتۆر
ووتی بەداخەوە نەخێر لام نەماوەو فەوتاوە! ۰
- هەرلەم سەردانەدا دکتۆر کەمال فوئاد باسی
کابرایەکی دەکرد کە ئەیووت ناویم بیرچۆتە بەڵام شتی زۆر سەیرو خۆش تەرجەمە ئەکرد!
بۆ نموونە ئەم دێڕە:
فالهمها
و فجورها فتقواها ....
بەم
شێوە خۆشە وەرگێڕابوو:
فالهمها:
مانای هەڵمەتی بۆبرد
فجورها:
مانای فڕوجەکە
فتقواها:
مانای قووتیدا
واتە
ئەمە بەکوردی ئەبێتە: هەڵمەتی برد بۆ فڕوجەکەو قووتیدا!
کاک
هەردی ووتی ئەو کابرایەی تۆ باسی ئەکەی (ئاڵتوونە فەنی) بووە. زۆر بەسەرهاتی خۆشی
لەسەرە۰ کاک هەردی ووتی گوایە جارێکیان بەیتێک شیعر جاهیلیان بۆ هێناوە بۆ ئەوەی
شەرحیکا بۆیان، ئاڵتوونە فەنی هەرلە هیچی حاڵی نەبووە! بەڵام زۆر بە سەیروسەمەرە
بۆی تەرجەمەکردوون. کاک هەردی ووتی بەیتە شیعرەکەم باش بیرنەماوە بەڵام لە یادمە
لە بەشێکیا ئەڵێ!
فان
بلیت بشخص
ووتویەتی
ئەمە مەبەستی ئەوەیە هەرکەس بلیتی پێنەبێت دواڕۆژ ناتوانێت بچێتە بەهەشت. یاخود ووتویەتی:
ابدآ
سرمدی بە واتای هەرگیز سەری لێمەدە، دێت!
هەر
لەم سەردانەدا کاک هەردی باسی چۆنێتی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کرد. باسی ئەو
کۆبوونەوانە ی دەکرد کە لەو سەردەمەدا دەبەستران
بۆ مشتومڕو گفتوگۆکردن لەسەر دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد. کاک هەردی ووتی
لە یەکێک لەو کۆبوونەوانە دا زۆر کەسایەتی بەناوبانگ بەشداربوون، ئەوانەی کە ( من،
نووسەری ئەم دێڕانە) بەزەقی دێتەوە یادم گۆرانی شاعیر و کامیل بصيرو ئەحمەد هەردی
و عەبدول ڕەحمان بەگ و گەلێک لە ئاغایان و عەشایەرو کەسانی دەستڕۆیشتوو بوون. کاک
هەردی ووتی هەندێک لە بەشداربووان لە هاندەرانی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد
بوون وەک لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی عێراق. کاک ووتی من لە بەرەی نووسەرانی
کورد بووم وە چاوەڕوانیم وا بوو کە کەسانی عەشایرو ئاغا کۆنەکان هانی دروستکردنی
نووسەرانی عێراق بەن. بەڵام زۆر بەپێچەوانەی چاوەڕوانێکانی منەوە، هەر لەو
کۆبوونەوەیەدا که گۆرانی شاعیر هەوڵی ئەدا یەکێتی نووسەرانی عێراق دابمەزرێت، ئاوڕەحمان
بەگ هەڵیدایەو ووتی:
عەبدوڵا
فەنی مەگەر ئەم جمهوریەتی عێراقە هی کوردو عەرەب نیە؟!
گۆرانیش
ووتی: بەڵێ هی هەردوولایە.
ئاوڕەحمان
بەگ : ئێ باشە کەوایە، ئێمەی کورد یەکێتی نووسەرانی کوردمان گەرەکە.
کاک
هەردی ووتی لەپاش ئەم قسانەی ئەوڕەحمان بەگ گۆران هیچی بۆ نەمایەوە هەر لەبەر
خۆیەوە بۆڵەو خوتەی ئەهات و ئەیووت: ئەمە چۆن ئەبێت و ئەمە نابێت و ...هتد. لە
پاشاندا گۆران هەرچۆنێک بوو خۆی گەیاندبووە ڕۆژبەیانی و ئەویشی بەو شێوەیەی کە خۆی
مەیلی لێبوو بوو تێگەیاندبوو. دواجار نەتوانرا یەکێتی نووسەرانی کورد دابمەزرێ!