"سێ مانگە یاسای چاكسازی دەرچووە؛ جێبەجێبكرێ مانگانە 100 ملیار بۆ حكومەت دەگەرێتەوە"
05:44 - 17/05/2020
سازدانی: مەعاز فەرحان
ناڕەزایی مامۆستایانو فەرمانبەران لە تەقینەوەدایەو حكومەتیش دەستەوسانە لە دابینكردنی موچە، بە بڕوای شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان حكومەت جۆرێك لە ئیفلیجی تووشبووەو ئیفلاسیشی كردووە.
لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ "زەمەن" شێركۆ جەودەت چەند چارەسەرێك بۆ قوتاربوون لەم دۆخە داراییە سەختە دەخاتەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "چارەسەری ئەم دۆخە هەیە بەڵام بەدەستی پیسخۆر ناكرێت".
زەمەن: ئێوەی پەرلەمانتاران دەڵێن حكومەت پارەی هەیەو حكومەتیش دەڵێت نیمە ئایا بە فیعلی دۆخی حكومەت چۆنە؟
شێركۆ جەودەت: حكومەت بەدەست گەندەڵی كەڵەكەبوەوە دەناڵێنێت لە بواری كەرتی نەوتو گازو داهات و خەرجی و بواری داراییدا، ئەمەش وایكردووە شەش ساڵە بودجەی نەناردوە بۆ پەرلەمان، بەنائاسایی مامەڵە بە داهات و خەرجیەوە كراوە، پەرلەمان ئاگادار نیەو دیوانی چاودێری دارایی رێگری لێدەكرێت لە زۆر وەزارەتەكان وردبینی بكات بەتایبەت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، ئەم ناشەفافیەت وایكردووە كە متمانە نەبێت بەوەی حكومەت دەیڵێت دەرئەنجامیش دابەزینی نرخی نەوتو كۆرۆناش كاریگەری هەبووە، حكومەت جۆرێك لە ئیفلیجی تووشبووەو ئیفلاسیشی كردووە، بە حكومی ئەوەی خۆیان دەڵێن قەرزارن ئیتر كەس نازانێت ئەو قەرزانە چینو لە كوێن، ئێمە رامانگەیاند كە پارەی شاراوە هەیەو لە پەرلەمان نادیارەو دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ نەكردووە، بۆمان سەلماندن لە سەروو 295 ملیار دیناری داهاتی نەوت هەیە كە ئێستا ئەوەندە دەدرێت بە وەزارەتی دارایی بەبیانوی جۆراوجۆری وەكو بۆ دانەوەی قەرز دەدرێت تائێستا هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو نیە كە چی لێدێت، ئەم هەموو گەندەڵیە وادەكات بێ متمانەیەكی زۆر لای هاوڵاتیان دروست بێتو دەرنجام لەم دۆخە سەختەدا كە موچە نادرێت بێگومان خۆپیشاندانو ناڕەزایی لێدەكەوێتەوەو خەڵك داوای قوتی خۆی دەكات، ئەمانە ئەگەر راست دەكەن نیانە دەبێت كۆشك و تەلارەكانیان رادەستبكەنەوەو سەروەت و سامانەكانیان بهێننەوە بۆ ئەوەی موچەی پێدابین بكەنو شۆڕشگێڕی ئاوا دەبێت خۆ بە قسە نابێت.
زەمەن: لەم رۆژانەی رابردوودا هەواڵی بردنە دەرەوەی شەش ملیار یۆرۆ كراو ناو بەناویش باسی سپیكردنەوەی پارە دەكرێت، ئێوە لەم ڕوەوە هیچ بەدواداچونتان كردووە؟
شێركۆ جەودەت: لە قۆناغی لێكۆڵینەوەداین لە بەڵگەكانی بردنە دەرەوەی پارەكە، چونكە ئەو بەڵگانەش پێویسستیان بە وردبینی هەیەو داواكاری گشتیش ئاگادارە.
زەمەن: واتە سپیكردنەوەی پارە بەردەوامە؟
شێركۆ جەودەت: بەڵێ بە چەند هۆكارێك بەردەوامە، لەبەرئەوەی لە هەرێم یاسایەك نیە بۆ سپیكردنەوەی پارە، فراكسیۆنی یەكگرتوو رەشنوسی یاسایەكمان داوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەوە چەند مانگێكە ناخرێتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام لە عێراقدا ئەو یاسایە هەیە بۆ بەدواداچونی ئەوانەی پارە سپی دەكەنەوەو لە هەرێم چەندین داهێنان كراوە بۆ سپیكردنەوەی پارە، لە رێی بۆرسەو كڕینو فرۆشتنی خانوبەرە، بەداخەوە هەرێم بازاڕێكی كراوە بۆ هەموو وڵاتان.
زەمەن: زۆربەی حكومەتەكان پارەی یەدەكیان هەیە بۆ نمونە عێراق لە بانكی ناوەندیدا 68 ملیار دۆلاری هەیە، بۆچی خەزێنەی حكومەت تائێستا هیچی تێدایە نیە؟
شێركۆ جەودەت: ئەوە بێ پلانی و بێ بەرنامەییەو گەندەڵیشە، چونكە لە پاڵ ئەوەی حكومەت ئیفلاسی كردوەو موچەی پێنادرێت، ئەی ئەو هەموو دەوڵەمەندە چۆن بە ملیۆنلێرو ملیاردێر لە ماوەیەكی كەمدا، ئەوە خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەندەڵییەكی زۆر هەیەو گەندەڵییەكی مەترسیدار تووشووی حكومڕانی هەرێم بووە.
زەمەن: بەتێڕوانینی ئێوە ئەم دۆخە داراییە سەختە تا كەی درێژەی دەبێت و چارەسەر چیە؟
شێركۆ جەودەت: چارەسەر هەیەو پێشتریش چارەسەر هەبوو، بەڵام چارەسەرەكە بەدەستی پیسخۆر ناكرێت، بەكۆمەڵێك هەنگاوی جدی دەكرێن كە دەبێت سەرەتا لە خۆیانەوە دەستپێبكەن، چاكسازی لە سەروەتو سامانو داهات و ماڵیاندا بكەنو بیگێڕنەوە بۆ ماڵی گشتی، هەنگاوێكی تر رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا لەبەرامبەر نەوتدا شایستە داراییەكانی هەرێم دابینبكرێن، كۆنترۆڵكردنی خاڵە گومرگییەكان یەكێكی ترە لە هەنگاوەكان گەندەڵی زۆر زۆریان تێدایە، گرێبەستە نەوتیەكانیش كێشەی زۆریان هەیە خەرجی زۆر لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت دەكەوێت، هەنگاوێكی تر نەهێشتنی بندیوارەكان و چاكسازی لە خانەنشینی نایاسایی كە بە دەیان هەزارن و ناكرێت كەسێك چوار پێنج موچەی هەبێت.
زەمەن: واتە تائێستاش سێ موچەو چوار موچە بەردەوامە؟
شێركۆ جەودەت: بەڵێ بەردەوامەو بەداخەوە تائێستا ئەوەی پێویستە لە یاسای چاكسازی كە دەرمانكردووە جێبەجێ بكرێت كە ماوەی سێ مانگە دەرمانكردووە ئەگەر جێبەجێ بكرێت مانگانە 100 ملیار دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت.
زەمەن: بڕیارە ئەمجارە وەفدی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت ئێوە هیچ زانیارییەكتان هەیە لەسەر رێككەوتنەكان؟
شێركۆ جەودەت: بە داخەوە حكومەتی هەرێم، پەرلەمانی پەراوێزخستووە لە گفتوگۆكان لە دوای رووداوەكان هەندێكجار دێت هەواڵ و زانیاری دەدات بە پەرلەمان، ئەمەش دۆخێكی نەخوازراوی نێوان پەرلەمانو حكومەتە كە نابێت وابێت، ئەوەی خۆمان بەدواداچونمان كردووە ئەوەیە نزیكبونەتەوە لە رێككەوتن حكومەت وەرەقەیەكی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بەغدایەی پێشتر دەیانوت موفلیسە رێكبكەوێت ئێستا ئاواتەخوازن بەغدا لەگەڵیاندا رێكبكەوێت، پێشبینی دەكرێت رێككەوتن رووبدات گەرچی بۆ كاتێكی دیاریكراویش بێت.
زەمەن: ئێوە نەوت رادەستكردنەوە بە بەغدا بە رێگەچارە دەزانن؟
شێركۆ جەودەت: بەڵێ بەو مەرجەی شایستە داراییەكانی هەرێم خەرجبكرێن، بەغدا بەمە دەتوانێت كەرتی نەوت و گاز لە دەستی گەندەڵ و پیسخۆرەكان رزگار بكات، عێراق دەوڵەتەو لە هەموو حاڵەتێكدا دەتوانێت قەرز بكات و یەدەكی خۆشی بەكاربهێنێت؟
زەمەن: حكومەتی هەرێم لە دوو هەفتەی رابردوودا كۆمەڵێك بڕیاری چاكسازی دەكرد بۆچونتان لەسەر بڕیارەكان چی بوو پێتانوایە جێبەجێبكرێن؟
شێركۆ جەودەت: عیبرەت لە دەركردنی بڕیار نیەو عیبرەت لە جێبەجێكردندایە، ئەوەی ئێمە دەیبینین بندیوارەكان لە جێگەی خۆیاندا ماون، نا شەفافەتی كەرتی نەوتو گاز ماوە گەندەڵكاران سزانادرێنو دۆسیەكانیان دادەخرێن.
زەمەن: ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دهۆكەوە سەریهەڵداوە، ئێوە تۆمەتبار دەكرێن بەوەی لە پشت خۆپیشاندانەكانی دهۆكەوە بن؟
شێركۆ جەودەت: شانازییە بۆ یەكگرتوو بەرگری لە ستەملێكراو بكاتو ئەركی یەكگرتوو هەموو هێزە نیشتمانپەروەرەكانە پشتیوانی لە فەرمانبەران و مامۆستایان بكاتو بەرگریان لێبكات، دیارە تەنیا كادیرەكانی یەكگرتوو نین كە موچە وەرناگرن بەڵكو ئەو ستەمە هەمووانی گرتوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی مافو نانی خەڵك نادرێت بە داخەوە نایەڵن ناڕەزایش دەرببڕن.
زەمەن: رەخنەی زۆر لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەگیرێت، كێ بەرپرسە لەوەی پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستێت؟
شێركۆ جەودەت: بێگومان سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستا لە پەرلەمان دەگوزەرێت حزبە دەسەڵاتدارەكانیش بەرپرسن لەو دۆخەی حكومڕانی هەرێمی كوردستان تێكەوتووە، ئەم دۆخە وایكردووە پەرلەمان جۆرێك لە پاشكۆیەتی بۆ حكومەت دروستبووە نەك ئەوەی حكومەت جێبەجێكاری بڕیارو یاساكانی پەرلەمان بێت لە توێژینەوەكەدا دەركەوتووە تەنیا لە سەدا 30 یاساكان لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێكراون، ئەوە لە 3013ەوە بودجە نەهاتوەتە پەرلەمان، لە دونیادا وایە حكومەتێك بودجەو موچەی نەبێتو لە پەرلەمانەوە دیار نەبێت شەرعیەتیشی نامێنێت. ئەمە وایكردووە دۆخی حكومڕانی هەرێمی كوردستان لە لاوازترین ئاستیدا بێت.
زەمەن: باست لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كرد قسەیەك هەیە كە بە نەفەسێكی حزبیانە كارەكان دەكات؟
شێركۆ جەودەت: سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت پیشەییان كارەكانی بكاتو نابێت تاكڕەوانە كارەكانی بكات دەبێت حسابی جدی بۆ ئۆپۆزسیۆن بكات، بەڵێ نەفەسە حزبیەكە هەیە وەكو ئەوەی بینیمان پارێزبەندی لە پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن وەرگیرایەوەو سیناریۆی جۆراوجۆر بەكاردەهێنرێت بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی كە لە واقیعدا پارێزبەندی هەر نەبووە، سەلماندیان كە بە تاكڕەوی وەكو خۆیان دەڵێن هەر شتێكیان بوێت دەیكەن وەكو ئەوەی ئەم وڵاتە هەر بەشی ئەوان بێت.