کەلتور

وایانکرد بە ڕزگارکردنی جیهان پێبکەنین

09:05 - 18/09/2020 54 جار خوێندراوەتەوە

ڕامیار مەحمود

من دەمچاوی خۆم داناکەنم بۆ کەس
هەر بەیانییەک دێت...
لە بەیانییەکەی  پێشووتر  دەچێت،
بەڵام  تەنها  شەوەکان ڕەنگیان دەیجوورتر  دەبێت.
باوەڕ ناکەم لەوە ناخۆشتر  هەبێت،
بە شێوەیەکی  هەڵە خۆشەویستی بکەیت،
من  یەکێکم  لەوانە.
هەموو ئەوینەکانی  من
هەڵبژاردنی هەڵە  بوون
بە  دڵنیاییەوە  بەو شێوەیەش ئەمێنمەوە.
تۆ  هی من نیت،
زۆر ناخۆش و  ئەرکێکی گرانە
بۆ شتێک بژیت کە هی تۆ نییە،
بەڵام لە گەڵ کەللەپوتیدا هیچ ناکرێت.
لە  سەرێکەوە ناچارم  خۆشم بوێیت،
چونکە هیچم بە دەستەوە نییە و هیچیشم بە دەستەوە نابێت.
لەم دواییانەدا تێگەیشتم...
ئەو کەسەی  تۆ  بە  ڕاستی  خۆشت  ئەوێ
بەدڵنیاییەوە ئەویش  ئەو  کەسەیە لە  ڕاستیدا بەس   تۆی  خۆش  ناوێت.
ئیتر هەست دەکەم
لە ناو ئەو ڕاستییە بێشومارانەدا
گێڕانەوەیەکی هەڵە پێویستە.
واتە مرۆڤ،
تەنها  چیرۆکە هەڵەو نالۆجیکییەکان ڕزگاری  دەکات.
بۆیە وەک شاعیرێك
هەم جیهان سەرلەنوێ دروست دەکەمەوە و
هەم دووبارە ناو  لە هەموو  شتەکان دەنێمەوە.
گرنگ نییە چی لە ئارادایە،
من دەمەوێت لە نێوانی ئەو شتانەدا بژیم کە هەن.
ئارەزووم  لەو ڕێچکەیەیە کە لەشم ئەیدۆزێتەوە،
لەشی من ئاوە،
ئاو خۆی ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە.
ئەگەرچی ئەمە لە یەك کاتدا
هەم بەدبەختی و ژیان سەختکردنیشە،
 بەس خۆم دەزانم
کێشەکە چۆنە،
ئەو  کاتەی لەگەڵمدایت زیاتر بیرت دەکەم.
سەرلەئێوارەکەی
  لە  دوورەوە شۆڕشگێڕێك دەبینم،
حۆل حۆل بۆ مەسەلەیەك  دەگەڕێت
لەڕاستیدا ئەوەتەی هەیە ئەو لەدوورەوەیە،
ئەمە وایکردووە بەڕزگارکردنی جیهان پێبکەنین.
ڕۆژگاری بەخشینەوەی ئەوین بەسەرچوو؛
بۆ ئەم کارە بێگومان
کەپیتاڵیزم بەخێرایی ئاڵۆش دابەش دەکات،
بیرمەندەکان ئەمەیان ناوناوە سێکسیزم.
مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی ئازادی تەنها زمان لەدەست دەدات،
واتە ئازادی  دەستبەئیشکردنی لەش خۆیەتی.
کەواتە با  شاعیرەکان با بێنە  دەرەوە،
تەنها  لە  شیعردا زمان سکی  خۆی هەڵئەدڕێت و،
وەچە  واتاییەکانی  خۆی  دەخاتەوە..
هەر بەیانییەک دێت...
لە بەیانییەکەی پیشووتر دەچێت،
بەڵام  تەنها شەوەکان ڕەنگیان دەیجوورتر دەبێت.
ئۆگەستی ٢٠٢٠

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement