529 کەلتور

گەڕانێکی کنەکارییانە بە جیهانی ڕۆمانی ژنەکان وڵاتیان نییەی ئەژین عەبدولخالق

06:25 - 05/07/2020

ئاراس ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د

تانوپۆ، بیرۆکە، دیمەنە هەمەچەشنەکان، گێڕانەوە فرە گۆشەکان، ڕووداو و هەیکەلەی ڕووداوەکان، مەبەست و ئامانجی ڕۆمانی ژنەکان وڵاتییان نییەی ئەژین عەبدولخالق لەسەر ڕەخنەگرتنی سێ پێدراوی کۆمەڵگای کوردیی بنیاتنراوە. سەرباری دابینکردنی پانتاییەکی گەورەی ڕۆمانەکە بۆ ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو بە ئامانجی خستنەڕووی لایەنە ناشرینەکان و ڕەهەندە مردووەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردیی، ڕۆماننوس بیری نەچووە سود لە ئەزمونی ژیانی ئەوروپا وەربگرێت بۆ پیشاندانی ئەو کەموکوڕیی و نارێکیی و ڕەفتارە ناپەسەندانەی کە بەرامبەر بە پەناهەندە و کۆچبەر و پەنابەر ئەنجام دەدرێن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، بنەڕەتترین مەغزای ئەم ڕۆمانە لەسەر عەوداڵییەکی ئێجگار قووڵ بە شوێنەوە ڕۆنراوە. کاراکتەری سەرەڕم، (خەجێ) خەجە خەیاڵاویی، بە تەواویی ئولفەتی بە خاک و نیشتیمان و زێدەوە گرتووە. کەوابوو، ئەم نوسینە هاوڕێیەتییت دەکات لە چەند گۆشەنیگایەکەوە بچیتە ناو دنیای ڕۆمانی ژنەکان وڵاتییان نییەی ئەژین عەبدولخالقەوە:
قووڵایی ناکۆتا و هەرە گرنگی شوێن
لە ٣٤ وشەی سەرەتایی ڕۆمانەکەدا، بە خاڵبەندیی و ئامرازە پەیوەندییەکانیشەوە، ١١ وشەیان ئاماژەن بۆ شوێن. خوێنەر لە هەموو پەڕەکانی ئەم ڕۆمانەدا، بە خوێندنەوەی وشە و ڕستە و پاراگرافەکان، بەر ناوی چەند شوێنێک دەکەوێت کە هاوکارییەکی ئاسان دەکەن لە ڕێگایانەوە لە بیرکردنەوە و خەیاڵ و قسەکردن و ڕەفتار و جموجوڵی کاراکتەرەکان تێبگەین. شوێن نەک تەنها ئەوە بەڵکو خەون و خولیا و حەز و پلان و ئامانج و ئارەزوووی کاراکتەرکانیش واڵا دەکات. ڕۆچوونی بیرکرنەوەکانی خەجە خەیاڵاویی بەناو گرنگیی و پێگەی شوێن لە ژیانی مرۆڤدا جۆرێکە لە وێنەدانەوە و نەخشەڕێژی ژیانی ڕۆماننوس. بە دیوەکەی تردا، شوێن بەرجەستەکەر و سەکۆی نمایشی ڕووداوەکانی ژیانی خەجەیە. لە دایک بوون و ژیان لە کوردستان و سەفەرکردن بۆ ئۆسلۆی نەرویج لە ڕێگەی تارانی ئێرانەوە پشکنینی شوێنە بە ئامانجی فراوانکردنی پانتاییەکان و ڕووبەرەکانی ڕەخنەگرتن و پیشاندانی چەوتییەکانی ئەو سێ شوینە. سەرەڕای کوتانەوەی ڕەهەندە دینیی و سیاسیی و کلتورییەکانی ئەو سێ کۆمەڵگایە، خەجە خەیاڵاویی لە هەموو ئەو گەڕان و گەشت و سەفەرەدا یەک خەسڵەتی زۆر دیار لە ژیانیدا ڕەنگدەداتەوە، ئەویش بریتییە لە ئۆقرەنەگرتن و نەبوونی شوینێک بۆ حەوانەوە و ئارامگرتن و پشوودان. خەجە بەردەوام نیگەرانە، هەمیشە پەرێشانە، هیچ شوێن و پنتێک سیحری ئەوەی تێدا نییە بە خۆیەوە گرێی بدەن، بە خۆیەوە بینوسێنن. بە مانەیەکی تر، خاک و نیشتیمانێک نییە خەجە وەک ئەوەی کە هەیە لە ئامێزی بگرێت، بەڵکو دەیانەوێت خەجە بە ئەو شێوەیە، بە ئەو جۆرە مامەڵە و ڕەفتار بکات کە کلتور و ئایینەکە و سیاسییەکان دەیانەوێت. خەجە ئەمە بە دەرفەت دەزانێت تەوقی کلتورەکان تێبشکێنێت، یاسای سیاسیی و حکومەتەکان لێکهەڵبوەشێنێت، چوارچێوە دەستکردە ئایینییەکان ببەزێنێت. هەرچەندە ژیانی خەجە مەحکومە بە دەستوپەنچە نەرمکردن لەگەڵ ئەو هەموو سنوربەندیی و ڕێگرییە مرۆکردانەدا، بەڵام خەجە هەوڵدەدات تەسلیم نەبێت، کۆشش دەکات کاریگەریی دیدگا و دەستتێوەردانی ئەوانی تر نەکات بە پێوەر بۆ ژیان و گوزەرانی خۆی. سەفەرکردنی بە تەنیا بۆ ئێران و نەرویج، چوونە دیسکۆ و سەماکردن، ئەنجامدانی کردەی سێکس و مەشروب خواردنەوە ئەو هەڵوێست و ڕەفتارانەن کە خەجە دەیەوێت لە ڕێگایانەوە بە گژ کلتورە سەپێندراوەکەدا بچێتەوە. "بە زۆر شوێن و خاک و خولی جیاوازدا گوزەرم کرد. تەنانەت ڕەنگ و سروشت و بۆنی گوڵەکانیش جیاواز، ئەوەی لە هەموو شوێنێک لە یەک دەچوو، بێ وڵاتیی من بوو. من لە هەموو شوێنێکدا بێ وڵات بووم." (لاپەڕە: ٥) سەرەڕای ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە دڵخوازیی خۆیین، بەڵام خەجە هێشتا ناتوانێت لانکەیەک بۆ ئیسراحەت بدۆزێتەوە، خەجە هێشتا پڕە لە غەم و کەسەر و دەردیسەریی.

یەکێک لە ئەو تایبەتمەندییانەی لە ئەم ڕۆمانەدا بەرچاوە بریتییە لە بەکارهێنانی ناوی جۆراوجۆر و ئەو دەربڕینانەی پەیوەندییان بە شوێنەوە هەیە، بۆ نمونە، "ئاسمان، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، ماڵ، وڵات، خۆرئاوا، کوێ، شوێنی ناجێگیر، زیندان." (لاپەڕە: ٦) ئەم ٩ وشەیە تەنها لە یەک لاپەڕەدا جێگایان کراوەتەوە. لە زۆرینەی پەڕەکانی ڕۆمانەکەدا ئەم بەرکەوتنە بەردەوامە لەگەڵ شوێن هەیە. هەرچەندە ئەم وێناکردنانە بە بەردەوامیی بەر ئاوەز و بیری خوێنەر دەکەون، بەڵام لەگەڵیشیاندا شوێن هەمیشە وەک سنوربەندکردن و تەلبەندکردن و پەرژیکردن و لە قاڵبدان هێمای بۆ کراوە. بە دەربڕینێکی تر، خەجە پێیوایە هەبوونی وڵات ڕزگاری دەکات، ناسنامەی دەداتێ، پێگە و کەسایەتیی بۆ دروست دەکات یان بەلایەنی کەمەوە وەک پلە دوو یان نامرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن، بەڵام هەر لە گێڕانەوە و ئاماژەدان بە شوێنیشدا چەند وردە سەرنج و وشەیەک بەکاردەهێنێت کە هێمان بۆ کەلەپچەکردن و نەگەڕان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی. ئەمە ئەو لایەنە پارادۆکسەی بەسەرهات و موکەسەراتی ژیانی کاراکتەری سەرەکییە کە ڕەنگە بەئاسانیی پەیپێنەبردرێت! هەر ئەم دیوە کەم هەستپێکراوەی ژیانی کاراکتەری سەرەڕمە کە زۆرجار دەیخاتە بەر نەشتەری هەڵبژاردنێکی ناچارییانە و دووڕیان و سێ ڕیان و چوارڕیانی یەکتربڕەوە کە ژیانی سەرەولێژ دەکەنەوە و یادگەی لاواز دەکەن و جەستەی ماندوو دەکەن. "بیرەوەرییم لەگەڵ هیچ شوێنێکدا نییە، هیچ شوێنێک، هیچ مرۆڤێک، هیچ سەگێک من ناناسێت." (لاپەڕە: ٧). خەجە کاراکتەرێکە هیلاکە چ بە جەستە چ بە مێشک، ئەوە لەکاتێکدا کردەی گەڕان و گەشتکردن لە خودی خۆیاندا دەبوایە غەم ڕەوێن و ئارام بەخش بوونایە!

خەجە دەیەوێت لە کورد ڕابکات لە ڕێگەی گەشتکردن بە کەناری دەریا و شوێنی لەنگەری گەشتییەکان و وێستگەی پاسەکان و شەمەندەنەفەرکان و فڕۆکەخانەکاندا، بەڵام یادەوریی و بیر و خەیاڵی خەجە ئاوێتەییەکی جاویدانییان لەگەڵ هۆش و ئاوەزیدا هەیە بە شێوەیەک کە هەڵهاتن لێیان کارێکی نەکردەیە. "ساڵانێک کارم دەکرد، چەقبوون لە کورد بسێنمەوە و خۆم چەقی ژیانی خۆم بم...من لە کورد ڕام کرد...ئەو هەموو ناو و ژمارە کوردییە چیین لەگەڵ خۆم هێناومن... ئەو هەموو کاراکتەرە کوردییانە چیین لە خەیاڵم دەرناچن..." (لاپەڕە: ٩) جەخە بە ئەو هیوایە دەگاتە ئۆسلۆ ئازادانە بژی، بەڵام نەک بە پلە دوو سەیری خۆی و کوڕەکەی (هەور) دەکەن، بەڵکو ناچارە بۆ فەراهەمکردنی بژێوی ژیانیان لە چێشتخانەیەکدا کاربکات و تەنانەت تەوالێتەکانی پاک بکاتەوە. ئەمە ئەو حەقیقەتەی ژیانی ئەوروپایە کە ڕۆماننوس خودی خۆی بینیویەتی یان ئەزمونی کردووە و دەیەوێت لەڕێگای مانیفێستکردنی ژیانی خەجەوە هۆشدارییەک و هۆشمەندییەک بۆ کۆمەڵگای کوردییش بگوێزێتەوە. بە مانایەکی سادەتر، ڕۆماننوس لێرەدا دەست دەخاتە ناو ژیانی خەجەوە و ئاڕاستەی ڕووداوەکانی ژیانی و چڵەوی جوڵەکانی دەکات بە ئامانجی بێدارکردنەوەی کۆموڵگای کوردیی بەتایبەت توێژی گەنجان سەبارەت بە ئاستی ژیان لە نەرویج کە زۆرجار وەک بەهەشتی سەرزەمین وێنا دەکرێت. سەرخستنی ئەم گوتارە پاساوێکی ئەدەبیی قبوڵکراوە چونکە پەیامی بەئاگاهێنانەوەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. هەرچەندە ڕووداوەکانی ژیانی خەجە سەختن یان بەشێوەیەکی تر ڕەنگە خەڵکێک هەبن خۆزگەی بۆ نەخوازن، بەڵام گێڕانەوەیان لە فۆڕمێکی جوانناسییانەی هونەرییدا پەیامێکی تێدایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری جڤاکی کوردیی.

*ئەم ٩٧٠ وشەیە بریتییە لە خوێنەوەیەکی کنەکارییانەی دووروودرێژی من بۆ ئەم ڕۆمانەی خاتوو ئەژین. واتە، ئەم نمونەیەکی بچوکە لە خوێندنەوەکە نەک هەمووی.
* وشەی کاراکتەری "سەرەڕم"، پێموایە یەکەمجارە بۆ "کاراکتەری سەرەکیی، یان پاڵەوان، یان قارەمان، یان پرۆتاگۆنێست' و هاوشێوەکانی لە ئەدەبیی کورییدا بەکاردێت. هەرچەندە ئێرە دەرفەت نادات بۆچیی ئەو وشەلێکدراوەم هەڵبژاردووە، بەڵام پێموایە وشەیەکی زۆر گونجاو و لەبارە و جێگای خۆی بەجوانیی دەگرێت. دەرفەت هەبوو، دێمەوە سەر ئەمە بەوردیی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن