1992 کەلتور

سارا عومەر (رۆماننووس): زۆرجار وا حساب بۆ ژن دەکرێت ناتوانێت بنووسێت، ئەگەر نووسیشی تەنھا نووسەرێکی پلە دوو یان پلە سێ دەبێت

04:32 - 21/01/2020

سازدانی: کامەران سوبحان

لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ “کولتووری زەمەن”، ئەم خانمە رۆماننووسە، باس لە هەردوو رۆمانەکەی(مردووشۆر و سەمای سێبەر) دەکات، باس لەو دەنگدانەوە گەورەیە دەکات، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم دوو رۆمانەی لە ئەوروپا وەک نووسەری ساڵ هەڵبژێردراوە، رۆمانەکانیشی پڕ فرۆشترین رۆمانی ئەوروپا بوون، بەجۆرێ تەنها رۆمانی یەکەمی زیاتر لە نیو ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە.

*لەم رۆژانەدا نوێترین رۆمانتان کە دووەم رۆمانی چاپکراوتانە، بە ناوی (سەمای سێبەر) بە زمانی دانیمارکی چاپکرا. هەندێ لە دەزگاکانی چاپ و راگەیاندنەکان پێشبینی ئەوەیان دەکرد ئەم رۆمانەشت وەک رۆمانەکەی پێشوترت، دەنگدانەوەی گەورە بە دوای خۆیدا بهێنێ. ئایا وا دەرچوو؟ ئەی پێشبینی خۆت بۆ ئەم رۆمانە نوێیەت چیی بوو؟
سارا عومه‌ر: خۆشحاڵانە، ئەم رۆمانە تازەیەم بە ناوی ”سەمای سێبەر“ دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو لە ناوەندە ئەدەبی و میدییاییەکەی ئه‌سكه‌نده‌ناڤیا. من خۆم پێشبینی ئەو دەنگدانەوە گەورەیەم کردبوو، چونکە کتێبکە لە چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ بەردەوامی رومانی مردووشۆره‌، كه‌ کتێبی یەکەممە و ئەویش دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو. (سەمای سێبەر) بەشی دووھەمی زنجیرە رۆمانێکە، من بڕیارم داوە بیاننووسم. رۆمانەکە لە ئێستادا پڕفرۆشترین رۆمانی وڵاتەکەیە، خۆیشم به‌ نووسه‌ری ساڵ هه‌ڵبژێردرام و لە چەند رۆژی ڕابردوودا بەشداربووم لە ناساندنی زیاتری رۆمانەکەدا و بۆ ئەم مەبەستە چەندان چاوپێکەوتنی رادیۆ و تەلەفیزیۆن و رۆژنامەکانم لەگەڵدا کرا. لە زیاد لە شارێکیشدا بە شەخسیی ئامادەبووم بۆ ئیمزاکردنی رۆمانەکە بۆ خوێنەران.

*رۆمانی یەکەمت، بە ناوی (مردوو شۆر) نزیکەی 500 هەزار دانەی لێفرۆشرا، ئەم ژمارەیە پێوانەیەکی گەورەیە، خۆت چاوەڕێی ئەوەت دەکرد؟
سارا عومه‌ر: کە رۆمانی یەکەمم چاپ بوو، چاوەڕوانی ئەو پێشوازییە گەرم و ئەو ژمارە زۆرەی فرۆشی رۆمانەکە نەبووم. ئەوە یەکەمین کاری من بوو، من ژنێکی کۆچبەری نەناسراو بووم لەو وڵاتەدا. چونکە بێگانەش بووم چاوەڕوانی ئەوە نەبووم ئەو ھەموو کارادانەوە پۆزەتیڤە ببیستم و ببینم.  بابەتی رۆمانەکەش، دوور بوو لە دونیای خوێنەری دانیمارکی و ئەوروپی. من لەوێدا باس لە نەھەماتییەکانی ژیانی ناو کۆمەڵگەی کوردی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دەکەم، کە بێگومان بۆ کۆمەڵگەکانی دەوربەریش کەم تا زۆر ھەمان شتە و راستە، بەتایبەتی ژیانی کچان و ژنان و منداڵان. رۆمانەکە سەفەرێکی درێژە بە ناو مێژووی سەدەی بیستەمی کوردستاندا تا قۆناغی راپەڕین. لە ناو ئەو مێژووە گشتییەدا باس لە مێژووی چەند خێزانێکی دیاریکراو دەکەم، چۆن دەژین و رووبەڕووی چ جۆرە کێشە و گرفتێکی سیاسی و دینی و کولتوری و ئەخلاقی دەبنەوە. رۆمانەکە ناترسێت لەوەی باسی فۆرمە جیاواز و ترسناکەکانی خراپ مامەڵەکردنی ژنان و کچان و منداڵان بکات. باسی درۆزنیی کۆمەڵێک ئایدیالی کولتوری دەکات، لەوانە ئایدیالی باوک، خێزان، دین، بەتایبەتی خوێندەواری دینی. لە ھەمووشی سەرەکیتر باس لە ژن دەکات وەک بوونەوەرێکی کەم و بێ نرخ، وەک کەسێک کە دەکرێت بە ئاسانی لەناوببرێت، ژیانی سنوورداربکرێت، ئیهانەی پێبکرێت، رێزی راوبۆچوونی نەگیرێت، تەنانەت بکوژرێت و ھتد... بێگومان بەشێک لەم بابەتانە لە ئەدەبیاتی کوردیدا كه‌م تا زۆر ره‌نگه‌ باسکرابێتن و بووبێتن بە تێمای نووسین، بەڵام وا ھەستدەکەم کارەکەی من لەوەدا جیاوازبێت، کە ھەموو سانسۆرە دینی و ئەخلاقی و سیاسییەکانم لەسەر بابەتەکان لابردووە و بە راشکاوانە باسم لەو پەیوەندییانە کردووە کە لەو کۆمەڵگایەدا، نێر بە مێ و گەورە بە بچووکەوە گرێ ئەدات، پەیوەندییەک کە بە بۆچوونی من لە چەندان سەرەوە نەخۆش و ناتەندروستە. 

* تا ئێستا میدیای کوردی زۆر گرنگی بە بەرهەمەکانت نەداوەو پێم وابێ هیچ کام لە کتێب و بەرهەمەکانت نەکراون بە کوردی، مەبەستە خوێنەرێکی کوردی وەک خوێنەرێکی ئەوروپی کتێبەکانت بخوێنێتەوە؟
سارا عومه‌ر: راسته‌ میدیاكان زۆر گرنگییان نه‌داوه‌ به‌ من و به‌ ئه‌ده‌به‌كه‌ی من، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا ھەستدەکەم چه‌ند میدیایه‌كی کوردی له‌ سه‌ره‌تادا هه‌ندێك گرنگیی تایبه‌تیان بە رۆمانی یەکەمم دا. ئەم رۆمانە ھێشتا نەکرابوو بە کوردی، بەڵام لە رێگای ئاگاداربوونەوە لە میدیای دانیمارکی و ئەسکەندەناڤییەوە، ھەواڵی رۆمانەکەیان بیستبوو. رۆژنامەی ئاوێنە، کەناڵی ئێن ئار تی و رووداو، رادیۆی دەنگی ئەمریکا، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردم. لە سەر چەند سایتێک و لە ناو سۆشیال میدیادا به‌ شێوازی جیاواز باسکرا. خۆشحاڵانە ساڵی پار من خۆم خەریکی وەرگێڕانی رۆمانی مردووشۆر بووم، دوای نزیکەی ساڵێک وەرگێڕانەکەم تەواو کرد. لە راستیدا من رۆمانەکەم بە کوردی داڕشتەوە و ئێستا ئامادەیە بۆ چاپ و ماوەیەکی تریش دەستدەکەم بە وەرگێڕانی رۆمانی سەمای سێبەر. من خۆم حەزم لەوەیە کارەکانی خۆم خۆم وەریانبگێڕم بۆ کوردی، چونکە ئازادم لەوەدا رستەکان بەو شێوەیە دابڕێژمەوە کە لە کاتی نووسینی رۆمانەکە و دروستکردنی کاراکتەرەکاندا، لە خەیاڵمدابوون. من باوەڕیشم وایە کاتی ئەوە ھاتووە ژن لە کوردستان و زۆر شوێنی تری جیهاندا خۆی ببێت بە نووسەری ژیانی خۆی، خۆی حیکایەتەکانی خۆی بگێڕێتەوەو زمانێکی تایبەت بە خۆی دروستبکات. بەوە رازی نەبێت کەسی تر بە ناوی ئەوەوە بدوێت و بنووسێت. لێت ناشارمەوە وەرگێڕانی رۆمانەکەم لەلایەن خۆمەوە، پەیوەندی بەو بیرکردنەوەشەوە ھەیە. زۆریش متمانەم بە ژمارەیەکی زۆر لە وەرگێڕان لە زمانە خۆرئاواییەکان بۆ زمانی کوردی نییە، من خۆم رۆمانی جوان و بەھێزم بە زمانی ئینگلزی و زمانی رۆژئاوایی تر خوێندۆتەوە، بەڵام کە وەرگێڕانە کوردییەکانم خوێندۆتەوە و بەراوردم کردوون بە یەکتر، رۆمانەکەم نەناسیووەتەوە. پێم سەیرە دەزگای چاپ و وەرگێڕان ھەن کە رێگا بە چاپکردنیان دەدەن. 

جگە لە ھەموو ئەمانە، بۆ من داڕشتنەوەی رۆمانەکانی خۆم بە زمانی کوردی ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش و چێژبەخشە. ھەستدەکەم جارێکی تر ھەمان تێکست بە زمانێک دەنووسمەوە کە ھەم زمانی خۆمە و ھەم لێشم دوورە. تۆ دەزانیت من بە منداڵی چوومە دانیمارک و لەوێ دانیمارکی بوو بە زمانی نووسین و خوێندن و بیرکردنەوەم. بە کوردیی نووسین ھەندێکجار وەک گەڕانەوە وایە بۆ ئەو منداڵییەی کە من لە کوردستاندا بەجێمھێشتوە. 

*بۆچوونت لەسەر ئەو تێڕوانینە چییە، کە خانمە نووسەرێکی کوردزمان، تا ئەوروپییەکان بایەخیان پێنەدا و کتێبەکەی دەنگدانەوەی گەورەی نەبوو، لە کوردستانیش میدیا ئاوڕی لێ نەدایەوە؟
سارا عومه‌ر: ئەوەی تۆ باسی دەکەیت دیاردەیەکی خراپی ناو ناوەندی ئەدەبیی و رۆشنبیریی کوردییە، ھەروەھا زۆربەی جار لە ناو عەرەبەکان و فارسەکان و زۆر میللەتی تریشدا، ھەر وایە. لە رۆژھەڵات گرێیەکی گەورەی خۆ بە کەمزانین بەرامبەر بە رۆژئاوا ھەیە. ھەر کەسێک لە رۆژئاوا ببێت بە ناو، بە ئۆتۆماتیکی لە وڵاتەکەی خۆشیدا گرنگی پێ ده‌درێت، بەڵام گەر لە رۆژئاوادا دەرنەکەویت، لە وڵاتەکەی خۆشتدا ھەرچیەک بیت و ھەرچییەک بتوانیت و بکەیت، نابینرێیت و ناخوێندرێیتەوە. راستە من ماوەیەکی درێژ شیعرم بە کوردی نووسی، بەڵام کەسێک خوێندنه‌وه‌یه‌كی باشی نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی شتێک لە شیعرەکانی مندا ببینێت، رەنگە نەیانویستبێت ھیچی تێدا ببینن. بێگومان بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ناوەندە ئەدەبییەکەی ئێمە بە شێوەیەکی خراپ بووە بە شوێنی تاقمتاقمێنە و خزمایەتی و من کێ ئەناسم و کێ من ئەناسێت و ئەو شتانە. من وەک ژنێک لە دەرەوەی ئەو فەوزا گەورەیەدابووم و لە دەرەوەشیدا دەمێنمەوە. وەک مرۆڤێک، بەتایبەتی وەک ژنێک، ھەستدەکەم ھەندێک حیکایەت و گێڕانەوەم ھەیە دەبێت بیاننوسم و بیانگێڕمەوە، ھەر خۆیشم کتێبەکانی خۆم چاپ دەکەم و بڵاویان دەکەمەوە. لە مەشدا حەز بە سەربەخۆیی و ئازادیی خۆم دەکەم و دەمەوێت ئەم ئەزموونەش تاقیبکەمەوە. 

*زۆرێ لە نووسەرانی کورد، یان نوووسەرە بەناوبانگەکانی کورد، رەگەزی نێرن. ئەم ناوبانگەی تۆ هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە، بوویتە خانمێک، کە هیچ نووسەرێکی کورد، هێندە کتێبی نەفرۆشراوە و دەنگدانەوەی نەبووە لە ناو میدیادا. ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌م ژنه‌ رۆماننووسی كوردیت، كه‌ به‌ جیهانی بووبێتیت و له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا زۆرترینی خه‌ڵاتت پێ به‌خشراوه‌.  بۆچوونت لەسەر ئەم قسەیە چییە؟
سارا عومه‌ر: لای من نووسەربوون بەر لە ھەموو شتێک پەیوەندیی بە نێر و مێ بوونەوە نییە، نووسەر کەسێکە کە کێشەی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی و لەگەڵ جیهاندا ھەیە. ھەم ژن و ھەم پیاو لەم جۆرە کێشانە بێبەریی نین. من کە دەنووسم بیر لەوە ناکەمەوە ژنم یان نا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك ئاتمۆسفێری خنكێنه‌ر و چه‌وسێنه‌ری ناو كۆمه‌ڵگە هه‌یه‌، ناچارت ده‌كات بیری لێبكه‌یته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌تایبه‌تی بیری لێدەکەمەوە ئەوەیە ئایا باش دەنووسم یان خراپ، ئەوەی ئەیڵێم نرخێکی دیاریکراوی ھەیە یان نا، لەمانەش گرنگتر ئەوه‌یە ئایا ئەوەی ئەینووسم کاریگەیی ھەیە یاخود نەنووسینی باشترە. من دەنووسم چونکە دەمه‌وێت شتێک بگۆڕم، نامەوێت ئەوانەی سبەیێنێ لەدایک دەبن ھەمان مێژووی پڕ چەوساندنەوە و شکاندنی کەسایەتیان دووبارە ببێتەوە، وەک ئەو دۆخەی پاڵەوانەکانی ناو رۆمانەکانی من دووچاریان دەبنەوە. نووسەر چ ژن بێت چ پیاو، دەبێت بەر لە ھەموو شتێک نووسەر بێت. کە نووسەر بوویت، لە ھەر شوێنێک بیت، شتێک ھەر دەکەیت، بێگومان بۆ ژن نووسەربوون کارێکی زەحمەتترە، چونکە تا ئێستاش نووسین وەک چالاکییەکی نێرینە دەبینرێت و زۆرجار وا حیساب بۆ ژن دەکرێت کە ناتوانێت بنووسێت، خۆ ئەگەر نووسیشی ئەوا تەنھا نووسەرێکی پلە دوو یان پلە سێ دەبێت. من خۆشحاڵم ئەو ھاوکێشە ناھەوسەنگ و پاتریارکییەم جێھێشت و نەمھێشت لە ناویدا بەند بکرێم. ھیوادارم ژنانی تریش بتوانن بەم رێگایەدا بڕۆن و بتوانن لەم تەڵەیەی پاتریارکیەت رزگاریان ببێت.   

*نوێترین رۆمانت، سەمای سێبەر باس لە چی دەکات، وەک ژنێ چۆن مامەڵەت لەگەڵ جەندەر و کوردبوون و کێشەی شوناس و ناسنامەی کوردبوون و ترادیشیۆنی کوردی کردووە؟
 سار عومه‌را: وەک وتم، رۆمانی سەمای سێبەر بەشی دووھەمی زنجیرە رۆمانێکە، کە باس لە ژیانی خێزانێکی کۆچبەر دەکات بۆ ئەوروپا و کێشەی دابەشبوون لە نێوان شوناسی ئەوروپی و شوناسی کوردیدا تێمایەکی سەرەکییه‌. بەشی یەکەمی رۆمانی مردووشۆر، كه‌ رۆمانی یه‌كه‌مم بوو له‌ ئه‌وروپا رووده‌دات و به‌شی دووهه‌می له‌ كوردستان.  لەسەر زاری کچێکەوە دەگێڕدرێتەوە کە لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی دانیمارکدا کەوتووە و خەریکی نووسینەوەی رووداوەکانی ژیانی خۆیەتی، ھەم لە کوردستان و ھەم لە دانیمارک. رووداوەکانی ناو رۆمانەکە بەشێکی لە سلێمانی روودەدەن و بەشەکانی تری لە دانیمارک. رۆمانی دووھەم، سەمای سێبەر، درێژکراوەی ژیانی ھەمان کاراکتەر و چه‌ند كاراكته‌رێكی تره‌، بەڵام لە سەردەم و قۆناغێکی جیاوازدا، کە تیایدا رووداوی تر و کێشەی جیاواز دروست دەبێت. کێشەی شوناس یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ناو ھەردوو رۆمانەکە، مەسەلەی مافەکانی ژن و منداڵ، بەتایبەتیی پەیوەندییە جێندەرییە نایەکسان و پڕ توندوتیژییەکان، دەستدرێژی سێکسی، توندڕەویی دینی تێمایەکی سەرەکی تری رۆمانەکەیە. من ناتوانم وردەکاریی ئەم باسانە لێرەدا بگێڕمەوە، خوێنەر کە رۆمانەکانی خوێندەوە خۆی رووی بە رووی ئەو بابەتانەدا دەتەقێتەوە. 
*بەرهەم و دەقی چ نووسەرێکی کورد دەخوینیتەوە؟ زیاتر هەست دەکەیت، کاریگەریی چ نووسەرێکی کورد، یان بیانیت لەسەرە؟
سارا عومه‌ر: لێرەشدا نامەوێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ ناوی ھیچ نووسەرێک، چ کورد چ بیانی بڵێم، من بەشێکی باشی ئەدەبیاتی کوردی و ئەدەبیاتی جیھانیم خوێندۆتەوە. وەک وتیشم بابەتی چەوساندنەوە و خراپ مامەڵەکردنی ژنان و منداڵان، کۆمەڵێک تێمای یونیڤێرساڵن، كه‌ پێویست ده‌كات له‌ ناو زۆرترین له‌ ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا جێگه‌یان بۆ بكه‌ینه‌وه‌. بەڵام ئەوەی من دەیگێڕمەوە شتێکی تەواو تایبەتە بە ژینگەیەک کە من باش دەیناسم و لە ناویدا ژیاوم و پەیوەندییە سەختەکانیم ئەزموونکردووە. دواتر من لە نێوان دوو دونیادا دێم و دەچم، لەتێکم لە کوردستانە و لەتەکەی ترم لە دانیمارک و هه‌ندێك وڵاتی تری ئه‌وروپییه‌. زیاد لە جیھانێکم بە تەنیشت یەکەوە ھەیە. لە ھەمان کاتدا من حەزم بە شێوازێک لە نووسین و تەکنیکی رۆمانە کە رەنگە زۆر لە ناو ئەدەبیاتی ئێمەدا بوونی نەبێت. من دەمەوێت رووداوەکان خۆیان خۆیان بگێڕنەوە و خۆیان خۆیان دەربخەن، باوەڕیشم بەوە نییە نووسەر دەرسی خوێنەر دابدات و لە تێکستدا نەسیحەتی بکات، یان لەباتی ئەو جیھان تەفسیر بکات، یان پێی بڵێت چۆن بیربکاتەوە و چۆن بڕوانێت. من لەباتی ئەوەی باسی جیھان بکەم و شەرحی بکەم، دەمەوێت جیھان نیشان بدەم، بەو شێوەیەی کە پێم وایە ھەیە، ئیتر خوێنەر خۆی ئازادە چۆن ئەو وێنەیە دەبینێت و لێکی ئەداتەوە. من مادام خۆم وەک نووسەر بە ئازاد ئەزانم، ئاواش خوێنەر بە ئازاد دەزانم و پێم وایە مافی ئەوەی ھەیە خۆی بیروبۆچوون و لێکدانەوەکانی سەبارەت بە تێکستەکان دروست بکات.  
*بەدەر لە نووسین، وەک من بزانم چێژێکی تایبەتی لە مۆزیک و گۆرانی وەردەگریت. لە ناو گۆرانیبێژان و مۆزیسیانی کورد و بیانی حەزت بە دەنگی چ هونەرمەندێکی کوردە و گوێی لێ دەگریت؟
سارا عومه‌ر: من چێژێکی تایبەت لە مۆسیقا دەبینم، مەگەر تەنھا چێژ لە بینینی فیلم لە چێژ لە گوێگرتن لە مۆسیقا گەورەتربێت لەلام. لە ماڵەکەی مندا بەردەوام مۆسیقا ئامادەیە. لە کاتی نووسیندا مۆسیقای کلاسیکی خۆرئاوایی وەکو پاشخان ئامادەیە. ئەگەر بشمەوێت چێژ لە رۆژێک لە رۆژەکانی ھەفتە ببینم، كوپێك قاوه‌ و بڕێک لە مۆسیقا لوتکەی ئەو چێژبینینەیە. لە ناو کوردەکاندا گوێ لە ماملێ و مەزھەر و ھەندێک لە گەنجەکانی ئەمڕۆ دەگرم، لەناو ئەوروپییەکانیشدا گوێ لە لارا فابیان و لیۆنارد کۆھێن و مایکل بوبڵێ و نینا سیمون و فرانک سێناترا و ئەندریا بۆچێلی و ئێدیت پیاف، زۆرانێکی تر دەگرم. پێم وایه‌، ئه‌گه‌ر مۆسیقا نەبوایە، ژیان نوقسانییەکی گەورەی تێدەکەوت.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن