744 دیمانە

"بەقەدەر هاوپەیمانان بە پەرۆش بوینایە بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە، ئێستا سوپایەكی یەكگرتوومان دەبوو"

05:58 - 12/11/2020

سازدانی: سه‌رچین ساڵح
عوسمان سێدەری جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، باس لە هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو جێبەجێكردنی پرۆژەی هاوپەیمانان بۆ یەكخستن و یەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات، پێی وایە ئەگەر هێزەكانی 70 و 80 یەكبگرن و ببن بە هێزێكی نیشتمانی ئەوكاتە هاوپەیمانان هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابیندەكەن.
لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ"زەمەن"جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە دەڵێت، هێزی پێشمەرگە ئیرادەیان ئەوەیە سوپایەكی یەگرتوو هەبێت و مۆركی حزبایەتیان پێوەنەمێنێت، بۆیە دەبێت یەكێتی و پارتی هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە  بۆ ئەوەی بتوانین ببینە خاوەنی هێزێكی نیشتمانی.

زەمەن: چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەكوێ گەیشتووە؟
عوسمان سێدەری: چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە، هەر لەو چوارچێوەشدا ئەمریكا پێرێ 9ی مانگ، دوو لیوای وەزارەتی پێشمەرگەی پڕچەك كرد، كە دوو لیوای یەكخراوبوون و بەشێوەی مونەزەمتر یەكخرانەوە.

زەمەن: پرۆژە 36 خاڵییەكەی هاوپەیمانان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە چی گەیشت؟
عوسمان سێدەری: بەرێوەبەرایەتییەكی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دروستكراوەو پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە، قۆناغی باشیان بڕیوە، ئەوەی گرنگە پەرۆشی هاویمانانە بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 كە لە ئێمە پەرۆشترن، دیارە هەریەك لە هێزەكانی 70 و 80 لای خۆیانەوە تەشكیلكردنی هێزەكانیان، بەو ئومێدەی لە ئایندەدا یەكبگرنەوە.

زەمەن: چەند خاڵی جێبەجێكراوە؟
عوسمان سێدەری: پرۆژەكە چەند خاڵێكی پەیوەندی بە سوپای عێراقەوە هەیەو چەند خاڵێكی پەیوەندی بە هاوپەیمانانەوەیەو چەند خاڵێكیشی پەیوەندی بە ناوخۆمانەوە هەیە، دیارە ئەوەی گرنگە بۆئێمە ئەو خاڵانەن كە پەیوەندی بە ناوخۆمانەوەیە، یەكێ لەو خاڵانەی بڕیاری لێدراوە یەكخستنەوەی یەكەی ژمێریاری یەكەی 70 و 80 یە كە لە یاسای چاكسازیشدا هاتووە، لەگەڵ رێكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 كە دەستیان پێكردووە، لیواكان كەمدەكرێنەوە فەوجەكان لە چوار فەوجەوە دەكرێن بە سێ فەوج.

زەمەن: بەربەستەكانی بەردەم رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە چییە؟
عوسمان سێدەری: لابردنی بەربەستەكان پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی یەكگرتوو هەیە لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە، پێویستی بە پاڵپشتی زیاتر هەیە، هێزی پێشمەرگە ئیرادەیان ئەوەیە سوپایەكی یەگرتوو هەبێت و مۆركی حزبایەتیان پێوەنەمێنێت، بۆیە دەبێت یەكێتی و پارتی هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە  بۆ ئەوەی بتوانین بینە خاوەنی هێزێكی نیشتمانی.

زەمەن: بۆچی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە خاوی دەڕوات؟
عوسمان سێدەری:  راستییەكە ئەوەیە زۆرجار پەیوەندی یەكێتی و پارتی گۆڕانی بەسەردا دێت حەملەی ئیعلامی لەسەر یەكتری دەكەن، ئەو كاتە دانیشتن دەكرێت و پەیوەندییەكان ئاسایین هەنگاوەكانی چاكسازی گەرموگوڕتر دەبێت، بەڵام  نێوان یەكێتی و پارتی خراپ دەبێت خاوی لە پرۆژەی چاكسازیدا دروستدەبێت، بۆیە ئیرادەی سیاسی پێویستە.

زەمەن: هەڵوێستی هاوپەیمانان چییە لەسەر یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە؟
عوسمان سێدەری: هاوپەیمانان لە ئێمە زیاتر پەرۆشن بە یەكخستن و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئەگەر ئێمە بەقەدەر ئەوان بە پەرۆش بوینایە بە دڵنیاییەوە ئێستا سوپایەكی یەكگرتوومان دەبوو.

زەمەن: تەنها پەرۆشییە یان جەخت و فشاریش دەكەن؟
عوسمان سێدەری: بەردەوام جەخت دەكەنەوە هاوكارییەكانیشیان بۆ هێزی پێشمەرگە بەشێكە لەو جەختكردنەوەیە، فشاریشیان هەیە بۆ یەكخستن و یەكگرتنی هێزی پێشمەرگە.

زەمەن: ئەگەر هێزێكی پێشمەرگەی رێكخراو لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا هەبێت، پێتوایە هاوپەیمانان زیاتر دەستكراوە دەبن بۆ هاوكاری و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە؟
عوسمان سێدەری: ئەو لیوایانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، هاوپەیمانان هاوكاری زۆر باشیان پێشكەش كردوون، بە بۆچوونی ئێمە هێزەكانی 70 و 80 لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخرێنەوە ئەوكاتە هاوپەیمانان دەستی هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە درێژدەكەن و پڕچەكیان دەكەن و لە هەمو روویەكەوە هاوكاریان دەبن.

زەمەن: ئەو هێزانەی رێكدەخرێنەوە بەچی شێوەیەك دەبێت لە رووی هەیكەلی و فەرمان وەرگرتنەوە، ئایا یەكێتی و پارتی لەسەر ئەوە رێككەوتوون؟
عوسمان سێدەری: ئەو لیوایانەی رێكدەخرێن لەرووی هەیكەلییەوە بەشێوەی تەشكیلەی "سولاسی" دەبێت واتە هەر لیوایەك لە چوار فەوجەوە دەكرێت بە سێ فەوج، هەر فەوجەو  650 كەس دەبن و لیوایەك لە سەرو دوو هەزار كەسەوە دەبێت، ژمارەی لیواكانیش كەمدەكرێنەوە بەشێوەیەكی مونەزەمی پێشكەوتوو، ئێستا یەكەی 70 و 80 دەستیان بە یەكخستنەوەكان كردووە، هەوڵەكان بۆئەوەیە دوای ئەوە هێزی پێشمەرگە بكرێت بەهێزێكی نیشتمانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە.

زەمەن: رەخنەی زۆر لەسەر ژمارەی ئەو هێزانە هەیە، تائێستا ژمارەی دروستیان دیارنییە، ئێوە دەزانن ژمارەیان چەندە؟
عوسمان سێدەری: حەقیقەتەن ژمارەكان بەرزونزمی تێدا هەیە، لەوانەیە هاوسەنگیش نەبێت 70 كەمتر و 80 زیاتر بێت، سستییەك لەوانەیە هەبێت لەو بابەتەدا، هێزەكانی پاسەوانی تایبەت بە حزبەكان و بەرپرسان كەمبرێتەوە كە لەوانەیە چەندین هەزار سەربە پاسەوانی لایەنە سیاسیەكان و حكومەی و بەرپرسان بن، ئەگەر ئەمانە رێكبخرێنەوە لەوانەیە سێ و چوار لیوای لێدروست بكرێت، بەرپرس هەیە بە فەوج و سریە پاسەوانی هەیە، ئەوەش یەكێكە لە بڕگەكانی یاسای چاكسازی كە پێویستە رێكبخرێتەوە.

زەمەن: پێتان وایە ئەو چاكسازی و رێكخستنەوەی پێشمەرگە كۆتای بە بندیوار بهێنێت لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا؟
عوسمان سێدەری: ئێمە بەو ئومێدەین بتوانێت كۆتایی پێبهێنێت، بندیوار ئەوانەن كە دەوام ناكەن كاتێك رێكدخرێنەوەو دەخرێنە دەوام و مەشقەوە ئەوكاتە توانیان دەوام بكەین نەشیان توانی وازدێنن.

زەمەن: دوێنێ لەسەر دابەشكردنی دایبی و جلوبەرگ بەسەر كەس و كاری شەهیداندا نارەزای زۆر دروستبوو، قسەی ئێوەچیە؟
عوسمان سێدەری: ئاگام لەو بابەتە نیە، بەڵام لەهەر حاڵەتێكدا هاوكاری لەهەر بوارێكدا بێت باشە لەوەی كە نەبێت، رەنگە رێكخراوێكی بیانی یان سەرمایەدارێك هاوكارییەكەی تەرخانكردبێت.

زەمەن: بارودۆخی كەس و كاری شەهیدان چۆنە، ئایا بەوشێوەیە خراپە كە جلوبەرگ و دایبیان بەسەردا دابەشبكرێت؟
عوسمان سێدەری: گوزەرانی كەس و كاری شەهیدان باش نییە، ئێمە نەمانتوانیوە وەكو پێویت خزمەتی كەس و كاری شەهیدان بكەین، هۆكارەكەی ئەوەیە كە خەڵكانێكی زۆر بەناوی شەهیدەوە تۆمار كراون كە شەهید نین و بە شەهید تۆماركراون، ئەمەش لە پرۆژەی چاكسازیدا هاتوە كە پاكسازی تێدا بكرێت ئەگەر ئەمە وەك خۆی جێبەجێبكرێت تەنها بەو پارەی بە چاكسازییەكە دەگەڕێتەوە دەتوانین خزمەتی كەس و كاری شەهیدان و خێزان و منداڵەكانیان بكەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن