وەرزش

میسی: لە بیرۆکەی مندا نیە کە بەرامبەر یانەکەم لە دادگا بوەستم

10:47 - 04/09/2020 124 جار خوێندراوەتەوە

"زه‌مه‌ن"

 

میسی لە دیمانەیەکی تایبەتی سایتی (گۆڵ) کە (سبەی) دەقەکەی وەرگێڕاوە بۆ کوردی، باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌ جیهانی تۆپی پێ سەختە، خەڵکی زۆر ساختەی تێدایە، لەهەمویان ناخۆشتر و بە ئازارتر، گومانکردنە لە خۆشەویستی من بۆ بەرشەلۆنە.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌هۆكاری رۆیشتنی له‌یانه‌كه‌ ده‌ڵێت: گرنگ نیە من دەمێنمەوە لە بەرشەلۆنە یان نا، بەڵام خۆشەویستی من بۆ یانەکە هەرگیز ناگۆڕێت. بە دڵنیاییەوە ئەوە لە بیرۆکەی مندا نیە، کە بەرامبەر یانەکەم لە دادگا بوەستم.


دەقی دیمانەکە

*بۆچی ئەم هەموو ماوەیە بەبێ قسەکردن تێپەڕی؟
میسی: یەکەم شکستەکەی به‌رشلۆنه‌ زۆر سەخت بو، دەمانزانی بایرن میونخ رکابەرێکی سەختە، بەڵام نەمانزانی بەوشێوازە کۆتایی دێت، وێنەیەکی زۆر لاوازی یانەکە و شارەکەمان پیشاندا، بۆیە حەزم نەکرد هیچ شتێک بکەم، دەمویست کات تێپەڕێت و دواتر قسە بکەم.

* بۆچی بە بەرشەلۆنەت راگەیاند کە دەتەوێت بڕۆیت؟
میسی: یانەکە و سەرۆکم ئاگادار کردەوە کە دەمەوێت بڕۆم، بە درێژایی ساڵ ئەوەم پێوتون، پێم وابوو ئەوکاتە کاتێکی گونجاو بۆ رۆشتن، یانەکە پێویستی بە گەنج و نوێبوونه‌وه‌ هەیە و کاتی من لە بەرشەلۆنە تەواو بوو، دڵگران بوم، چونکە دەمویست کاروانی وەرزشیم لێرە کۆتایی بێت، ئەمساڵ زۆر سەخت بوو، بەتایبەت لە راهێنانەکان و یارییەکان و ژوری خۆگۆڕین، کاتی ئەوەش هاتبوو کە بەدوای ئاڵنگاری نوێدا بگەڕێم.
هه‌ر داوای رۆشتنەکەم پەیوەندی بە ئەنجامی یارییەکەی بایرن میونخەوە نەبوو، دەمێکە بیر لە رۆشتن دەکەمەوە، ئەوەشم بە سەرۆک وت، لە وەڵامدا وتی: کۆتایی وەرز دوا بڕیاری خۆت بدە، بەڵام خاوەنی قسەی خۆی نەبوو لەگەڵم.

*هەستت بە تەنیایی کردبوو؟
میسی: نەخێر هەستم بە تەنیایی نەکردبوو، هەمو کات کەسێک هەبوو لە تەنیشتم بێت، ئەوانە هێز و وزەی پێویستم پێ \دەبەخشن، بەڵام هەستم بە ئازار کرد لە هەندێک شت کە لە کەسەکان و میدیاکانەوە دەمبیست سەبارەت بە پابەندبوونی من لەگەڵ بەرشەلۆنە، ئەو قسانەی دەوترا لەسەر من، شایەنی نەبووم، هەموو ئەوەی رویدا هاوکارم بوو بۆ ئاشکرابوونی راستی هەندێک کەس.
جیهانی تۆپی پێ سەختە، خەڵکی زۆر ساختەی تێدایە، ئەوەی رویدا یارمەتی دام لە دۆزینەوەیان، لەهەمویان ناخۆشتر و بە ئازارتر، گومانکردنە لە خۆشەویستی من بۆ بەرشەلۆنە، گرنگ نیە من دەمێنمەوە لە بەرشەلۆنە یان نا، بەڵام خۆشەویستی من بۆ یانەکە هەرگیز ناگۆڕێت.

* لەنێوان هەموو ئەوانەی قسەی لەسەر کرا، وەک پارە و هاوڕێ و یانە، کامیان بەلای تۆوە زۆر ئازار بەخشە دوای تێپەڕبونی (20) ساڵ یاریکردن لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە؟
میسی: لەراستیدا هەموو شتێک، قسەکردن لەسەر هاوڕێکانم و پارە و چەندین بابەتی دیکە ئازاربەخش بووە، چونکە هەمیشە من یانەکەم پێش هەمو شتێک خستبوو، توانام هەبوو لە چەندین بۆنەدا یانەکە بەجێ بهێڵم، هەمو ساڵێک دەمتوانی بڕۆم و بیر لە پارە بکەمەوە، بەڵام مانەوەم لە ماڵەکەم هەڵدەبژارد.

*لە کۆتاییدا دیارە دەستبەردابوون لە (20) ساڵی یانەی بەرشەلۆنە و ژیان و مانەوەی خێزانەکەت لەو شارە کارێکی قورس بووە، بەڵام تێگەیشتین لەوەی کە تۆ لە بەرشەلۆنە دەمێنیتەوە سەرباری هەموو ئەوانەی باس کران؟!
میسی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە بڕیارێکی قورس بوو بۆم، هۆکاری بڕیاری رۆشتن پەیوەندی بە یارییەکەی بایرنەوە نەبوو، چەندین هۆکاری تر هەبوو، هەمیشە دەموت کە دەمەوێت من لێرە کۆتاییم پێبێت، پڕۆژەیەکم دەویست کە نازناوەکان بەدەستبهێنێن بۆ ئەوەی ئەفسانەی یانەی بەرشەلۆنە بنوسینەوە.
بەڵام لەراستیدا ماوەیەکی زۆر بوو لە بەرشەلۆنە هیچ پڕۆژەیەک نەبوو، بەڵکو ئەوەی هەبوو شاردنەوەی کەلێنەکان بوو، وەک وتم هەمیشە ئەوەی بۆی دەگەڕام، ئاشتی و کاری باش بووە بۆ خێزان و یانەکەم.

*چی رویدا کاتێک بە خێزانەکەت وت کە دەتەوێت بەرشەلۆنە جێبهێڵیت؟
میسی: کاتێک بە خێزان و منداڵەکانم وت وەکو دراما وابوو، هەمویان دەستیان کرد بە گریان، منداڵەکانم بیرۆکەی رۆشتنیان رەتکردەوە و وتیان خوێندنگەکە ناگۆڕین، بەڵام من دورتر تەماشای شتەکانم دەکرد و دەمویست ململانێ و رکابەری نوێ و نازناوی بەدەستبهێنێم، بەتایبەتیش خولی یانە پاڵەوانەکان، دەزانم پاڵەوانێتییەکی سەختە، بۆیە دەبێت رکابەری بکەم، بەڵام شکستی هاوشێوەی ئەوەی لە رۆما و لیڤەرپول و بایرن رویدا، دوبارە نەبێتەوە، وەک وتم پێم وابوو دەتوانم لە کۆتایی وەرزەکەدا بڕیاری رۆشتن بدەم وەک ئەوەی سەرۆک پێی وتبووم، بەڵام ئێستا خۆیان لەو راستییە دەدزنەوە کە من پێش (10) یۆنیۆ ئەوەم پێ نەوتوون، لەکاتێکدا لەو وادەیەدا ئێمە لە خولی ئیسپانی رکابەریمان دەکرد و لە دۆخێکی سەختدا بوین بەهۆی کۆرۆناوە.
هۆکاری ئەوەی لە یانەکە بەردەوام دەبم ئەوەیە کە سەرۆک پێی وتم تاکە رێگەی رۆشتنم ئەوەیە (700) ملیۆن یۆرۆ بدەم، ئەوەش ئەستەمە، رێگەی تر هەبوو بۆ رۆشتن لەرێگەی دادگاکانەوە، بەڵام من هەرگیز ناچمە دۆخێکی واوە بەرامبەر بەرشەلۆنە، چونکە یانەکەم خۆش دەوێت دوای ئەو هەموو شتەی پێیان بەخشیم.

بەرشەلۆنە هەمو شتێکی پێبەخشیم، منیش هەموو شتێکم کرد لەپێناویان، بە دڵنیاییەوە ئەوە لە بیرۆکەی مندا نیە، کە بەرامبەر یانەکەم لە دادگا بوەستم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement