وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت!
03:02 - 01/07/2020
دارۆ عەزیز-لەندەن
ئەم سێینە شانۆییە درێژکراوەی ئەو زنجیرە شانۆیانەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە
دوایدا دانا ڕەئووف نووسیویەتی، یەک خاڵی هاوبەش هەموویان کۆ دەکاتەوە، بەدحاڵیبوون
باڵی بەسەر ئەم تێکستەو تێکستەکانی دیکەشیدا
کێشاوە. بەدحاڵیبوون لە نێوان دوو ڕەگەزی جیاوازدا و هەندێ جاریش لە نێوان هاوڕەگەزەکاندا
بەدی دەکەین، ئەم بەدحاڵیبوونە چەندبارە دەبنەوە، تەنانەت لە نێو هەر دیمەنێکدا لە
نێو هەر لاپەڕەیەکدا ، تەنانەت لە ژێر چیرۆک
و نێو دایەلۆگەکاندا بە ڕوونی دیارە. جارێکی
تریش باسم لەم بەدحاڵیبوونەم کردووە لای دانا ڕەئووف ، ئەوەی دەمەوێ سەرباری بکەم، نووسەر نەیووستووە خۆی
بکات بە مامۆستایەک و هۆکار و چارەسەریە سایکۆلۆژیەکانمان بۆ دیاری بکات، ئەرکی نووسەر
خستنە ڕووی دیاردەکەیە، دەرگایەک بە ڕووی نەخۆشییە سایکۆلۆژیەکان دەکاتەوە. دانا بەوەش
ناوەستێ بەدحاڵیببون لە نێوان دوو نەوەدا دەخاتە
ڕوو.ئەوەی بەلامە سەرنجبەرە نووسەر نەهاتووە شارێیەکمان نیشان بدات، بەڵکو چارەسەری
ئەم پرسە دەخاتە بەردەم خوێنەر و دواتر ڕووانەر.
دانا، خەون و دنیای ڕیالیستی بە تاڵە دەزوویەک بەیەکەوە گرێ داوە، هەندێجار
ڕادەمێنی لە نێوان خەون و واقیعدا ، ئەم تەکنیکە تووشی دڵەڕاوكێمان دەکات و پرسیار
گەلێک لامان دروست دەبێت، ئایە ئەم کارەکتەرانە لە دنیایەیەکی واقیعدا دەژین یان نەخێر
ئەمەی دەگێڕێتەوە تەنها خەونێکە و ئێمە لە دەلاقەی پەنجەرەیەوە بە دزیەوە سەیری دەکەین،
ئەم جۆرە دەمانگوێزێتەوە بۆ دنیایەکی دیکە کە ئەمە ئەرکی هەموو نووسەرێکە لە هەموو
ژانراکاندا کە بتوانن خوێنەر و ڕووانەر داببڕێنن لەو جیهانە ڕیالیستیە دووبارە و ستۆریتایپە،
دەتوانم بڵێم دانا لەم هەنگاوی پەلکێشکردنەدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووبوە.
یەکێ لە سەرنجەکانم دەربارەی ستایلی کارکردنی دانا ڕەئووف لە پێکهاتەی زۆربەی
شانۆیەکانیدا ئەو گۆڕینە خێراو دوورانەیە وەک زەمەن کە ڕوو دەدەن ، گەڕانەوە بۆ دوای
بیست ساڵ یان بە پێچەوانەوە، پێم وایە ئەم تەکنیکە کەمێک ئاڵۆزە بۆ ڕووانەر و دەرهێنەر و کۆی ستافی نمایشت کە بایانەوێت
کاری لەسەر بکەن، من لەوە تێدەگەم کە نووسەر مەبەستی ئەم زەمەن گۆڕینەی بۆ کردووە، دانا دەیەوێت پێمان بڵێت هەر چەندە زەمەن خێرابێت
و تیژ ڕەوبێت، سایکۆلۆژێتی مرۆکان گۆڕان بەسەر ئەو بەدحاڵیبوونەدا نایەت، هەر وەک نموونەی
سیامەند و نەشمیل یان مەستانە و نەشمیل. هەر وەک ئاماژەم پێدا لە کردەیدا کاری ئاڵۆز
و گرانە، لەوانەیە ئەم جۆرە تەکنیکە لە نووسینی ڕۆمان و چیرۆک ئاسانتر بێت!
کارەکتەرەکان لەم سێینەدا زیاتر هەڵچوونی سایکۆلۆژیان هەیە وەک لەوەی هەڵچوونی
جەستەییان هەبێت ، دانا بە پێچەوانەی زۆربەی کارەکتەری کوردیەوە کە زیاتر هەڵچوونی جەستەییان هەیە، لەم سێینەدا زۆرترین
بێدەگی و کەمترین هاوار و قیژە پانتای تێکستەکەی داپۆشیووە ، بە پێچوانەی زۆربەی تێکستە
کوردیەکان کە هاوار و قیژە پانتایەکی زۆر داگیر دەکەن . من پێم وایە دانا بووە بە خاوەنی ستایلێکی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی لە
ڕێگای ئەو بێدەنگییەوە. گەر لە ئایندەدا دەقێک لەم جۆرە میتۆدە بخوێنمەوە ناوی داناشی
پێوە نەبێ دەزانم ئەو تێکستە هی دانایە.
لە کۆتایدا دەڵێم خوێندنەوەی ئەم تێکستانە پێویستی بە شیکاری توێ توێکردن هەیە تا لە ڕێگەی دایەلۆگ و دیمەن و ڕووداو کارەکتەرەکانەوە
ڕۆچینە نێو تێکستەکانی داناوە.
هیوای بەردەوامی بۆ هاوڕێم دانا ڕەئووف دەخوازم.