قوتابخانەکانی مۆنتیسۆری، رێجیۆ ئیمیلیا، شتاینەر-واڵدۆرف، فرۆبێڵ، فۆڕیست
04:09 - 02/08/2020
دکتۆر کریس درو
لەئینگلیزیەوە بەهمەن جەبار
پێنج ڕێبازی پەروەردەیی دەستیانگرتووە بەسەر پەروەردە لە قۆناغی مناڵیدا لەجیهاندا، ئەوانیش ئەمانەن: ڕێبازەکانی مۆنتیسۆری، رێجیۆ ئیمیلیا، شتاینەر- واڵدۆرف، فرۆبێڵ، و فۆرێست. لێرەدا کورتەی هەریەکیان باس دەکەین و بەراوردیان بەیەکتر دەکەین.
1. ڕێبازی مۆنتیسۆری
تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی:
پۆلی تەمەن جیاواز، مامۆستای ئاسایی، ژینگەیەکی دەوڵەمەند لەڕووی پێداویستیەوە.
دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە ماریا مۆنتیسۆریە لە ساڵی ١٩٠٧ دا کە لەئیتاڵیا کازا دی بامینی دامەزراند.
ماریا مۆنتیسۆری زانایەکی ئیتاڵی بوو ڕێگە زانستیەکانی سەرنجدانی بەکارهێنا بۆ پەرەدان بە ڕێبازەکەی لە پەروەردەدا. تا ئەمڕۆش، ڕێبازەکەی جەختدەکاتەوە لەسەر چاودێری فێربونی مناڵ و بەرەوپێشبردنی ژینگەی فێربون لەسەر بنەمای چاودێریکردنەکانی مامۆستا. مناڵان هاندەدرێن کە ئەزمونی زانستی و ڕێگەی تاقیکردنەوە و هەڵەکردن بەکاربێنن بۆ فێربوون.
بنەما تیۆریەکانی: ڕێبازی مۆنتیسۆری پشت بە بیردۆزەی بونیادی زانین (the cognitive-constructivist theory) دەبەستێت. مۆنتیسۆری پێیوابو مناڵ لە قۆناغە ڕۆشنەکاندا فێردەبن، زیاتر وەک ژان پیاژێ.
مۆنتیسۆری چوار قۆناغی گەشەکردنی بۆ مناڵ داناوە و پێیوایە دوو قۆناغی یەکەمیان زۆر گرنگن، ئەوانیش، یەکەم، قۆناغی لەدایکبون تا سێ ساڵی و دووەمیش قۆناغی سێ بۆ شەش ساڵیە. بۆیە پۆلەکانی مۆنتیسۆری لەسەر ئەم بنەمای بە گروپکردنە ڕێکدەخرێن.
ڕۆڵی مامۆستا: مامۆستا بەشێوەیەکی نمونەیی بەڕێوبەرێكی خۆناهەڵقورتێنەرە، دواجار ئامانجی مامۆستا ئەوەیە دەستوەرنەداتە فێربونەوە، بەشێوەیەک مناڵان خۆیان پەرە بە توانستە خودیەکانیان دەدەن. مامۆستا پێویستە چاودێری فێربونی قوتابی بکات و تۆماریان بکات، لەبەرئەوەی ئەوە سەلماوە کە وەستاندنی مناڵان لەکاتی فێربوندا پرۆسەکانی هاندان و حەز و بیرکردنەوە و گوڕی مناڵان وەڕسدەکات. بۆیە ئامانجەکە پێویستە ئەوە بێت پاڵپشتی فێربونی خۆئاڕاستەکراو و خۆدسپلینکراو بکرێت. ماریا مۆنتیسۆری لەم بارەیەوە دەڵێت: "گەورەترین نیشانەی سەرکەوتویی مامۆستا ئەوەیە بتوانێت بڵێت 'ئێستا مناڵەکان خەریکی چالاکین و ئیشدەکەن هەر وەک ئەوەی من نەبم.'"
ڕۆڵی ژینگە: پۆلی مۆنتیسۆری لە پێداویستی و سەرچاوەکاندا دەوڵەمەندە. مناڵان دەتوانن لەناو پۆلدا ئەو پێداویستی و سەرچاوانە بەکاربهێنن بۆ یارمەتیدانیان لەچارەسەری گرفتەکان و دۆزینەوەی شتی نوێ. پەروەردەکاران چاودێریکردنی مناڵەکان بەکاردێنن تا ئەو سەرچاوانە بۆ مناڵان دابین بکەن کە یارمەتیاندەدات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیە گەشەییەکانی ئێستایان. هەروەها پۆلی مۆنتیسۆری پۆلێکی ڕێکخراو و ژینگەیەکی بونیادنراوە، هەموو شتەکان لەشوێنی خۆیاندان.
کردارە جێبەجێکاریەکانی ئەم ڕێبازە: پۆلی مۆنتیسۆری جەخت لە ئەزمونە هەستی و کرداریەکان دەکاتەوە. وانەکان بە ئاڕاستەی ئەرکدان و تیایدا مامۆستا ئەرکێک دیاری دەکات و هانی مناڵان دەدات تا ئەرکەکە بێ دەستێوەردان لەلایەن گەورەکانەوە تەواو بکەن.
گروپەکانی پۆل
ڕێگەی مۆنتیسۆری ئەو پۆلە فرە تەمەنانە بەکاردێنێت کە پشتدەبەستێت بە قۆناغە پێشتردیاریکراوەکانی گەشەکردن (واتە لە لەدایکبونەوە تا سێ ساڵی و لەسێ ساڵی تا شەش ساڵی). ئەم بایەخدانە بە فرە تەمەنی یەکێکە لە بوارە دیارەکانی ڕێبازی مۆنتیسۆری کە تەنها لە ڕێبازێکی تردا هەیە کە دوایی لێرەدا باسی دەکەین: ئەویش ڕێبازی رێجیۆ ئمیلیایە.
ڕوانگەی مۆنتیسۆری لەسەر قۆناغی مناڵی: مۆنتیسۆری مناڵان وەک "عامیلێک" دەبینێت. ئەمەش واتە پێیوایە مناڵان دەتوانن و قابیلیەتی ئەوەیان تێدایە خۆیان پەرەپێبدەن. ئەمەش پێچەوانەی ئەو بۆچونەیە کە مناڵان وەک بێتاوان سەیردەکات و بەگشتی مناڵان وا دەبینێت کە بێتاوانن و پێویستیان بە پاراستنە. لای مۆنتیسۆری، مناڵان وەک ئەوە دەبینرێن کە دەتوانن بۆخۆیان شت بدۆزنەوە و فێربن بەمەرجێک ژینگەیەکی دەوڵەمەند بە پێداویستی و سەرچاوەکانیان بۆ دابینبکرێت.
2. ڕێبازی شتاینەر/ واڵدۆرف
تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی ئەم ڕێبازە
• تا تەمەنی ٧ ساڵی نە تەکنەلۆجیا و نە فێربونی ئەکادیمی
• جەختکراوەتەوە لەسەر سروشت و پێداویستیە سروشتیەکان
• ئەولەویەت دراوە بە ژیانی کۆمەڵی
• مامۆستایەک لەگەڵ پۆلێکدا بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە
دامەزرێنەرانی ئەم ڕێبازە رودۆڵف شتاینەر و ئیمیل مۆڵتن لەساڵی ١٩١٩دا. زاراوەی "واڵدۆرف" لە ناوی ئەو کارگەی جگەرەیەوە هاتووە کە پاڵپشتی دارایی قوتابخانەکەی دەکرد. مۆڵت، کە بەڕێوبەری کارگەکە بوو، داوا لە شتاینەر دەکات قوتابخانەیەک بۆ مناڵانی فەرمانبەران و کرێکارانی کارگەکە بکاتەوە.
شتاینەر فەیلەسوفێک بوو باوەڕی بە چاندنی ڕۆحانیەتی مناڵان هەبوو، ئیلهامی لەو بیرۆکەیەی جان جاک رۆسۆوە وەرگرتبو کە دەڵێت مناڵان بە باشترین شێوە لە ژینگەیەکی سروشتی و خێزانی و خۆشی وادا بەخێودەکرێن کە بە جیهانی دەرەوەی گەوران گەندەڵ نەکرابێت.
بنەما تیۆریەکانی: ئەم ڕێبازە باوەشی بۆ ڕوانگەی مرۆڤانەی فێربون و فێرکردن کردوەتەوە. شتاینەر بەردەوام لە پەیوەندیدا بوە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی کە مناڵان وەک بێتاوان سەیردەکات و دەڵێت مناڵان دەبێت لە سروشتدا دور لە جیهانی گەوران بەخێوکرێن، هەروەها ئەم ڕێبازە زۆر بایەخ بە لەبەرچاوگرتنی هەستی قوتابیان دەدات. لێرەدا دەتوانیت ئەوە ببینیت کە شتاینەر بایەخ نادات بە پێداگۆجی بونیاتنەرانە و زیاتر بایەخ بە ڕێبازی مرۆڤانە کە باوەش بۆ گەشەی رۆحی گشتگیر دەکاتەوە، دەدات.
ڕۆڵی مامۆستا: لە قوتابخانەکانی والدرۆف-شتاینەردا مامۆستا سەرکردەی ئەخلاقیە، پاڵپشتی هارمۆنی و هەستی کۆمەڵیبون دەکات، مامۆستا هانی قوتابیان دەدات کە بایەخ بەیەکتری و ژینگەکەیان بدەن. مامۆستا لەم ڕێبازەدا زیاتر کەسێکە دەستێوەردەرە بەپێچەوانەی ڕێبازەکانی مۆنتیسۆری و ڕێجیۆ ئیمیلیا، هەروەها مامۆستا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی قەناعەتە کەسیەکانی خۆی لەبارەی ئەخلاق و ڕۆحانیەتی مرۆڤانی و گرنگی بایەخدان بەیەکتر. هەروەها مامۆستا وەک "حکایەتخوانی سەرەکی" دەبینرێت و زۆربەی ئەو شتانەی قوتابیان فێریدەبن لەڕێی چیرۆکەوەیە.
ڕۆڵی ژینگە: پێویستە ژینگە سروشتی و خێزانی و گەرموگوڕ بێت. یاری و پێداویستیەکان بەزۆری کاری دەستین و لە دار دروستکراون. ڕەنگە خاکیەکان بەکارهاتون بۆئەوەی بە سروشتەوە بلکێنرێن.
کردارە جێبەجێکاریەکانی ئەم ڕێبازە: فێربونی ئەکادیمی تا تەمەنی ٧ ساڵان دوادەخرێت، ئەمیش بۆ ئەوەی مناڵان هەر بە بێتاوانی و لە باری مناڵیدا تا چەند دەکرێت بهێڵرێنەوە. پێش تەمەنی ٧ ساڵان بایەخەکان لەسەر دۆزینەوەکان و یاریکردنن، بەزۆری بایەخ بە هونەر و خەیاڵ و کاری داهێنان دەدرێت.
لەمڕۆدا قوتابخانە والدرۆف-شتاینەرەکان تەکنەلۆجیا بەکارناهێنن تا مناڵەکان تەمەنی ٧ ساڵان تێنەپەڕێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مناڵان زیاتر لەگەڵ سروشتدا بمێننەوە، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن مناڵان پێویستە زوتر بە تەکنەلۆجیا ئاشناکرێن بۆ ئەوەی ببنە نەوەی دیجیتاڵی بەزگماکی، هەندێکی تریش دەڵێن تەکنەلۆجیا گرنگە بۆ مناڵان تا بتوانن لەناو ئەم ئابوری دیجیتاڵیەدا کارێک بەدەستبهێنن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردەکارانی ئەم ڕێبازە باوەڕیان وایە کە تەکنەلۆجیا دەکرێت دواخرێت لەبەرئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر مناڵانی بچوک هەیە.
گروپەکانی پۆل
بوارێکی دەگمەنی ئەم ڕێبازە ئەوەیە کە مامۆستا لەگەڵ مناڵەکاندا بۆ ماوەی چەندین ساڵی یەک لەدوای یەک دەمێنێتەوە. پۆلەکانی ئەم ڕێبازە فرە تەمەن نین (واتە دەبێت قوتابیان لەناو پۆلێکدا هەمان تەمەنی یەکتریان هەبێت)، ئەمەش جیاوازی سەرەکی نێوان ئەم ڕێبازە و ڕێبازەکەی پێشترە. بایەخدان زیاتر لە ڕێبازەدا لەسەر ڕۆتینەکانی ڕۆژانەیە کە ئەمەش ڕێکخراوبونی کاتی ژەمەکانی نانخورادن و ڕاهێنانە لەسەر ژیانی خێزانی و کۆمەڵی.
ڕوانگەی والدرۆف-شتاینەر لەسەر قۆناغی مناڵی: ئەم ڕێبازە مناڵان وەک بێتاوان دەبینێت، بایەخی زۆر بەوە دەدرێت مناڵان لە جیهانی گەوران بپارێزرێن و لە ژینگەی سروشتیدا بهێڵدرێنەوە، بەڵگەش بۆ ئەمە، بۆ نمونە، ڕێگەپێنەدانی تەکنەلۆجیایە لەناو پۆلدا.
هەروەها دەشتوانین بڵێین مناڵان وەک کەسێکی سەربەخۆ دەبینرێن، ئەمەش لە ڕێبازەکانی وەک مۆنتیسۆری و رێجیۆ ئیمیلیادا کەمتر بایەخی پێدەدرێت، لەبەرئەوەی بێتاوانی مناڵی ڕووی پێشەوەی ڕێبازی شتاینەرە.
3. ڕێبازی ڕێجیۆ ئیمیلیا
تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی
• بایەخدان بە بەها خێزانیەکان
• ئەولەویەت بۆ کاری گروپ و کارلێکی کۆمەڵایەتیە
• مامۆستایان بە جوت کار دەکەن
• مناڵان وەک توانادار و توانستدار دەبینرێن
• پۆلی تەمەن جیاواز بۆ ئەوەی مناڵانی بچوک لە مناڵانی گەورەترەوە فێربن
یەکەم قوتابخانەی رێجیۆ ئیمیلیا لەلایەن لۆریس مالاگۆزی لە ساڵی ١٩٤٦ دا دامەزرا، قوتابخانەکەی لە دوری ٢٠ خولەک لە شاری ڕێجیۆ ئیمیلیاوە دروستکرد. یەکەم قوتابخانە لەڕێی فرۆشتنی تانکەکانی جەنگەوە پاڵپشتی دارایی کرا.
ڕێبازی رێجیۆ ئیمیلیا لە ئەنجامی حەزی وڵاتی ئیتاڵیا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی بۆ دروستکردنی داهاتویەکی دیموکراتی بۆ مناڵانی ئیتاڵی هاتەئاراوە، بایەخ دەدرا بە هاوکاری نێوان مناڵان و فێربونی کارامەییە دیموکراتیەکان و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان مناڵان و کۆمەڵگەکەیان.
بنەما تیۆریەکان: ئەم ڕێبازە لە بیردۆزەی کلتوری-کۆمەڵایەتی پەروەردەوە سەرچاوەیگرتوە.
مالاگوزی (کە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازەیە) باوەشی بۆ بیرۆکەکەی ڤیگۆتسکی گرتوەتەوە کە دەڵێت مناڵان بەباشترین شێوە لەڕێی کارلێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان گەوران و قوتابیاندا فێردەبن، ئەمەش لەگەڵ ڕێبازەکەی ماریا مۆنتیسۆریدا جیاوازە چونکە ئەوەی مۆنتیسۆری بیرۆکەی پیاژێ بەکاردێنێت کە پێیوایە مناڵان "زانایەکی تەنهان" و دەتوانن خۆیان فێربکەن.
هەروەها مالاگوزی ئەو بیرۆکەیەی پیاژێ ڕەتدەکاتەوە کە دەڵێت مناڵان هەمویان لە قۆناغی گەردونیدا گەشەدەکەن؛ لەبری ئەوە باوەڕی وایە کە مناڵان بەپێی خێرایی خۆیان گەشەدەکەن لەبەرئەوەی بەناو زۆنی نزیکی گەشەدا (Zone of Proximal Development) لە سیاقی کۆمەڵایەتیدا دەڕۆن. بۆیە لێرەوە دەبینی کە ڕێبازی کۆمەڵایەتی بونیاتنەر باڵادەستە و کارلێکی کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەکانی رێجیۆ ئێمیلیادا زۆر گرنگە.
ڕۆڵی مامۆستا: مامۆستای ئەم ڕێبازە وەک ڕێنوار دەبینرێت، نەک وەک کەسێکی تەواو دەسەڵاتدار. هێز و تاکێتی قوتابی بۆ بڕیاردانی خۆی و گەیشتن بە ئەنجامی خۆیان ڕێزی لێدەگیرێت. ڕەگەزی دەگمەنی ئەم ڕێبازە ئەوەیە مامۆستایان بەزۆری دو دو کاردەکەن بۆئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پێداویستی قوتابیان بکەن و یارمەتی یەکتر بدەن.
ڕۆڵی ژینگە: ئەم ڕێبازە بایەخ بە کارلێکی کۆمەڵایەتی نێوان مناڵ و مناڵ، مناڵ و گەورە، گەورە و گەورە دەدات. پۆل درێژکراوەی کۆمەڵگەیە و کلتورەکان و کۆمەڵگە پێویستە بانگهێشت بکرێن بۆناو پۆلەکان، ئەمەش واتەی ئەوەیە کە زۆر جار شارەزایانی وەک هونەروەران بێنە ناو پۆلەکانەوە. مالاگوزی پێناسەی پۆلی وەک "مامۆستای سێیەم" کردووە، ئەمەش بۆئەوەی سەرنجمان بۆ ئەوە ڕابکێشێت کە ئەمە چەند گرنگە بۆ فێربونی قوتابی.
کردارە جێبەجێکاریەکانی ئەم ڕێبازە: پۆلەکانی بەزۆری دیموکراتین و قوتابیان بەشدارن لە بڕیارداندا، هەروەها کاری گروپی زۆر گرنگە.
گروپەکانی پۆل
پۆلی تەمەن جیاوازیش لەم ڕێبازەدا بەزۆری بەکاردێت بەڵام لەبەرهۆی جیاواز لەوەی ڕێبازی مۆنتیسۆری.
مۆنتیسۆری لەسەر بنەمای قۆناغی پێشتر پێناسەکراوی گەشە پۆلی تەمەن جیاواز دیاریدەکات، بەڵام ڕێبازی رێجیۆ ئیمیلیا پۆلی تەمەن جیاواز دادەنێت بۆئەوەی هانی مناڵان بدات لە هاوپۆلە "زیاتر زانیاریدارەکانی ترەوە" فێربن.
ڕوانگەی ڕێجیۆ ئیمیلیا لەسەر قۆناغی مناڵی: لەم ڕێبازەدا مناڵان وەک "عامیلێک" دەبینرێن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە وەک توانادار و بەهێز ئەژماردەکرێن. هەر لە تەمەنی زۆر مناڵیەوە هانی بەشداری دیموکراتی و هاونیشتمانیبونی کارا دەدرێن. مالاگوزی، دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دەڵێت: "...وێنەی ئێمە بۆ مناڵ پڕە لە توانا و هێز و توانست و لەسەرو هەموشیانەوە بە مناڵانی تر و گەورانەوە بەستراوەتەوە."
4. ڕێبازی فرۆبێڵ
تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی
• مامۆستا وەک باخەوان وایە یارمەتی مناڵان دەدات وەک چرۆی گوڵ بپشکوێن
• یاری تەمەنی مناڵی و چالاکی بۆ مناڵان دابیندەکرێت
دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە فریدریک فرۆبێڵە. فرۆبێڵ ئەندازیار و فەیلەسوفێکی ئەوروپیە باوەڕی وایە گەشەی مەعریفی مناڵان بەشێوەیەکی سروشتی لەڕێی دەرخستنی ژینگەکەیانەوە ئاشکرادەکرێت. فرۆبێڵ پەرەی بە چەند یاریەک داوە کە پێیوایە لەگەڵ پێشکەوتنی سروشتی مەعریفی مناڵاندا دەگونجێت. فرۆبێل بە میتافۆری مامۆستا وەک باخەوان و قوتابی وەک گوڵ بەناوبانگە.
بنەما تیۆریەکانی
فرۆبێڵ تیۆرناسێکی مەعریفی-بونیاتنەری (cognitive-constructivist) کاریگەرە و پێیوایە مناڵان لەڕێی قۆناغە سروشتیەکانەوە گەشەدەکەن و وەک گوڵ دەپشکوێن (تا ڕادەیەک وەک مۆنتیسۆری). یەکێکە لە یەکەمین ئەو کەسانەی کە گرنگی وازیکردن بە یاریەکان و ئامرازەکانی یاری بۆ گەشەی مەعریفی مناڵان دوپاتدەکاتەوە و باوەڕی وایە دەبێت یاریە تەمەن گونجاوەکان دابینبکرێن تا یارمەتی پێشکەوتنی گەشەی مناڵ بدات.
ڕۆڵی مامۆستا: مامۆستا وەک باخەوانێکە کە چاودێری گەشەی مناڵ دەکات بەشێوەیەکی سروشتی گەشە بکات. مامۆستایان پێویستە چاودێری گەشەی مناڵان و هەست دروستبونیان بکەن و ئەو ئەزمون و دیاریانەیان بۆ دابینکەن کە دانراون بۆ یارمەتیدانی هەست دروستبون لای مناڵان (زۆر نزیکە لە مۆنتیسۆریەوە بەڵام جەختێکی زۆر لە فێربونی هێمایی و بیرکاریانە دەکرێتەوە).
ڕۆڵی ژینگە: فرۆبێڵ دەیەوێت قوتبیان بخاتە ناو ژینگەیەکی ئامادەکراوەوە کە دیاری و یاریەکانی تێدایە. دیاری و یاریەکانیش ئەمانەن:
دیاری ١-٦: یاریکردن بە مادە ڕەقە سێ ڕەهەندیەکان
دیاری ٦-٩: یاریکردن بە شێوە و هێڵ و خاڵە دوو ڕەهەندیەکان
دیاری ١٠: چوارچێوە: یاریکردن بەو چوارچێوانەی کە مادە ڕەقەکان بە هێڵ و خاڵەکانەوە دەگەیەنێت (ئێسکەپەیکەری شێوە سێ ڕەهەندی).
کردارە جێبەجێکاریەکانی ئەم ڕێبازە: فرۆبێل باوەڕی وایە باخچەی مناڵان دەبێت پڕ بێت لە یاری و بزوتن و گۆرانی و چالاکیە دەستیەکان کە یارمەتی مناڵان دەدەن بەهۆی پێنج هەستەکەوە فێربن. دیاری (یاریەکان) و پیشە (دەستڕەنگینی) یەکانی فرۆبێڵ پێویستە یارمەتی مناڵان بدەن وێنا هێمایەکانی جیهانی واقیعی پێ دروستبکەن. مناڵان دەبێت جیهانیان بۆ دەرخرێت لەڕێی یاریەوە تا گەشە بە تێگەیشتنیان بۆ سروشتی جیهانی فیزیکی بدرێت، چونکە یاریکردن لە جیهانی واقیعیدا سیاقێك دەدات بە مەعریفەی قوتابیان (زۆر دژی فێربونی ڕۆتینیە، واتە دەرخکردن و دوبارەکردنەوە).
گروپەکانی پۆل
فەلەسەفەی فرۆبێڵ هیچ ئاماژەیەکی بە پێویستی گروپی تەمەن نەداوە.
ڕوانگەی فرۆبێڵ لەسەر قۆناغی مناڵی: فرۆبێڵ مناڵ وەک عامیل دەبینێت و پێیوایە مناڵان هەوڵدەدەن لەڕێی تێوەگلان بەو شتانەی لە ناویدا هەن لە جیهان تێبگەن. بۆیە دەبێت مناڵان سەربەستیان بدرێتێ تا خۆیان جیهان کەشفبکەن (ئەم جەختکردنەوەیە لە سەربەستی مناڵ بەتەواوی پەیوەندارە بە پێکهاتەی عامیلەوە).
5. قوتابخانەی فۆریست (یان دارستان)
تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی
• مناڵان بەتەواوی لە ناو دارستان و لە دەرەوە فێردەبن
• هانی کاری مەترسیدار دەدرێت
لە دانیمارک سەریهەڵداوە و بەجیهاندا بڵاوبوەتەوە. لەلایەن پەروەردەکارە دانیماریکیەکانەوە دامەزراوە و بۆ سەرتاپای جیهاندا لەساڵانی ١٩٩٠ و ساڵانی ٢٠٠٠ دا بڵاوبۆتەوە. لە ئێستادا لە وڵاتانی بەریتانیا (بەناوی قوتابخانەکانی دارستان) و ئوسترالیادا (بەناوی بوش کیندەرز) بڵاوە. ئەم جۆرە قوتابخانانە پەیڕەوی ڕێبازی یاریکردن دەکات و باوەشی بۆ ئەو بیرۆکەیەی جان جاک رۆسۆ کردوەتەوە کە دەڵێت مناڵان پەیوەندیەکی تایبەتیان لەگەڵ سروشتدا هەیە. ئەم ڕێبازە بەفەلسەفەی دانیمارکی فغیلوفتسلیڤ (friluftsliv) کە بەمانای ژیان لە هەوای کراوەدا دێت، پاڵپشتی کراوە. ئەم فەلسەفەیە پێیوایە بەخێوکردنی مناڵان لە سروشتدا یارمەتیان دەدات ئەزمونی ئازادی بکەن و هەوای پاک هەڵمژن و پەیوەندیەکی ڕۆحی لەگەڵ زەویدا دروستبکەن.
بنەما تیۆریەکانی: ڕێبازی قوتابخانەی فۆڕیست مناڵان بەشێوەی گشتگیر دەبینێت، ئەمەش پەیوەندارە بە ڕوانگەی مرۆڤانە بۆ فێربون و فێرکردن. تێگەیشتنی گشتگیر بۆ مناڵان جەخت لەسەر گەشەی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و جەستەیی مناڵان دەکاتەوە. هەروەها دەتوانین بڵێین ئەم ڕێبازە بونیاتنەریشە، چونکە جەختێکی زۆر دەکاتەوە لەسەر "فێربون لەڕێی کردارەوە". مناڵان کاتەکانیان لە دەرەوە بەسەردەبەن و تێکەڵی سروشت دەبن و تیایدا دەژین تا مەعریفەیان گەشەبکات.
ڕۆڵی مامۆستا: مامۆستای ئەم جۆرە قوتابخانانە دەبێت ڕێنوار بن و هانی قوتابیان بدەن ژینگە سروشتیەکی تیایدان کەشفبکەن. مامۆستا هانیان دەدات بگەڕێن و یاریبکەن بەڵام ئەوە مناڵەکە خۆیەتی کە سەرکردایەتی ئەزمونی فێربونەکە دەکات (واتە ڕێبازێکی مناڵ-پێشڕەویە). هەرچەندە سەلامەتی مناڵان جێگەی نیگەرانیە، بەڵام مامۆستا نابێت ئامانجی ئەوە بێت هەموو مەترسیەکان لابەرێت و لەبری ئەوە دەبێت مناڵان دڵخۆش بن بە شوێنێکی تەواو سەلامەت کە مەترسیە ئاشکراکان لابراون، بەڵام نابێت مامۆستا زیاتر لەوە بڕوات و دڵەڕاوكێ دروستکات، چونکە هەندێك مەترسی بۆ فێربون باشن.
مامۆستا بایەخ بە دروستکردنی متمانە لەنێوان خۆی و قوتابیەکاندا دەدات، ئەمەش واتە دەبێت مامۆستا متمانەی بە قوتابیان بێت کە خۆیان خۆیان ڕێکبخەن. هەروەها مامۆستایان بایەخ دەدەن بە بۆنە و ئاهەنگەکانی وەک ئاگرکردنەوە و پرێزنتەیشنی قوتابیان بۆ دەستپێکردن و کۆتایهێنان بە دانیشتنەکانی فێربون.
ڕۆڵی ژینگە: فێربون بەتەواوی لەدەرەوەیە، بەشێوەیەکی پەسەندیش لە ژینگەی دارستانە سروشتیەکاندا. دەبێت ژینگەی فێربون کۆتاییەکەی کراوە بێت، ئەمەش واتە مناڵان خۆیان سەرکەشیەکانیان دروستدەکەن: خۆیان ئەوە هەڵدەبژێرن چۆن سەرچاوەکان لە ژینەگەکەیاندا بەکاربهێنن. وانەکانی دەرەوە پێویستە لەهەمو بارێکی کەشوهەوادا بکرێن، تا مناڵان بۆ هەمو جۆرەکانی کەش و هەوا سارد، گەرم، باراناوی، بەفراوی ئامادەبکرێن.
کردارە جێبەجێکاریەکان بۆ مامۆستا: مامۆستایان دەبێت دڵنیابنەوە لەوەی قوتابیان بەشێوەیەک خۆیانگۆڕیەوە کە لەگەڵ باری کەشوهەواکەدا گونجاوە. دەبێت مناڵان فێری ئەوەکرێن چۆن خۆیان بەسەر مەترسیەکاندا زاڵدەبن و ئەمەش پێویستی زۆری بە سەرەتای سکافۆڵدین (scaffolding) هەیە. هەشت پرنسیپ بۆ قوتابخانەکانی فۆڕیست هەیە کە مامۆستایان دەتوانن وەک ڕێبازیکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی فەلسەفەی قوتابخانەی فۆڕیست لە فێرکرنەکەیاندا بەکاریانبهێنن.
گروپی پۆلەکان
لەم ڕێبازەشدا ئاماژە بە پێویستی گروپی تەمەن نەدراوە، ئەمەش جیاوازیەکی بەرچاوە لەگەڵ ڕێبازەکانی مۆنتیسۆری و شتاینەردا. بەڵام ئەم ڕێبازە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت مناڵان لەناو ژینگەیەکی دارستانیدا بن بۆ ماوەیەکی بەردەوام: تەنها یەک چالاکی دەرەوەی پۆل بەس نیە، وا باشترە هەموو فێربونەکە لە دارستاندا بێت بۆ ماوەی چەندین هەفتە لەسەریەک. لە بەریتانیادا هەندێک تەعدیلاتی تیاکراوە بەشێوەیەک هەفتەی یەک ڕۆژ بەسەر وەرزەکەدا دابەشکراوە ئەویش لەبەر مەنهەجی خوێندنەکە.
ڕوانگەی قوتابخانەی فۆڕیست لەسەر قۆناغی مناڵی: ئەمیش مناڵ وەک عامیل دەبینێت و پێیوایە مناڵان دەتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن و بەرگەگرتنیان بۆ مەترسیەکان لە ژیانیاندا هەڵسەنگێنن. بۆیە متمانەی نێوان مناڵان و گەوران جەختیلێکراوەتەوە، پەیوەندیەکی وەک بڵێین بدەوببەیە، نەک مامۆستا ببێتە دوا کەسی دەسەڵاتدار.