روناكی مانگ سەر،لەئێوارە دیارە ....
3/8/2019 9:03:00 PM
د.شێركۆ حەمە ئەمین
میدیاكان ناوەرۆكی ڕێكەوتنی پارتی و یەكێتییان بڵاوكردەوە، كە چۆن نەوت و گازیان لەنێوان خۆیان دابەشكردوە، واتە ڕێكەوتنی پۆست و پارەو كوشتنی دیموكراسی و بنیاتنانی حوكمی خێزانی نەوتییە.
لەلایەكی ترەوە،حكومەتی كاربەڕێكەر، كەئەومافەی نیە، ڕێكەوتنی ۲٠ ساڵەی، لەگەڵ دانەغاز واژۆكردوە،وەك چۆن لەكاتی كاربەڕێكەری كابینەی حەوتەمیشدا نێچیرڤان بارزانی و قوبادتاڵەبانی ڕێكەوتنی ٥٠ ساڵەی وزەیان،لەگەڵ توركیا واژۆكرد،كە تائێستاش هیچ كەس و دامەزراوەیەك بەفەرمی نازانێت ناوەرۆكەكەی چیە؟!
ئەم دوخاڵە بەسە،بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستەبكات و ڕای خۆی بەڕونی بڵێت،چونكە بەپێی ئەوەی بڵاوكرایەوە،ڕێكەوتنی گۆڕان وپارتی ،بۆ چاكسازی و باشكردنی ژیانی خەڵكە،بەڵام ،ئەم دوخاڵە دونمونەی دیارن،كە ئەم كابینەیە نیەتی چاكسازی ڕیشەیی نیە؟ خودی ئەم دو خاڵە گەواهی ئەو ڕاستیەن،كە مەلەفی نەوت و گازو داهاتەكان هەر بەتاریكی دەمێننەوە و چاكسازیان تێدا ناكرێت،بەپێی زانیاری سەرەتایش وادەردەكەوێت،وەزیری سامانەسروشتیەكان ،لەپۆستەكەیدا دەمێنێتەوە.
هاوزەمان پەرلەمان هەرگیز نابێت،لەم فەزاحەتە بێ دەنگ بێت،خۆبەپێی یاسای ژمارە ۱ ساڵی ۱۹۹۲ و بڕیاری ژمارە ۱ ساڵی ۲٠٠٥ ئەم ڕێككەوتنانە دەبێت، بەفلتەری پەرلەماندا بڕۆن.
ئەم بێ دەنگییە،مژدەی باش نادات!