باوکم ژیان دەنووسێتەوە
08:21 - 02/03/2021
سوارە کافرۆشی
ژیان دەرگاکانی هەمیشە کراوەن
زەوی پەنجەرەکانی ئاوەڵا کردووە
تا شەماڵێک پێمان بگات
نەسیمێک رۆژەکانمان پڕ بکات و
یادگارییەکانمان بنووسێتەوە
یادەوریم دەرگاکانی ئاوەڵایە
باوکم دەیگوت
کە باپیرەم بەرد شکێن بوو
هەموو رۆژێک
خۆی و چەکوش
بازووی بەهێز
بۆ شکانی ئەو بەردانە
شێوەکانی دادەتاشی
لێ باپیرە
هەموو رۆژێک
ژیشکی ژێر بەردەکانی
لەپەنای دارێک دادەنا
نەکا چەکوش
بەزەوییەوە دایانکوتێت
باپیرەم ژیانی رەنگ دەکرد
یادەوەریم کۆترێکی زامدارە
لەسەر دار هەرمێی حەوشەکەمان هەڵنیشتووە
من لە ژوورێکی نهۆمی دووەم راکشاوم
خەریکی خوێندنەوەی گۆرستانی چراکانم
دەنگێک دێتە گوێم
دەنگی باوکمە لەداڵانەکە
سورەتی ئەنفال دەخوێنێتەوە
ئەم مینا منداڵێک بیری دایکی بکات
هەر لەوساتە ئاونگێک بە روومەتیدا دێتە خوارێ
باوکم لە خەیاڵیدا منداڵ بۆتەوە
لە پەنجەرە چێوە دارینەکەی
ماڵی خۆیانەوە تەماشای حەوشەکە دەکات
دایکی دەبینێ لەسەر سەکۆکە دانیشتووە
بە سێلە رەش داگەڕاوەکە نان دەکات
یادەوەریم منداڵێکی لاسارە
بەرد دەگرێتە چۆلەکەی سەر تەلی کارەباکە
من لەژوورەکەم رۆنیشتووم
دەنگێک دێتە گوێم
دەرگاکە ئاوەڵا دەکەم
باوکمە لە رادیۆ بچوکەکەی دەستی
بەدوای کەناڵێکدا دەگەڕێت
گۆرانییەکی عەلی مەردان
رایدەگرێت
ئەو گۆرانییەکە لەبەر خۆیەوە دەڵێتەوە
ئەو هەمیشە قورئانی دەخوێند
کەچی گوێی لە موزیکیش دەگرت
حوسێن عەلی و عەلی مەردان
گۆرانیبێژی دڵخوازی ئەو بوون
بیرمە رۆژێک
من رۆمانی دایکم دەخوێندەوە
گوێم لێ بوو
ئەویش بە دەنگە نەرمەکەی
سورەتی نسائی دەخوێندەوە
باوکم ژیان دەنووسێتەوە
ژیان دەرگاکانی ئاوەڵایە
لێدەگەڕێت رۆژەکانی بنووسینەوە
زەوی پەنجەرەکانی کردووەتەوە
ئەو لەسەر پشتی نەهەنگێک راکشاوە
لێدەگەڕێت هەناسەکانی وێنا بکەین..