سەباح باپیرى: دەرکردنمان لە ئیدارەى دهۆک پەیوەندى بە ئیمزاى پەرلەمانتارەکانمانەوە هەیە
04:12 - 22/09/2020
یەکگرتووى ئیسلامى
کوردستان ١٩ پۆستى لە پارێزگاى دهۆک بە دەستەوەیە و دواى هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنەکەیان
لەلایەن پارتییەوە پۆستەکان رادەست دەکاتەوە.
سەباح باپیرى، سەرۆکى
فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆك بە"زەمەن"ى وت: لەسەر
ئاستى کەسى یەکەمى هەردوو حزب و مەکتەبى سیاسى هەردوولا ئەم بابەتە باسکراوە، هەوڵدراوە
هەڵوێستى یەکگرتوو لەسەر پرسى ئیمزاکانى بگۆڕدرێت، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
زەمەن: چەند پۆستیان لە
ئیدارەى خۆجێى دهۆک هەبووە؟
سەباح باپیرى: لە هەڵبژاردنەکانى
ئەنجومەنى پارێزگاکان لە ٢٠١٤دا سێ کورسى ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆکمان بەدەستهێنا،
لەگەڵ پارتى رێککەوتین بەشداربین لە حکومەتى خۆجێى، ٢٥ پۆستمان بۆ دیاریکرا، بەڵام
تائیستا ١٩ پۆستمان وەرگرتووە و تا دەرچوونى ئەم بڕیارە لە پۆستەکانیاندا بوون.
زەمەن: دیارترین پۆستەکان
کامانەن؟
سەباح باپیرى: جێگرى
پارێزگارى دهۆک، دوو بەرێوەبەرى گشتى، سێ بەڕێوەبەرى ناحیە، سکرتێرى ئەنجومەنى پارێزگاى
دهۆک، لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێکى دیکە.
زەمەن: پێش دەرکردنتان
لە حکومەتى خۆجێى پێشتر پارتى داواى پێداچونەوەى کردوە بە رێککەوتنەکەدا؟
سەباح باپیرى: نزیکەى
١٠رۆژە ئەم بابەتە لەسەر ئاستى قیادەى هەردوولا قسەى لەسەر دەکرێت. پارتى دەستپێشخەربوو
بۆ هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنەکە، ئەمە پەیوەندى بە واژۆى پەرلەمانتارانى یەکگرتوو هەبووە
بۆ پرساندنى سەرۆکى حکومەت، پێمانخۆش نەبووە ئەم دوو بابەتە تێکەڵاوبکرێن، چونکە بەشداریمان
لە حکومەتى خۆجێى دهۆک رێککەوتنێکى ترە، ئینجا حکومەتە خۆجێیەکان بابەتێکى خزمەتگوزارییە
نەک بابەتێکى سیاسى.
زەمەن: سەرۆکى ئەنجومەنى
پارێزگاى دهۆک دەڵێت یەکگرتوو ئۆپۆزسیۆنە و رێککەوتنیشمان بۆ چوار ساڵ هەبووەو
ناکرێت لە سلێمانى و هەولێر ئۆپۆزسیۆن بیت لە دهۆک لە حکومەت بیت؟
سەباح باپیرى: ئەگەر
وابێت خۆ کابینەى نۆیەم ساڵێک و چوار مانگە دەستبەکاربووە. بۆ ئەو کاتەى یەکگرتوو
بڕیاریدا ببێتە ئۆپۆزسیۆن ئەو قسانەیان نەدەکرد، بۆ ئێستا دەڵێن ناکرێت لە شوێنێک
ئۆپۆزسیۆن بیت لە شوێنێکى تر لە دەسەڵات، ئەمە پەیوەندى بە هەڵوێستى یەکگرتوو هەیە
لەسەر ئاستى کوتلەى پەرلەمانى کوردستان.
زەمەن: ئەو کادیرانەى
ئێوە کە پۆستەکانیان بە دەستەوەبووە چوونەتەوە دەوام یاخود کۆتایى بەکارکردنیان
هاتووە؟
سەباح باپیرى: ئەو بەڕێزانە
بەردەوام دەبن لە کارى خۆیان تاوەکو رێکارى یاسایى بۆ گۆڕینیان دەگیرێتەبەر، پۆستمان
هەیە بۆ شوێنگرتنەوەى دەبێت لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆکەوە کەسێک دیاریبکرێت و ئینجا
دەچێتە ئەنجومەنى وەزیران وەکو پۆستى جێگرى پارێزگار، بەڵام بۆ بەڕێوەبەرەکان دەتوانن
کەسێک بە وەکالەت لە جێگەیان دابنێن، پارتى دەیەوێت زوو ئەم پرسە یەکلابکاتەوە و ئێمەش
وامان پێباشە مادەم رێککەوتنەکە هەڵوەشاوەتەوە.
زەمەن: ئێوە کە لە
حکومەتى خۆجێیش بوون ئایا لەلایەن پارتییەوە فشارتان لەسەر بووە؟
سەباح باپیرى: ئێمە لە
کوردستانین، بابەتى هەر فشار دەمێنێت، بەڵام ئەوەى کە جاران هەبوو وەکو زیندانکردن
ئەم ماوەیە نەبوو، باوەڕ ناکەم بشگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەم، وەزعى کوردستان زۆر
ناسکە و پێویستە هەموو لایەنەکان بە بەرپرسیارییەتیەوە مامەڵە بکەن.
زەمەن: وتان ئەم بابەتە
گەیشتووەتە لاى سەرکردایەتى هەردوولا ئەوان بۆیان چارەسەر نەکراوە؟
سەباح باپیرى: بەڵێ وەک
باسم کرد، لەسەر ئاستى کەسى یەکەمى هەردوو حزب و مەکتەبى سیاسى هەردوولا ئەم بابەتە
باسکراوە، هەوڵدراوە هەڵوێستى یەکگرتوو لەسەر پرسى ئیمزاکانى بگۆڕدرێت، ئێمە
وتومانە با ئەم رێککەوتنە تێکەڵى پرسى سیاسى نەکرێت و وتوشمانە ئێمە ئۆپۆزسیۆنین وپەرلەمانتاران
ئیشى پیشەیى و پەرلەمانى خۆیان دەکەن، نابێت ئەم دوو پرسە تێکەڵ بکرێن بەڵام دیارە
پارتى بڕیارى خۆیدابوو.