704 کەلتور

جیاوازی وەک شوناسی شاعیر

01:41 - 15/09/2020

حسێن لەتیف

لە میانی قسەکردنی دا، دەربارەی  ڕۆشنبیر،ئەدۆنیس بۆ دیاریکردنی کارەکتەری ڕۆشنبیر چەند خاڵێک دیاری دەکات،گرنگترینیان ئەم دوو خاڵەن،
یەکەم؍ئایا تۆ شتێکی تازەت پێیە بۆ ووتن ،تاڕادەیەک جیاوازتر لە وانەی  پێشوو؟
دووەم : چ ڕێگایەکت هەیەبۆ ووتنی ئەوشتەی  جیاوازەلە پێشووی خۆی؟
ئەگەر  ئەمانەت تێدایە، ئەوە دەڵێم ڕۆشنبیریت.
ئەو قسەیەی  ئەدۆنیس  دەکرێت بۆ هەر کارەکتەرێکی تر، لەهەرکایەیەکدا کاربکات،بکەین بە نموونە.
*
بۆ دیاریکردنی شوناسی شاعیر،دەپرسم:
ئایا تۆ دەتوانیت جیاواز لەوانەی پێش خۆت بنووسیت؟
نەخشەڕێگای تۆ چییە بۆ جیاکردنەوەی خۆت لەوانی تر،لەڕووی تێما و تەکنیک و پرسیارەوە؟
*

هەموو شاعیرێک لەجێگایەکدا دەوەستێت،هەندێک مردن ڕایاندەگرێت ئەمە نموونەیان ئێجگار  زۆرە. هەندێکی تر خۆیان دەوەستن،ئەمانە ئیتر هەست بەوەدەکەن لەو جێگادا ئەزموونەکەیان تەواو بووە.
جۆرێکی تریش هەیە هەر دەنووسن و دەنووسن ،هاوشێوەی دانتێ، لەکتێبی  ئاوابوونی بتەکان دا،لەبارەی دانتێ وە نیتشە دەڵێت: (ئەو کەمتیارێکە لە گۆڕەکەیش دا هەر شیعر دەڵێت).
*
من ئەو ئەزموونانەم خۆش دەوێت لە جێگایەک دا دەوەستن.ئەمانە شیعرنووسین وەک پێداویستی و وەڵامدەرەوەی گرفتی  ڕۆحی و پرسیاری فیکری و تەنگژە دەروونییەکانی خۆیان دەبیننەوە.
*
ئەدۆنیس تەمەنی بەتەواوی هەڵکشاوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەردەوامە لە بەخشش و داهێنان. ڕامبۆ لەتەمەنی شانزە بۆ بیست ساڵی شیعری نووسی و کۆتایی هات،لە چوار ساڵدا نەخشی خۆی نەک بەسەر شیعری فەرەنسی بەڵکو بەسەر بیرکردنەوەی شیعری شاعیران و ڕەخنەگرانی جیهانی دوای خۆیەوە بەجێ هێشت. لەگەڵ ئەوەشدا من لەخۆبوردوویەکەی  ئەدۆنیسم هێندەی شیعرەکانی خۆش دەوێن.
لەبەشێکی چاوپێکەوتنەکانیدا و لەوەڵامی پرسیارێکدا  سەبارەت بەوەی  ئەگەر  ڕۆژێک وزەی شیعرنووسینت کۆتایی هات چی دەڵێیت؟ زۆر بە سادەیی دەڵێت: (لەکوێ دا نەمتوانی شیعر بنووسم ،واتە نەمتوانیوە لەوە زیاتر بەکێوی زماندا هەڵزنێم،واتە زمانی شیعرم بردووەتە هەورازێک).بەڵام ئەدۆنیس هێشتا بەردەوامە،شیعرنووسین لای  ئەو بووە بەجۆرێک لە پیشەسازی زمانی و بەرهەم هێنانی مانا،ئەوکاتانەشی کە لە چاوپێکەوتنێکدا گوێبیستی بۆچوونەکانی دەبین ،هەست بە نەغمەیەکی شیعری لەبیرکردنەوە و زمانی قسەکردنی دا دەکەین،بەبێ ئەوەی ئەو زمانەی ئەو تا ئێستا گشتی بووبێتەوە.
*
لەناو  شیعری کوردی دا،شیعرنووس زۆرەوە شاعیر کەمە. شاعیرەکان ئەوانەن دیدگای جیاواز لەیەکتریان هەیە،تەکنیکی جیاواز لەیەکتریان هەیە بۆ خستنە ڕووی دیدگاکانیان. شیعرنووسەکان ئەوانەن شوێن پێی شاعیرەکان هەڵدەگرنەوە،ئەمانە یان ناگەن بەشاعیرەکان دا یانیش بگەن ئەوا وەک سێبەری ئەوان دەردەکەون.
*
خۆت بڕیار بدە، تۆ شاعیریت یان سێبەری شاعیریت؟
*
ئەو شاعیرانەی خۆیان لە شیعر نووسین وەستان،وەستانەکەشیان شیعرێکی ترە،شیعرێکی نەنووسراو، ئەوان پێشتر بە شیعر،شیعرێتیان بەرهەمهێنا،دواتر بەوەستانیان،چونکەزمانی  شیعری خۆیان بردووەتە ئاستێکی ئەوتۆی کێوی زمان ،ئیتر دەوەستن و ناڕاستەو خۆ دەڵێن ئەوەتا ئێمە لێرەین.
*
جیاوازی سەرچاوەیەکی گرنگی داهێنانی شیعرە،هاوشێوەیی گۆڕی داهێنانی شیعرە.
*
شاعیربوون، خۆبوونە.
نە وەک ئەدۆنیس بە،
نە وەک ڕامبۆ بە،
خۆت بە، خۆت بە،خۆت.

*
شوناسی هەر داهێنەرێک،بە مەودای جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەوانی  تردا  دیاری دەکرێت. جیاوازی  ڕیسکە،ڕیسک کردن خەسڵەتی داهێنەرانە.
شاعیر بەسروشتی خۆی ڕیسکبازە.زیندانەکانی زمان دەشکێنێت.زمان چەندە شانۆیەکە بۆ دەرکەوتنی حەقیقەت هێندەش زیندانێکە تیایدا حەقیقەت دەشارێتەوە.
بۆ ئەوەی شاعیر بیت پێویستە لەیەک کاتدا نوواندنی خۆت لە دیوە شانۆییەکەی زمان دا بکەیت و هەمیش ڕیسکی خۆت لە دیوە زیندانییەکەیدا بکەیت..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن