وتار

دەسەلاتی عەشق و دەسەڵاتی تەقلیدیی: باسکردنەوەی بابەتێکی کۆن

11/29/2019 12:36:00 PM 411 جار خوێندراوەتەوە
د.نیاز نەجمەدین

عەشق جۆرێکە لە دەسەڵات، بەڵام جیاواز لە دەسەڵاتی تەقلیدیی. لە نێوان دەسەڵاتی عەشق و دەسەڵاتی تەقلیدییدا، زۆرینە ئەوەی دووەم هەڵدەبژێرن، نرخەکەی لەسەر خۆیان و چواردەوریان هەرچەنێک بێت.
عەشق دەسەڵاتە، بەڵام بەسەر خودی خۆتدا. پۆست و پارە و چەک و توندوتیژییش دەسەڵاتن، بەڵام بەسەر ئەوانی دییدا. عەشق لێبوردەییە، دەسەڵاتی تەقلیدیی تۆڵەسەندنەوەیە. عەشق نەرمییە، دەسەڵاتی تەقلیدیی زبریی. بنەمای عەشق ئازادییە، بنەمای دەسەڵاتی تەقلدییی کۆیلەیەتییە. کامییان سەرنجڕاکێشترە؟ بێگومان دەسەڵات بەسەر ئەوانیدی، زبریی لە بری نەرمیی.. هتد. واتە ئەوەی دووەم.
بۆ رونکردنەوە، نمونەی یەکەمم پەیوەندیی مامۆستا و خوێندکارە. ئەگەر مامۆستا بە زەبری نمرە، پرسیاردانان، شکاندن، هتد، خوێندکارەکانی کۆنتڕۆڵ بکات، کاتێکی زۆری ناوێ. دواجار خوێندکارەکانی خۆیان لەو شەڕە لادەدەن. لە واقعدا، ئەوەی لەو پەیوەندییەدا دێت و دەچێت چەند زانیارییەکی سادەیە لەگەڵ گواستنەوەی خاشاکی دەسەڵات بۆ ناو یەکتر، حەزی کۆنتڕۆل و چی و چی تر. بەڵام ئەمە بەشێکە لە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی سیستم، مانەوە و سەرکەوتن بەسەر پەیژەی دەسەڵاتدا ئاسانتر دەکات، ئیمتیازێکن دەستلێدراو و بینراون. مامۆستایەک بە عەشقەوە ئیش بکات، دەسەڵاتی عەشق زاڵ بێت بەسەریدا، ئەوەی لە سەنتەریدایە تەنها خودی خۆی نییە، بەڵکو بۆی گرنگە خوێندکارەکانی وەک بەشەر گەشە بکەن، قبوڵی ناکات گەمژە و وڕ و کاس بژین، زمانی شیریین و خاکییبونیش دەخاتە شوێنی میکانیزمە تەقلیدییەکانی پەیوەندیی.
ئەوەی مامۆستایەک رێگای عەشق یان تەقلیدیی هەڵبژێرێت، واتە بڕیارد بدات "دەسەڵات بەسەر ئەویدیدا" بخاتە شوێنی "دەسەڵات بەسەر خۆیدا" یان بە پێچەوانەوە، تەنها لەسەر خۆی نەوەستاوە. کاتێک دەبینێت، شێوازی تەقلیدیی لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا ئیشی خۆی دەکات، توشی دڵەراوکێ دەبێت بەرامبەر بە مۆدێلەکەی خۆی و رەنگە تەسلیم بە سیستم ببێتەوە. رێگا تەقلیدییەکە ئیمتیازی زیاتریشی لێ چاوەڕێ دەکرێت، چونکە دەتخاتە ناو سیستمەوە و لە دەرەوەی ناتهێڵێتەوە. ئیمتیازی زیاتریش لە مێنتاڵتی باودا یانی ئەوەی تۆ "گەمژە" نەبووی، "دەسخەڕۆ' نەبووی"، "وریا" و "زیرەک" بووی. لە کۆتایی یارییەکەدا، کێ حەز دەکات وەک گەمژە و گەلۆر سەیر بکرێت؟ بۆیە بۆی گرنگترە دەسەڵاتی هەبێت بەسەر ئەوانی تردا زیاتر لەوەی بەسەر خودی خۆیدا.
بییر لە پەیوەندیی ژن و مێردیش بکەیتەوە، شەڕی ژن لەگەڵ مێرد، یان پێچەوانەکەی، لەسەر عەشقی زیاتر و کەمتر نییە، بەڵکو لەسەر هەیمەنەکردن و کۆنتڕۆڵ و سانسۆڕە، بە ناوی عەشقەوە. عاشقانیش هەمان شت دەکەنەوە لەگەڵ یەکتر، متمانەیان بە رێگای عەشق لاوازە.
بچۆرە پەیوەندیی ئینسان و ئاژەڵیشەوە، لە چل ساڵی رابردودا و تا ئەمڕۆ دیمەنی زەق لێرە ئەوەیە چۆلەکە و کۆتر و کەو و سەگ بۆ تێرکردنی حەزی هەیمەنەکردن و بردنەوە و یارییپێکردن و دەسەڵاتن، نەک ئەوەی ئێمە چێژ لە ئازادیی و سەربەخۆییان ببینین. زۆر بە جدیی، تا رادەیەکی زۆر ئێمە کەوتوینەتە ناو داوەکانی دەسەڵات و یاریی بە یەکتر دەکەین.
دەسەڵاتی تەقلیدیی تەنیا بەشێوەیەکی کاتیی دەتوانێت بیباتەوە. سەددام لە کۆتایی ١٩٨٠کاندا یەک ملیۆن سەرباز و ٢٥٠ هەزار سیخوڕی هەبوو. ئەسەد و موبارەک و قەزافییش هەمان سیستمیان پەیڕەودەکرد. چیتریان کرد جگە لە کاولکاریی، کاولکارییەک کە سەری خۆیان و خێزانەکانیانی خوارد؟ ئەمانە کۆمەڵێک مرۆڤ بوون کە سیستم نەخۆشی خستن و نەیانتوانیی چآرەسەرێک بۆ نەخۆشییەکەیان بدۆزنەوە. دیسانەوە خۆرزگارکردن لە مرۆڤی تەقلیدیی ئاسان نییە، چونکە بەپرسیارێتیی دەوێت بەرامبە بە جیلەکانی داهاتووش. وەک، سەددام، ئەردۆگان باکی بە ٢٠-٣٠ ساڵی تر نییە، چونکە دەزانێت لە ژیاندا نەماوە، مەگەر هەر هێندەی بەشی مندالەکانی خۆی لە ئیمتیازات بپچڕێت. مرۆڤی تەقلیدیی کاریگەر بە سیستمی تەقلیدیی تەنها لە خەمی ئەنجامە کاتییەکانی خۆیدایە، نەک ئەوەی چارەنوسی ژینگە و جیهان و گەردون و خۆشی چیی لێ دێت.
وشەی ئەپدەیت یەکێکە لە وشە گرنگەکان بۆ ژیانی ئێستامان. ئەگەر شتێک لە خۆماندا ئەپدەیت بکەین، ئەوەیە لە دەسەڵات بەسەر ئەویدیا بگوازینەوە بۆ دەسەڵات بەسەر خودی خۆماندا، ئەوەیە کەم تا زۆر هەوڵ بدەین لە داو و یارییە ناشرینەکانی دەسەڵاتی تەقلیدیی رزگارمان ببێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن