کەلتور

بۆ دەنووسم؟ شاعیر چی دەنووسێ؟

08:37 - 02/03/2021 154 جار خوێندراوەتەوە

دڵشاد عەبدوڵڵا

ئەوەی دەینووسێ ڕەنگدانەوەی جیهانی بووەیە؟

 

یان خوڵقاندنی جیهانێکی ترە لە وشە؟ چ سوودی هەیە کاری وەها، مەگەر ئێمە بەدەست جیهانێکەوە گرفتارنیین؟ جیهانی تر بۆ چییە؟
ئەگەر شاعیرەکان خەونیان هەیە و خەونەکانیان لە واقیعدا جێگەی نابێتەوە و ئەو جیهانەی ئەوان بە نیازی خوڵقاندنی دەنووسن جیهانی نموونە و بەرهەمی خەیاڵە( میسال) و مرۆڤ تێیدا دەگا بە کاملی جوانییەکان؛ کەواتا جوانی ئەنجامە و ئەو جیهانەی تێیدا دەژین چ ڕۆڵ و مانایەکی دەمێنێ؟
زمان بەشێک لەو گرفتەی چارە کردووە بە فانتازیا، ئەگەر هەندێک هەورازتر هەڵکشێم ئەوەی زمان دروستی دەکا کرۆکی بوونە. هیچ شتێک لە دەرەوەی زماندا نییە. ڕاستتر ئەوەیە جیهانی شیعر دنیای ڕاستەقینەیە و ئەوەی تر فۆتۆکۆپییە، پێچەوانەی دیواری ئەشکەوتەکەی فڵاتوون.
دەوترێ، ئەوەی چاوی شاعیر دەیبینێ کەسانی تر ناتوانن بیبینن، ئەم ڕستەیە پڕ بەپێستی ئەو بیرکردنەوەیەی سەرەوەیە. شیعر دنیای ڕاستەقینەی فرە ڕەهەندە.لە کۆنەوە شاعیر ئەو تایبەتمەندییەی هەیە، بازنەی بینینی فراوانترە. ئەم جیاوازییە بەگوێرەی تیۆری ڕێژەیی بۆ ڕووبەری ڕووناکی داڕژاو دەگەڕێتەوە. ڕووناکی دوو جۆرە، یەکیان سەرچاوەکەی لە خۆرەوەیە ئەوەی تر لە ناو دڵ! ( ناوەوە)، ڕاستتر لە زماندایە و شاعیر ئاشکرای دەکا، بۆیە لەناو هەندێک میللەتی کۆندا شاعیر وەک پێغەمبەر دەناسرا، ئەویش تیشکی ڕووناکی خودا دەداتەوە ئەگەر بەراووردکردنەکە گونجاو بێ.
شاعیری نوێ لەو میسالیاتە کەمێک دوورکەوتۆتەوە، دەڵێم کەمێک چونکە دنیای نووسین لە ئاقاری خەیاڵدایە.

شیعری نوێ نزیکترە لەگەشەی دەرخستەکانی ژیانی ڕۆژانە و خەمی تاک، ئەو توونێلانەی ئاوەز لە ئەزموونی ژیندا بە وتەی هایدیگەر هەڵی دەکۆڵێ و ئەو فەزایەی واڵای دەکا سنووری بینین دەکاتەوە. ئەوەی شیعر دەیکا لە پوختی دەربڕیندا زمانی نووسینی پاک دەکاتەوە لەو فشوفۆڵییەی لەڕێی بیرکردنەوەی گشتگیر و بابەتییەوە دروست بووە، بەمەش هەوڵی پاراستنی کرۆکی بوون دەدا.
من نامەوێ خوێنەر ببەم بۆ ئەو دیوی شتەکان و چێوەیان وەکو تەمومژی خەیاڵی ڕووت نیشان بدەم، هێندەی دەمەوێ ئاوڕ لەو پەیوەندی و چشتانە بداتەوە کە هێندە نزیکن لێیەوە ناتوانێ دەستبەرداریان بێ. من چێوە دروست ناکەم تابلۆ دەکێشم.
شیعر وەکو تەشقێکی ئایینی زۆر بە ئاسانی ئەنجام دەدرێ، بەڵام مانا و مەغزای دوورتری هەیە. جیاوازی نێوان تەشقی شیعر و ئایین ئەوەیە هی ئایین ڕوو لە ئاسمان و غەیبە هی شیعر خەرمانەی دەوری مرۆڤە بەرەو ناخ.
دۆزینەوەی ژمارە چ گۆڕانێکی لە زانست دروستکرد، شیعر هەمان گۆڕانی کرد لە زماندا بە شفرە و هێماکانی بە واڵاکردنی ئاسۆ لەبەردەم دەربڕیندا.
لە کوێوە هاتووم و بەرەو کوێ دەچم؟

'' چۆن ناتوانم لە منداڵیم دەربازبم ئاوەهاش ناتوانم لە ڤرجیل و دانتی و بۆدلێر و مەولەوی ڕزگاربین'' گومان دەکەم ڕستەیەکی لەوچەشنەم لە شوێنێک خوێندبێتەوە هەرلەبەر ئەوەشە خستمە ناو جۆت کەوانەوە.
ئەوان قۆناغی منداڵیی نیین هێندەی ئیشارەتی گەورەن بەسەر بازنەی داهێنانەوە بەردەوام دەخولێنەوە. ئەگەر ئەفراندن بە شێوەی بازنە بچوێنین کە سەرەتا و کۆتایی نییە.
ئەوانەی ئاگاداری کۆی بەرهەمەکانی منن دەزانن ئەو ڕستەیە هی منیش نەبێ بۆ ئەزموونی من گونجاو و پڕ بە پێستییەتی.
من لە ژیانمدا نە پوولم کۆکردووەتەوە نە پەپوولە تا ئەلبوومیان لێ دروست بکەم، وشە و هەستم کۆکردووەتەوە و چوومەتە بنجوبنەوانی هەستەکان و شکست و سەرکەوتنەکانی مرۆڤ و درێژەپێدانەکانی نێوان شتە جودا و هەندێکجار دژەکانم دیتیتەوە و گەشەم بە توانای داڕشتن داوە بۆ دەرخستنەوەیان لە واقیعێکی شیعرییدا.
ئەوانەی پوول و پەپوولە کۆدەکەنەوە دوای ساڵانێک ئەگەر جیهانبینیان نەشگۆڕێ، بەڵام هەست و بیرکردنەوەیەکیان لە لا دروست دەبێ تایبەت بەجیهانی کەرەستەکانیان. کەچی شاعیر لەدوای ئەزموون جیهانبینی بە چەشنێک دەگۆڕێ کە شیعر ببێتە هەموو ژیانی.
ئەگەر شیعر نەبێ زەحمەتە بتوانێ بژی، وەک کەسێک فێری هەناسەی ئاسایی بێ ئەگەر ئۆکسجینی دەستکرد و بوتڵی بۆ دانێن چی بەسەردێ؟
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە ڕیتمی ژیان و ڕووداوەکان گۆڕا، ئەوەی پێی دەوترا داهاتوو بوو بە تراویلکە. بایەخ بەو ساتانە درا کە تێیدا دەژین، ئەوەی لەکتێبەکانی فەلسەفە بە زەمەنی بوونگەرایی ناسراوە بەگوێرەی هایدیگەر و سارتەر.
ئیلییەت لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەو گۆڕانە نوێیە دەنووسێ:
ئەو شارستانیەتە چەندین پارچەی پەرشوبڵاوە کۆبۆتەوە، ئەو پارچانە کە بەر هەستی وریای شاعیر دەکەون شیعرێکی ئاوێتەی پڕ لە کینایە دێتەکایەوە. مانا گشتیەکان بە زمانێک دەردەبڕێن کە لە بنچینەدا کورتهێنە! ( مەبەست لەو موعاناتەیە کە شاعیر بەدەست ڕکێفکردنی زمانەوە دەیچێژێ لەکاتی دەربڕیندا).
واتا ناکرێ شیعر قورس و ئاوێتەیی نەبێ.
دوای نیو سەدە لەم بۆچوونە و بچووک کردنی مرۆڤ لەلایەن سیستمی جیهانی نوێوە، شیعر زێتر ڕوو لە سادەبوونەوە و ڕوون بوونە، ئەم ڕوونبوونەوەیە جگە لەوەی گەشەی ئەزموونی نووسینی شیعرە لە جیهاندا لەهەمان کاتیشدا ئامادەبوون و کاریگەری خوێنەرە بە شێوەی چالاکتر.
بەگوێرەی مەنتیقی خوێندنەوە و زۆری ئەزموونە شیعرییەکان با دەبوو خوێنەری شیعر زیاتربا، کەچی دەبینین لە کشانەوەدایە!
ئەم دۆخە بۆ پاڵەپەستۆی واقیع دەگەڕێتەوە، یان نا ئامادەیی شیعر؟
شیعر وەکو هەوا نەگۆڕاوە، بەڵکو ژینگەی خراپ هەوای پیس کردووە، شیعر زمان پاک دەکاتەوە لە زیادەی ناشیعریی وەکو چۆن فڵتەر هەوا پاک ڕادەگرێ.
لەنێوان پاراستنی ئەو هەستەی هەمە بەرانبەر شکۆی زمان و ئەزموونی خۆم لەگەڵ وشە و دەستەواژەکاندا و پاراستنی ئەو تەلیسمەی لە ئەفسانەکانەوە پێیدراوە لەگەڵ ئەو لادانانەی ڕۆحی زمانی شیعرە بە گوێرەی کۆهین، ڕێچکەیەکم بۆخۆم کردووەتەوە ئەویش نووسینی شیعری ڕۆشنبیرییە. ئەم کارە بەشێکی سەلیقە و خۆڕسکە و بەشی تری پڕۆژەیە.
ئەم دەستەواژەیە پێشتر بەکارهاتووە لە ئەدەبی میللەتانی تردا، بۆ شیعری گۆستاف میووش و پێشتر بۆ تی. ئێس. ئیلییەت- یش بەکارهاتووە.
دانتی دەیتوانی کۆمیدیا بە زمانی ڕاستەوخۆ بنووسێ، نەینووسی.

تێگەیشتن بۆ شیعر هەمان تێگەیشتنە لە کۆنەوە، ئەوەی گۆڕاوە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان شیعر و خوێنەرە.
میلتۆن مەلحەمەی '' بەهەشتی ونبوو'' ی لە سەدەی حەڤدەدا نووسی، کە بە سەردەمی داڕمانی ئەدەب دەناسرێ لە ئەدەبی ئینگلیزیدا دوای شیکسپیر و شاعیرانی میتافیزیک، سەردەمی جەنگی ناوخۆش بوو، کەچی تێکستێکە پڕ لە ڕەمز و ئەفسانەی هەمەجۆر.
ناتوانین مەزەندە بکەین کام جۆر شیعر پێویستە، بەڵام دەتوانین بڵێین، شیعر پێویستییە.
سارتەر قسەیەکی هەیە دەڵێ: لانیکەم دەبێ سەدەیەک چاوەڕێ بکەین تا بزانین ئەوکارەی ئەنجاممان داوە توانا و مافی مانەوەی هەیە یان نا.
بەو گریمانەی سارتەر ئەگەر بەرهەمی خۆم بپێوم دەبێ چاوەڕێ بکەم. بە متمانە و دڵنیاییەوە چاوەڕێ دەکەم، ترسی ئەوەم نییە مێژووی داهێنان غەدرم لێبکات!
بەکورتی، من تەنیا ژیانی خۆم نانووسمەوە، هەستی خۆمێک دەنووسمەوە کە لە بنچینەدا سروشتی کۆی هەیە، ژیانەکان و مرۆڤەکان لە دنیایەکدا تەنیا یەک ڕەهەندی نییە بەڵکو شەش پاڵووە. *
سەیرم کرد هەموو مێژووی وڵاتم شراوەی بن عەردییە کەوتمە ئیشکردن لەناو ناخی مرۆڤەکانی، ئەویش لێوانلێوی غەریبییە، لەو نێوانەدا ڕێجکەی شاعیرانی بەرلەخۆم نەگرت، بە لاڕێیەکدا هاتم شوێنەواری کەسی تری لەسەر نەبێ، ئەوەی زۆریش سەرنجی ڕاکێشاوم ئەو غەریبییەیە وەک بارێکی گران بەشانەوەیە بوارنادە سەر بەرزبکەینەوە!
هەستم بەر هەرشتێک بکەوێ ئەگەر خوێنیشی لێ نەیێ شوێنەواری دەمێنێ، بەو حەماسەتەوە دەنووسم، بەس بە هێمنی خۆڵەمێش ئاگری شیعر دەپارێزم.

ئەکید شیعر وەک لاسکێکی تەڕ لە قۆناغی لاوییدا دەرکەوت و دواتر قەد و قەوارەی بۆ خۆی دروستکرد. سەرەتا تۆوێک بووە ڕەشەبایەک هێنای، نە هیچم لەبارەی تۆوەکە دەزانی نە ڕەشەباکە! ماندووبوونێکی زۆر و کەمێک بەهرە کردی بەوەی دەیبینن.
ناڵێم هەموو ژیانم تەنیا شیعر بووە، وا بوایە خێزان و منداڵم نەدەبوو، هێندە هەیە ڕاستگۆیانە بەشی هەرە گرنگی ژیانم بۆ شیعر تەرخانە، دڵنیاشم خێزانم ئەگەر بۆ هیچ شتێکم بە وەفا نەبن، دەبێ ئەو شکۆیە بپارێزن کە شیعر بۆ منی فەراهەم کردووە، ئەکید بۆ ئەوانیش.
-----------------------
شەش پاڵوویی قۆناخێکی هونەرە لای پیکاسۆ و پراک بەیەکەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement