وتار

حەبێك بۆ ئەزمە، بەڵام لە "گەچ" نا !

6/23/2021 10:47:00 AM 79 جار خوێندراوەتەوە
د.نیاز نەجمەدین

خوا نەبێت زەلام نییە توشی ئەزمە نەبێت. خواش نەبێت زەلام نییە لە ئەزمە بە ئاسانی رزگاری ببێت.

نەتەوەكانیش گەورەكراوی تاكەكانن، بەبێ ئەزمە موستەحیلە ژیانیان تێپەڕێت.

جیاوازییەكە بۆ تاك و بۆ نەتەوە ئەوەیە كێ خۆی لە ئەزمەی قوڵ و توند لادەدات، كێ لە رووبەڕووبوونەوەیدا دەستوبرد دەكات؟ چەند دوا بكەویت، هێندە كێشەكەت قوڵ دەبێتەوە.

ئەوسا (تا سەرەتای سەدەی بیست)، زۆربەی ئابوریناسان و سیاسەتدانەران رایان وابوو كە ئەزمە روویدا، وازی لێ بێنە با چی پۆخڵەوات هەيه رایماڵێت، خۆی بە تێپەڕبوونی كات هەموو شت دەخاتەوە شوێنی خۆی. واتا باوەڕیان وابوو "چاكی مەكە با خراپ نەبێت". دوایی سەیریان كرد سەبرگرتن واتای فەوتانی تەمەنی جیلێك، بگرە چەند جیلێك.

ئەوە بوو ئابوریناسی بەریتانیی جۆن ماینارد كینز مێزی گفتوگۆكەی بەسەر ئابوریناسانی كلاسیكی پێش خۆیدا قڵپ كردەوە، بۆچونی خۆی لە رستەیەكی بەناوبانگدا كە هەر ئەوترێت و ئەوترێتەوە، داڕشتەوە: "ئێمە لە ماوەی درێژخایەندا هەموو مردوین"، فریاكەون و لێ مەگەڕێن ئابورییەكە شێتانە بجوڵێت.

ئەزمون سەلماندویەتی ئەگەر رێوشوێنی پێویست دانەنرێت و حكومەت تەماشاكەر بێت، ئەوا رەنگە دە ساڵ بخایەنێت تا لە ئەزمەیەك دێینە دەرەوە. دە ساڵ زۆر زۆرە: تەمەنت چل ساڵ بێت، تا لە ئەزمەكە دێیتە دەرەوە بوویت بە پەنجا. ئێ تەمەنت رۆیی و ئاوڕیش دەدەیتەوە لایەك لە خۆشەویستەكانت سەرگەردان بوون.

تەنانەت بە حكومەتێكی چوست و چالاكییشەوە، هێشتا نزیكەی پێنج ساڵی دەوێت تا ئابورییەكی گەورەی وەك ئەمریكا لە ئەزمە بهێنرێتە دەرەوە. هەرچۆنێك بێت پێنج ساڵ زۆر باشترە.

لە كتێبێكی هاوبەشیاندا، ئابوریناسانی ئەمریكیی پۆل كروگمان و هاوسەرەكەی ئەڵێن: چۆن ئەم ماوەیە كورتكرایەوە؟ چۆن ئەوە لە مێژوودا روویدا كە توندیی ئەزمە خاوبكرێتەوە؟ وەڵامەكەیان ئەمەیە: گەشەی زانستی ئابوریی. ئەم زانستە ئەزمونی مێژوویی تاك و وڵاتانی تۆماركرد، ئیختیباری كردن و خستنیە پلانەوە.

بەس لای ئێمە هەم لە ئاستی كەلتورییدا دژایەتی زانست دەكرێت و هەم لە ئاستی حوكمڕانییدا. لە ئاستی كەلتورییدا، پێمان دەڵێن "سەبربگرن، ئەمە تاقیكردنەوەی ئیلاهییە". ئاخر خوا بناسە، دوو سەد ساڵە لە زانستی ئابورییدا باسی ئەوەیە چۆن لە دەستی رزگارمان بێت، تازە هاتوی خودایەكی پاك و پشتیوان تۆمەتبار دەكەیت؟ راستیی بۆچونی ئەم گروپە ئەمەیە: لە تۆمەتبەخشیینەوەدا، تەنانەت خواش بێبەریی ناكەن.

لە ئاستی حوكمڕانییدا، بەربەستدانان بۆ ئەزمە و ژیریی لە بەكارهێنانی سیاسەتی ئابوریی بۆ هاتنەدەرەوە لێی، ئیشی یەكەمی ئابوریناسان و سیاسەتدانەرانە. بەڵام باوەڕناكەم زۆرینەی سیاسەتدانەرانی ئێمە ئەسڵەن دەستەواژەی "سیاساتی سەقامگیریی ماكرۆئابورییان" بیستبێت، باوەڕ ناكەم لەوە تێبگەن ئایا ئەم ئەزمەیە بەهۆی خواستی هەمووەكيی یان خستنەڕووی هەمووەكيیەوە روویداوە؟ دەرمانێكی كاریگەر چییە؟ رەنگە لەوەش زیاتر نەزانن (هەر نەشتوانن) موچە ببڕن لە كاتێكدا ئابورییەكە پێویستی بە پارەیە، وەك باخێكە لە بێ ئاوییدا سیس و زەردهەڵگەڕاوبێت.

خۆ كۆمەڵگە و حكومەت بە تەكەتولبازیی و یەكتر شكاندن، رقەبەرایەتیی و یەكتر سووككردن ئیدارە نادرێت. دەبێت لە هەناوی زانستەوە دەرمانێكی تاقیكراوە بەكاربهێنرێت، یان حەبێك بدۆزرێتەوە، بەڵام حەبێكی ئەسڵ نەك لە "گەچ"دروستكراو، پاشان ڤاكسینێكی دەوێت تا لە كاتی دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەكە، مەترسییەكانی كەمتر ببنەوە.

رۆئیایەكی لەم چەشنە پێویستی بە جیلێكی نوێی سەركردەیە. ئەگەرچی من و تۆش لە ماوەی درێژخایەندا مردوین، بەڵام با خەون بە جیلێكی سەركردەوە ببین كە لای كەم دوای ئێمە سەرقاڵی شەڕە نەبڕاوەكانی باوكەكان نابێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement