نامەیەک
11:13 - 05/04/2021
ئیسحاق بابل
و. لە ڕووسییەوە: شیروان
مەحموود محەممەد
فەرموون ئەمە نامەیەکە ،
من لە سەر خواستی کوردیوکەفی مێرمنداڵ و جەنگاوەرێکی ناو هێزەکەمان نووسیومە و شایانی ئەوەیە کە لە بیر نەچێتەوە و
نەفەوتێ . من بێ ئەوەی هەوڵی ڕێکوپێکردنی بدەم، بەم شێوەیەی خوارەوە دەیخەمە بەر
دەستتان:
'' دایکی میهرەبانم یەڤدەکیا فیۆدەرەڤنا. هەر لە یەکەمین دێڕەکانی
ئەم نامایەوە بە پەڕۆشەوەم هەواڵتان بدەمێ کە لەسایەی خواوە من ساغ و سەلامەتم و
لەژیاندام و ئاواتەخوازیشم هەمان شت سەبارەت ئێوە ببیستم. هەرەوەها بەوپەڕی
ملکەچییەوە ڕوخساری سپیم تا ئاست خاکی ساردوسڕ لە بەردەمتاندا دەچەمێنمەوە...''
( دوای ئەمە ناوی یەک
بەیەکی خزم و کەسوکاری دوورو نزیک دێنێت و سڵاویان لێدەکا. ئەم بەشیان جێدێڵین
دەچینە سەر بڕگەی دووەم ):
'' دایکی میهرەبانم،
یەڤدەکییا فیۆدەرەڤنا کوردیوکەڤا، دەمەوێ خێرا پێتان ڕابگەیەنم کە من ئێستا لە ناو
لەشکری سوارەی سووری ژێر فەرماندەی هاوڕێ بودیۆنیدام . هەرەوەها نیکۆن ڤاسیلیچی
خزمیشتان لێرەیە، کە لەم کاتەدا وەک پاڵەوانێکی سوور دەستنیشان کراوە. ئەومنی
بردۆتە تەک خۆی لە فەرمانگەی بەشی سیاسی، لەوێ بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکان دەگەێنینە
پێگەی جەنگاوەران: وەک هەواڵی کۆمیتەی
ڕاپەڕاندنی ناوەندی مۆسکۆ، پراڤدای مۆسکۆ و ڕۆژنامە ئازیز و بێبەزەییەکەی هێزی
سوارەی خۆمان کە هەر جەنگاوەرێک ئاواتەخوازی خوێندنەوەیەتی و دوای ئەوەش ئیتر
قارەمانانە هەرچی دەرەبەگی پۆلونییە
دادەپاچێ، هەرچی منیشم ژیانێکی زۆر نایاب دەژیم لە خزمەت نیکۆن ڤاسیلیچدا.
دایکی
میهرەبانم، یەڤدەکێیا فێۆدەرەڤنا، چیتان لە دەست دێت بۆم بنێرن. تکایە بەرازە پەڵەدارەکە بکوژنەوە و تێشوویەکم بۆ بکەن و بۆم پۆست بکەن بۆ
بەشی سیاسی هاوڕێ بودیۆنی و، لێی بنووسن بگات بە دەستی ڤاسیلی کوردیوکەڤ. من هەموو
ڕۆژێک بە سکی برسی و بەڕووت و قووتی دەچمە ناو جێگاوە، بۆیە یەکجار ساردە.
نامەیەکم بۆ بنووسن و باسی ستیۆپا م بۆ بکەن، ماوە یان نا، ئێستاش هەر قاچەکانی بەر یەک دەکەون ،
خورانی قاچەکانی پێشەوەی هەر ماوە، ناڵ کراوە یان نا؟ دایە گیان، یەڤدەکییا
فیۆدەرەڤنا ی میهرەبان، بیرتان نەچێت ئەو قاچانەی بەو سابوونە داشۆرن کە لەپشت
ئایکۆنەکە دامنابوو، خۆ ئەگەر باوکە سابوونەکەی مەحف کردۆتەوە ، تکایە لە
کراسنەدار سابوونی تر بکڕن ، خواش جەزای بەخێری ئەو کارەتان دەداتەوە. هەرەوەها
دەتوانم پێتان ڕابگەیەنم کە ئەم ناوچەیە بەجارێک هەژار و لێقەوماوە، جووتیارەکانی
ئەم ناوە، لە ترسی هەڵۆ سوورەکانی ئێمە ،
خۆیان و ئەسپەکانیان لە دارستانەکاندا دەشارنەوە، حاسڵاتی گەنمیان تەواو لاواز و
زەبوونە و ئێمە پێکەنینمان پێیان دێت. جووتیارەکان جۆ و شەشپەڕەش دەچێنن. لە
کێڵگەکاندا خمێڵ سەری دەرکردووە وبە هەموو لایەکدا پەلی کووتاوە و جووتیارەکانیش
ڤۆدکای لێ دروست دەکەن.
دووەم شت لەم نامەیەدا
دەمەوێ خێرا باسی ئەوەتان بۆ بکەم، چۆن باوکە ساڵێک لەمەوبەر هات و تێمافێیج
کوردیوکۆڤی برامی دایە بەر شمشێر. بەتالیۆنی سووری هاوڕی پەڤلیچێنک هێرشیان
کردبووە سەر شاری ڕەستۆڤ کاتێک دەرکەوت کە
ناپاکی لەناو هێزەکەماندا سەری هەڵدابوو. باوکەش لەو کاتەدا لە لای ژەنەڕاڵ
دینیکین فەرماندەی فەسیل بوو. ئەو خەڵکەی دیبوویان دەیانگوت کە مەدالیاو
نیشانەکانی سەردەمی پێشووی هەر لە خۆی
نەکردبووە. لە ئاکامی ئەو ناپاکییەی باسم
کرد ئێمە هەموومان بە دیل گیراین و فیۆدەر
تیمافێیچی براشم لە ناو دیلەکاندا کەوتبووە بەرچاوی باوکە و ئەویش بە شمشێر
بەرببووە گیانی و هاواری دەکرد: هەی سەگە سووری کوڕی دێڵەسەگ و، کەوتبووە وێزەی و
تا درەنگانێک، کە تاریک داهات، لە کۆڵی نەبووەوە تا ڕۆحی دەرچوو. من هەر ئەوکات
نامەیەکم بۆ ئێوە نووسی کە چۆن فێدیای کوڕتان ژێرخاک نراوە و تەنانەت خاچێکیش بە
سەر گۆڕەکەیەوە نییە. بەڵام باوکە نامەکەی پێگرتم و پێیگوتم: ئێوە توخمی
دایکتانن،هەی پاتاڵینە، من دایکتانم ئاووس کردووە جارێکی تریش ئاووسی دەکەمەوە، خۆ من ژیانم هەر بە زایە
چووە، من لە پێناو ڕاستیدا ئەو خێزانەم
سەرەونگوون دەکەم، من، وەک حەزرەتی عیسا، هەر جەخارم لە ئێوە دیوە. پاش ماوەیەکی کەم من لە دەست باوکە هەڵاتم و خۆم
گەیاندەوە هێزەکەی خۆمان لە ژێر فەرماندەی هاوڕێ پاڤلیچێنکۆ . ئیتر
فەوجەکەمان فەرمانی پێ درا بچێتە ناو شاری
ڤارۆنیژ بۆ پڕکردنەوەی ڕیزەکانمان و لەوێ
هێزی ترهاتنەپاڵمان و لەوێ جەنگاوەر و ئەسپ و چەک و تفاقی و پێویستییەکانی ترمان
دابین کرا . سەبارەت ڤارۆنیش، دەتوانم بە دایکی میهرەبانم، یەڤدەکێیا فیۆدەرەڤنا،
بڵێم کە شارێکی زۆر قەشەنگە، لە کراسنەدار گەورەترە، خەڵکەکەی زۆر جوانن،
ڕووبارەکەی زۆر لە بارە بۆ مەلەکردن. ڕۆژی دوو فوونت نانیان پێدەداین، نیوفوونت
گۆشت و شەکریشیان هێندە دەداینێ کە بەیانیان و ئێوارانیش چای شیرینمان دەخواردەوە
و ئیتر برسێتیمان هەر لەبیر چووبووەوە . بۆ نانی نێوەڕۆ دەچوومە لای سیمۆن تیمافێەچی برام، ئیتر یان
کەلانەم وەردەگرت یان گۆشتی قاز، دوای ئەوەش لێی پاڵدەکەوتم و دەحەویمەوە. لەو
ماوەیەدا سیمۆن تیمەفێیچ هێندە ناوبانگی ئازایی دەرچوو بوو کە هەمووان لە
فەوجەکەدا ئاواتەخوازی ئەوەبوون بکرێتە فەرماندە ، بۆیە هاوڕێ بودیۆنی فەرمانی
بەرزکردنەوەی بۆ دەرکرد و دوو ئەسپ و دەستێ جلی ڕێک و پێک و عەرەبانەیەکی بۆ
بارکردنی شتەکانی و مەدالیای بەیداخی سووری پێبەخشی، منیش ئیتر وەک برای ئەو حسابم
بۆ دەکرا. جا ئێستا هەر دراوسێیەک ئازارتان بدات ئەوا سیمون تیمەفێیچ ئامادەیە سەریتان بۆ ببڕێت. دوای ئەوە کەوتینە ڕاوەدوونانی ژەنەڕال
دینیکین، هەزار دانەیەکمان لێ داپاچین و، بەرەو دەریای ڕەش تەنگمان پێهەڵچنین، بەڵام هەرچیمان کرد و کۆشی باوکە لە
هیچ شوێنێکەوە دیارنەبوو. سیمون تیمەفێیچ هەرچی پێگە و شوێنەکان بوو بە دوایدا
گەڕا، چونکە زۆر بیری فێدیای برامانی
دەکرد. بەڵام دایکە گیان، ئێوە خۆتان باوکە وکەللەرەقییەکەی دەناسن، جا بزانن چی
کردبێت باشە – چاوقاییمانە چووبوو ڕیشە خەنەییەکەی خۆی بۆیەی ڕەش کردبوو، لەشاری مایکۆپ بە جلی
سیڤیلەوە خۆی حەشاردابوو، کەسێک لەو شارەدا نەیدەزانی کە ئەوە لە دەورانی ڕژێمی
پێشوودا پۆلیس بووە، بەڵام ڕاستی هەر دەردەکەوێت. بە ڕێکەوت نیکۆن ڤاسیلیچی خزمتان چاوی بە باوکە کەوتبوو لە ماڵی جووتیارێکدا.، ئیتر خێرا نامەیەکی بۆ
سیمۆن تیمەفێیچ نووسیبوو. ئێمەش، من و سێنکای برام و چەند سوارەیەکی تری
وێستگەکەمان، کە خوازیاربوون لە گەڵماندا
بە ڕێکەون، خێرا سەرپشتی ئەسپ کەوتین و بیست فرسەقێک غارمان دا.
دەی چاکە، ڕەنگە بپرسن
ئێمە چیمان دی لە شاری مایکۆپ؟ دەبینین هێڵەکانی دواوە هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ
بەرەکانی پێشەوە نییە، لە هەموو لایەکەوە
ناپاکی بڵاوبۆتەوە و ئەو ناوە پڕە لە جووەکان، هەر وەک سەردەمی ڕژێمی پێشوو. سیمون
تیمەفێیچ دەمەقاڵییەکی گەورەی نایەوە لە گەڵ ئەو جووانەی نەیاندەویست دەست لە
باوکە بەردەن، خستبوویانە ژوورێکی
زیندانەوە و دەرگایان لە سەر قفڵ دابوو. دەیانگوت کە فەرمانی هاوڕێ ترۆتسکییان پێگەیشتووە کە دیلەکان نەکوژن، ئێمە خۆمان
دوایی دادگای دەکەین و سزای هەموو کردارەکانی وەردەگرێت. بەڵام سیمۆن
تیمەفێیچ لە سەر قسەی خۆی سووربوو و بۆی
سەلماندن کە ئەو فەرماندەی فەوجە و لە دەستی هاوڕی بودیۆنییەوە مەدالیای بەیداخی سووری وەرگرتووە و هەڕەشەی
ئەوەی لێکردن، کە هەرکەسێک ڕێگری لە ڕادەستکردنی باوکە بکات، لە ملی دەدات. ئەو
جەنگاوەرانەی لە گەلیشماندا هاتبوون ئەوانیش هەڕەشەی خۆیان کرد. هەر کە دەستیشان
گەیشتە باوکە دایانە بەر قامچی . هەرچی جەنگاوەران بوو لە سەر نەزمی سەربازی لە
گۆڕەبانەکدا ریزیان بەست . ئەوسا سیمۆن تیمەفێیچ ئاوی کرد بە ڕیشی باوکەدا و بۆیە
بە ریشی باوکەدا هاتە خوارەوە. سێنکا تیمەفێیچ لە باوکەی پرسی:
_ حاڵتان خۆشە، باوکە،
ئێستا کە کەوتوونەتە بەر دەستم؟
_ نەخێر_ باوکە وەڵامی
دایەوە _ حاڵم شرە.
ئینجا سێنکا لێی پرسی:
_ ئەی کە فێدکا❊ کەوتە دەست ئێوە و بەر
شمشێرتان دا ، ئەو حاڵی خۆش بوو؟
_ نەخێر_ باوکە وەڵامی
دایەوە_ فێدیا❊ حالی شڕ بوو.
_ ئەی باشە باوکە،
بیرتان لەوە کردبووە وە کە ئێوەش حاڵتان خراپی لێ بەسەردێت
_ نەخێر_ باوکە گوتی_
لەو باوەڕەدا نەبووم حاڵم خراپ ببێ
ئەوسا سێنکای❊ برام ڕووی کردە خەڵکەکە
و بە باوکەی گوت:
_ من لەو باوەڕەدام ،
گەر من بکەومە دەست ئێوە ، بەزەییتان نابێت بەرامبەرم، جا لە بەر ئەوە، باوکە ،ئێمە ئێستا کۆتاییت پێدەهێنین.
ئیتر تیمەفێی ڕەدیۆنیچ
کەوتە جنێودانی بێ شەرمانە بە دایکمان و بە حەزرەتی مەریەم و دەستی هەڵهێنایەوە و
کێشای بە دەمی سێنکا دا، ئیتر سێنکای برام منی لە گۆڕەپانەکە ناردە دەرەوە. لە بەر ئەوە، دایکە گیان، من ناتوانم وەسفی ئەوەتان بۆ بکەم چۆن کۆتاییان
بە باوکە هێنا، چونکە وەک گوتم ئەوکاتە من لە دەرەوەی گۆڕەپانەکەبووم .
دوای ئەوە ئێمە لە شاری نەڤەڕەسیسک لاماندا.
سەبارەت ئەم شارە دەکرێ بڵێم کە وشکانی چییە لە دەوروبەری نییە، هەموو دەوروبەری
ئاوە، دەریای ڕەشە. ئێمە تا مانگی ئایار لەوێ ماینەوە، دوایی ڕوومان کردە بەرەی
پۆڵۆنیا و لەرزمان خستە دڵی دەرەبەگە نەجیبزادە پۆڵۆنییەکانەوە.
ئیتر تا ماوم ڤاسیلی
تیمەفێیچ کوردیکۆڤی کوڕتان دەبم . دایە گیان چاوێکت لە ستیۆپکا بێت، خواش چاوی لە
ئێوە دەبێت.
( ئەمە نامەکەی
کوردیوکۆڤە بوو، بێ ئەوەی یەک وشەم لێ
گۆڕیبێت. کە لێبوومەوە کاغەزە نووسراوەکەی لێوەرگەرتم و خستییە باخەڵییەوە ، لە
سەر گۆشتە ڕووتەکەی شاردییەوە.
_کوردیوکۆڤ، پێم بڵێ،
بزانم _ من لە مێرمنداڵەکەم پرسی_ باوکت
کابرایەکی بەد بوو؟
_ باوکم سەگێک بوو بۆ
خۆی_ بە مۆنییەوە وەڵامی دامەوە.
_ ئەی دایکت باشتر بوو؟
_ دایکم خراپ نەبوو ،
فەرموو ئەوە هەموو خێزانەکەمانە_ ئەو وێنەیەکی شکاوەی بۆ ڕاگرتم.
لە وێنەکەدا،تیمەفێی
کوردیوکەڤی باوکیان، وەک پولیسێکی
چوارشانە دەبینرا بە شەپقەیەکی فەرمی و ڕیشێکی داهێنراوی بە شانە دووفاق کراوەوە ،
کابرایەکی بێ جووڵە و ئێسقانی ڕوومەت دەرپەڕیوو، بە نیگایەکی بریسکاوە و دوو چاوی
بێ ڕەنگ و بێ هیچ جۆرە دەربڕینێک. لە تەنیشتییەوە و لە سەر کورسییەکی قامیش
ژنەجوتیارێکی ڕیۆڵە بە چاکەتێکی
گەورەوە، خۆی گرمۆڵەکردبوو، ڕوخسارێکی
لاواز و شەرمنی هەبوو. لە لای دیوارەکەوە، کە وەک دیواری هەر وێنەگرێکی زەبوون و لادێیانە بوو، بە خۆی و نیگاری کۆتر و
گوڵەوە، دوو کوڕی مێرمنداڵ وەستابوون.
دووانی کەتە و دەمووچاو پان و گەمژە، وەک لە مەشقی سەربازیدابن، ڕەپ
ڕاوەستابوون. ئەوە دوو براکەی ڤاسیلی، فیۆدەر و سیمۆن بوون.
❊ فێدکا : یان فێدیا کورتکراوەی
ناوی فێۆدەرە
❊ سێنکا: کورتکراوەی ناوی سیمۆنە
ئیسحاق بابل(١٨٩٤-١٩٤٠) سێیەمین منداڵی خێزانێکی جوو
بووە کە لە شاری ئۆدێسای سەر دەریای ڕەش ژیاون. پاش خوێندنی ناوەندی لەساڵی ١٩١٦
خۆی دەگەیەنێتە پایتەختی ئەوسای ڕوسیا، پیترۆگراد، ئەگەر چی بەپێی یاسا
جووەکان بۆیان نەبووە لە پایتەخت نیشتەجێ ببن. بەڵام ئەو بە بیانووی خوێندنەوە
ڕەزامەندی پۆلیس وەردەگرێ و یەکسەر لە پۆلی چواری کۆلیژی یاسا وەردەگیرێت. ئەو بە سەر هەرسێ زمانی ڕووسی و
فەرەنسی و ئیدیشدا زاڵە و بەرهەمەکانی سەرەتای بە فەرەنسی دەنووسێت. هاوینی هەمان ساڵ دۆستایەتی لە گەڵ مەکسیم گۆرکی پەیدا دەکات و لە گۆڤاری ''
لێتەپیس'' کە گۆرکی سەرپەرشتی دەکرد یەکەمین بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە. هەر لە سەر
ئامۆژگاری گۆرکی'' دەچێتە ناو خەڵکەوە'' و چەندین پیشە تاقی دەکاتەوە. لە
کاتی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی پاش شوڕشی
ئوکتۆبەر دەبێتە پەیامنێری جەنگیی و لە پاڵ لەشکری یەکەمی سوارەدا و لە ژێر فەرماندەی بودیۆنی
ئەفسانەئاسادا لە تەک بەڵشەفیەکاندا دەچێتە بەرەکانی شەڕ. لەوێ دەبێتە شایەتحاڵی
هەموو تاوانەکانی جەنگ و دڵرەقی و داماڵڕانی بەها مرۆییەکان لە لایەنە بەیەک
هەڵپژاوەکاندا دەبینێ. بابل ئەو بەسەرهاتانە لە کتێبێکدا لە ژێر ناوی '' لەشکری
سوارە'' وەک زنجیرەیەک کورتە چیرۆک بڵاودەکاتەوە.
ئەم چیرۆکەی ئێستا لە بەردەستی خوێنەری هێژادایە
یەکەمین یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئەو کتێبە ، کە ئەگەر بەخت یارمبێت بەتەمام هەمووی
وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی . بڵاوکردنەوەی کتێبەکە تۆڕەبوونێکی زۆری بودیۆنی لێکەوتەوە
و ئەگەر مەکسیم گۆرکی بۆ بابل تێنەکەوتایە ڕەنگبوو هەر ئەو کات سزایەکی گەورە بدرایە.
ئیسحاق بابل لە سەرەتاکانی دەیەی سێیەمی سەدەی پێشودا
ڕوودەکاتە ناوچەی ئوکراینا بۆ ئەوەی لەسەر
گەورەترین تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتی سۆڤێت، وا تە لە سەر بە
هەرەوەزکردنی کەرتی کشتوکاڵ بنووسێت. ئەو ئەزموونەی ئازاراێکی زۆری دەدات و
نائومێدییەکی زۆری تیادروست دەکات کاتێک دەبینێت کە شێوازو ئامرازەکانی ئەو شاڵاوی
بە کۆلیکتیڤکردنە زۆر لەوانەی شەڕی ناوخۆ ترسناکتر و نا مرۆڤانەتر و ئاکامەکانی
تابڵێی تراژیدییانەتر بووە.
ساڵی ١٩٣٨ بابل دەکرێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی
دەزگای چاپەمەنی دەوڵەتی بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکان . ساڵێک دواتر دەگیرێت و تۆمەتی
بەشداری لە چالاکی تێرۆریستانە و پیلانگێڕانەی دژە سۆڤێتی دەدرێتە پاڵ و هەموو
بەرهەمە ئەدەبیە چاپ نەکراوەکانی دەستیان بەسەردا دەگیرێ و بەشی هەرە زۆریان بۆ
هەتا هەتایە لە ناودەچن. بابل لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار دەکرێت کە دان بەوەدا بنێت
گوایە پەیوەندی لە گەڵ ترۆتسکییەکاندا هەبووە و بەڕاسپاردەی ئەوان هەوڵی داوە لە
بەرهەمەکانیدا واقیعی سۆڤێتی بشێوێنێ و لە ڕۆڵی حیزب کەمکاتەوە و لەناو
هونەرمەنداندا خەریکی کاری پیلانگێڕی بووە و، بەوەشەوە نەوەستاوە سیخوڕی بۆ
فەرەنسا کردووە و لەڕێگای ئیلیا ئێرنبورگەوە پەیوەندی لە گەڵ نووسەری فەرەنسی
ئەندرێی مالڕۆ بەستووە و، سەبارەت هێزی ئاسمانی سوڤێت زانیاری پێداوە . دادگا
بڕیاری مەرگی بەسەردا سەپاند و هەر بۆ ڕۆژی دواتر واتە ٢٧ی یەنواری ١٩٤٠ ئەو
بڕیاڕە بە ئیمزای ستالینەوە بە سەر بابل و چەندین کەسی تردا ئەنجام دەدرێ و
هەموویان لە گۆڕی بەکۆمەڵی ژمارە ١ ی گۆڕستانی دانسکۆی دا دەخرێتە ژێر خاکەوە. ئێرنیست هەمینگوای زۆر سەرسام بووە بە شێوازی نووسینی
بابل و گوتوویەتی کە:'' شێوازی نووسینی بابل لە شێوازینووسینی منیش کورتکراوەتر و
پوختترە''