کەلتور

خوێندنەوەیەکی (مەسعود محەمەد)یانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان

09:35 - 17/05/2021 411 جار خوێندراوەتەوە

گۆران سەباح/ باسی دووەم

 

وەک لە باسی یەکەم ئاماژەم پێی دا، ئەم زنجیرە باسە بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییە بە دیدگە و فەلسەفەی خۆماڵی. باسی یەکەم خوێندنەوەیەکی (ڕێبوار سیوەیلی)یانە بوو. بەستەرەکەی: https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=43508
ئەم خوێندنەوەیە بەپێی کتێبی (مرۆڤ و دەوروبەر، بەشی یەکەم)ی (مەسعود محمد)ە. هیوادارم ڕەخنەدۆزانی تر بێن بەشی دووەم و سێیەمیش تێکهەڵکێشن لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان. مەرجیش نییە کار لەسەر مرۆڤی هەرزان بکەن، هەر ڕۆمانێکی تر بێ ئاساییە، گرنگ ئەوەیە دەست بەوە بکەین لەنێو پاش ئەم جۆرە خوێندنەوە خۆماڵییانە بۆ دەقی خۆماڵی بکەین.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان ئاماژەیە بەوەی بۆ باشتربوون مرۆڤ دەبێ لە بازنە سنووردارەکان بێتە دەرەوە. مرۆڤ لە هەر بازنەیەک گیری خوارد، بەرەو دواوە دەچێت. جا ئەو بازنەیە هەرچی بێت. چونکە دواجار خودی بازنە واتە سنووردانان و نەچوونە دەرەوە. شووشە لە بازنەکە هاتە دەرەوە بۆیە توانی باشتر لە زانایانی تر بیر بکاتەوە و بگاتە سەرەداوێک بۆ کۆتاهێنان بە پەتای خۆکوشتن.
مەسعود محمد (٢٠١٤) لە بەشی یەکەمی (مرۆڤ و دەوروبەر)دا جەخت لەسەر بێسنوور و سنووردار دەکاتەوە. لە لاپەڕە ١٢ دەڵێ، ". . . جیهان و پرسیارەکانی بێسنوورن . . . پێوانی ئەو نامەحدوودانە بە عەیارەی مەحدوود گەپێکی سافیلکانەیە." زانایانی نێو فەزای مرۆڤی هەرزان بە پێوەرێکی سنووردار دەیانەوێ ڕووبەڕووی خۆکوشتن بوەستنەوە، مەسعود گوتەنی، ئەوە گەپێکی ساویلکەیە. لە فەلسەفەیەکی تەسکدا دەیانەوێت لە دنیایەکی بەرین بنۆڕن. ئەمەش وەک مەسعود دەڵێ، "فەلسەفەی تەسک و دنیای بەرین دوو لایەنی یەکجار پێچەوانەی (موعادەلەی فیکری)ن." هەر زانایەک دیلی فەلسەفەیەکە بۆیە دۆش دەبێت لە هزر، بەڵام هۆشی شووشە دیلی هیچ فەلسەفەیەک نییە، بۆیە داهێنان دەکات.

 

بیرمەندانی نێو ڕۆمانەکە و بیرمەندانی ئەم سەردەمەی ئێستە بوونەتە دیلی بیرمەندانی پێش خۆیان. دەبینین هزر لە یەک بازنەی سنوورداردا دەخولێتەوە. بۆیە ناتوانین هیچ فەلسەفەیەک تێپەڕێنین. مەسعود دێ ئەم قسەیە بە کۆمەنیستەکان دەڵێ، "من هەرگیز پێت ناڵێم قەناعەت بە هیچ کەس و هیچ شتێک مەهێنە. من دەڵێم حورمەتی (قەناعەت)ت بگرە بەوەدا کە هەڵمەت ببەیتە سەر ئەو چەوت و چوێڕییەی لەو فەلسەفەیەدا دەیدۆزیتەوە کە کردووتە بە نێرتکی قەناعەتت... من دەڵێم مەبە دەروێشی فەلسەفەی سەدەی بیستەم." (٢٠١٤، لا٦).
بەداخەوە، ئێمە بووینەتە دەروێشی بیرمەندانی ڕۆژئاوا. تا وا بین، نابین بە خاوەنی هزری خۆمان.

مرۆڤی هەرزان ئەوە دەردەخات مرۆڤ بووەتە کۆیلەی ماددە. سامی و ئیمام و بێرنی و مێتال و ڕام و هەموو ئەوانەشی خۆیان دەکوژن وێڵی ماددەن. مرۆڤ لە نێو مرۆڤی هەرزاندا حاڵی باش نییە لەبەرئەوەی ناتوانێت لە بازنەی ماددی بێتە دەرەوە. مەسعود لە لاپەڕە شەشدا دەڵێت نابێ بیروباوەڕی (ماددی) زاڵ بێت بەسەر مرۆڤدا.

هاتنە دەرەوە لە بازنەی ماددی و بازنەی فەلسەفەی تەسک ئیڕادەیەکی ئازادی دەوێت. شووشە ئەو ئیڕادەیەی هەیە بۆیە بەو تەمەنە گچکەی خۆی پێشڕەوی زانست و فەلسەفە و ئایین و دەروونناسی دەکات. مەسعود دەڵێ، "مرۆڤی ئیڕادە ئازاد یەکجار زەحمەتتر و درەنگتر دابین دەبێ لە مرۆڤی گیرخواردوو بەدەست قودسییەتی نەزەریانەوە." (٢٠١٤، لا٦٠). تەواوی زاناکان ڕووبەڕووی شووشە دەبنەوە، دژی بیرۆکەکەی دەوەستنەوە، هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن هەڵەیە، بەڵام لەبەر ئیڕادەی ئازادی، شووشە بۆیان دابین نابێ.

نووسەر تەوزیفی میعراجی کردووە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا. بۆ بانگخوازی و سەلماندنی چیڕۆکی ئایینی نییە، بۆ بەردەوامبوونی وجوودی ئایینە بۆ تا هەتایە. نابێ خۆمان بەوە فریو بدەین پێمان وابێت لە ئێستە یان ئایندە ئایین دوور دەکەوێتەوە لە مرۆڤ. خەڵک هەیە دەست هەڵدەگرێ لە ئایین، بەڵام ئایین وەک سێبەر لەگەڵمانە. هەموو کات. یەک لە ئیشەکانی ئەدەب دروستکردنی پرسیار و گومانە. تەوزیفکردنی میعراج ئەو ئیشە دەکات. ئایا ئەوەی نوێژ نەکات دەچێتە دۆزەخ؟ ئەوەی نوێژ دەکات دەچێتە بەهەشت؟ ڕۆمانەکە دەیان پرسیاری لەم جۆرە دەوروژێنێت. ئیمام حەکیم سەرۆکی دەستەی فەتوایە، کەچی لە گەشتی میعراج خراپ تێ دەکەوێت. بۆ؟ شووشە پابەندە بە ئایین، ئایین و زانست تێکهەڵدەکێشێت بۆ چارەسەری پەتای خۆکوشتن. بەڵام کام ئایین، کام مەزهەب، کام میتۆدی ئایینی؟

لەسەر بەردەوامبوونی ئایین، مەسعود لە لاپەڕە ١٤دا دەڵێ، "... ئایین شتێک نییە لە جغزی سوودی کۆمەڵایەتی دەرچووبێت وەیا لەلایەن کۆمەڵەوە بێبایەخ و بێڕێز بووبێت ... ئایا ئەو فەلسەفە و بیرەباوەڕە پشت لە ئاینانەی دەیانەوێ دەوری دین لە کۆمەڵایەتی و مێژوو کەم بکەنەوە بۆ خۆیان هێندەی ئایین بەردەوام دەبن؟ دەتوانن هەزاران ساڵ بژین وەک کە ئایین ژیاوە؟" ... قابلیەتی بەردەوامبوونی باوەڕی ئایینیش پتر لە باوەڕی ماددی و فەلسەفی، ئەویش بۆ خۆی ڕاستیێکە دەبێ سەرنجی بیرکەرەوە، ماددی بێ یا هەرچی بێ، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی ئەو بەردەوامبوونە ڕابکێشێت." یەک لە ڕۆماننووسەکان لە نامەیەکدا پێمی گوت چۆن لە ساڵی ٢١٠٠ باوی ئایین دەمێنێت. ئەو قسەی سەرەوەی مەسعود محمد وەڵامێکە پڕ بە پێستی ئەم پرسیارە. مەسعود ئەوەش دەڵێت، "چەند سەیرە ملیۆنەها خەڵق لە خۆوە بە ئەرک و مەسرەفی خۆیان خەریکی بەردەوامکردنی باوەڕێک بن کە بەلای بیرکردنەوەی ماددی و عیلمانییەوە فڕی بەسەر ڕاستی و ماددە و سوودی خەڵقەوە نییە، کەچی فەلسەفە ماددییەکە کە خۆی داناوە بە ئاڵای سوود و خێر و خۆشیی گەل ئەگەر پۆلیس و عەسکەر نەیپارێزن لەوانەیە بە زوویی لە بیران بچنەوە."

 

ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە ئاڕاستە (هۆش)ماندا دەبات. هەر تاکێک هۆشی خۆی فەرامۆش کرد، قەدری هۆشی نەزانی، یان هۆشی بە ئارەزووەیلی نزم سەرقاڵ کرد، کۆتاییەکەی خێر نابێت. ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە ڕۆمانەکە خاوەن هۆشی هەرزانن، بەدووی ئارەزووی نزم کەوتوون. مەسعود لە لاپەڕە ٢٤دا دەڵێ نابێ هۆش ببێتە کۆیلەی هیچ شتێک بە ئایینیشەوە. تەنانەت (سروشت)یش بێ هۆش بێ دەسەڵاتە (مەسعود، لا٢٤). زانایانی نێو مرۆڤی هەرزان دەیانەوێت خۆکوشتن بە سروشت چارە بکەن، بەڵام ناتوانن و بیرۆکەکەیان سەر ناگرێت. هەر لە هەمان لاپەڕەدا مەسعود دەڵێت، "ئەو شتانەی پەیدابوونیان بە هۆش بەستراوەتەوە بەر لە پەیدابوونی هۆش بوونی هێزەکیشیان نییە" چونکە هیچ شتێک "ئیدراک و ئیڕادەی" نییە هەست بە خۆی بکات گەر هۆشی نەبێت.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان پێمان دەڵێت مرۆڤ دەبێ بگەڕێتەوە نێو خودی خۆی. بچێتەوە بۆ ئەقڵ، بۆ هۆش، بۆ بیرکردنەوە. ئەو دەمەی مرۆڤ ویستی لەسەر بێت، ماددە دەتوانێت هۆشی داگیر بکات، ئەگەر نا، هیچ شتێک ناتوانێت هۆشی مرۆڤ داگیر بکات. ئەوە مرۆڤ خۆیەتی خۆی تەسلیم دەکات و کۆڵ دەدات. مەسعود لە لاپەڕە ٢٥دا دەڵێت، "... پەک کەوتنی هۆش لە سەر هەبوونی (ماددە) بە خواهشتی ماددەکە نییە: ماددە ئاگای لە هۆش و لە خۆیشی نییە تا بیەوێ پەکی بخات، هەر لە بنەڕەتدا چ خواهشتی نییە، ئەوە هێزێکی خاوەن ئیڕادەیە لە دەرەوەی ماددە، ماددە بە گژ مرۆڤەوە دەنێت و سەری لێ دەشێوێنێت."

 

مرۆڤی نێو ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە دوای وەهم کەوتوون، بە دوای بەرژەوەندیی ماددی کەوتوون، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک دەچن. بێ ئاگان لەوەی ئەو وەهم و بەرژەوەندییانە، جا هەر چی بێت، بەرەو نەمانیان دەبات. کارەساتە بێ ئاگا بی لە مەترسیی ئەودیو بەرژەوەندییەکانت. سامی سێڵ لە گەشتی میعراج بۆی بەدەر دەکەوێت. کارەکتەرەکانی تریش. مەسعود لەم بارەیەوە لە لاپەڕە ٤٠دا دەڵیت، "مرۆڤ بەرژەوەند لە چدا ببینێت ئەوە دەکات ئیتر ڕەنگە بەرژەوەندەکە ماددی بێت یان مەعنەوی بێت وەیا بەرژەوەندییەکی مەهمووم و درۆزن بێت، تەنانەت لەوانەیە مرۆڤ شتێک بە بەرژەوەند بزانێت و بیکات کەچی گەورەترین هەڵەی کوشندەی هەموو ژیانی بێت..."
شووشە ئەم وەهمانە بەلاوە دەنێت، بەرژەوەندیی خۆی گرێ دەدات بە بەرژەوەندیی مانەوەی مرۆڤ. هەرچەندە نیوەڕوح دەبێت، یاوەرەکانی لەسەر دادەنێت، بەڵام کۆڵ نادات لە سڕینەوەی وەهم و ئارەزووە نزمەکان. کەس هەیە لە خۆشیدا خنکا بێت؟ بەڵێ. زۆریش. هێندەی خەڵک لە خۆشیدا دەخنکێن و سەرگەردان دەبن، هێندە لە ناخۆشیدا وایان لێ نایەت. لە دنیای ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، خەڵک لەوپەڕی خۆشیدا دەژین. خۆکوشتن لە ناخۆشییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بگرە لە بەڕەللاکردنی نەفسەوەیە، لە تامکردنی هەموو شتێکەوەیە، لە تاقیکردنەوەی هەموو شتێکەوەیە، لە وێڵبوونە بە دوای ئارەزووەیلی نزم. مەسعود لە لاپەڕە ٦٠دا دەڵێت، "مرۆڤی ڕەها لەوانەیە لە خۆشیدا خنکابێت و داوای پتر بکات، بە پترەکەش ڕازی نەبێت ئیتر با بداتەوە سەر بێباکی و ڕیشبەردانەوە و جلشڕی و قوتەیی و گاڵتە بەدنیاکردن، ..."


سەرچاوە
وارگەی mamosta.net ، مرۆڤ و دەوروبەر (بەشی یەکەم و دووەم و سێیەم)، مەسعود محمد.
گۆران سەباح (٢٠٢١). مرۆڤی هەرزان. نووسیار: کۆپنهاگن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement