521 کوردستان

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی: هەرگیز مۆڵەت نادەین شوێنی دارسنۆبەرە سوتاوەكان بكرێنە پرۆژە

05:29 - 23/09/2020

"زەمەن"


بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند، دەست هەڵگرتن لە زەوی شوێنی دارسنۆبەرە سوتاوەكان دەچێتە ژێردەسەڵاتی ئێمەوە بۆیە بەڵێنی ئەوە دەدەم مۆڵەتی ئەوە نادەم شوێنی سوتانی ئەو درەختانە بكرێنە پڕۆژە.


شاڵاو محەمەد بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی دا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، "شەقامی تاسلوجە ــ سلێمانی پێی دەوترێت شەقامی خێرا جووت سایدی خێرایە و موحەرەماتی شەقامە‌كە 75 مەترە واتە لەخەتی سپی كۆتا شەقامە‌وە 75 مەتر بەهیچ شێوەیەك نابێت هیچ شتێكی لەسەر بكرێت ئەوە لە ماستەر پلانی سلێمانی پەسەند كراوە، لە ماستەر پلانی سلێمانی مەتر بە مەتری دیاریكراوە لەسنوری شارەوانی كە بكرێت بەچی دوای ئەوە دەبرێت بۆ وەزارەتی شارەوانی و لەوێ وەزیری شارەوانی واژۆی لەسەر دەكات و دوای ئەوە دەبرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ڕەزامەندی لەسەر دەردەبڕێت بۆ هەموو گۆڕانكارییەك پێویستە بەهەمان پرۆسەی یاسایدا بڕواتەوە پێم وابێت ئەوە كارێكی قورسە."

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی وتیشی، "ئێستا لیژنەی لێكۆڵینەوە دروستكراوە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەهەمان شێوە لیژنە دروستكراوە بۆئەوەی بكەرەكانی سوتاندنی ئەو درەختانە بدۆزرێتەوە، تابزانرێت ئامانجی ئەوان چی بێت."

سەبارەت بە دروستكردنی پرۆژە لە شوێنی دارسنۆبەرە سوتاوەكاندا وتی، " ئەگەر لەداهاتوودا ڕوویدا یاسا لەپشتمانە كەئێمە وەكو كشتوكاڵی سلێمانی دەست هەڵگرتنی زەوی دەچێتە ژێردەسەڵاتی ئێمەوە من بەڵێنی ئەوە دەدەم مۆڵەتی ئەوە نادەم شوێنی سوتانی ئەو درەختانە بكرێنە پڕۆژە." 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن