1648 شیوازی ژیان

باخان عوسمان: لە مەلەوانیدا ژنان لە پیاوان بەهێزترن

09:51 - 08/11/2019

"زەمەن"

ئەو منداڵ بوو کە فێری مەلەوانی بوو، ئێستاش کە دایکی سێ منداڵە هێشتا بەردەوامە و خەونی بوون بە راهێنەریی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند خولێکی ئەکادیمیدا بڕوانامەی باوەڕپێکراوی بواری راھێنەریی رزگارکردن و چاودێریی بە پلەی باش بە دەست هێناوە.

باخان عوسمان لەدایکبووی شاری سلێمانییە و لە دوای کۆڕەوەکەوە لە شارباژێر نیشتەجێ بوون‌و هەر لەوی خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە، ئەگەرچی بۆ قۆناغی ناوەندی دێتە سلێمانی، بەڵام دوای ئەوە لە خوێندن دادەبڕێت. 

سەبارەت بە سەرەتای فێربوونی مەلەوانی، باخان بۆ “زەمەن” وتی: سەرەتای فێربوونی مەلەوانیم دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی پێنج سـاڵی‌و باوکی ئازیزم فێری کردووم، فێربوونەکەم ئەکادیمی نەبووە، تەنیا وەك حەزی خۆم و دواتریش لەگەڵ گەورە بووندا بوو بە خەونێک و بەردەوام بووم.

ئەم خانمە مەلەوانە تا ئێستا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکاندا وەك پێویست نەبووە، گرنگترین هۆکاریش بۆ لاوازیی وەرزشی مەلەوانی دەگەڕێنێتەوە کە وەك پێویست نەبووە، بەتایبەت لە دەرەوەی شارە گەورەکان و دەشڵێت: لە بۆنەکاندا ھەر پاڵەوانێتیەك کرابێت بەشداربووم‌و سەرکەوتوبووم، دوا پاڵەوانێتیش بۆ مەلەوانی ماوە درێژ بوو لە شاری تەقتەق کە تێیدا پلەی دووەمم بەدەست ھێنا.


بەلای ئەم خانمە وەرزشکارەوە، گرنگی وەرزشی مەلەوانی خۆی لە چەند بەشێکدا دەبینێتەوە، لەوانە بۆ لایەنی تەندروستی بە گرنگترین جۆری وەرزش دادەنرێت بۆ ھەموو کەس‌و تەمەنێك، چ بۆ جەستەو چ بۆ لایەنی دەرونیی کەسەکان و دەڵێت: ئەگەر گرنگیی تەواوی پێ بدرێت ھۆکارێکی باش دەبێت بۆ لایەنی ئابووریی و پێشخستنی شارەکان و بەستنەوەیان بە یەکتری و پاشان ناساندنی کوردستان بە تەواوی ناوچەکەو جیهان.


باخان بڕوای وایە کە سروشت و جوگرافیای کوردستان گونجاو و یارمەتیدەرە بۆ وەرزشی مەلەوانی، بەڵام وەك پێویست گرنگی پێ نادرێت‌و وتی: ئەوەندەی من تێبینم کردووە رێژەی بەشداریی خانمان زۆر باشە و دڵخۆشکەرە، بەڵام کێشەو گرفتەکان ناچاریان دەکات زوو کۆڵ بدەن، کاتێك یاریزانێک ھیچ سەپۆرتێکی ماددی نەبێت ھەر ماوەیەکی کەم دەتوانێ بەردەوام بێت.


بەلای باخانەوە توانای جەستەیی ھەموو مرۆڤێک جیاوازە لە یەکتری و دەڵێ: راستە پیاو لە رووی جەستەییەوە بەھێزترن، بەڵام خانمان توانای بەرگەگرتنیان زیاترە، وەك دەزانین وەرزشی مەلەوانی تەنیا بریتی نییە لە هێز، ھێزی لەش و توانای بەرگەگرتن و تەکنیك پێکەوە دەتوانن یاریزانێك بگەیەننە لوتکەی سەرکەوتن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن