فازڵ نهبی: ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت
01:54 - 17/04/2021
زهمهن_ئابووری
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت،
حكوومەتی عێراق ناتوانێ باج بخاتە سەر مووچە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو دەست بە
خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت.
فازڵ نەبی، رایگهیاند: وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی
وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە
مووچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە
بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت
كردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی
یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر مووچە نەكراوە.
بریكاری پێشووی
وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق، به ماڵپهری فهرمی پارتی ووتووه: "ئێستا
بودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاریی زۆری دەق و ماددەكانی
نێو بودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە
كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە
یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی
دەكرێت".
وتیشی: "لەگەڵ
خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە
پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی
داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و
پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج
دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە
رەوانە دەكەن".
دەشڵێت، گرنگە
لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا،
چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی
پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.