698 جیهان

نهێنی پێکانی چاوی خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری دنیادا

02:14 - 28/11/2019

"زەمەن"

بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی و چەکی LBD یان بۆمبی  فرمێسکڕژێن، لە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەراندا، لەسەرتاسەری دونیادا “کارەسات” دەنێتەوەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دەکەن.

لە عێراق مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان شێوازێکی ترسناکی بەخۆیەوە بینیوەو لە ١ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە زیاتر لە ٣٣٠ خۆپیشاندەر کوژراون و ١٢ هەزاری دیکەش بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی یونامی بەشێک لەو خۆپیشاندەرانەی لە عێراق گیانیان لەدەستداوە سەرباری ئەوەی بە فیشەکی راستەقینە کوژراون، بەشێکیشیان بە چەکی LBD یان بۆمبی فرمێسکڕژێن و فیشەکی پلاستیکی گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ٧٠ لەسەدی ئەوانەی بریندار بوون پێکانەکەیان لە سنگ و سەریاندا بووە بە بێ ئەوەی ژمارەی راستەقینەی ئەوانە دیاری کرابێت کە پێکانەکەیان لە چاویاندابووە، بەڵام سەرچاوەیەکی تەندروستی ئەوەی بۆ دەستەی مافی مرۆڤی سەر بە یونامی پشتڕاستکردووەتەوە کە بەشێکی زۆر لە برینداران پێکانەکەیان لە چاویاندا بووە.

مامەڵەی توندوتیژانەی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەراندا تەنیا عێراقی نەگرتووەتەوە بەڵکو زۆرێک لە خۆپیشاندانەکانی جیهان لەماوەی رابردووداو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، مامەڵەی توندوتیژی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان قوربانی لێکەوتووەتەوە، کە خاڵی هاوبەش و سەرەکی تیایاندا، پێکانی چاوی خۆپیشاندەرانە، کە ئێستا بووەتە پرسێکی جیهانی و بابەتێکی مایەی نیگەرانی رێکخراوە جیهانییەکانی بواری مافی مۆڤ.

بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی پێکانی چاوی خۆپیشاندەران، دیاردەیەکە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی جیهاندا دووبارە دەبێتەوە، ئەویش لە ئەنجامی بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی لەلایەن پۆلیسەوە بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران.

لە وڵاتی چیللی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەوە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بەهۆی فیشەکی پۆلیسەوە توشی پێکان بوون لە چاویاندا، ئاماری تەندروستی ئەو وڵاتە لە ماوەی یەک مانگدا ٢٢٠ حاڵەتی پێکانی چاوی خۆپیشاندەرانیان تۆمارکردووە.

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکیدا حکومەتی چیللی تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی هۆکاری جیاواز بۆ ئازاردانی خۆپیشاندەران.

مۆرالیس کاستیلۆ سەرۆکی بەشی مافەکانی مرۆڤ لە کۆلێژی پزیشکی لە چیللی بە (بی.بی.سی) راگەیاند “لە هیچ وڵاتێکی دیکە ئەو ژمارە زۆرە لە پێکانی چاوی خۆپیشاندەران تۆمار نەکراوە”.

هەرچەندە ماریۆ رۆزاس فەرماندەی پۆلیسی ئەو وڵاتە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی راگرت، بەڵام بە وتەی چاودێران هێشتا دیاردەی پێکانی چاوی خۆپیشاندەران درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتێک کە (بی.بی.سی) ساڵی ٢٠١٨ بڵاویکردۆتەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سێ هەزار پێکانی چاوی خۆپیشاندەر لە ناوچەی کشمیری ناکۆکی لەسەر لە نێوان هیندستان و پاکستاندا، تۆمارکراوە، بەتایبەتی لەبەشە هیندییەکەی کشمیر، بەوپێیەی لەلایەن پۆلیسی هیندستانەوە فیشەکی پلاستیکی دژی خۆپیشاندەرە کشمیرییەکان بەکارهێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە لە هۆنگ کۆنگ ئێستا وێنەی خۆپیشاندەرێکی لاو بووەتە سیمبولێکی دیارو گەورەی خۆپیشاندەران، ئەویش دوای ئەوەی مانگی رابردوو لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەو هەرێمەدا بۆ داواکردنی دیموکراسی لە لایەن پۆلیسی هۆنگ کۆنگەوە چاوێکی پێکرا.

ئێستا خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری جیهان ماسکی جیاواز بۆ داپۆشینی چاویان بەکاردەهێنن و بە شەقامەکاندا بڵاو دەبنەوە، وەک گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی لە بەرامبەر مامەڵەی توندی پۆلیسەوە.

لە خۆپیشاندانی هێلەگ زەردەکان لە فەرەنسا، بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی چاویان پێکرا لە خۆپیشاندانەکاندا، کاتێک پۆلیسی فەرەنسی فیشەکی پلاستیکی بۆ بڵاوەپێکردنیان بەکاردەهێنا، پسپۆڕانی تەندروستی لەو وڵاتە داوای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی دەکەن و رایدەگەیەنن کە بەرپرسیاری سەرەکی هۆکاری چاولەدەستدانی خۆپیشاندەران بریتیە لە “فیشەکی پلاستیکی”.

لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیاش، خۆپیشاندانەکانی خەڵک بۆ داواکردنی سەربەخۆیی بووە هۆی ئەوەی چەندین کەس چاویان بپێکرێت بەهۆی بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکیەوە لەلایەن پۆلیسەوە.
هەندێ راپۆرتی نێودەوڵەتی ئاماژە بە بەرزی رێژەی ئەو کەسانە دەکەن کە لە خۆپیشاندانەکاندا چاو لە دەستدەدەن.

پێکانی چاو لێکەوتی ترسناکی هەیەو لە هەندێ حاڵەتدا دەبێتە هۆی کوێری هەمیشەیی، بە پێی توێژینەوەیەکی تایبەت دەرکەوتووە ٨٤ لەسەدی پێکانەکانی چاو دەبنە هۆی کوێری هەمیشەیی.

توێژەران هۆکاری زۆری پێکانەکانی چاوی خۆپیشاندەران دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە فیشەکە پلاستیکییەکان خاوەنی متمانەی بەکارهێنان نین و هاوکات دەرکەوتووە کە فیشەکی پلاستیکی لە کاتی دەرچوونیدا لە تفەنگەکەوە بەهۆی کەمی کێشی فیشەکەکەوە ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت و هیچ کات ئەو تارگێتە ناپێکێت کە بەکارهێنەرەکەی ئاڕاستەی کردووە. بۆ نمونە کاتێک پۆلیسێک دەیەوێت فیشەکێکی پلاستیکی ئاڕاستەی قاچی خۆپیشاندەرێک بکات بەڵام لە کاتی دەرچوونیدا فیشەکەکە ئاڕاستەی دەگۆڕێت و بەر شوێنێکی دیکە دەکەوێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان چەندیین رێنمایی تایبەتی هەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکەن، کە پێویستە جێبەجێی بکەن لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکاندا.

لەو رێنماییانەدا ماف دراوە بە پۆلیس کە بەرگری لە خۆی و ئەوانی دیکە بکات بەشێوەیەکی گونجاو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی کە دەبێتە هۆی پێکانی ترسناک، بەوپێیەی هەندێ لەو فیشەکانە خێراییەکەیان ١٠٠ مەترە لە چرکەیەکدا.

لە مانگی شوباتی ٢٠١٩ ئەنجومەنی ئەوروپی داوای لە فەرەنسا کرد کە بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی قەدەغە بکات، ئەویش بەهۆی ئەو راپۆرتە ناحکومیانەی کە ئاماژەیان بە زۆری ژمارەی برینداران کردووە لە نێوان نۆڤەمبەری ٢٠١٨ بۆ کانونی دووەمی ٢٠١٩، ئەویش لە ئەنجامی بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکیەوە، کە زۆرێک لەو پێکانانە بە “مەترسیدار” وەسفکراون.

لەنێو ئەوانەی بەهۆی فیشەکی پلاستیکیەوە برینداربوون ١٠٠ کەسیان پێکانەکە بەر چاویان کەوتووەو ١٧ کەسیشیان بەهۆیەوە چاوێکیان لەدەستداوە.

ئەنجومەنی ئەوروپی نیگەرانی تەواوی خۆی نیشانداوە لە بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی و چەکی LBD، کە بەکارهێنانی لە دووراییەکی کەمەوە دەبێتە هۆی پێکانی ترسناک.

بە بڕوای رێکخراوی پزیشکان لەپێناو مافی مرۆڤدا کە بارەگای سەرەکیان لە ئەمریکایە؛ زۆر شتێکی دەگمەنە ئەو ئەفسەرو پۆلیسانە رووبەڕووی سزادان بکرێنەوە کە تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.

لە دواهەمین راپۆرتی ئەو رێکخراوەدا نمونەی وڵاتی ئەفریقای باشور خراوەتەڕوو کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١١دا نزیکەی ٢٠٤ سکاڵا دژی پۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکان، تۆمارکراوە. بەڵام لەو ژمارەیە تەها ٨٥ کەیسیان لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوەو لەو چوارچێوەیەشدا تەنها یەک پۆلیس سزادراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن