بەڕووتی دەبارێ؛ بــــــاران
05:15 - 15/12/2019
بەڕووتی دەبارێ؛ بــــــاران ناونیشانی نوێترین شعری قوباد جەلیزادەیە و لە ڕێگەی پاشکۆی کولتووری ڕۆژنامەی زەمەنەوە بڵاوکراوەتەوە و ئەمەش دەقی شیعرەکەیە
1
شوێن پێیەکانت،
پڕن بوون لە ئاوی باران.
هەر چۆلەکەیەک لێی دەخواتەوە
دەبێ بە
کەناری.
2
پێی خلیسکا..
کەوتە قوڵایی دەریاوە..
زۆر لوسن کەوشەکانی؛
مانگ.
3
دەبارێ و
من بیر لە تۆ دەکەمەوە..
هەموو کولوە بەفرێک
دەبێ بە
پەپوولە.
4
باران باریوە
لە هەر کات و شوێنیکا،
ماچم کردبیت.
5
شوێن کزەبایەک کەوتم
کە شەو بە دزی
خۆی خزاندە باخچەکەمان.
پێموابوو عەتر دەدزێ..
کە لێی نزیک بوومەوە
دیتم کۆڵوانە دەخاتە سەرشانی گوڵەکان و
پێیان دەڵێ:
خۆتان گەرم داپۆشن،
دەمێکی دی باران دەبارێ.
6
دەبوایە ناوم باران بوایە
نەک قوباد.
ئاخر من لە بنەچەدا
کوڕی هەورم.
7
ئاسمان،
جلە شینەکانی داکەند و
بۆ کراسێکی دی
چووە لای بەرگدرووی؛
هەور.
8
دارهەنارە رووتەکە،
سەرمایەتی.
لەبەر ئاگردانی هەتاوا؛
خۆی گرمۆڵە کردووە.
9
جلەکانی داکەند و
خستییە ناو لۆکەری هەور.
باران،
بە رووتی دەبارێ.
10
تووشی ئەلزهایمەر بووە - باران
بەسەر گۆڕی ژن کوژەکانیشا،
دادەکات.