1833 کەلتور

ژن لە رۆمانی تاجەگوڵینە تاجی درکی

01:46 - 18/05/2020

د.نەزاکەت حسین

رۆمانی تاجەگوڵینە تاجی درکی - له‌ نوسینی سه‌ردار عه‌بدوڵا

لێروە دەست پێ بکەم"وەک دەڵێن مرۆڤایەتی لەسەر ڕۆحە مێینەکان بیناکراوە". رۆمانی تاجەگوڵیەن تاجی دڕک
ڕەنگە ئەم ڕۆمانە دووەم رۆمانێک بێت کە لەژیانمدا بەزمانی کوردی خوێندبێتمەوە، ئەڵبە ئەوکاتانەی لە ئەوروپا دەمخوێند سەرەتای ئاشنابوونم بوو بە خوێندنەوەی رۆمان و ئیتر قسمەت وابوو بە خوێندنەوەی رۆمانە ئینگلیزیەکان دەستم پێکرد و چێژم لە رۆمانی ئینگلیزی وەردەگرت، نەک لەبەر ئەوەی رۆمانی ئینگلیزیم لابەهێزتربوو لە کوردی، بەڵکو لەبەرئەوەی ڕاهاتم بەو ستایلە خوێندنەوەی  رۆمان.

کە گەڕامەوە بۆ کوردستان یەکەم جار رۆمانێکی کوردیم خوێندوە، کە رۆمانی 'چاوەکانی' بوو هەستم کرد ئاسان نیە بۆم و زۆر تێکەڵ نابمەوە بە رۆمانی کوردی، ئیتر لەوکاتەوە هیچ رۆمانێکی کوردیم نەخوێندوەتەوە، کە ئەم رۆمانە نوێیەی هاوڕێم کاک سەردارعەبدوڵام بە دیاری پێگەیشت و کەمێک لەگەڵی چووم، ئەوەی وای کرد کەبتوانم تاکۆتایەکی بەردەوام بم و لە چەند رۆژێکدا تەواوی کەم، رۆڵ و کارەکتەرە ژنەکانی ئەم رۆمانە بوو کە  جیا لە هەموو ئەو وێنانەی کە رۆمانەکانی تر و شاعیرەکان و ئەدیبەکان داویانە بەژن .

 

کە بە بەژن و باڵایدا هەڵیانداوە وەک  کائینێکی بۆ غەریزەو خۆش کردنی کاتەکانی پیاو و چاوی چۆنە قژی چۆنەو باڵای چۆنە. ئەم رۆمانە  پێمان دەڵیت کاتێک تەڵخیەکانی چاوەکانت ڕوون دەبێتەوە ئینجا جەوهەری ژن دەبینیت، کارەکتەرەکانی ژن هەر لە دایکیەوە تا شیرین و لەیلا و شەونم و ئەنجیلاو حەوا، ژن وێنا دەکات وەک فریادرەسی کاتی بێ ئومێدیەکان، پێمان دەڵیت کاتە سەختەکانی ژیان بەبوونی ژنێک لەگەڵتا بێت دایک بێت یان هاوڕێ یان خۆشەویست خۆش دەبێت و زاڵ دەبیت بەسەریدا. تێڕوانینی ئەم رۆمانە بۆ ژن  پێمان دەڵیت "ئەگەر ژیان شانۆیەک یان فیلمێک بێت کارەکتەرە قارەمانەکانی ژنە و ئەوەی بەردەوامیمان پێ دەدات بۆ ژیان ژنە "  هەروکو پێمان دەڵیت" تەنهایی، نەخۆشی، غەریبی، تەنانەت ساتە سەختەکانی روبەڕووبونەوەی مەرگیش ژنێک فریادرەسە یان فریادرەسیش نەبێت دەتونێت وات لێبکات بەرگە بگریت و تەحەمولی قورسترین سزا بکەیت." خەیاڵەکانی نوسەر لەم رۆمانە تەنها رۆڵی ژن وەک کاتە کۆمەڵایەتیەکان باس ناکات کە پیاوان و کۆمەڵگە پێویستیانە بەڵکو باسی خەباتی شاخ و گەورەیی ژن دەکات کە چاوقایمی و ئازایەتیەتی"

ئەم رۆمانە ژنی خستەوە ناومێژوو، گەر لەهەموو مێژوەکانی ژن رۆڵی ون کراوە سەردەمی کۆرۆنا رۆڵی ژن قارەمانەکە بوو. چونکە وەک خۆی دەڵیت لە 'زۆرترین رووداوە میژویەکان نەناسراوەکە ژنێک بوە' واتە ژنی ناسیەوە و لەو پەراوێزوو قەتیس بوونەی هێنایەوە خستیەوە شوێنە گرنگ و جەوهەریەکەی خۆی.
ژن لە رۆمانی تاجە گوڵینەدا لاواز نیە بەڵکو ورە دەدات، سەردەمی مۆتەکە دەگۆڕێت بۆ خۆشی و زیندویەتی دەدات. ژن لەم رۆمانەدا دەگری، بەڵام گریانەکەی لە لاوازی نیە وەک داستانەکانی تری کتێبی چیرۆک و رۆمانەکان، پێمان دەڵێت گریانی ژن لەم رۆمانەدا بۆ خۆی نیە بۆ مرۆڤایەتیە بۆ ئەو کارەساتە ناخۆشەیە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتوە،  هەروەک گریانی لەیلا  بۆ پیاوە پیرەکەیە کە دوای ٢ رۆژ لەمردنی لەماڵەکەی خۆیدا دەدۆزریتەوە، گریانی لەیلا بۆ ئەو شێوە ناشتنە بێ بەزەیی و دوور لە ئاداب و ڕیتمی ناشتنی مردوەکانە کە مردوەکانی کۆرۆنا دڵرەقانە فڕێدەدرێنە ناو گۆرەکەوە. ژن لە رۆمانی تاجە گوڵینەدا وەک ئەوەی لە چیرۆک و دراما کوردیەکاندا دەم شڕو قسە هێنەرو بەر نیە  بەڵکو نهێنی پارێزە وەک شەونمی قارەمانێکی تری رۆمانەکە. ئەم رۆمانە پێمان دەڵیت کاتێک هاوڕێکانت یان دەوروبەرەکەت گاڵتەت پێدەکەن،ژنیک دەتوانێت دروست کاتەوە بە خۆشەویستیەکەی واتە ژن گاڵتەچی نیە بەڵکو دروست کەری مرۆڤە وەک شیرین چۆن قوتابخانەی لای یوسف شیرین کرد.

ئەم رۆمانە پێمان دەڵیت تاکە چاوەڕوانیەک کە فریادرەس بێت ژنە وەک چۆن خاوەنی ئەم رۆمانە لەهەر کاتێک کە خەبەری دەبێتەوە و چاو دەکاتەوە ئەو جیهانە چۆڵ و وێرانە غەمناکە دەبینێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ لەیلا دەگەڕێت، یان کە هۆش دەکاتەوە لە بەنجەرەی ژووری نەشتەرگەری بۆ ئەنجێلا دەگەڕێت.هەروەک پێمان دەڵێت ژن ئەو کائینە لاوازەنیە کەهەمیشە حەزبکات پیاوێک نازی بداتی خۆشەویستی ئارەزویی پیاوانەی هەبێت بۆی هەروەک لەیلا ناهێڵیت نەخۆشەکە دەست لەگەردنی بئاڵینی و دەستی لادەبات.بەڵکو ئەو دەیەوێت بڵیت ژنێک کاتێک میهرەبانی دەنوینێت لەبەر هەستە مرۆڤایەتی و گەورەیەکەیەتی نەک بۆ سەرانج ڕاکێشان. ئەوە بەرامبەرەکەیەتی هەڵە لێی تێدەگات و دەیەوێت ئەو هەستە جوانەی ئیستیغلال کات.

خەیاڵ و فەنتازیای ئەم نوسەرە بۆ ژن بۆ جەوهەر و قارەمانی ژن تەنها لەباسی سەر زەمیندا ناوەستێت دەچێتە ئاسمانەکان و جیهانی کۆتایی کەباسی بەهەشتە، لەوێش بۆ رۆڵە قارەمانەکەی ژن دەڕوانێت 'حەوا' لە رەفتارە شەیتانیەکیەوە کە داستانەکانی تر بۆیان باس کردوین دەکاتە فریشتە، دەیکاتە قوربانی و وێنای ئەو قوربانیەی دایکە حەوامان بۆ دەکات کە داویەتی لە پێناو خۆشەویستی ئادەم و ژیان و یەکەم خاڵی دروست بوونی ژیانی سەرزەویدا. کەواتە ئەگەر خواوەند دیزاینەرو خولقێنەری  ژیانی مرۆڤایەتی بێت دایکە 'حەوا'  یەکەم جێبەجێکەری ئەوبەرنامەیە بوو.ئەم رۆمانە حەوا بە مەزوڵمی ناو داستان و راڤە کانی ناو کتیب و تەفسیرەکانی دادەنێت .

 

حەوا لای ئەم مەزڵومە نەکە زاڵم.ئەم پێمان دەڵێت حەوا جوانتر لە خوا تێگەیشت کەمەبەستی خوا چیە نەک  ئادەم، کە مرۆڤ بۆ ژیان لەسەر زەوی دروست کراوە لە پێشدا نەک بەهەشت و دەبێتە لەسەر زەوی ئەو ژیانە دەست پێ بکەن و خۆشی بوە قوربانی ئەو تێگەیشتنە راستەقینەیەو نەفرەتی کتێبەکانی میژوو لەسەرتای ژیانەوە تا ئێستا  .
روانینی ئەم رۆمانە بۆ گەورەیی و جەوهەری ژن وای لێدەکات دەم بکوتێ نەک لەیاسا زەمینیەکان بەڵکو نەقدی یاسا ئاسمانیەکان و کتیبە پیرۆزەکانیش بکات .

ئەم رۆمانە پێمان دەڵیت سەردەمی کوارنتین و کۆرۆنا کە تەڵخی و ژینگە دوکەڵاویەکی جیهانی پاک و ڕون کردوە، چاوو دڵی ئێمەشی روونکردوە ئەوسا لە جەوهەر و ناواخن و جوانی شتەکان گەیشتین یەکێک لەوشتانەی کە جوانی  و جەوهەری و حەقیقەتی پێناساندین ژن بوو.

ئەم ڕۆمانە تەنها لەوەسفی ژن ناگەڕێت لە هەستە سۆز وبەزەیی و ناسکیەکەی دەمانبات بۆ ئاستە بەرزەکانی مرۆڤ پلەباڵاکانی رەفتار کەکەم کەس پێی دەگەن تەنها پێغەمبەران و پیاوچاکان نەبیت، لەبەخشندەیی و لێبوردەیی و سەخاوەت و رۆح پاکی و خۆنەویستی.

لەم ڕۆمانەدا  رۆڵی خۆم وەک ژن بینیوە ،گەر پێشتریش لەهەندێک پرسی ژن بوونی خۆم نارازیبووبم یان بە گومان بووبم، ئێستا دەڵێم شانازیە ژن بوون، کە لە ساتەوەختە ناخۆشەکانی سەرپای زەومیندا ئەو فریادرەسە، بەخشندەیە، هاوڕێیە، هاوکار، پشتیوانە،نەخۆشەکان تیماردەکات و هاوکاریان دەکات،ب ۆ مردوەکان دەگری ،قوربانی دەدات شەونخونی دەکات. ئەم رۆمانە پیمان دەڵیت ئەوە ژنە هەڵگری بیری ئینسانیەتە کە مرۆڤ وەک مرۆڤ دەناسێت و هاوکاریان دەکات نەک وەک هەر جیاوازیەکی تری ڕەگەزی و ئاینی وەک رۆڵی قارەمانێکی تری ژنی ناو ئەم رۆمانە کە ئەنجیلایە .

 

ئەنجیلا رەمزە بۆ ئەو ژنە فریشتانەی کە دەستیان لە ژیانی خۆیان بەردابوو شەوانە بە دەوری نەخۆشەکاندا لە نەخۆشخانەکاندا دەخولانەوە بێ گوێدانە ئەوەی نەخۆشەکە کێیە؟ مەترسیدارە؟، وەک ئەنجێلا کە نەخۆشەکە پرسیاری ئایدیا و رەچەڵکی لێکرد تورەبوو و پێی ناخۆش بوو چونکە ئەو وەک مرۆڤ تیماری نەخۆشەکانی دەکرد و دوور لە جیاوازی،کەواتە ئەم رۆمانە پێمان دەڵیت ژن وەک مرۆڤ مامەڵەدەکات و سۆزو میهرەبانی خۆی دەبەخشێت ،ئەوە بەرامبەرەکەیەتی کە لێی تێناگات و ئازاری دەدات . ژن تەنها شەونخونی بۆ کۆرپەکەی خۆی نیە بەڵکو بۆ  مرۆڤایەتیە بۆ هەرکەسێکە پێویستی پێی بێت ئامادەیە نەخەوێت وەک سەردەمی کۆرۆنا نەخەوتن لەگەڵ نەخۆشەکاندا کە ئەم رۆمانە لە کارەکتەری ئەنجیلا وێنای کرد. واتە ژن رۆڵی دایکایەتی بە درێژایی تەمەنی بەردەوامە بۆ شەونخونی و بۆ سۆزبەخشین بە مرۆڤایەتی.

رۆمانی تاجە گوڵینە پێی وتین ژن لەسەردەمی کۆرنا نەنوست  نە لەماڵ نە لەنەخۆشخانە  و لەسەرقەبران بوو  بۆ نەخۆش و مردوەکان دەگریاو شینی بۆ دەکرن.
لەکۆتایدا گەرچی تابنوسم لەسەر  ئەو گەورەیەی ئەم رۆمانە دای بەژن کەمە و دەترسم منیش زۆربنوسم بچم بۆ رۆمانێک، بەڵام رەنگە ئەمە هەڵبێت من دەیڵیم  و مەبەستی رۆمانەکە نەبێت لەناونیشانەکە کە تاجی هەم بە گوڵ هەم بە دڕکی بۆ کردوە بەناونیشان،نبەڵام من وا مانای دەدەمێ کە ژن لەسەردەمی کۆرۆنا تاجە دڕکینەکەی سەر ڤایرۆسە برسیەکەی کۆرۆنای کردوە گوڵینە بۆ جیهان. وەپێمان دەڵێت لەسەردەمی کۆرۆنا ژیان مرد بەڵام سەرلەنوێ لەباوەش و سۆزو بەقوربانی و شەونخونیەکانی ژن زیندوبوەیەوە،چونکە هەموو کەس خۆی شاردەوە و دورەپەرێزی گرت ،تەنها ژن بوو کە نەخەوت،نە خۆی یشاردەوە نە ترسا نە پشوویدا تاکو نوزەیەکی بەبەری ژیاندا بەخشیەوە،ژیان لەسەردەمی کۆرنا وەستا ئەوەی کە دەجوڵایەوە ژن بوو . پێمان دەڵێت جگە لە رۆڵە قارەمان و سیاسی و ئینسانیەکەی کە بە ژنی داوە، ئەگەر تا ئێستا هەستەکانی سۆزو خۆشەویستی و دایکایەتی و ناسکی ژنتان بە لاوازباس کردوە،هەر ئەم هەستانەی ژن بوو کە مرۆڤایەتی تەواوبوبو بەڵام ئەم هێنایەوەو خستیەوە سەرسکە جارێکی تر.

بۆیە دەکرێت بڵین ئەم رۆمانە سەراپای تێروانیەکانی میژووی کلتور بەگشتی و کلتوری کوردی بەتایبەتی  بەرامبەر ژن داڕشتەوە و ریفۆرمێک بۆ وێنەی زیهنی بەرامبەر ژن لە ئەدەب و نوسیندا دەکرێت لێرەوە دەست پێبکەین.

ماوەتەوە بڵێم ئەم رۆمانە پێمان دەڵیت کە مرۆڤایەتی ئیتر  بێ گومان بێت کە لە مێژوودا لەهەموو قۆناغەکان و ساتەوەختە ناخۆشەکاندا ژن ئەم قارەمانەی سەردەمی کۆرۆنا بوە وهەمان ڕۆڵی گێراوە  بەڵام ئەوە مێژوو نوس ورۆمان نوسەکانن زوڵمیان لێکردوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن